ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەواڵگریی ئەمریکا

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەواڵگریی ئەمریکا

ویڵیام بێرنس، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا - CIA

ویلیام بێرنز، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا - سی ئای ئەی

 

لەوەتەی وڵاتان نهێنییەکانیان لەیەکدی شاردووەتەوە، هەوڵیشیان داوە لە یەکدییان بدزن. سیخوڕی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە دەوڵەتداری و هەرواش دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر تەکنیکەکانیشی بەردەوام لە گەشەکردندا بن. سیخوڕە یەکەمینەکانی ئەمریکا جەنگی سەربەخۆییان بە سوودوەرگرتن لە شفرەکان، تۆڕی پەیامگەیەنە نهێنییەکان و مرەکەبی نەبینراو بۆ پەیوەندیکردن بە یەکدی و بە هاوپەیمانە بیانییەکانەوە بەسەر برد. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، بواری تازە دەرکەوتووی سیگناڵە ئەلکترۆنییە هەواڵگرییەکان لە ئاشکراکردنی پلانە جەنگییەکانی ژاپۆندا یارمەتیدەر بوو. لە ماوەی سەرەتاکانی شەڕی سارددا، توانا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بە مانای وشە گەیشتە ستراتۆفێر، ئەمەش لەگەڵ دەرکەوتنی U-2 و فڕۆکە هەواڵگرییە بەرەزەفڕەکانی دیکە کە دەیانتوانی بە ڕوونییەکی زۆرەوە وێنەی دامەزراوە سەربازییەکانی سۆڤیەت بگرن. 

 

ئەستێرە ئاساییە هەڵکۆڵراوەکانی سەر دیواری یادگاریی بارەگاکانی سی ئای ئەی لە لانگلی، ڤێرجینیا، بۆ ڕێزگرتنە لە 140 ئەفسەری ئاژانسەکە کە گیانی خۆیان بۆ خزمەتکردن بە وڵات بەخشی. ئەم یادگارییە بیرهێنانەوەیەکی بەردەوامە بۆ ئازایەتییە بێشومارەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو قارەمانێتیانە و زۆر سەرکەوتنی بێدەنگی سی ئای ئەی زۆر بە کەمی لای ئەمریکییەکان ناسراون بە بەراورد بەو هەڵانەی کە هەندێک جار مێژووی دامەزراوەکەیان ڕووشاندووە. تاقیکردنەوە یەکلاکەرەوەکان بۆ هەواڵگری هەمیشە بریتی بوون لە پێشبینیکردن و یارمەتیدانی دروستکەرانی بڕیار بۆ جوڵان بەرەو گۆڕانکارییە قووڵەکان لە دیدگا نێودەوڵەتییەکاندا – ئەو ساتە گرنگانەی کە لە سەدەیەکدا تەنیا چەند جارێکی کەم ڕوو دەدەن.

 

هەر وەک سەرۆک جۆ بایدن دووپاتی کردووەتەوە، ئەمڕۆ ئەمریکا ڕووبەڕووی یەکێک لەو ساتە نایابانە دەبێتەوە کە دەرئەنجامەکانی دروست وەک سەرەتاکانی دەرکەوتنی جەنگی سارد یان وەک ماوەی دوای 11ـی سێپتەمبەرە. سەرهەڵدانی چین و تۆڵەسێنیی ڕووسیا هەڕەشەی جیوپۆلەتیکیی ترسناک نیشان دەدەن لە جیهانێکی پڕ لە کێبڕکێی ستراتیژیی چڕدا کە ئەمریکا چیدیکە یەکەمی بێڕکابەر نییە و هەڕەشە ژینگەییە بنەڕەتییەکان لە زیادبووندان. بابەتە ئاڵۆزەکانی دیکە بریتین لە شۆڕشێک لە تەکنۆلۆژیا کە تەنانەت فراوانترە لە شۆڕشی پیشەسازی یان لە سەرەتای سەردەمی ئەتۆمی. لە مایکرۆچیپسەکانەوە تاوەکو زیرەکیی دەستکرد و کۆمپیوتەری کوانتۆمی، تەکنۆلۆژیا تازە دەرکەوتووەکان جیهان دەگۆڕن، لە ناویشیدا پیشەی هەواڵگری. لە زۆر ڕووەوە، ئەم پێشڤەچوونانە کاری سی ئای ئەی لە هەر کاتێکی دیکە دژوارتر دەکەن، ئەو ئامرازە بەهێزە نوێیانە دەدەنە دەست نەیارەکان تاوەکو سەرمان لێ بشێوێنن، خۆیانمان لێ بشارنەوە و سیخوڕیمان بە سەرەوە بکەن. 

 

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هێندەی ئەوەی جیهان لە گۆڕاندایە، سیخوڕی وەک کارلێکێک لەنێوان مرۆڤ و تەکنۆلۆژیادا ماوەتەوە. بەردەوامیش کۆمەڵە نهێنییەک دەبن کە تەنیا مرۆڤەکان دەتوانن بەدەستیان بهێنن و کۆمەڵە ئۆپەراسۆنێک و نهێنیش کە تەنیا مرۆڤەکان دەتوانن ئەنجامی بدەن. پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان، بەتایبەت لە هەواڵگریی سیگناڵە ئەلکترۆنییەکان، بەو جۆرەی کە کەسانێک پێشبینییان دەکرد ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکانیان پەراوێز نەخستوون، بەڵام لەبری ئەوە شۆڕشێکی لە کارکردیاندا هێناوەتە ئارا. بۆئەوەی ببێتە دامەزراوەیەکی هەواڵگریی کاریگەری سەدەی بیست و یەک، سی ئای ئەی دەبێت ئاوێتەیەک دروست بکات لە شارەزایی لە تەکنۆلۆژیا تازەدەرکەوتووەکان لەگەڵ کارامەیی نێوان مرۆڤەکان و بوێرییە تاکەکەسییەکان کە هەمیشە چەقی پیشەی ئێمە بووە. ئەمە واتە تەیارکردنی ئەفسەرانی ئۆپەراسیۆنەکان بە ئامراز و کەرەستەکان بۆ ئەنجامدانی سیخوڕی لە جیهانێکدا کە بەردەوام لە ژێر چاودێریی تەکنۆلۆژییدایە – هەروەها تەیارکردنی توێژەران بە مۆدێلە ئاڵۆزەکانی هۆشی دەستکرد کە بتوانن بڕێکی گەورە لە زانیارییە ئاشکرا و زانیارییە بە نهێنی بەدەستهاتووەکان شیکار بکەن، تاوەکو ئەوان بتوانن باشترین دادوەریی مرۆیی خۆیان بکەن. 

 

لە هەمان کاتدا، ئەوەشی کە سی ئای ئەی بەو زانیارییانەی کە بە هەواڵگری کۆی دەکاتەوە لە گۆڕاندایە. هێنانەدەرەوەی بەڵگەنامەکان لە ڕیزی پۆلێنی ستراتیژی، ئاشکراکردنی بەمەبەستی چەند نهێنییەکی دیاریکراوە بە مەبەستی لاوازکردنی ڕکابەران و هاوپەیمانان، بووەتە ئامرازێکی بەهێزتر بۆ بڕیاربەدەستان. بەکاربردنی ئەمە بە واتای بێباکی لە دروستکردنی مەترسی لەسەر سەرچاوەکان یان ڕێگەکانی کۆکردنەوەی زانیارییەکان نییە، بەڵکو بە واتای بەرگریکردنی ژیرانەیە لەبەرامبەر ویستێکی بەکێشمان بۆ پاراستنی هەمووشت بە پۆلێنکراوی. کۆمەڵی هەواڵگریی ئەمریکا هەروەها فێری دیپلۆماسیی هەواڵگری دەبێت کە بەهاکەی لە هەڵکشانە، تێگەیشتنێکی نوێ بەدەست دەهێنێت سەبارەت بەوەی کە چۆن هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانان و ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی دەتوانێت پاڵپشتیی بڕیاربەدەستان بێت. 

 

ئەمە سەردەمی ئالنگارییە مێژووییەکانە بۆ سی ئای ئەی و تەواوی پیشەی هەواڵگری، بەوەی کە وەرچەرخانە جیۆپۆلەتیکی و تەکنۆلۆژییەکان تاقیکردنەوەیەکی گەورەیان ڕووبەڕوومان کردووەتەوە. سەرکەوتن پشتدەبەستێت بە ئاوێتەکردنی هەواڵگریی مرۆیی جاران لەگەڵ تەکەنۆلۆژیا نوێیەکان بە ڕێگەی داهێنەرانە. بە واتایەکی دیکە، ئەمە پێویستیی بە سازانە لەگەڵ جیهانێکدا کە تەنیا پێشبینییەکی پشتڕاستکراو سەبارەت بە گۆڕان ئەوەیە کە خێراتر ڕوو دەدات.  

 

ئازادیی پووتین 

 

سەردەمی دوای جەنگی سارد لە ساتێکدا بە یەکجاری کۆتاییهات کە ڕووسیا لە شوباتی 2022 هێرشی کردە سەر ئۆکراینا. من زۆربەی دوو دەیەی ڕابردووم بەوە بەسەربردووە کە هەوڵم داوە لە تێکەڵەیەکی سووتێنەر لە ناڕەزایی، تەماح و نائارامی تێبگەم کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، بەرجەستەیان دەکات. شتێک کە فێری بووم ئەوەیە کە ئەوە هەمیشە بەکەمسەیرکردنی ویستی ئەو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئۆکراینا و بژاردەکانی هەڵەیە. ئەو پێی وایە بەبێ ئەو کۆنترۆڵکردنە ئەستەمە ڕووسیا ببێتە هێزێکی گەورە یان خۆی ببێتە سەرکردەیەکی گەورەی ڕووس. ئەو ویستە تراژیدی و دڕندانە ئێستاش شەرمەزاریی بۆ ڕووسیا هێناوە و خاڵە لاوازەکانی بەدەرخستووە، لە ئابووریی تاکڕەهەندیەوە تاوەکو هێزی سەربازیی هەڵئاوساوی و سیستەمی سیاسیی گەندەڵی. هێرشی پووتین هەروەها بڕیار و ئیرادەی بەهێزی گەلی ئۆکراینای هان داوە. من خۆم ئازایەتیی ئەوانم لە سەردانە زۆرەکانم بۆ ئۆکراینا لە کاتی جەنگدا بینیوە، کە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و وێنە زیندووەکانی خۆڕاگری و لێهاتوویی بەرەکانی جەنگی ئۆکراینییەکان. 

 

جەنگی پووتین لەسەر زۆر ئاست بووەتە شکست بۆ ڕووسیا. ئامانجی بنەڕەتیی ئەو بۆ داگیرکردنی کیێڤ و ملکەچکردنی ئۆکراینا گەمژەیی و وەهمیبوونی سەلماند. سوپاکەی زیانی زۆری بەر کەوتووە. لانیکەم 315 هەزار سەربازی ڕووسی کوژراون یان بریندار بوون، دوو لەسەر سێی تانکەکانی بەر لە شەڕی ڕووسیا تێکشێنراون، پڕۆگرامی مۆدێرنەکردنی سوپا کە چەند دەیەی خایاند و جێی شانازیی پووتین بوو خاڵی بوویەوە. هەموو ئەمانە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئازایەتی و لێهاتوویی سەربازانی ئۆکراینییە، کە یارمەتیی ڕۆژئاوای لە پشتە. لە هەمانکاتدا، ئابووریی ڕووسیا بەدەست شکستە درێژخایانەکانەوە دەناڵێت و وڵاتەکە چارەنووسی خۆی وەک شوێنکەوتەی ئابووریی چین مۆر دەکات. تەماحە زۆر گەورەکراوەکانی پووتین لە ڕێگەیەکی دیکەەوەش کاریگەریی پێچەوانەیان هەبووە: ئەوان هانی ناتۆیان داوە فراوانتر و بەهێزتر بێت. 

 

لەگەڵ ئەوەدا کە پێناچێت هێزی سەرکوتکەری پووتین بەمزووانە لاواز بێت، بەڵام شەڕەکەی لە ئۆکراینا بە بێدەنگی دەسەڵاتەکەی لە ناوخۆ دادەڕزێنێت. یاخیبوونی کورتخایەنی حوزەیرانی ڕابردوو کە لەلایەن سەرکردەی بەکرێگیراو یێڤگینی پریگۆژین-ـەوە ئەنجام درا وێنەیەک لە هەندێک لە ناکاراییە شاراوەکانی پشت وێنە وریاییانە جوانکراوەکەی کۆنترۆڵی پوتینی نیشان دا. بۆ سەرکردەیەک کە بە سەختی ناوبانگێکی وەک دادوەری سەقامگیری بەدەستهێناوە، کاتێک کە هەڵگەڕاوە یاخییەکانی پریگۆژین ڕێگەی مۆسکۆیان گرتبووە بەر، پووتین دابڕاو و دەستەوەستان دەرکەوت. بۆ زۆرێک لە دەستەبژێرانی ڕووسیا، پرسیارەکە زیاتر ئەوە نەبوو کە ئایا ئیمپراتۆر جلی لەبەرە یان نا، بەڵکو ئەوە بوو کە بۆچی بۆ جل لەبەرکردن ئەوەندەی پێدەچێت. سەرئەنجامی حسابەکە ئەوە بوو کە دواجار پووتین حسابەکەی لەگەڵ پریگۆژین یەکلا کردەوە و دوو مانگ دوای ئەو ڕۆژەی کە یاخیبوونەکەی دەستپێکرد، لە ڕووداوێکی گوماناویی تێکشکانی فڕۆکەدا کوژرا. بەڵام ڕەخنە توندەکانی پریگۆژین لە درۆ و بڕیارە هەڵە سەربازییەکان لەناو کرۆکی جەنگی پووتین و هەروەها گەندەڵی لەناو دڵی سیستەمی سیاسیی ڕووسیادا، بەمزووانە ون نابن. 

 

ئەمساڵ لەوانەیە ببێتە ساڵێکی سەخت لە گۆڕەپانی جەنگی ئۆکراینادا، تاقیکردنەوەیەک بۆ دەسەڵاتی مانەوە کە لێکەوتەکانی لە خەباتی قارەمانانەی وڵاتەکە زیاتر دەڕۆن بۆ پارێزگاریکردن لە ئازادی و سەربەخۆیی. لە کاتێکدا پووتین بەرهەمەکانی بەرگریی رووسیا نوێ دەکاتەوە – لە ڕێگەی دابینکردنی کەرەستە بنەڕەتییەکان لە چینەوە، هەروەها چەک و تەقەمەنی لە ئێران و کۆریای باکوورەوە - ئەو بەردەوامە لە گرەوکردن لە سەر ئەوەی کە کات لە بەرژەوەندیی ئەوە، بەوەی دەتوانێت ئۆکراینا بهاڕێت و پشتیوانە ڕۆژئاواییەکان لاواز بکات. ئالنگاریی ئۆکراینا ئەمەیە کە لەخۆباییبوونی پووتین پەنچەر بکات و تێچووە زۆرەکانی پێکدادانە بەردەوامەکان نیشانی ڕووسیا بدات، نەک هەر بە بەرەوپێشچوون لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، بەڵکو بە ئەنجامدانی هێرشی قووڵتر لە پشتەوەی ئەوان و بە دەستهێنانی دەستکەوتی جێگری لە دەریای رەش. لەم دۆخەدا، لەوانەیە پووتین بچێتەوە ناو شەڕەشمشێری ئەتۆمییەوە و ئەوەش گەمژانە دەبێت ئەگەر تەواوی مەترسییە هەڵکشاوەکان لەپێش چاو نەگیرێن. بەڵام ئەوە بەهەمان ئەندازەش گەمژانە دەبێت ئەگەر بەشێوەیەکی ناپێویست بکات لێیان بترسین. 

 

کلیلی سەرکەوتنی لە هێشتنەوەی یارمەتییەکانی ڕۆژئاوایە بۆ ئۆکراینا. بە کەمتر لە پێنج لە سەدی بودجەی بەرگریی ئەمریکا، ئەمە وەبەرهێنانێکی تاڕادەیەک میانڕەوانەیە بە دەستکەوتی گرنگی جیۆپۆلەتیکیی بۆ ئەمریکا و دەستکەوتی دیاریشە بۆ پیشەسازیی ئەمریکی. بەردەوامبوون لە ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی، ئۆکراینا دەخاتە پێگەیەکی بەهێزترەوە ئەگەر دەرفەتێک بۆ دانوستانی جددی بێتە ئاراوە. ئەمە چانسێک دەدات بۆ گەرەنتیکردنی بردنەوەیەکی دوورمەودا بۆ ئۆکراینا و دۆڕانێکی ستراتیژی بۆ رووسیا؛ ئۆکراینا دەتوانێت پارێزگاری لە سەروەیی خۆی بکات و خۆی بوونیاد بنێتەوە، لە کاتێکدا ڕووسیا دەبێت لەگەڵ تێچووە بەردەوامەکانی گەمژەیی ڕووسیا مامەڵە بکات. بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرچوون لە ناکۆکییەکە لەم ساتە هەستیارەدا و بڕینی هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراینا دەبێتە گۆڵێکی مێژوویی کە لە خۆی بکاتەوە.  

 

گەمەی هێزی شی

 

هیچ کەس هێندەی سەرکردەکانی چین لە نزیکەوە چاودێریی پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا ناکات. چین تاکە ڕکابەری ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە هەم نیازی دووبارەداڕشتنەوەی سیستمی نێودەوڵەتی هەیە و هەمیش توانای ئابووری، دیپلۆماسی، سەربازی و تەکنۆلۆژیی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە هەیە. وەرچەرخانی ئابووریی ئەم وڵاتە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا سەروئاساییە. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە بە هۆیەوە گەلی چین شایستەی ئیعتیبارێکی گەورەیە و یەکێکە لەوانەی کە جیهان بە فراوانی پاڵپشتییان کردووە لەسەر ئەو باوەڕەی کە چینێکی گەشەسەندوو بۆ جیهان باشە. بابەتەکە خۆی لە خۆیدا بریتی نییە لە سەرهەڵدانی چین، بەڵکو ئەو کردار هەڕەشەئامێزانەن کە لەگەڵیدان و زیاتر دەبن. ڕێبەری چین، شی جینپینگ، سێیەمین خولی سەرۆکایەتییەکەی بە هێزێکی زیاتر لە  هەر یەکە لە سەرۆکەکانی پێش خۆی، لەوەتەی ماوتسی تۆنگ-ـەوە دەست پێکردووە. لەبری ئەوەی ئەو هێزەی بۆ بەهێزکردنەوە و ژیاندنەوەی ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییە بەکار بێنێت کە بووە هۆی وەرچەرخانی چین، کەچی شی بەدوای دووبارە نووسینەوەیەتی. لە پیشەی هەواڵگریدا، ئێمە بەوریاییەوە خوێندنەوەی ئەو شتانە دەکەین کە سەرکردەکان دەیڵێن. بەڵام ئێمە تەنانەت سەرنجێکی زیاتر دەدەین بەوەی کە ئەوان ئەنجامی دەدەن. سەرکوتکاریی زیاتربووی شی لە ناوخۆ و شەڕەنگێزییەکانی لە دەرەوە، لە شەراکەتی "بێسنوور"ـەوە لەگەڵ پووتین تاوەکو هەڕەشەکانی بۆ ئاشتی و سەقامگیریی دوورگەی تایوان، ئاستەمە لەپێش چاو نەگیرێن.

 

کەواتە، بەهەمانشێوە، لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوەیە کە کاریگەریی هاوبەندیی ڕۆژئاوایی لەسەر لێکدانەوەکانی شی سەبارەت بە مەترسییەکانی بەکاربردنی هێز لەدژی تایوان لەپێش چاو دەگیرێن، کە سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد، لای چینگ تێ، لە کانوونی دووەم. بۆ شی، پیاوێک کە حەز دەکات ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک هێزێکی بەرەو لەناوچوون ببینێت، ڕێبەرایەتیی ئەمریکی لە ئۆکراینا بە دڵنیاییەوە سوپرایزێکە. ویستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ بەرگەگرتنی ئازاری ئابووری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕەنگێزیی پووتین و توانای بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانەکانی بۆ ئەنجامدانی هەمان کار، بەتووندی پێچەوانەی باوەڕی پەکینە بەوەی کە ئەمریکا لە لەناوچوونی کۆتاییدا بووە. نزیکتر لە کەناراوەکانی چین، بەرگریی تۆڕی ئەمریکیی هاوپەیمان و هاوبەشەکانە بە درێژایی هیندۆ-پاسیفیک کە کاریگەرییەکی وریاکەرەوەی لە سەر بیرکردنەوەی پەکین هەبووە. یەکێک لە دڵنیاترین ڕێگەکان بۆ دووبارە ڕۆشنکردنەوەی وێناکردنە چینییەکان سەبارەت بە بێباکیی ئەمریکا و بڵاوبوونەوەی شەڕەنگێزییەکانی چین وازهێنانە لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا. بەردەوامیی پاڵپشتیی ماددیی بۆ ئۆکراینا بە نرخی تایوان کۆتایی نایەت؛ ئەوە پەیامێکی گرنگ دەنێرێت سەبارەت بە ئیرادەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە یارمەتیی تایوان دەدات. 

 

کێبڕکێ لەگەڵ چین بە پێچەوانەی وابەستەیی زۆری ئابووری و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕوو دەدات. ئەو پەیوەندییانە زۆر بەباشی خزمەتی هەردوو وڵاتەکە و تەواوی جیهانیان کردووە، بەڵام بەرگەنەگریی گەورە و مەترسیی جددیشیان بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ئەمریکی خوڵقاندووە. پەتای کۆڤید-19 ئەوەی بۆ هەر حکومەتێک ڕوون کردەوە کە وابەستەیی بە هەر وڵاتێک لەسەر پێداویستییە پزیشکییە پێویستەکان جێگەی مەترسییە، دروست وەک شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراینا کە ئەوەی بۆ ئەوروپا ڕوون کردەوە کە وابەستەبوون بە یەک وڵاتەوە بۆ بابەتی وزە جێگەی مەترسییە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، هیچ وڵاتێک نایەوێت خۆی لەبەر بەزەیی یەک دابینکەری کانزا و تەکنۆلۆژیا گرنگەکان ببینێتەوە – بە تایبەت ئەگەر ئەو دابینکەرە نیازی بە چەک کردنی ئەو وابەستەییانەی هەبێت. هەر وەک بڕیاربەدەستانی ئەمریکا گوتویانە، باشترین وەڵام بریتییە لەوەی کە ژیرانە فرەجۆرکردن و "ڕەواندنەوەی مەترسییەکان" – دڵنیاکردنەوەی زنجیرەی دابینکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، پاراستنی پێشکەوتوویی تەکنۆلۆژیی و وەبەرهێنان لە توانای پیشەسازییدا.  

 

لەم جیهانە ناسەقامگیر و دابەشبووەدا، سەنگی "وڵاتانی ناوەڕاست" لە زیادبووندایە. دیموکراسییەکان و ئۆتۆکراسییەکان، ئابوورییە گەشەکردوو و لەگەشەدابووەکان و هەروەها وڵاتان لە سەرتاسەری جیهانی باشوور ویستیان بۆ فرەجۆرکردنی پەیوەندییەکانیان لە زیادبووندایە و دەیانەوێت بژاردەکانیان تا ئەوپەڕی زیاد بکەن. ئەوان قازانجی کەم و مەترسیی زۆر لە پابەندبوون بە پەیوەندییە جیۆپۆلیتیکییە تاکییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان یان چین دەبینن. وڵاتانی زیاتر ئەگەری هەیە ڕابکێشرێن بۆ دۆخێکی پەیوەندیی جیوپۆلیتیکیی "کراوە" (یان لانیکەم پەیوەندییەکی نهێنیی وەک "ئەوە ئاڵۆزە")، دوابەدوای پەیوەندییان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر هەندێک بابەت و لە هەمانکاتیشدا زیادکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین. ئەگەریش ڕابردوو نموونەی ئێستا بێت، باشتروایە واشنتۆن سەرنجی لەسەر کێبڕکێکانی نێوان هێزە ناوەنجییەکان بێت کە ژمارەیان لە زیادبووندایە، کە لەڕووی مێژووییەوە یارمەتیی بەریەککەوتنی پریشکی نێوان هێزە گەورەکان دەدەن. 

 

شپرزەییەکی ئاشنا

 

ئەو قەیرانەی کە بەهۆی قەسابخانەکەی حەماس لە ئیسرائیل لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023 هاتەئارا بیرهێنانەوەیەکی بەئازارە لە ئاڵۆزیی ئەو بژاردانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخرێنە بەردەم ویلایەتە یەکگرتووەکان. کێبڕکێ لەگەڵ چین وەک باڵاترین کاری لەپێشینەی واشنتۆن دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوە ناگەیێنێت کە بتوانێت خۆی لە ئالنگارییەکانی دیکە بدزێتەوە. ئەمە تەنیا واتە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە وریایی و دیسیپلینەوە هەنگاو بنێت، خۆی لە زیادەڕۆیی بە دوور بگرێت و دەستڕۆیشتوویی خۆی بە شێوەیەکی داناییانە بەکار ببات.

 

من بەشی زۆری چوار دەیەی ڕابردووم لە کارکردن لەناو و لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەربردووە، زۆر بە کەمی زیاتر لەمە ئاڵۆز یان لە تەقینەوەدا بێت، بینیومە. کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی چڕی زەمینیی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە، جێبەجێکردنی پێداویستییە مرۆییە قووڵەکانی خەڵکی مەدەنیی ئازارچەشتووی فەلەستین، ئازادکردنی بارمتەکان، ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ناکۆکییەکە بۆ بەرەکانی دیکە لە ناوچەکە و ڕەنگڕێژکردنی دەروازەیەکی کاری بۆ "سبەینێی" غەزە هەموو کێشەی زۆر ئاڵۆزن. بەهەمانشێوەش ئومێدەواربوون بە ئاشتییەکی بەردەوام کە گەرەنتیی ئاسایشی ئیسرائیل و دەوڵەتداریی فەلەستینییەکان بکات و سوود لە دەرفەتە مێژووییەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی ببینێت، هەر ئاڵۆزە. وێناکردنی هەموو ئەم ئەگەرانە لە گەرمەی ئەم قەیرانەی ئێستا دژوارە، بەڵام تەنانەت لەوە دژوارتر وێناکردنی ئەوەیە کە بەبێ بەدواداچوونێکی جددی لەم قەیرانە بێینە دەرەوە. 

 

کلیلی ئاسایشی ئیسرائیل – هەروەها ناوچەکەش – مامەڵەکردنە لەگەڵ ئێران. ڕژێمی ئێران بەهۆی قەیرانەکەوە بوێریی پەیدا کردووە و وا دەردەکەوێت کە ئامادە بێت بۆ شەڕکردن، تاوەکو دوایەمین پڕۆکسیی هەرێمیی خۆی، هەموو ئەمە لەکاتێکدا کە پڕۆگرامی ئەتۆمیی خۆی فراوان دەکات و یارمەتیی شەڕەنگێزیی ڕووسیا دەدات. لە مانگەکانی دوای 07ـی ئۆکتۆبەردا، حوسییەکان، گرووپە یەمەنییە یاخییە هاوپەیمانەکەی ئێران، دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و مەترسییەکانی هەڵکشانی گرژییەکان لە بەرەکانی دیکەش لە ئارادایە. 

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەنیا خۆی بەرپرسیاری چارەسەرکردنی هەر یەک لە کێشە ماندووکەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە. بەڵام هیچ یەک لەوانە بەبێ ڕێبەرایەتییەکی چالاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، نەک هەر چارەسەر ناکرێن، بەڕێوەش نابرێن.  

 

سیخوڕی وەک ئێمە

 

کێبڕکێ و نادڵنیایی جیۆپۆلەتیکی – بەبێ ناوبردنی قەیرانە هاوبەشەکانی وەک گۆڕانی ئاوهەوا و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییە بێوێنەکانی وەک زیرەکیی دەستکرد – دیمەنێکی نێودەوڵەتیی تەواو ئاڵۆز دروست دەکەن. ئەوەی پێویستە بۆ سی ئای ئی ئەوەیە کە ڕێبازی خۆی بەرەو زانیاریی وەرچەرخێنێت تاوەکو لەگەڵ ئەم جیهانەدا کە بە خێرایی لە وەرچەرخاندایە هاوڕێگە بێت. سی ئای ئی و هەموو کۆمەڵەی هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان – بە ڕێبەرایەتیی ئاڤریل هاینێس، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانی – بەسەختی کار دەکەن تاوەکو بەو خێرایی و داهێنەرانەییەی کە پێویستە، بگەن بەم ساتە.

 

ئەم دیمەنە نوێیە کۆمەڵێ ئالنگاریی نوێ دەخاتە بەردم ڕێکخراوێک لە جەختی لەسەر هۆشی مرۆییە. لە جیهانێکدا کە ڕکابەرە سەرەکییەکانی ئەمریکا – چین و ڕووسیا – لەلایەن کەسایەتییە ئۆتۆکراتەکانەوە ڕێبەرایەتیی دەکرێن و لەناو چەند بازنەیەکی بچووک و گۆشەگیری ڕاوێژکاراندا چالاکی دەکەن، بەدەستهێنانی بەرچاوڕوونی بۆ ناو نیازی سەرکردەکان هەم گرنگتر و هەمیش دژوارترە لە هەر کاتێکی دیکە. 

 

هەر وەک چۆن 11ـی سێپتێمبەر سەرەتایەکی نوێی بۆ سی ئای ئی هێنایەئارا، بەهەمانشێوەش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا وای کرد. من بە قووڵی شانازی بەو کارەوە دەکەم کە سی ئای ئی و هاوبەشە هەواڵگرییەکانمان بۆ یارمەتیدانی سەرۆک و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان – بە تایبەتیش خودی ئۆکراینییەکان – بۆ نائومێدکردنی پووتین ئەنجامیان داوە. ئێمە هەموو پێکەوە هۆشداریی سەرەتایی و وردمان سەبارەت بە هێرشی داهاتوو خستەڕوو. ئەم زانینە وایکرد سەرۆک بتوانێت بڕیار بدات بۆ ئەوەی من بۆ مۆسکۆ بنێرێت و هۆشداریی بدەینە پووتین و ڕاوێژکارەکانی، لە نۆڤەمبەری 2021، سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەو هێرشەی کە ئێمە دەمانزانی ئەوان پلانی بۆ دادەڕێژن. لەسەر ئەو باوەڕەی کە پەنجەرەکەیان بەڕووی کۆنترۆڵکردنی ئۆکراینادا دادەخرێت و ئەو زستانەش کە لە ڕێگەیە دەرفەتێکی دڵخوازیان پێدەدات، هیچ نەبزووتن و پەشیمان نەبوون – پێگەی خۆیانیان بەزۆر و بەرگریی ئۆکراینا و ئیرادەی ڕۆژئاوایان بەکەم سەیر کرد. 

 

لەو کاتەوە زانیاریی باش یارمەتیی سەرۆکی داوە بۆ کۆکردنەوە و هێشتنەوەی هاوپەیمانێتییەکی بەهێز لە وڵاتان بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا. ئەوە هەروەها یارمەتیی ئۆکراینای داوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەبوێری و خۆڕاگرییەکی بەرچاوەوە. سەرۆک هەروەها سوودێکی داهێنەرانی لە هێنانەدەرەوەی بەڵگەنامەکان لە ڕیزی پۆلێنی ستراتیژی بینیوە. بەر لە هێرشەکە، کابینە، هاوڕێ لەگەڵ حکومەتی بەریتانی، پلانەکانی ڕووسیایان بۆ ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێک بە "ئاڵای درۆینە"ـوە ئاشکرا کرد کە نەخشەیان کێشا تاوەکو بەهۆیانەوە سەرزەنشتی ئۆکراینییەکان بکرێت و زەمینەیەک بۆ هێرشی سەربازی بڕەخسێنن. ئەم ئاشکراکردنە و ئەوانەی دواتریش گێڕانەوە ناڕاستەکانی پووتینیانی ڕەتکردەوە کە من پێشتر زۆرجار چاودێریم دەکرد بە مەبەستی پڕچەککردن کاری لەسەر دەکردن. ئەوانە پووتنیان خستووەتە بەردەم دۆخێکی نائاسوودە و نائاساییەوە. هەروەها ئەوانەش ئۆکراینییەکان و هاوپەیمانە پاڵپشتیکارەکانیانی بەهێز کردووە. 

 

لە هەمانکاتدا، ناڕەزایی لە شەڕ بەردەوام رێبەرایتیی رووسیا و گەلی رووسیای گرفتار کردووە، ئەمەش لە ژێر چینێکی ئەستوور کە پڕۆپاگەندە و سەرکوتی دەوڵەتدایە. ئەم شەپۆلە شاراوەیەی ناڕەزایەتی دەرفەتێکی کۆکردنەوەی ئەندامی بۆ بۆ سی ئای ئەی دروست کردووە کە لە نەوەیەکدا جارێک ڕوودەدات. ئێمە ناهێڵین ئەم دەرفەتە بەفیڕۆ بچێت. 

 

لە کاتێکدا لەوانەی ڕووسیا وەک دەستبەجێترین ئالنگاری دەرکەوێت، چین هەڕەشە درێژخایەنە گەورەترەکەیە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سی ئای ئەی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم کارە لەپێشینەیە خۆی ڕێکخستووەتەوە. ئێمە بە پشتڕاستکردنەوەی ڕاستییەکی ڕێکخراوەیی دەستمان پێکرد کە من زۆر پێشتر فێری بووم: لەپێشینەکان ڕاستەقینە نین مەگەر ئەوەی لە بوودجەکاندا ڕەنگ بدەنەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، سی ئای ئەی سەرچاوەی زیاتری سەبارەت بە چین – کۆکردنەوەی زانیاریی پەیوەندیدار، ئۆپەراسیۆنەکان و شیکارییەکان لە سەرتاسەری جیهان – زیاتر لە دووهێندەکردنی ڕێژەکەی لەکۆی گشتی ئەو بودجەیەی جەختی لە سەر چینە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاد کردووە. ئێمە کەسانێکی زیاتر لەوانەی کە بە چین قسە دەکەن دادەمەزرێنین و ڕاهێنانیان پێدەکەین و لە هەمانکاتیشدا هەوڵ و هەنگاوەکانمان بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ چین زیاتر دەکەین لە سەرتاسەری جیهان، لە ئەمریکای لاتینەوە تاوەکو ئەفریقا و ئیندۆ-پاسیفیک. 

 

سی ئای ئەی دەیان یان زیاتر "ناوەندی فەرمان"ـی هەیە، گرووپە تایبەتکارەکان کە ئەفسەران لە بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی هەموو ئاژانسەکان لە دەوری یەک کۆ دەکاتەوە. لە 2021، ئێمە ناوەندێکی فەرمانی نوێمان کردەوە کە جەختی تایبەتیی لە سەر چینە. تەنیا ناوەندی فەرمان لە سەر تاکەوڵاتێک میکانیزمی سەرەکیی بۆ کاری هاوئاهەنگیی لەسەر چین پێشکەش دەکات، کارێک کە ئەمڕۆ بۆ هەر گۆشەیەکی سی ئای ئی درێژ بووەتەوە. ئێمە هەروەها بە بێدەنگی خەریکی بەهێزکردنی کەناڵەکانی هەواڵگرین بۆ هاوتاکانمان لە پەکین، میکانیزمێکی گرنگ بۆ یارمەتیدانی بڕیاربەدەستان بۆ دوورکەتنەوە لەهەر هەڵەتێگەیشتنێک و پێکدادانی نەخوازراو لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و چین. 

 

تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا کە چین و ڕووسیا بەشی زۆری سەرنجی سی ئای ئەی دەبەن، ئاژانسەکە ناتوانێت ئالنگارییەکانی دیکە فەرامۆش بکات، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمەوە تاوەکو ناسەقامگیریی هەرێمی. هێرشی سەرکەوتووی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تەمووزی 2022 لە ئەفغانستان لەدژی ئەیمەن زەواهیری، یەکێک لە دامەزرێنەران و ڕێبەری پێشووی قاعیدە، ئەوەی نیشان دا کە سی ئای ئەی زۆر بەوردی فۆکەسی هەیە لەسەر هەڕەشە تیرۆریستییەکان و توانای گەورەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان هەیە. سی ئای ئەی هەروەها سەرچاوەی گرنگی تایبەت کردووە بۆ یارمەتیدانی شەڕی دژ بە هێرشی فەنتانیل، ئەو ماددە تریاکییە درووستکراوەی کە کە ساڵانە دەیان هەزار ئەمریکی دەکوژێت. هەروەها، ئالنگارییە هەرێمییە ئاشناکانیش خۆیان نیشان دەدەن، نەک هەر لەو شوێنانەی وەک کۆریای باکوور و دەریای چینی باشوور کە زۆر لەمێژە لەڕووی ستراتیژییەوە بە گرنگ هەژمار کراون، بەڵکو لە بەشەکانی دیکەی جیهانیش کە بایەخی جیۆپپۆلیتیکییان تەنیا لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر دەبێت، وەک ئەمریکای لاتین و ئەفریقا.

 

سیخوڕە زیرەکترەکان

 

لەهەمانکاتدا، ئێمە ڕێبازی خۆمان بەرەو تەکنۆلۆژیای نوێ وەردەچەرخێنین. سی ئای ئەی سەرقاڵی کارکردنە لەسەر ئاوێتەکردنی ئامرازە تەکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکان لەگەڵ تەکنیکە کۆنەکان بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لە تاکەکانەوە – زیرەکیی مرۆیی. بەدڵنیاییشەوە، تەکنۆلۆژیا زۆر ڕەهەندەی کاری سیخوڕیی لە هەرکاتێکی دیکە سەختتر دەکات. لە سەردەمی شارە زیرەکەکاندا، بە کامێرای ڤیدیۆیی لەسەر هەر شەقامێک و تەکنۆلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو بەبەشێوەیەکی فراوان لە هەموو شوێنێک بوونیان هەیە، سیخوڕیکردن زۆر دژوارتر بووە. بۆ ئەفسەرێکی سی ئای ئەی کە لە دەرەوەی وڵات لە وڵاتێکی دوژمن کار دەکات، بیینی ئەو سەرچاوانەی کە مەترسی سەلامەتیی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە تا زانیارییەکی بەنرخ پێشکەش بکەن، چاودێریی بەردەوام هەڕەشەیەکی جیدییە. بەڵام هەمان ئەو تەکنۆلۆژیاییەی کە هەندێکجار لە دژی سی ئای ئەی کار دەکات – چ دەرهێنانی داتای گەورە بۆ ئاشکراکردنی نموونەکانی چالاکییەکانی ئاژانس بێت یان تۆڕەکانی کامێرا مەزنەکان کە دەتوانن هەموو جووڵەیەکی ئەنجامدەری چالاکییەک ببیننەوە – دەتوانێت لە پێناو ئاژانس و لەدژی ئەوانیتر کاری پێ بکرێت. سی ئای ئەی لەگەڵ ڕکابەرەکانی لەسەر بەکاربردنی تەکنۆلۆژیای نوێ لە پێشبڕکێدایە. ئاژانسەکە یەکەمین بەڕێوەبەری باڵای تەکنۆلۆژیای خۆی دامەزراندووە. هەروەها ناوەندێکی نوێی فەرمانی کردووەتەوە کە جەختی لەسەر دروستکردنی هاوبەشیی باشترە لەگەڵ کەرتی تایبەت، ئەو پانتاییەی کە داهێنانی ئەمریکی سوودێکی کێبڕکێکارانەی گرنگ پێشکەش دەکات. 

 

بەهرەمەندیی زانستی و تەکنۆلۆژیی ناوخۆیی سی ئای ئەی هەروا باڵایە. ئەم ئاژانسە بەدرێژایی ساڵان ئەنبار گەلێکی گەشە پێداوە کە پڕن لە ئامرازی سیخوڕیکردن، ئامرازە دڵخوازەکەی من کامێرای شەڕی ساردە کە لە شێوەی مێرووی کلکەتەشی دیزاین کراوە و کاردەکات. شۆڕش لە زیرەکیی دەستکرد و زۆری زانیاریی سەرچاوەی کراوە بە تەنیشت ئەوەوە کە ئێمە بە نهێنی کۆی دەکەینەوە، دەرفەتی نوێی مێژووی بۆ شرۆڤەکارانی سی ئای ئی دەخوڵقێنێت. ئێمە سەرقاڵی پێشخستنی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکردین تاوەکو یارمەتیدەر بێت بۆ شیکاری هەموو ئەو ماددانە بەشێوەیەکی خێراتر و کارامەتر، ئەفسەران ئازاد دەکەین لەوەی فۆکەس بخەنە سەر ئەوەی کە لە ئەنجامدانیدا باشترینن: پێدانی بەرچاوڕوونی و داوەریی ژیرانە سەبارەت بەو بابەتانەی کە بۆ بڕیاربەدەستەکان گرنگترینن و ئەوانەشی کە بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکی بەبایەخترینن. زیرەکیی دەستکرد نابێتە جێگرەوەی شرۆڤەکارانی مرۆیی، بەڵام هەر لە ئێستاوە توانایان زیاتر دەکات. 

 

لەپێشینەیەکی دیکە لەم سەردەمە نوێیەدا قووڵکردنەوەی تۆڕی بێهاوتای هاوکارییە هەواڵگرییەکانە لەسەر سەرتاسەری جیهان، شتێک کە ڕکابەرە بێکەسەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم کاتەی ئێستادا نیانە. توانای سی ئای ئەی بۆ سوودوەرگرتن لە هاوبەشەکانی -لە کۆکراوەکان، پسپۆڕیی، دیدگا و تواناکانیان بۆ ئەنجامدانی چالاکیی لە زۆر شوێن ئاسانتر لەوەی کە ئاژانس بتوانێت – بۆ سەرکەوتنی ئاژانسەکە زۆر گرنگە. هەر وەک چۆن دیپلۆماسی پشت بە ژیاندنەوەی ئەو هاوبەشییە کۆن و نوێیەیان دەبەستێت، هەواڵگریش بەهەمانشێوەیە. لە کرۆکی خۆیدا، پیشەی هەواڵگری پەیوەندیی بە کارلێکە مرۆییەکانەوە هەیە و هیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ نزیکترین هاوپەیمانەکانمان، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دژوارترین دوژمنەکانمان و پەیوەندییکردن لەگەڵ هەمووان لەم نێوەندەدا. لە زیاتر لە 50 سەردانی دەرەوەی وڵات لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵ وەک بەڕێوەبەر، بەشێکی زۆری ئەم پەیوەندییانەم بەڕێوەبردوون. 

 

هەندێکجار، بۆ ئەفسەرانی هەواڵگری باشتروایە لەگەڵ دوژمنە دێرینەکانیان مامەڵە بکەن، لەو دۆخانەدا کە لەوانەیە پەیوەندیی دیپلۆماسی بە فەرمی نەناسرێت. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە سەرۆک منی بۆ کابوول نارد لە کۆتاییەکانی ئابی 2021 بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردایەتیی تاڵیبان، دروست بەر لە کشانەوەی یەکجاریی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەندێکجار، پەیوەندییەکانی سی ئای ئای دەتوانن لە بەشە ئاڵۆزەکانی جیهاندا کاری کردەیی و مومکین پێشکەش بکەن، وەک ئەو دانوستانانەی کە ئێستا لە لەگەڵ میسر، ئیسرائیل، قەتەر و حەماس لە ئارادان سەبارەت بە ئاگربەستی مرۆی و بەردانی بارمتەکان لە غەززە. هەندێکجار، پەیوەندیی لەو جۆرە دەتوانێت لەو پەیوەندییانەدا کە پڕن لە هەوراز و نشێوی سیاسی دۆخێکی وریایانە بێنێتە ئارا. هەندێکجاریش، دیپلۆماسیی هەواڵگری دەتوانێت هانی هاوبەشیی بەرژەوەندییەکان بدات و بە بێدەنگی پاڵپشتی لە هەوڵی دیپلۆماتکاران و بڕیاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات. 

 

لە سێبەردا

 

هەموو ڕۆژێک، کە لە ڕێگەی کەناڵی پەیوەندیی وێستگەکانی سەرانسەری جیهانەوە دەخوێنمەوە، گەشت بۆ پایتەختە بیانییەکان دەکەم یان لەگەڵ هاوپیشەکانم لە بارەگای سەرەکی گفتوگۆ دەکەم، کارامەیی و ئازایەتیی ئەفسەرانی سی ئای ئەی-م بیردێتەوە، بە هەمانشێوەش ئەو ئالنگارییە بەردەوامانەی کە ئەوان ڕووبەڕوویان دەبنەوە. ئەوان لە شوێنە سەختەکان سەرقاڵی ئەنجامدانی کارە سەختەکانن. بە تایبەت لەوەتەی 11ـی سێپتەمبەرەوە، ئەوان بەخێراییەکی زۆر زیاتر چالاکییەکانیان ئەنجام داوە. لە ڕاستیدا، چاودێریکردنی ئەرکی سی ئای ئی لەم سەردەمە نوێ و دژوارەدا وەستاوەتە سەر چاودێریکردنی کەسەکانمان. هەر لەبەر ئەمەشە کە سی ئای ئی سەرچاوە پزیشکییەکانی لە بارەگاکان و لە گۆڕەپانەکە بەهێزتر کردوون؛ پڕۆگرامی گەشەپێدراو بۆ خێزانەکان، ئەوانەی لە دوورەوە کار دەکەن و دوو پیشەیان هەیە؛ هەروەها ڕێگەی پیشەیی بەکێشمانتر، بە تایبەتیش بۆ تەکنۆلۆژیستەکان، تاوەکو ئەفسەرەکان بتوانن بچنە کەرتی تایبەت و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ئاژانس. 

 

ئێمە پرۆسەی وەرگرتنی ئەفسەرە نوێکانمان سادە کردووەتەوە. ئێستا چواریەکی ئەو کاتەی کە دوو ساڵ لەمەوپێش پێی دەچوو، کاتی دەوێ تاوەکو لە پێشکەشکردنی داواکارییەوە بگەینە پێشنیازی کۆتایی و ڕێگەپێدانی فەرمی. ئەم بەرەوپێشڤەچوونانەی ڕۆڵیان هەبووە لە زیاکردنی حەزی پەیوەندیکردن بە سی ئای ئەی-ـەوە. لە 2023، ئێمە زۆرترین داواکاریمان هەبووە بەراورد بە هەر ساڵێک لەوەتەی لێکەوتە دەستبەجێکانی دوای 11ـی سێپتەمبەرەوە. ئێمە هەروەها بەسەختی کار دەکەین بۆ ئەوەی هێزی مرۆیی خۆمان فرەجۆر بکەین، لە 2023 گەیشتینە بەرزترین ئاست لە مێژووماندا لە ڕووی ژمارەی ژنان و ئەفسەرانی دامەزراو لە کەمینەکان، هەروەهاش ژمارەی پلەبەرزبوونەوەکانیان بۆ ناو باڵاترین پلەکان. 

 

بەگوێرەی پێویست، ئەفسەرانی سی ئای ئی لە سێبەردا چالاکی دەکەن، بەزۆری لەدوور لەچاو و لە دەرەوەی گومان؛ ئەو مەترسییانەی ئەوان دەیانگرنە ئەستۆ و ئەو قوربانییانەی ئەوان دەیدەن زۆر کەم بەباشی درک دەکرێن. لە ساتێکدا کە متمانە بە دامەزراوە گشتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەزۆری کەمە، سی ئای ئی بە تەواوەتی وەک دامەزراوەیەکی ناسیاسی دەمێنێتەوە و پابەندە بە سوێندی من و هەموو ئەوانی دیکە لە ئاژانس، بۆ پارێزگاریکردنی لە دەستوور و پابەندییەکانمان لەژێر یاسادا. 

 

بەهەمانشێوەش، ئەفسەرانی سی ئای ئەی بە هۆی هەستی پێکەوەیی و پابەندیی قووڵ و هاوبەشیان بۆ خزمەتکردنی گشتی لەم ساتە هەستیارەی مێژووی ئەمریکادا، پێکەوە گرێدراون. ئەوان ڕاستیی ناو ئەو ئامۆژگارییە دەزانن کە ساڵانێک لەمەوپێش لە باوکمەوە، کە خزمەتێکی سەربازیی بەرچاوی هەبوو، فێری بووم. لەکاتێکدا سەرقاڵی ئەوە بووم، چی بە ژیانی پیشەیی خۆم بکەم، ئەو سەرنجێکی دەستنووسی بۆ ناردم: "هیچ شتێک هێندەی ئەوەی کە بە شەرەفەوە خزمەتی وڵاتەکەت بکەیت ناتوانێت وات لێ بکات هەست بە شانازی بکەیت". ئەمە یارمەتیدام تاوەکو دەستبەکاربم لە پیشەیەکی دوورودرێژ و باش لەناو حکومەتدا، سەرەتا لە دامەزراوەی دەرەوە و ئێستاش لە سی ئای ئەی. هەرگیز لە بژاردەیەک کە هەڵمبژارد پەشیمان نەبوومەتەوە. لەگەڵ هەزاران ئەفسەری دیکەی سی ئای ئەی کە هەمان هەستیان سەبارەت بە پیشەکەیان هەیە و سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگاریی سەردەمی نوێن، شانازییەکی مەزنم پێبەخشرا.

 

سەرچاوە: فۆرن ئەفێرس - وەرگێڕان: هۆشەنگ دارا

شەیری بکە لە: