من هێرشی كوشتنی قاسم سولەیمانیم ئەنجام دا. ئەمریكا لە وانەی ئەم مردنە تێناگات.

من هێرشی كوشتنی قاسم سولەیمانیم ئەنجام دا. ئەمریكا لە وانەی ئەم مردنە تێناگات.

گرافیکی ئاڤا نیوز

هەر هەڵسەنگاندنێک بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت لەگەڵ ڕاستییەکی ناخۆشدا ڕووبەڕووبێتەوە: ئێران پابەندە بەو ئامانجانەی کە بۆ سەر ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەڕەشەن. ئەو ئامانجانەش لەگەڵ گەشەکردنی جبەخانەی مووشەکی بالیستیکی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە و هەروەها باشتربوونی تەکنەلۆژیای درۆنی خەریکە بەدەست دێن. 


مانگی ڕابردوو کاتێک ئێران هێرشێکی فراوانی مووشەکی و درۆنی کردە سەر ئیسرائیل، هەموو ئەمانەی نمایش کرد. هیچ کەس گیانی لەدەست نەدا – ئەمە تەنیا لەبەر بەرگرییە بەتواناکانی ئیسرائیل نەبوو، بەڵکو لەبەر بەشداریی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانەکانیش بوو. هێرشەکە ئەوەی نیشان دا کە ئامادەیی بەردەوامی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە دوژمنکاریی زیاتر زۆر گرنگە. بەڵام سیاسەتی ئێستای ئێمە وەڵامگۆی ئەم واقیعە نییە. توانا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەردەوام کەم کراونەتەوە، ئەمەش ئێرانی بوێر کردووە و کاریگەرییەکانی ئەمەش لەگەڵ کەمبوونەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ ئیسرائیل بەهێزتر دەبێت. جگە لەوەش، خواستی ڕوونی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی لە ناوچەکەدا، پەیوەندییەکانمانی لەگەڵ هاوپەیمانان لاواز کردووە.

 

مێژووی ئەم دواییە دەرخەری ئەوەیە کە خۆدەرخستنی بەهێزی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران ڕادەگرێت. وەک سەرۆکی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سێنتکۆم، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی ئەنجامدانی ئەو هێرشەم لە ئەستۆ بوو کە قاسم سولەیمانی کوشت، ئەو جەنەڕاڵە دڵڕەقەی کە بەرپرسیاری کوژرانی سەدان سەربازی ئەمریکا بوو. ئێران خەریک بوو گومان لە ئیرادەی ئەمریکا بکات، بەڵام دواتر هێرشی کوشتنی سولەیمانی ویستی ئەمریکای سەلماند. هێرشەکە لە سەرەتای ساڵی 2020، سەرکردەکانی ئێرانی ناچار کرد پێداچوونەوە بەو هەڵکشانی گرژییانەدا بکەن کە چەند مانگێک بوو لە دژی هێزەکانی ئەمریکا دەستیان پێکردبوو. سەرەنجام، من باوەڕم وایە، ئەوە ژیانی زۆر کەسی ڕزگار کرد. 

 

لە ئێران بارودۆخ گۆڕاوە، بەڵام هێرشی کوشتنی سولەیمانی وانەیەک دەڵێتەوە کە گوێی پێنادرێت. لەوانەیە هەندێک کات ئێران پێشبینینەکراو دەرکەوێت، بەڵام ڕێز لە هێزی ئەمریکا دەگرێت و بەرپەرچدانەوەکان کاریگەر دەبن. کاتێک ئێمە دەکشێینەوە، ئێران پێشڕەوی دەکات. کاتێک خۆمان دووپات دەکەینەوە، دوای هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و خۆئامادەکردن بۆ هەموو ئەگەرەکان، ئێران پاشەکشە دەکات. ژیان و مردنی سولەیمانی سەلمێنەری لەسەر ئەم ڕێسایەیە، کە پێویستە سیاسەتی داهاتوومان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستە بکات.

 

سولەیمانی کارەکتەرێکی ناوەندیی مێژووی نوێی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێرانە. لە ماوەی 30 ساڵدا بوو بە ڕووخساری سوپای پاسداران، کە لقێکی تەواو سەربەخۆی هێزە چەکدارەکانە، کە ئەرکی گەرەنتیکردنی یەکپارچەیی کۆماری ئیسلامیی پێسپێردراوە. سولەیمانی لە ساڵی 1979 پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کرد، ساڵێک پێش ئەوەی سەدام حوسێن شەڕی دژ بە ئێران دەست پێ بکات. دواتر، سولەیمانی وەک چاونەترس و کۆنتڕۆڵکەر ناوبانگی پەیدا کرد. کاتێک لە بیستەکانی تەمەنیدا بوو، بۆ پلەی فەرماندەی فیرقە بەرز کرایەوە. ئەو ڕقی لە ئەمریکا بوو چونکە پێی وابوو یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لە کاتی شەڕدا بووبوونە مایەی شکستی ئێران. 

 

لە ساڵی 1997 یان 1998، سولەیمانی بوو بە فەرماندەی سوپای قودس، کە گرووپێکی دەستەبژێری ناو سوپای پاسدارانە و سەرنجی لەسەر ئۆپەراسیۆنی ناباوە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران. بەرەوپێشچوونی سولەیمانی شتێکی بەڵگەنەویست بوو، ئەو لە فراوانکردنی کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا پشتی بە کاریزمای خۆی و زمانە عەرەبییە پاراوەکەی دەبەست. سولەیمانی وەک فەرماندە هێڵێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران هەبوو و وەک کوڕێک بوو بۆی. لە ساڵی 2011 پلەی بۆ گەورە جەنەراڵ بەرزکرایەوە و ساڵی 2014ـش بوو پاڵەوانێکی ئێران، ئەمەش بووە بابەتی وتارێکی بەرفراوانی نیویۆرکەر. زۆرجار چیرۆکێکم بەر گوێ دەکەوت - ڕەنگە درۆینەش بوو بێت - دەربارەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئۆباما کە بە ناڕەزاییەوە لە هەواڵدەرێکی پرسی بوو: "ناتوانیت وێنەیەکی پەیدا بکەیت کە لە جۆرج کلۆنی نەچێت؟" 

 

لەگەڵ گەشەکردنی ناوبانگی سولەیمانیدا، خۆپەسەندیشی گەشەی کرد. ئەو دیکتاتۆرانە لە سەرانسەری ناوچەکەدا ڕەفتاری دەکرد و زۆرجاریش بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەی ئێران، بەرپرسانی سەربازی یان تەنانەت بەرپرسانی باڵاتری سوپای پاسداران. ئەو ژیرانە پشتگیری لە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق کرد، ئەمەش وای لە ئەمریکا کرد لە شکستپێهێنانی داعشدا ئەرکێک قورس بکێشێت. دواتر بە لێهاتووییەکی سەرسوڕهێنەر ئێمەی لە عێراق دەرپەڕاند و بووە هۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هەروەها کوژرانی عێراقی و سوورییە بێتاوانەکانیش. ئەوە بە مێشکیدا نەدەهات: ساڵی 2019 لە وەڵامی ئەم بابەتەدا وتی: "ئەوان دەیانەوێت چی بکەن، بمکوژن؟" 

 

کاتێک من یەکەمجار وەک جەنەراڵێکی گەنج پەیوەندیم بە سێنتکۆمەوە کرد، سەیری ئیدارەی ئۆبامام کرد - پێش ئەویش سەیری ئیدارەی بوشم دەکرد –شکستی لە بەرپەرچدانەوەی ئەو جوڵاویی و سەرکردایەتییەدا هێنا بوو کە سولەیمانی بۆ شەڕەکەی هێنا بوو. هەروەها سەیری ئیسرائیلییەکانیشم کرد کە چۆن هەوڵی خۆیان لە دژی تاقیکردەوە و هیچ ئەنجامێکیشی نەبوو. بۆیە کاتێک لە ئازاری 2019ـدا پۆستی فەرماندەم وەرگرت، یەکێک لە شتە یەکەمینەکان کە کردم ئەوە بوو کە پرسیم ئەگەر پلانی لێدانی ئەومان هەبێت، ئایا دەشێت سەرۆک داوامان لێ بکات ئەنجامی بدەین. وەڵامەکە قایلکەر نەبوو. 

 

من فەرمانم بە فەرماندەی هێزی ئەرکی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکانی سێنتکۆمم کرد تا پەرە بە چارەسەرەکان بدات. ڕێکخراوەکانی دیکەش پەرۆشییان بۆ پرسی سولەیمانی هەبوو- لەنێویشیاندا سی ئای ئەی و هاوبەشە ناوچەییەکان- بەڵگەی ئەوەشمان بەر چاو کەوت کە هەندێکیان لۆبییان لە کۆشکی سپی کردبوو تا دژی سولەیمانی کارێک ئەنجام بدات. چەندین پلان مشتومڕیان لەسەر کرا و خرانە لاوە، جا لەبەرئەوەی لە ڕووی ئۆپەراسیۆنەوە جێبەجێ نەدەکران یان لەبەرئەوەی وا دەر دەکەوت کە باجێکی سیاسی زۆر گەورەی بوێت. بەڵام دواجار بوون بە کۆمەڵێک بژارەی گونجاو ئەگەر کۆشکی سپی فەرمانمان پێ بکات تا ئەنجامیان بدەین.

 

ماوەی دوو مانگی سەرەتام وەک فەرماندە تاوەکو ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی 2019، بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق 19 جار بە هاوەن و ڕۆکێت کرانە ئامانج. دیار بوو کە سولەیمانی هێرشەکانی ڕێکخستبوو، ئەمەش بەشێوەیەکی بنەڕەتی لە ڕێگەی تۆڕەکانیەوە لەناو کەتائیبی حزبوڵڵا کە گروپێکی میلیشیایی توندڕەو بوون لە عێراق. زنجیرە هێرشەکان ئێوارەی هەینی 27ی کانوونی یەکەم گەیشتنە لوتکە، کاتێک یەکێک لە بنکە ئاسمانییەکانمان بە نزیکەی 30 ڕۆکێت کرایە ئامانج. چوار سەربازی ئەمریکی و دوو پۆلیسی فیدراڵی عێراق بریندار بوون و بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا. لە کاتێکدا هێرشەکانی پێشوو بە مەبەستی بێزارکردن یان هۆشداریدان بوو، ئەم هێرشە - کە کرابوویە ناوچەیەکی چڕ و پڕی دانیشتووانی بنکەکە - مەبەست لێی خستنەوەی ژمارەیەکی زۆر قوربانی بوو. من دەمزانی دەبێت کە وەڵام بدەینەوە. 

 

بەیانیی زووی ڕۆژی دواتر، ئەندامانی سەرەکیی ستافەکەم لە ئۆفیسی ماڵەکەم لە 'تامپا' کۆبوونەوە، بۆ پێداچوونەوەی کۆمەڵێک بژارە کە ماوەی چەند مانگێک بوو دەمان پاڵاوتن. ئەمە هەمووی پێشبینیکراو بوو؛ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هێرشێک تەنیا دەکرا لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە بێت، لە ڕێگەی مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگرییەوە، بەڵام ئێمە دەمانزانی کە ئەوان دەیانەوێت ئێمە بژارەیان بخەینە بەردەست. ئێمە لە یەمەن ئامانجێکمان هەبوو کە ماوەیەک بوو سەیریمان دەکرد: فەرماندەیەکی سوپای قودس کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە هەماهەنگی کردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەبوو. ئامانجە ڕێتێچووەکانی دیکە بریتی بوون لە کەشتییەکی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری کە لەلایەن سوپای پاسداران لە باشووری دەریای سوورەوە سەرپەرشتی دەکرا - ساڤیز- هەروەها بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانی نەوت لە باشووری ئێران. 

 

دوای ئەوەی هەموو بژارەکان بە تەواوی گفتۆگۆ کران، بە ستافەکەمم گوت کە ئێمە تەنیا لە ناوخۆی عێراق و سووریا ئامانج پێشنیار دەکەین - کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیمان تیایاندا ئەنجام دەدا- ئەمەش بۆ دوورکەوتنەوە لە فراوانتربوونی ململانێکان. هەستمان کرد کە چوار "ئامانجی لۆجیستی" و سێ "ئامانجی کەسایەتی" پەیوەستن بەو هێرشەکەوە. دوو لە کەسایەتییەکان هەماهەنگکاری کەتائیبی حیزبوڵا بوون؛ سێیەمیان سولەیمانی بوو. ئێمە هەروەها بەردەوام دەبین، بەڵام پێشنیازی کردەوەکانی یەمەن، دەریای سوور و بژارەکانی باشووری ئێران ناکەین.

تا ناوەڕاستی بەیانی، لە ڕێگەی مارک میلی، سەرۆکی ستافی ئەرکانی هاوبەشەوە، پێشنیازەکانم بۆ وەزیر ئیسپەر ناردبوو. تا درەنگانی پاشنیوەڕۆ، ڕەزامەندیمان وەرگرتبوو بۆ جێبەجێکردنی بژارەی دڵخوازی من: لێدانی کۆمەڵێک ئامانجی لۆجستیکی جۆراوجۆر، نەک سولەیمانی یان هەماهەنگکارەکان.

 

ڕۆژی دواتر، یەکشەممە، هێرشەکە دەکەین، دوای ئەوە ئیسپەر و میلی ترەمپ لە مارالاگۆ ئاگادار دەکەنەوە. میلی پێشنیازی بۆ کردبووم کە لەوانەیە ترەمپ پێیوابێ هێرشەکان بەس نین. من دەمزانی ئەو کۆبوونەوانە چۆن بەڕێوەدەچن - لە چەند کۆبوونەوەیەکیاندا بووبووم- متمانەی تەواویشم بە میلی هەبوو. ئەو دەیتوانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەکانی سەرۆکایەتیدا خۆی بە سەختی ڕابگرێت، کە زۆرجار بۆچوونی زۆری زۆر کەسی تێدابوو، کە هەموویان تەواوی مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنێکیان نەدەزانی یان ئەو مەترسییانەی کە دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە سەرهەڵدەدەن. 

 

چونکە دەمزانی سەرۆک ‌هێشتا بۆ بابەتی سولەیمانی زۆر بە پەرۆشە، ئێوارەی شەممە دوایەمین دەستکارییەکانم خستنە سەر پەڕەکە کە باسی لەوە دەکرد ئەگەر بیکەینە ئامانج بە دوایدا چی ڕوودەدات. هیچ گومانێک لەوەدا نەبوو کە ئەو ئامانجێکی ڕەوایە و لەدەستدانی بڕیاربەدەستانی ئێران زۆر دژوارتر دەکات. هەروەها ئاماژەیەکی بەهێز دەبێت بۆ ئیرادەی ئەمریکا کە ساڵانێکی زۆر بوو لە مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئێران نائامادە بوو. بەڵام من زۆر نیگەران بووم لەوەی کە داخۆ وەڵامی ئێران چۆن بێت. هێرشەکە دەکرێت کاریگەریی بەرپەرچدانەوەی لێبکەوێتەوە، یان تۆڵەسەندنەوەیەکی بەرفراوان بە دوای خۆیدا بێنێت. دوای بیرکردنەوەیەکی ورد، باوەڕم وابوو کە ئەوان وەڵامیان دەبێت، بەڵام نەک بە کردەوەیەکی شەڕ - ئەگەرێک کە ساڵانێکی زۆر بوو نیگەرانی کردبووم. بەڵام هێشتا ئەڵتەرناتیڤی زۆریان هەبوو تا ببنە هۆی ئازاری ئێمە. پەڕاوەکەم بۆ وەزیر نارد، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرەوە ئاراستە کرا. من دژی لێدانی سولەیمانی پێشنیازم نەکرد، بەڵام باسی ئەو مەترسیانەم کرد کە بەدوای خۆیدا دەیانهێنێت. 

 

دوانیوەڕۆی یەکشەممە، هێرشەکانی سەر کەتائیبی حزبوڵامان بە ئەنجامی باشەوە ئەنجام دان. پێنج پێگەمان لە سەرتاسەری سوریا و عێراق کردە ئامانج، ئەمەش هەمووی لە ماوەی نزیکەی چوار خولەکدا. بەلایەنی کەمەوە لە پێگەیەکدا، هێرشەکە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی ستافی کەتائیبی حزبوڵا بوو و چەندین سەرکردەی گرنگیان کوژران. دوای هێرشەکە، لەکاتێکدا ئیسپەر و میلی دەفڕین بۆ مارالاگۆ، ئێمە هەڵسەنگاندنی زیانەکان و هەر وردەکارییەکی دیکەمان پێدان کە دەمانتوانی لە هێرشەکانەوە بەدەستیان بهێنین. هەموویمان خستە سەر یەک سڵایدی سادەی پرێزینتەیشنێک کە میلی بۆ گەیاندنی زانیارییەکان بە سەرۆک لە سەری ڕاهاتبوو.

 

بەڕێوەبەرەکە ئەو ئێوارەیە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کۆنگرەیەک هەبوو. کاتێک کە میلی هۆشداری دابوو، ترەمپ ڕازی نەبووبوو؛ ئەو ڕێنمایی کردین کە ئەگەر سولەیمانی چووە عێراق لێی بدەین. من لە ئۆفیسی ماڵەوەم بووم کاتێک میلی ئەمەی گواستەوە. ستافەکانم لە دەوروبەرمدا کۆبووبوونەوە، بەڵام تەلەفۆنم لەسەر سپیکەر نەبوو، بۆیە کەسیان نەیاندەبیست. بۆ یەک یان دوو چرکە وەستام، پاشان داوام لێکرد جارێکی دیکە بیڵێتەوە. من بە دروستی بیستبووم.

 

میلی هەروەها پێی وتم کە سەرۆک بە هێرشکردنە سەر فەرماندەکەی سوپای قودس لە یەمەن و کەشتیی ساڤیزی ئێرانی لە دەریای سوور ڕازی بووە. هەستێک لە کۆبوونەوەکەدا هەبوو، ئەو گوتی، ئەم هێرشانە ئێران دێنێتە سەر مێزی سازشکردن. دەمزانی بەڕێوەبەر لەگەڵ ئەم هەڵوێستەدا نییە - منیش هاوڕا نەبووم. هەستمان کرد لەوانەیە هێرشەکان بەرپەرچدانەوەکان بگەڕێننەوە، بەڵام ڕێگای گەیشتن بە دانوستانی فراوانترمان نەدەبینی. 

 

کە کۆتاییمان بە پەیوەندییەکەمان هێنا، ئەوەی پێمان گوترابوو ئەنجامی بدەین بۆ بەڕێوەبەرم خوێندەوە - بەرهەمی تەمەنێک لە وەرگرتنی فەرمان لە ژێر بارودۆخێکی پڕ لە گوشاردا. پەیوەندیم بەو چەند ئەندامەی ستافەکەمەوە کرد کە نەیانتوانی بوو ئامادەی کۆبوونەوەکەی حەوتـی ئێوارە بن. کاتێک ڕێنماییەکانمان پێ وتن هەموویان سەرسام بوون. هەموو دەمانزانی ئەم بڕیارانە چییان لێدەکەوێتەوە، لەوانە ئەگەری ئەوەی کە زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە دیوەکەی دیکەی جیهان ناچار بن بچنە ناو ئاگرەکەوە. ئێمە کاتمان نەبوو زۆر بیری لێ بکەینەوە.

 

من دەمزانی دەتوانین بە خێرایی هێرشەکەی سەر ساڤیز و فەرماندەکەی یەمەن ئەنجام بدەین، بەڵام ئالنگارییەکانی ئامانجی سولەیمانی زیاتر بوون. لە کۆتاییەکانی پایزدا، بژارەمان بۆ لێدانی لە سووریا و عێراق پەرە پێدابوو. سووریامان پێ باشتر بوو؛ لێدانی ئەو لە عێراق دەبێتە هۆی گڕتێبەردانی گروپە چەکدارە شیعەکان، لەوانەیە کاردانەوەی سەربازی و سیاسی بەهێزی لێبکەوێتەوە. ئێستا وا دیارە ئەو نیگەرانییانەی کە بەڕێوەبەر پێی گوتین تێپەڕێن.

 

ئەو جۆرە ئامانجکردنەی کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕاین سێ قۆناغی هەیە: دۆزینەوە، رێککردن و تەواوکردن. دۆزینەوە زانستە، بەڵام ڕێککردن - وەرگێڕانی هەموو ئەو شتانەیە کە دەیانزانین دەربارەی جووڵە و خووەکانی ئامانجەکە بۆ ناو پەنجەرەیەکی تەسکی کات، شوێن و دەرفەت – ئەوەش هونەرە. تەواوکردنیش هونەرە: لێدانی ئامانجێک بە جۆرێک زیانەکانی دیکە لە کەمترین ئاستدا بهێڵیتەوە.

 

چارەسەرەکانی ڕێککردن و تەواوکردنی سولەیمانی ڕێگایەکی دووریان بڕیبوو لەو کاتەوەی کە من بۆ یەکەمجار لە بەهاردا پرسیارم لەبارەیانەوە کردبوو. ئێستا زانیمان کاتێک سولەیمانی گەیشتە عێراق، بە شێوەیەکی ئاسایی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە و بە خێرایی بە ئۆتۆمۆبێل گوێزرایەوە. خۆشبەختانە، زۆرجار هاتوچۆ لەسەر ڕێگای چوونە ژوورەوەی فڕۆکەخانەکە سووک بوو، کە چەند نەوەیەک لە سەرباز، فڕۆکەوان و هێزی مارێنز ئەوێیان وەک "رێگای ئێرلەندی" دەیانناسی چونکە لە کاتی جەنگی عێراقدا ئەوە ناوی سەربازییەکەی بوو. ژمارەیەکی زۆر کەم لە سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەهۆی سولەیمانی و شوێنکەوتووەکانیەوە لەسەری گیانیان لەدەستدابوو. بەشی ڕێککردنی هاوکێشەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک سولەیمانی لە ڕێگای ئێرلەندی دابەزی و چووە ناو شەقامە قەرەباڵغەکانی بەغدا.

 

هەروەها پێدەچێت بەئامانگرتنی سولەیمانی لە کاتەکانی دوای دابەزینی لە فڕۆکەکەدا، زیانە لاوەکییەکان کەم بکاتەوە. ئێمە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 ـمان کە بە مووشەکی Hellfire چەکدار بوو بۆ هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکەی خۆی و ئۆتۆمبێلی پاسەوانەکانی بەکارهێنا. وەک هەمیشە، سنووردارکردنی بەرچاو هەبوو- فڕۆکەکانی MQ-9 ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە سەر ئاسمانی فڕۆکەخانەکە بمێننەوە، بۆیە دەبوو بە نزیکەیی بزانین کەی دەگات. ئێمە حەزمان لەوە بوو کە بە شەو جێبەجێ بکەین، بەبێ داپۆشینی، بەڵام تا ڕادەیەک لە ژێر بەزەیی خشتەی کاتیی سولەیمانیدا بووین.

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە هەمانبوو ئەو ڕۆژی سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەم، لە تارانەوە بە فڕۆکە دەڕوات بۆ بەغدا. دوای گفتوگۆیەکی زۆر، بڕیارمان دا سەرەتا سولەیمانی و لە ماوەی چەند خولەکێکیش فەرماندەکەی یەمەن بکەینە ئامانج، بۆئەوەی ئاگادار نەکرێتەوە. بڕیارمان دا ساڤیز بۆ دواتر هەڵ بگرین؛ من تامەزرۆی نوقمکردنی نەبووم (خۆشبەختانەش، پێویست نەبوو وا بکەین).

 

لە هەمان کاتدا، لە وەڵامی هێرشەکانی کەتائیبی حیزبوڵا، لە بەردەم باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا، ناڕەزاییەکان زیاتر پەرەیان سەند. دیمەنەکان ناڕەحەتکەر بوون و پێدەچوو لە واشنتۆن داواکاریی لێدانی سولەیمانی سەختتر بکەن. تارماییەک هاوشێوەی زنجیرەی بەنغازی هەموو ئەو شتانەی دیاریکرد کە ئێمە ئەنجاممان دابوون. ئێمە لە مارینیز فەرمانمان بە زیادکردنی ئاسایش کرد و کەشتییە سەربازییەکانی AH-64مان وەک نمایشێکی هێز خستنە جووڵە. نیگەرانیم سەبارەت بەوەی کە دەبێت لە دوای لێدانی سولەیمانی چی ڕوو بدات زیاتر دەبوو. ئایا ئەوە قەرەباڵغییەکە هان دەدات دەست بە سەر باڵیۆزخانەکەدا بگرن؟ لە دوای ئەو هێرشە پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا چی بەسەر دێت؟

 

هەستم کرد کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی- کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەندامن تیایدا – بەو باوەڕەوە کار دەکات کە ئێران تۆڵە لە ئەمریکا ناکاتەوە. تەنانەت میلی پێی وتم "میلیشیا شیعەکان توڕە دەبن، بەڵام پێم وا نییە کە ئێران ڕاستەوخۆ لە دژی ئێمە هیچ بکات". من هاوڕا نەبووم. باش بوو، بەڕێوەبەر لە قسەکانی من گەیشت و دڵنیا بوو لەوەی کە ئێمە ئامادەین ئەگەر ئێران شتێکی وا بکات.

 

31ی کانوونی یەکەم، ئەو ڕۆژەی کە دەمانویست هێرشەکە بکەین، زوو چوومە ناو بارەگای سێنتکۆم. چاوەڕوانیی ئاماژەکانی جووڵەی سولەیمانیمان دەکرد. دوو شاشەی زەبەلاح بە دیوارێکی دوورەوە هەڵواسرا بوون. یەکێکیان زنجیرەیەک گەشتی وێنەی ڕەش و سپی لە درۆنی MQ-9 نیشان دەدا. ئەوی دەیکەش سەدان فڕۆکەی نیشان دەدا لە ناویشیاندا فڕۆکەی مەدەنی، کە عێراق و ئێرانیان تێدەپەڕاند.

 

لە کۆتاییدا، سولەیمانی ماڵەکەی بەجێهێشت و لە تاران سواری فڕۆکەیەک بوو، هەرچەندە دڵنیا نەبووین کە گەشتەکە تایبەتە یان بازرگانییە. فڕۆکەکە نزیکەی کاتژمێر 9:45 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوەندی ئەمریکا بۆ گەشتێکی دوو کاتژمێری بەرەو بەغدا هەڵفڕی. ئێمە بۆی ئامادە بووین: فڕۆکەکانمان بە ئاسمانەوە و لە دۆخێکی باشدا بوون. بەڵام کاتێک فڕۆکەکەی لە بەغدا نزیک بووەوە، نەنیشتەوە. من لەگەڵ میلی و وەزیر ئیسپەر لە تێلێکۆنفڕانسێکدا بووم، کاتێک سەیرمان دەکرد کە بە بەرزی 30 هەزار پێ بە شارەکەدا تێدەپەڕێت.

 

کەسێک لە پنتاگۆنەوە لێی پرسیم: "دەتوانی ئەم گەمژەیە بخەیتە خوارەوە؟" بەبێ ئەوەی بڕیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکە جێبەجێ بکەم، تەلەفۆنم بۆ فەرماندەکەم لە بنکەی ئاسمانی لە قەتەر کرد. "ئەگەر فەرمانت پێ بکەم ئەم فڕۆکەیە بخەیتە خوارەوە، دەتوانیت بیکەیت؟" هێزی ئاسمانی بە خێرایی وەڵامی دایەوە و دوو فڕۆکەی جەنگیمان بۆ پشت فڕۆکەکە گواستەوە. ئێستا بژارەیەکمان لەبەردەستدا بوو بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە ئەگەر پێمان بڵێن ئەنجامی بدەین. ئێمە پەرۆش بووین بزانین گەشتی فڕۆکەکە تایبەت بە کرێ گیراوە یان بازرگانییە.

 

هەر زوو ڕوون بوویەوە کە فڕۆکەکە بەرەو دیمەشق دەڕۆیشت. هەروەها زانیمان کە فڕۆکەکە گەشتێکی مەدەنییە کە زۆر دوا کەوتووە، واتە پێدەچێت لانیکەم 50 کەسی بێتاوان لەناو فڕۆکەکەدا بن. دەستبەجێ ڕاوێژی ئەوەم بە میلی دا کە نابێت تەقە بکەین. تەنانەت سولەیمانی ئەو کوشتنە ناهێنێت. من و ئەو بە خێرایی ڕێککەوتین کە دەستبەکار نەبین. فڕۆکە جەنگییەکانمان ڕۆیشتن و فڕۆکەکەش دەستیکرد بە نیشتنەوە لە دیمەشق. هەروەها فڕۆکەکانمان لە ئەرکی یەمەن کشاندەوە. هەموومان هەناسەیەکی قووڵمان هەڵمژی و جارێکی دیکە بیرمان لە بژارەکانمان کردەوە. کاتژمێر 10:48 خولەکی بەیانی بە ستاف و فەرماندەکانم گوت: "ڕێنمایی لە سەرۆکەوە وەک خۆی ماوەتەوە، ئێمە تەقە دەکەین کاتێک کە پێویست بکات." هەندێک ئاماژە هەبوون کە سولەیمانی لە ماوەی 36 کاتژمێری داهاتوودا لە دیمەشقەوە بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە. هێشتا دەرفەتێکی دیکەمان هەبوو. 

 

ڕۆژی ساڵی نوێ هات. من لە 'تامپا' ئەرکێکم هەبوو کە تۆپی یارییەکە بۆ 'ئاوتباک بۆول' بگەیێنم. تیمەکانی ئاسایش و پەیوەندییەکانم لەگەڵ مندا هاتبوون. ڕۆژەکە بە نزیکەیی ساماڵ بوو؛ هیوام خواست لە بەغداش وا بێت. یارییەکە بە باشی بەڕێوەچوو- ئەگەر تۆ هاندەری 'مینێسۆتا' بوویتایە. ئێمە لە ناو لایەنگرانی 'ئاوبێرن' بووین، بۆیە دوانیوەڕۆیەکی درێژ بوو.

 

پێش نیوەی یەکەمی یارییەکە، پەیوەندییەکەم لە ئیسپەرەوە پێگەیشت. زۆربەی نیوەی دووەمی یارییەکەمم بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەو و میلی بەسەر برد، بە مۆبایلێکی پارێزراو قسەمان دەکرد کە یاریدەدەری پەیوەندییەکانم لە دەرەوەی دەرگاکە وەستابوو، وای فایەکەی بەرز ڕاگرتبوو. پێمگوتن نوێترین زانیاریی هەواڵگریمان ئەوەیە کە سولەیمانی بە زوویی، تا سبەی، دیمەشق بەجێدەهێڵێت و بە فڕۆکە دەچێتە بەغدا. پەیوەندییەکە لە کاتی خۆیدا تەواو بوو تاوەکو سەیری کۆتایی یارییەکە بکەم کە زۆر نائومێدکەر بوو. شەوێکی نائارام بوو.

 

ڕۆژی دواتر، چوومە بارەگای سێنتکۆم. تاوەکو درەنگانی دوانیوەڕۆ گرژی دەستی پێکردبوو. ئەو گەشتەی کە پێشبینیمان دەکرد سولەیمانی بیکات کاتژمێرێک دوا کەوت، پاشان کاتژمێرێکی دیکەش دوا کەوت. بە هێمنی لە سەری مێزەکە دانیشتم و بڕێکی زۆر قاوەم خواردەوە. لەم جۆرە کاتانەدا، هەمووان سەیری فەرماندە دەکەن؛ دەمزانی هەر نائارامییەک لەلایەن منەوە بێت لەلایەن هەمووانەوە هەستی پێدەکرێت. دڵنیا بووم کە ئێمە ئامادە بووین، بەڵام زۆر شت لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمەدا بوون، و  پیویست بوو ئامادەی خۆگونجاندن بین. ئەو کاتژمێرە بێشومارانەی کە ئەندامانی ستاف و فەرماندەکان خستبوویانە پلانی لەناکاو، ئێستا ئامادە بوون سوودی هەبێت. لەم ساتانەدا کات دژی تۆ دەسوڕێتەوە. دەبێتە کاتێکی چڕ و بە بەها. پێویستە پشت بەو کارانە ببەستیت کە ئەنجامدراون بەرلەوەی کات ببێتە بەنرخترین کاڵا لە گەردووندا. 

 

سەرەنجام، جووڵە! سولەیمانی لە دیمەشق گەیشتە فڕۆکەکە، لە جاددە قیرتاوەکەوە سواری فڕۆکەکە بوو. فڕۆکەکە کشایەوە و دواتر بەرزبوونەوە. گەشتەکە، بە فڕۆکەیەکی بازرگانی بوو و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەرنامەی بۆ دانرا بوو، کاتژمێر 30:30 خولەکی دوانیوەڕۆ بە کاتی ناوەندیی ئەمریکا لە دیمەشقەوە فڕێ. تەلەفۆنم بۆ بەڕێوەبەر کرد. ئەو و وەزیرانی بەرگری و دەرەوە لە ژوورێکی کۆنفڕانسی پارێزراو لە پنتاگۆنەوە چاودێری ئەو چالاکییەیان دەکرد. زۆری نەخایاند فڕۆکەکە لەسەر سیستەمی شوێنپێهەڵگرتنی ئێمە دەرکەوت و سەیرم دەکرد کە بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات. نائومێدی چەند ڕۆژێک پێشترم هاتەوە بیر، لە نزیکەوە سەیرێکی بەرزییەکەیم کرد. خۆشبەختانە، فڕۆکەکە دەستی بە دابەزین کرد بەسەر بەغدا، کاتژمێر 4:35 خولەکی دوانیوەڕۆ نیشتەوە، کەمێک پێش 12ـی شەو بە کاتی ناوخۆ.

 

ئاسمان هەور بوو. درۆنەکانی MQ-9 ی ئێمە بۆ هێشتنەوەی بینین بە نزمیی فڕین، ئەمەش واتە لە بنەڕەتدا دەبوو هەندێک دوور بن بۆ ئەوەی نەبیسترێن و نەبینرێن. سەیری ئەوەمان دەکرد کە قادرمەکان تا دەرگای پێشەوەی کابینەکە کۆ دەکرانەوە. کاتژمێر 4:40 م دوانیوەڕۆ پشتڕاستمان کردەوە کە ئەوە سولەیمانییە. فەرماندەی هێزی ئەرکی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکانی سێنتکۆم تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی "گەورەم، ئێستا شتەکان زۆر بە خێرایی ڕوو دەدەن. ئەگەر هەر نیازێک هەبێت بۆ وەستاندنی، پێویستە ئێستا ئەوە ڕابگەیێنین." من بڕیاری خۆمم هەبوو، بۆیە بە سادەیی پێم گوت: "تەقەی لێ بکە، هەر کاتێک توانیت."

 

ئێمە سەیری سولەیمانیمان دەکرد کە سواری ئۆتۆمبێلێک بوو و لە ئۆتۆمبێلێکی ئەمنیی تەنیشتی دوور کەوتەوە. کە ڕێڕەو، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و شەقامەکانی گەیشتن بە شەقامی ئێرلەندی، دانوستانیان دەکرد. ئێستا کاتژمێر 4:42 خولەکی دوانیوەڕۆ بوو. من زۆر لەمەوبەر دەسەڵاتی هێرشەکەم بە فەرماندەی هێزەکان دا بوو و ئەویش بەوانەی خوارتری گەیاندبوو، گەیاندبوویە ئەو تیمەی کە تەقەکان دەکەن. ئەزموونی سەخت فێری کردین کە گواستنەوەی ئەم دەسەڵاتە بۆ نزمترین ئاستەکان لە زووترین کاتدا ڕێگەی بەو کەسانە دەدا کە باشترین زانیارییان لەسەر دۆخەکە هەبێت و بە خێرایی مامەڵە بکەن، بەبێ ئەوەی پیویست بکات بۆ بارەگاکان بگەڕێنەوە.

 

ئەو دوو ئۆتۆمبێلە خێراییەکەیان زیاتر کرد. هەمووان چاویان بە شاشە گەورەکانەوە لکاندبوو. کەس قسەی نەکرد. پاشان لەناکاو فلاشێکی گەورەی سپی بەسەر تەواوی شاشەکەدا دەرکەوت. پارچەکانی ئۆتۆمبێلەکەی سولەیمانی چوون بە هەوادا. دوای یەک دوو یان چرکە، ئۆتۆمبێلە ئەمنییەکە پێکرا. هیچ هاوارێکی خۆشی یان مشتلێدانێک- تەنیا بێدەنگی هەبوو، لە کاتێکدا سەیری ئۆتۆمبێلەکانمان دەکرد کە لە ناو بڵێسەی ئاگردا بەرز دەبوونەوە. دوای خولەکێک جارێکی تر هێرشمان کردەوە و هەشت چەکی دیکەمان بەردانەوە. پێدەچوو ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بێت، بەڵام هێشتا نەمانتوانی پشتڕاستی بکەینەوە. 

 

ئێمە ئامانجێکی دیکەمان بۆ هێرشکردنە سەر هەبوو، بۆیە سەرنجمان بۆ یەمەن گواێزرایەوە، لەوێش هێرشێکی هاوشێوەمان بۆ سەر ماڵێکی پەراوێزخراو ئەنجام دا کە پێمان وابوو فەرماندەکەی سوپای قودس لەوێیە. دواتر زانیمان کرد ونمان کردووە، بەڵام کاتی دوو لێدانەکە- کە ١٣ خولەکیان لە نێواندا بوو- دەستکەوتێکی دیار بوو. 

 

زۆری نەخایاند ئەوە ڕوون بووەوە کە ئێمە سولەیمانیمان دەستکەوتووە. من نزیکەی کاتژمێر نۆی دوانیوەڕۆ لە ماڵەوە بووم، کاتێک یەکەم هەواڵەکان بڵاو کرانەوە. تەنیا ئەو کاتە کاتم هەبوو بیر لەوە بکەمەوە کە ڕوویداوە. 

 

بڕیاری لێدانی سولەیمانی لەلایەن ترەمپەوە درا، کە خەریکی وەرگرتنی زانیاری بوو لە ڕاوێژکارەکانی بەوەی ئێران تۆڵە ناکاتەوە، ئەمەش تێڕوانینێک بوو کە هیچ کەسێک لە سێنتکۆم و کۆمەڵگەی هەواڵگری نەیبوو. ئەوە بەو مانایە نەبوو کە هێرشەکە بێ پاساو بوو؛ بەو مانایە بوو کە ئێمە سەبارەت بە لێکەوتەکانی گەشبین نەبووین.

 

لە کۆتاییدا، من پێم وایە سەرۆک بڕیارێکی دروستی دەرکرد. ئەگەر سولەیمانی نەوەستێنرایە، ئەمریکی و هاوپەیمانان و عێراقیی زیاتر گیانیان لەدەست دەدا، ئەمەش وەک ئەنجامی ڕاستەوخۆی سەرکردایەتییەکەی. من پێم وابوو ئەگەری هێرشی زیاتر لە ئارادا بوو. سولەیمانی خۆی ئەنجامی نەدەدان، بەڵام دوای گەشتەکەی بۆ عێراق ئەنجام دەدران. مەترسیی هیچ نەکردن لە مەترسی کردارەکە زیاتر بوو.  

 

ئێران گومانی لە توانای ئێمە بۆ نیشاندانی ئەو هێزە هەبوو؛ ئەوەش لەبەر هۆکارێکی باش - ئێمە هەرگیز لە ماوەی لانیکەم دوو ئیدارەدا ئەوەمان ئەنجام نەدابوو. ئێستا، بۆ یەکەمجار دوای چەندین ساڵ، ئێران دەسەڵاتی پەتیی ئەمریکای بینی. دەبوو دووبارە لێکی بدەمەوە. هێرشە بچووکەکان بەردەوام بوون، بە تایبەتی ئەوانەی کە نەدەکرا ڕاستەوخۆ بدرێنە پاڵ ئێران. بەڵام ڕێنماییە ئۆپەراسیۆنییەکان بۆ هێزکانی ئێران و پڕۆکسییەکانی گۆڕابوو: لە ئەنجامدانی هێرشی گەورە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دوو بکەونەوە. ئەمە ساتێکی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێراندا. 

 

لێدانی سولەیمانی جۆرێک لە ئیرادەی نیشانی ئێران دا کە لە مێژ بوو لە سیاسەتی ئەمریکادا نائامادە بوو. ئەم بازنەیە مانگی ڕابردوو جارێکی دیکە گەمەی کردەوە، کاتێک ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل: بەشداریی ئەمریکا بەرپەرچی دەستدرێژیی ئێرانی دایەوە.

 

ئەگەر پلان بۆ مانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنێین، دەبێت ئامادە بین ئەو ئیرادەیە نیشان بدەین. مەترسیی هەڵکشان حەتمییە، بەڵام بەڕێوە دەبرێت؛ ئەوە ڕەتکردنەوەی قبوڵکردنی ئەم مەترسییەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر سیاسەتی ئێمەی لەنگاندووە. وانەکانی هێرشەکەی سەر سولەیمانی ڕوونن و نابێت لەبیریان بکەین. ئێرانییەکان ڕێز لە هێزی ئێمە دەگرن. ئەوان کەڵک لە لاوازیی ئێمە وەردەگرن.

 

وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا
سەرچاوە: زە ئەتلانتیک 


 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: