هێزێکی ئەمنی ڕۆژنامەنووسێک لە بازگەی کۆیە دەستگیر دەکەن

شەیری بکە لە:
هێزێکی ئەمنی ڕۆژنامەنووسێک لە بازگەی کۆیە دەستگیر دەکەن

وێنەی شاکار ستار

ئاڤا نیوز


شەوی ڕابردوو ڕۆژنامەنووسێک لە بازگەی کۆیە دەستگیرکراوە، ئاسایش پشتڕاستی دەکاتەوە و سەندیکاش دەڵێت "بەدواداچوون دەکەین". سەنتەری میترۆ دەڵێت "لەسەر سکاڵای ئاسایش بووە".


چیرۆکی سەرەکی: شەوی ڕابردوو لە بازگەی کۆیە بێژەر و ڕۆژنامەنووس شاکار ستار کە لە دەزگایەکی میدیایی بەناوی "تیوار" کاردەکات، لە کاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و لە بازگەی "ئاشتی" کۆیە لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکراوە.

 

زانیاریی زیاتر: شاکار ستار لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەیدا بووە و دەست بەسەر ئۆتومبێلکەیدا گیراوە، هێزێکی ئەمنی هاوژین و دوو منداڵەکەیان بردووەتەوە بۆ سلێمانی.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: دەستگیرکردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە لەکاتێکدایە کە قوباد تاڵەبانی لە 03ـی ئایاری ئەمساڵ، لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەری ڕایگەیاند "بەرگریکردن لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری، یەکێکە لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی ژیانی سیاسیم و بەمزووانە لە سلێمانی مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت بۆ رۆژنامەنووس دروست دەکەین".


زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەواڵەکەی بۆ ئاڤا پشتڕاست کردەوە و بێ ئاگایی خۆی لە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نیشاندا.

 

لێدوانی فەرمی: دیاری محەممەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بە ئاڤا نیوزی گوت: شاكار ستار لەسەر سكاڵایەكی ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراوە و قسەمان لەگەڵ هاوژینەكەی كرد پێی ڕاگەیاندین كە شاكار پێی وابووە سكاڵاكەی چارەسەر بووە، ئێمە شێوازی دەستگیركردنەكەی ڕەتدەكەینەوە.


لەلایەکی دیکەوە: ئاڤا پەیوەندی بە لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانەوە کرد، کاروان ئەنوەر سکرتێری لقەکە گوتی "ئاگاداری دەستگیرکردنی شاکار ستار نین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: