قەتەرییەکان بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان سەردانی زاخۆ دەکەن

شەیری بکە لە:
بەشێک لە دیزانی ئەو پڕۆژانەی کە شاندی زاخۆ بە شاندی قەتەریان داوە - ئاڤا

بەشێک لە دیزانی ئەو پڕۆژانەی کە شاندی زاخۆ بە شاندی قەتەریان داوە - ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

شاندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پێشنیازی جێبەجێکردنی 11 پڕۆژەی وەبەرهێنانیان بۆ کۆمپانیاکانی قەتەر کردووە و بەشێکیان پەسەند کراون.

 

وێنە گەورەکە: شاندێکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەمەبەستی برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان چوونەتە قەتەر، لەگەڵ بەڕێوەبەری کارگێڕیی وەبەرهێنانی قەتەر لە ئاسیا و ئەفریقا کۆبوونەوە، ئەو بیرۆکانەی کە پەیوەستن بە پڕۆژەی وەبەرهێنان لە زاخۆ، بە نوووسراو پێشکەشیان کراوە.

 

لێدوانی فەرمی: جگەرخوێن تاهر، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی زاخۆ بە ئاڤا نیوزی گوت: "مانگی ئایندە شاندێکی کۆمپانیاکانی قەتەر سەردانی زاخۆ  دەکەن، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەدەن، کۆمەڵێک پڕۆژەیان دیاری کردووە و ئامادەن کاریان لەسەر بکەن، لەوانە پڕۆژەکانی بەنداوی زاخۆ، بازاڕی بەفری، بازاڕی جیهانی، شاری یاری و چەند پڕۆژەیەکی دیکە." 

 

بابەتە ستراتیژییەکان: ئەو بابەت و پڕۆژە ستراتیژییانەی شاندی زاخۆ بە بەڕێوەبەری کارگێڕیی وەبەرهێنانی قەتەر لە ئاسیا و ئەفریقای داوە، بریتین لە:


ـ بەنداوی زاخۆ، 10 کیلۆمەتر لە سەنتەری ئیدارەکە دوورە و توانای گلدانەوەی 110 ملیۆن و 215 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.

ـ پڕۆژەی گەلی زاخۆی گەشتیاری، گەورەترین پڕۆژەی گەشتیارییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ڕووبەرەکەی 54 ملیۆن و 790 هەزار مەتر دووجایە.


ـ بازاڕی جیهانی، نموونەیەکی گەشتیاریی بەنێوبانگە لەسەر ڕووبەری 250 هەزار مەتر دووجا جێبەجێ دەکرێت.


ـ پڕۆژەی شەمەندەفەری هەڵواسراو، پڕۆژەیەکی گەشتیارییە لەسەر ڕووباری خابوور بە مەودای شەش کیلۆمەتر جێبەجێ دەکرێت.


ـ پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایی لە ئاو، لەسەر ڕووباری خابوور دەبێت.


ـ پڕۆژەی تێرمیناڵی زاخۆ، لە نزیک دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەبێت بۆ هاتووچۆی گەشتیاران لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا.


ـ بازاڕی بەفری، هۆڵێکی گەورەی خلیسکانی سەر بەفرە و دەکەوێتە بەشی باشووری شارەکە.

 

پڕۆژەکانی دیکە چین؟

شاری یاری، باخچەی ئاژەڵان، پڕۆژەی شەمەندەفەری خێرا و دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنانی شەربەت و مرەبا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان