لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە ڕۆژانە نزیکەی 30 بارهەڵگر هێلکە بەقاچاخ هاوردە دەکرێت

شەیری بکە لە:
هێلکە - وێنە: محەممەد شوانی

هێلکە - وێنە: محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز


ڕۆژانە لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە نزیکەی 30 بارهەڵگر هێلکە بە قاچاخ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە کوالێتیی هێلکەکان خراپە و بۆ خواردن شیاو نین. 

 

وێنە گەورەکە: حكومەتی عێراق هاوردەكردنی هێلكەی قەدەغە کردووە، هەرێمی كوردستان ‌و عێراقیش كار بە یەک پێناسی گومرگی دەكەن، لەسەر ئەم بنەمایە هەرێمی كوردستانیش پابەندی ئەو بڕیارە بووە و هاوردەكردنی هێلكەی قەدەغە کردووە.

 

زانیاریی تایبەت: لە دەروازەی سنووریی باشماخ ڕۆژانە 20 تاوەکو 30 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەشێوەیەکی نایاسایی هێلکە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە هەر بارهەڵگرێک هەزار کارتۆن هێلکەی هەڵگرتووە، بۆ ڕێگەپێدان بە هەر بارهەڵگرێک بڕی 4 هەزار و 500 دۆلار وەردەگیرێت.

 

زانیاریی زیاتر: هەر کارتۆنێک هێلکە لە ئێران بە 14 دۆلار دەکڕدرێت، لە هەرێمی کوردستان هەر کارتۆنێک بە 32 تاوەکو 34 هەزار دینار دەفرۆشرێت، ئەگەرچی نرخەکەی کەمە، بەڵام "کوالێتیی هێلکەکە خراپە و بەشێکی زۆریان هەڵگری ڤایرۆسن". 

 

لێدوانی فەرمی: بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ لەبارەی بەقاچاخهێنانی هێلکە بۆ ئاڤا نیوز ڕایگەیاند: لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستمان بە کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین پشتگیریی پڕۆژە پەلەوەرییەکانمان بکەن، بڕیار دراوە لیژنەکانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆببنەوە چارەسەری ئەو بابەتە بەشێوەیەکی بنەڕەتیی بکرێت.  

 

لەلایەکی دیکەوە: عەلی تەحسین گەردی، بازرگانی هێلکە و پەلەوەرە لە هەرێمی کردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: لە مانگی ڕەمەزان هێلکە بڕێکی کەم هێلکە دەفرۆشرێت، بۆیە هێلکەیەکی زۆر کە لە وڵاتی ئێران مابووەوە، بە قاچاخ دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهۆی زۆری هێلکەکە، بازرگانەکان بەسەر فرۆشیارە گەڕۆکەکان دابەشی دەکەن، بەمەش خۆر و گەرمای زۆری بەر دەکەوێت و مەترسییەکانی دوو هێندە زیاد دەکات.

 

ژمارەکان وا دەڵێن: لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 41 پڕۆژەی هێلکە هەیە، ڕۆژانە 14 هەزار هێلکە بەرهەم دێت، لەو بڕەدا هەرێمی کوردستان حەوت هەزاری پێویستە، ئەو بڕەی دەمێنێتەوە هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

 

کاریگەری و لێکەوتەکانی: ڕۆژی سێشەممە 30-04-2024 خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گردبوونەوە و داوایان کرد لە دەروازە سنوورییەکانی سلێمانی ڕێگری لە بەقاچاخهێنانی هێلکە بکەن.  

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ