ئاڤا نیوز نامەکەی کۆمیسیۆن بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا نیوز نامەکەی کۆمیسیۆن بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات

سکووپی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، ئێمە پابەندی ئەو وادەیە نابین کە کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن دیاری کردووە، چونکە زووە و دەبێ چەند هەفتەیەک دوابخرێت.

 

زانیاریی تایبەت: ئەمڕۆ 28-5-2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوێکی بە نامە لەڕێگەی واتسئەپەوە بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناردووە، کە دەنگدانی تایبەتی لە 3ـی ئەیلوولی 2024 و دەنگدانی گشتی لە 5ـی ئەیلوول دیاری کردووە.

 

لێدوانی فەرمی: فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "کۆمیسیۆن نووسراویان بە واتسئەپ بۆ ناردووین و بەدەستمان گەیشتووە، بەڵام هێشتا بە کاغەز و بەشێوەی فەرمی پێمان نەگەیشتووە و لەڕێگەیە؛ ئەو کاتەی دانراوە پێشنیازی کۆمیسیۆنە و ڕێزی  لێدەگرین، بەڵام بەو وادەیە پابەند نابین و زووە، پێویستە چەند هەفتەیەک دوابخرێت".

 

لە لایەکی دیکەوە: جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاڤا نیوزی گوت: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نووسراوێکی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نارد بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەیەکی نوێ".


 
زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە بەرنامەی خۆی دەکات و ڕاوبۆچوونی لایەنەکانیش وەردەگرێت، دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات، چونکە خۆیان وادەیەکیان هەیە؛ پێویستە کاتی دیاریکراو لە ناوەڕاست یان کۆتایی مانگی 10 بێت، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ڕۆژەکانی مانگی 12 پشووە و وادەی کۆمیسیۆنیش هەفتەی یەکەمی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.

شەیری بکە لە: