نەوتراوەکان سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئیسرائیل هێرشی تووندی نەکردە سەر ئێران
- بیروڕا
- 21 نیسان
دەیڤید ئیگناتیوس، نووسەر لە واشنتن پۆست
ڕێسایەکی گرتنەخۆی قەیرانەکان ئەوەیە کە بێدەنگ بیت؛ ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانیش هەموویان زۆر بەباشی، پەیوەست بە هێرشەکانی ڕۆژی هەینی نزیک شاری ئەسفەهانی ئێران، ئەمە دەکەن. لەوانەیە بێدەنگییەکە پەیامە ڕاستەقینەکە بێت - ویستی هەموو لایەنەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان بە هۆی وشە یان کردەیەکەوە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، ئەوەی بینیمان، لە ڕوانگەی منەوە بڕیاری ئیسرائیل بوو بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ستراتیژی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران و پڕۆکسییە ئێرانییەکان (میلیشیاکانی ئێران)، حەماس و حیزبوڵڵا. بەشێوەیەکی گشتی، بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیلی بریتییە لە بەکاربردنی زۆری هێزی هێرشبەری سەربازی – مشتێکی تووند کە لە ڕێگەی هێزەوە بەرامبەر ناچار دەکات.
بەڵام ئەم جارە دژوار بوو، کاتێک لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ئێران هێرشێکی درۆنی و مووشەکی لە تۆڵەی هێرشەکەی ڕۆژی 01ـی نیسانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردە سەربازییەکانی لە دیمەشقی سووریا ئەنجام دا، ئیسرائیل لە ڕێگەی بەکارخستنی سیستمی بەرگریی گومەزی ئاسنین و یارمەتیی هاوپەیمانەکانی ڕووبەڕووی هێرشەکە بووەوە. ڕاپۆرتەکانی خستنەخوارەوەی 99%ـی ئەو تەقەمەنییانەی کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون نمایشێکی سەرسوڕهێنەری بەرگریی مووشەکیی ئیسرائیل بوو. هەندێک ئیسرائیلی داوایانکرد دەستبەجێ وەڵامێکی گەورەی هێرشەکە بدرێتەوە؛ بەڵام لەژێر گوشاری سەرۆک بایدندا، چاوەڕێیان کرد.
کاتێک بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی وەڵامەکەی ئیسرائیل گەیشت، وەڵامێکی بێدەنگ بوو. ڕاپۆرتە ئێرانی و ئیسرائیلییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هێزی ئاسمانیی ئێران هێرشی بۆ سەر پێگەیەک لە نزیک گەورەترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران ئەنجامداوە. بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەو دامەزراوانە زیانیان بەرنەکەوت. بەڵام ئیسرائیل ئەو پەیامەی نارد کە دەتوانێت دزە بکاتە ناو سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە و ئەو ئامانجە ستراتیژییانە بپێکێت کە دەیەوێت.
ئیسرائیل ویستی ئەو دوایەمین قسەی کردبێت، وا دیارە سەرکەوتووش بووە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕۆژی هەینی، دوای قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی تاران، ڕایگەیاند "ئێران هەڵکشانی ناوێت". ئێرانییەکان لە لێدوانە ئاشکراکانیاندا گاڵتەیان بە کردە سنووردارەکە کرد، بەڵام ئیسرائیل ئەوەی نیشان دا کە هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت هێرش بکات؛ ئەمجارەیان تەنیا لێدانێک بوو، بەڵام لەوانەیە جاری داهاتوو وا نەبێت. بەمشێوەیە، ئیسرائیل ئەوەی بەدەستهێنا کە ستراتیژیستەکان پێی دەڵێن "باڵادەستی بەسەر هەڵکشانەکاندا". ئیسرائیل یەکەمین و دوایەمین گورزی وەشاند.
چۆن کردەکانی هەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل ڕووندەکرێنەوە؟ هۆکاری دانبەخۆداگرتنی ئیسرائیل چییە، لە دۆخێکدا کە هەڵۆکانی نێو حکومەتی ئیسرائیل هاواری هێرشێکی هەمەلایەنەیان دەکرد؟
ئەمەش بۆچوونی من: ئیسرائیل وەک سەرکردەی هاوپەیمانێتییەکی هەرێمی لە دژی ئێران ڕەفتار دەکات. لەم وەڵامدانەوە هەڵسەنگێنراوەدا، وا دەرکەوت کە ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانی ناو ئەو هاوپەیمانێتییە دەکات، سعودیە، ئیمارات و ئوردن کە هەموویان لە خستنەخوارەوەکاندا یارمەتییەکی بێدەنگیان دا. بە دەستەواژەیەکی دیکە، ئیسرائیل یاری بۆ یاریێکی درێژخایەن دەکات. ئەمە دەبێتە هۆی وەرچەرخانی پارادایم بۆ ئیسرائیل. لە بری ئەوەی خۆی وەک دەوڵەتێکی جوو ببینێت کە بەتەنیا شەڕی مانەوەی خۆی لە دژی دوژمنە عەرەب و موسوڵمانەکان دەکات، ئێستا تێدەگات کە ژمارەیەک هاوپەیمانی هەیە. لە سەرەوەی لیستەکەش، وەک هەمیشە، ئەمریکا هەیە؛ بەڵام دەوڵەتانی عەرەبی کە دژی ئێران و پڕۆکسییەکانی ئێرانن هاوشێوەی ئیسرائێل چوونەتە ڕیزی ئەمریکا.
ئەوە شکڵی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام لانیکەم ئێستا دەبێت قسە لەسەر پێگەیشتنی ئەم هاوڕێیەتییەی نێوان ئیسرائیل و دوژمنانی جارانی لە ناوچەکەدا نەکرێت.
بە درێژایی هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل سەرمایەیەکی گرانبەهای دیکەی بەدەستهێنا. بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران زۆر شارەزایانە بوو، ئیسرائیل لە یەک کاتدا وەک قوربانیی هێرش و وەک باڵادەستی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی بەرگری دەرکەوت. دوای شەش مانگ لە شەڕی تاقەتپڕوکێن لە دژی حەماس لە غەززە کە بەشێوەیەکی بەرچاو ناوبانگی نێودەوڵەتیی ئیسرائیلی شێواند، ئەوە شتێکی باش بوو. دوای هێرشە مووشەکییە فراوانەکەی ئێران و وەڵامدانەوە سنووردارەکەی ئۆرشەلیم، ئێستا وا دەردەکەوێت کە ئیسرائیل پاڵپشتیی کۆمەڵەی 7ـی وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی هەیە.
تووندڕەوەکانی ئیسرائیل ئەوە دەڵێن کە ئیدارەی لاوازی بایدن گوشاری لە ئیسرائیل کرد تاوەکو گورزەکانی بکشێنێتەوە. ئەم ڕەخنەگرانە دەڵێن کە لە پێکدادانی دڕندانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان دەکوژیت یان دەکوژرێیت. دەشێت ئەم تێڕوانینە دژوارەی ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوە ناچارکەرانە دەرکەوێت. بەڵام من بۆ نزیکەی 45 ساڵ چاودێریی ڕێبازی ئاسایشیی 'بە-تەنیا-بیکە'ـی ئیسرائیلم کردووە و دەتوانم بڵێم کە لە باشترین دۆخدا ئەنجامەکانی ئەو ڕێبازە جیاواز بوون.
ئێمە ئێستا دوای "چەکەکانی نیسان" شتێکی نوێ دەبینین. لەوانەیە هێشتا خراپترین بەڕێوە بێت، ئەگەر ئێران بڕیاری "خۆدزینەوە" بدات بە ئاراستەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، حیزبوڵڵا لە باکوورەوە هێرش بکات یان ئیسرائیل بژارەی شەڕی پێشگیریی وێرانکەر لە دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان بگرێتەبەر، بەڵام باش یان خراپ، ئەمە بەشێکی نوێیە لە چیرۆکەکە.
ئێستا کۆتاییهێنانی خێرا بە شەڕی غەززە پێویستە. ئێمە لە خاڵی وەرچەرخانداین، ئەو شوێنەی کە تێیدا بەرژەوەندیی ئیسرائیل، فەلەستینییەکان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەدایە کە کۆتایی بەم پێکدادانە بهێنرێت. هەر وەک ئەوەی کە دیپلۆماتکاری دێرین، دێنیس ڕۆس، بەم دواییانە ئاماژەی پێ کردووە، ئیسرائیل سەرقاڵی بەئەنجامگەیاندنی چەکداماڵینی کاریگەرانەی حەماسە، لە 24 بەتالیۆن، 19 بەتالیۆنی تیاچوون. هاوپەیمانیی دیفاکتۆی سعودیە و دەوڵەتە عەرەبییەکانی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل نهێنییەکی ئاوەڵایە. ئێمە دواجار بەرەو "ڕۆژی دواتر" هەنگاو دەنێین.
بایدن پێویستیی بەوە هەیە لە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەدا یارمەتیی ئیسرائیل بدات، ئەمەش بە یارمەتیی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک کە سەرەنجام بگات بە دەوڵەتی فەلەستینی. بەدڵنیاییەوە، کۆشکی سپی لێدوان لە سەر هەموو ئەم شتانە نادات. بەڵام وەک ئەوەی کە مارک ڕۆسکۆ، لە وەڵامی ئەوەی کە بۆچی ناونیشان بۆ وێنەکانی دانانێت، گوتی: "بێدەنگی زۆر وردە".
وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا
سەرچاوە: واشنتن پۆست
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
سەرۆک بارزانی وەک باوک و خەمخۆر هۆشداری دا
54 خولەک لەمەوپێش
"هەرێما کوردستانێ وەکە فاکتەرێ سەقامگیریێ"
21 تشرینی دووەم
کەرکووک و نەبوونى ستراتیژ
20 تشرینی دووەم
لێگەڕێن خەڵکی ناوەڕاست و باشوور بێنە کوردستان و لێرە سەرژمێر بکرێن
17 تشرینی دووەم
هاتنهوهی ترهمپ؛ كۆتایی ههژموونی ئێران له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست
14 تشرینی دووەم
تێگەیشتن لە مانای فەلسەفەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا
10 تشرینی دووەم
پاش گەڕانەوەی ترەمپ ئیسرائیل كێ بە ئامانج دەگرێت؟
7 تشرینی دووەم
كێشەی سەرژمێرییەكە لەچیدایە؟
3 تشرینی دووەم
سهرژمێری دانیشتووان و كاریگهرییهكانی لهسهر سنووری ماددەی 140
2 تشرینی دووەم
سەرژمێری و سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا
2 تشرینی دووەم
- بیروڕا
- 54 خولەک لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی وەک باوک و خەمخۆر هۆشداری دا
- بیروڕا
- 21 تشرینی دووەم
"هەرێما کوردستانێ وەکە فاکتەرێ سەقامگیریێ"
- بیروڕا
- 20 تشرینی دووەم
کەرکووک و نەبوونى ستراتیژ
- بیروڕا
- 10 تشرینی دووەم
تێگەیشتن لە مانای فەلسەفەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا