لاهوور شێخ جەنگی بۆ ئاڤا: بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی لە حیزبەکەم دەرکرام

شەیری بکە لە:

لاهوور شێخ جەنگی- ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


لاهوور شێخ جەنگی ڕایدەگەیێنێت، "یەکێتی ترسی لە هەڵبژاردن هەیە و لەم کاتەدا لەگەڵ هەڵبژاردن نییە، بەڵام دەیانەوێت تۆپەکە فڕێبدەنە گۆڕەپانی پارتی".


وێنە گەورەکە: لاهوور شێخ جەنگی لەچاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ئاڤا میدیا كە کاتژمێر چواری ڕۆژی 17-4-2024 بڵاوکرایەوە، سەرنج دەخاتە سەر چەندین پرسی گرنگ لە کوردستان و عێراق.


لێدوانی فەرمی: لاهوور شێخ جەنگی، كە ئێستا حیزبی بەرەی گەلی ڕاگەیاندووە ڕایگەیاند "دڵنیاتان دەکەمەوە کە یەکێتی ترسی هەیە لە هەڵبژاردن، بەڵام وا ناڵێن، دەیانەوێت تۆپەکە فڕێبدەنە ساحەی پارتی، لەبەر ئەوەی پارتی ئەو كارەی كردووە و دژایەتی بڕیارەکای دادگەی فیدراڵی دەکات".

 

باكگراوند: هەشتی تەمموزی 2021 بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی ئێستای یەكێتی، لاهوور شێخ جەنگی و نزیكەكانی لەو حیزبە دوورخرانەوە.


ئەمەش بزانە: دوایین هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەوە ئەوەبوو سەرۆک بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسای ڕایگەیاند: "پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد".


لەبارەی ئەو تێبینیانەی پارتی هەیەتی لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت: " دڵنیام یەکێتیش لەم کاتەدا لەگەڵ هەڵبژاردن نییە، چونکە من ئاگام لە بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی هەیە".


"هیوادارام هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت"


ئاڤا میدیا: هەڵبژاردن گەرمترین پرسە لە هەرێمی کوردستان، بابەتی هەڵبژاردن ئەمڕۆ مقۆمقۆی زۆری لەسەرەو ناکۆکی زۆریشی لەسەرە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان. هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؟ یان دروستتر بڵێم کەی دەکرێت؟


لاهوور شێخ جەنگی: هەڵبژاردن ڕاستە پرسێکی گرنگ و مافێکی ڕەوایە، بەداخەوە دەبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵ پێش ئێستا بكرایە. بە داخەوە بەهۆی هەندێک هۆکار دواخرا، هاتە سەر ئەوەی پەرلەمانی کوردستانمان لەدەستدا و بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی پەرلەمانی کوردستان سڕ کراوە. بە هەمان شێوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش سڕ کرا، چارمان ناچار هاتە سەر ئەوەی بەپێی ئەو بڕیارانەی لە دادگەی فیدرڵییەوە دراوە لە ڕێی کۆمیسیۆنی عێراقەوە بکرێت.


من پێموانییە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت وەکو ئەزموونەکە، چونکە بینیومانە هەرێمی کوردستان لەژێر هێرشدایە، بە جۆرەها ڕێگە. ئەزموونەکەمان لەژێر مەترسیدایە، دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نە لە سوودی هاووڵاتیانە نە لە سوودی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانیەتی. هەق وایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، لە ئێستادا لە گفتوگۆدان. دیارە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریداوە بەشداری نەکات، تاوەکو ئێستاش پێداگرن لەسەر ئەو بڕیارەی داویانە.


ئاڤا میدیا: تێبینییان هەیە؟


لاهوور شێخ جەنگی: بەڵێ، تێبینیيان هەیە، بەڵام گوتوویانە بەشداری ناکەین بەو تێبینیانەی هەیانە. ئەگەرێک هەیە نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئێران بکات، من نازانم ئێران چ پەیوەندییەکی بەو بابەتەوە هەیە. دوای ئەوە کۆبوونەوەیەک بکرێت لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و لەوێوە بە کۆی گشتی بڕیار لە دواخستنی یان دوانەخستنی دەدەن. وەک خۆم هیوادارام هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە بەڕاستی هەرێمی کوردستان لەو کات و ساتەدا پێویستی بە پەرلەمانێکی شەرعیەت پێدراوە لەلایەن گەلەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات.

 

"ناشێت هەڵبژاردن نەکرێت بەڵام دەشێت بۆ چەند مانگێک دوابخرێت"


ئاڤا میدیا: بەپێی خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی ئێوە، دەشێت هەڵبژاردن بەمزووانە بکرێت؟


لاهوور شێخ جەنگی: ناشێت نەکرێت، ئێمە دواساڵ دواکەوتووین لە هەڵبژاردن. دەشێت سێ بۆ چوار مانگ دوابخرێت ئەگەر هەموو حیزبە سیاسییەکان لەسەری کۆک بن. ئەگەر ئەو هۆکارانەی دەخرێنەڕوو، هۆکاری واقیعی بن، ئەو هۆکارانە شیبکرێتەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک. سەبارەت بە من خوازیارم دوا نەکەوێت.


ئاڤا میدیا: دادگەی فیدراڵی هەندێک بڕیاری پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی کوردستان داوە، دیارە پارتی دیموکراتی کوردستان تێبینی لەسەر ئەو بڕیارانە هەیە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان، گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن بۆ فرە بازنەیی. ئەو تێبینیانەی ئێستا لەسەر هەڵبژاردن هەیە، تۆ وەکو لاهوری شێخ جەنگی تاوەکو چەند ڕەوایەتی دەدەی بەو تێبینیانە؟ بەشێکی دیکەی پرسیارەکەش ئەوەیە هەڵبژاردن بەبێ پارتی دەشێت بکرێت؟


لاهوور شێخ جەنگی: سەبارەت بە بابەتی کەمە نەتەوەکان، ڕاستییەکەی ئەمە شتێکی نادەستوورییە. ئەو بڕیارەی کە دراوە بە هیچ شێوەیەک بەشداری نەکەن.. ئەگەر ببینین پەرلەمانی عێراق کە هەڵبژاردنی بۆ کرا کۆتای مەسیحی، ئێزدی و لایەنەکانی دیکە هەبوون. چۆن دەکرێت لە وڵاتێکدا لە شوێنێک ڕەوایەتی دەدەی بە بڕیارێک کە کۆتا هەبێت؟ بەڵام لە شوێنێکی ڕەوایەتی نەدرێت.. بۆیە ئەو بڕیارەیان نادەستووری بوو، بەڵام بەداخەوە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی گەڕانەوەی نییە. تازە بەسەرماندا سەپێنراوە.


ئەگەر ئێمە وڵاتەکەمان دیموکراسی بوایە، نە پارتی نە یەکێتی نەیاندەتوانی ڕێگری بکەن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام پێموایە بەبێ بەشداریکردنی پارتی، سەرەڕای ئەوەی کە ئێستا یەکێتی دەڵێ و کاک قوباد دەیڵێ لە ماڵەکەی خۆمان سندووق دادەنێین، من پێموایە ئەمە شتێکی واقیعی نییە، مەگەر تەنیا لە سلێمانی هەڵبژاردن بکەن.. خۆزگە وانەبوایە، خۆزگە بەبێ پارتی و یەکێتیش بمانتوانیبایە، بەڵام پارتی و یەکێتی دۆخێکی وایان لەو هەرێمە خوڵقاندووە وای لێهاتووە بووەتە ئەمری واقیع، لەم کات و ساتەدا لەوانەیە هەڵبژاردن بەبێ پارتی و یەکێتی قورس بێت.


ئاڤا میدیا: کێ جددیە لە هەڵبژاردن، کێش تەنیا بۆ میدیا دەڵێت هەڵبژاردن بکرێت؟


لاهوور شێخ جەنگی: من لە هەموویان جددی ترم، تاکە نەفەسی من لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەیە بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە ناو پرۆسەی سیاسی.


ئاڤا میدیا: دوای تۆ کێ جددیە؟


لاهوور شێخ جەنگی: بەخوا نازانم، حیزبەکانی دیکەش لەو بڕوایەدام ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆنن لەوانەیە هەوڵ بدەن. بەڵام من خۆم زۆر جددیم، چونکە دەمەوێت لەو ڕێگەیەوە بگەڕێمەوە ناو کایەی سیاسی. چونکە بەبەر چاومەوە لەو ساڵانەی ڕابردوو بینیم هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر مەترسییەکەی زۆرەوە، ئەوە هەڵەی لایەنە سیاسییەکان بوو، ڕاستیەکەی من گلەیی لە دوژمنانی کورد ناکەم. هەڵەی لایەنە سیاسییەکان وایکرد هەرێمی کوردستان بکەوێتە بەر هێرشی زۆرەوە، هاووڵاتیان بێبەش بکرێن لە مووچەو قووتی خۆیان کە مافێکی ڕەوای خۆیانە. ئەگەر خۆم لەناو کایەی سیاسیی بمابام هەندێک ڕێگریم دەکرد لەو شتانەی کە ڕوویاندا.


"هەندێک لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نادەستوورین"


ئاڤا میدیا: لە بەغداوە، دروستتر لە دادگەی فیدراڵییەوە ناو بەناو چەندین بڕیار بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دراون. تا چەند ئەو بڕیارانەی دادگەی فیدراڵی دەستووری و یاسایی و دروست بوونە؟ 


لاهوور شێخ جەنگی: مەرج نییە هەموومان ڕازی بین، خۆم یەکەم کەسم بەرکەوتەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیم، هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراق. ڕاستیەکەی هەندێک بڕیار لە دژی من دران و دوورخرامەوە لەو حیزبە، بەڕاستی لایەنگیریان پێوە دیار بوو بەداخەوە. بەڵام ئەمە واقیعێکە، واقیعێکی تاڵە.

 

ئاڤا میدیا: بڕیارەکانی دیکە پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان؟


لاهوور شێخ جەنگی: لەوانەیە هەندێکیان نادەستووری بن، بەڵام یەکێتی و پارتی بەرپرسیارن لەبەر ئەوەی خودی خۆیان بەشداربوون لە دروستکردنی ئەو دادگەیە، نوێنەریان هەبوو لەو دادگەیە. ئێمە دەبێت دان بە هەڵەکانی خۆمان بنێین، من دان بە هەموو هەڵەکانی خۆمدا دەنێم لە ڕابردوو و دەرسی لێوەردەگرم.


ئاڤا میدیا: بەرپرسیاریێتی چەند هەڵدەگری لەو دۆخەی هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە؟


لاهوور شێخ جەنگی: من بەرپرسیاریێتی ئەمنیم هەبوو، کێشەی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان هەبووبێت، من بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرم. ئەگەر نەمانتوانی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر بنبڕ بکەین، بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرم، ئەگەر نەمانتووانی داعش تێکبشکێنین من بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرم. کاتێک لە من لە حکومڕانی بووم بەرپرسیاریێتی ئەمنیم هەبوو، تا ڕاددەیەکی باش توانیمان ئەمن و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان بەرقەرار بکەین، ئەوەش بووە هۆی بووژانەوەی هەرێمی کوردستان و وایکرد هەرێمی کوردستان سەقامگیریی بەخۆیەوە ببینێت و وەبەرهێنەرێکی زۆر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات.. ئەمانە هەموو ئەو ئیش و کارانەبوون کە ئێمە بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرین. دەکرێت لە میانی کارکردنیشماندا کەموکورتیمان هەبووبێت.


"یەکێتیی لەم کاتەدا لەگەڵ هەڵبژاردن نییە"


ئاڤا میدیا: چی بکرێت بۆ ئەوەی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وابکەن بە یەکەوە بڕیار بدەن هەڵبژاردن بکرێت، هەنگاوی پراکتیکی لەوبارەیەوە نابینرێت؟


لاهوور شێخ جەنگی: لە دەست هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارە، پارتی و یەکێتی. پارتی 45 کورسیی هێنا زۆر خەڵک دەڵێت بە ناهەق هێناویەتی ڕەنگە ئەمجارە نەتوانێت بەهۆی ئەوەی سیستەمی هەڵبژاردنەکە گۆڕاوە، ئەگەر پارتی 44 کورسیش بهێنێت خۆی بە شکستخواردوو دەبینێت، چونکە سەقفی زەمەنییەکەی وا بەرزکردبووەوە. یەکێتیش خۆی واناڵێت، بەڵام ترسی هەیە لە هەڵبژاردن، دڵنیاتان دەکەمەوە کە ترسی هەیە لە هەڵبژاردن، بەڵام وا ناڵێن. دەیانەوێت تۆپەکە فڕێبدەنە ساحەی پارتی، لەبەر ئەوەی پارتی هەڵساوە بەو کارەو دژایەتی بڕیارەکای دادگەی فیدراڵی دەکات.


ئاڤا میدیا: پێتوایە یەکێتیش لەوکاتەدا لەگەڵ هەڵبژاردن نییە؟


لاهوور شێخ جەنگی: من دڵنیام یەکێتیش لەم کاتەدا لەگەڵ هەڵبژاردن نییە، چونکە من ئاگام لە بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی هەیە.


"من خەڵکم لەگەڵدایە"


ئاڤا میدیا: سەرپەرشتی ڕەوتێکی نوێ دەکەی بەناوی (بەرەی گەل) تا چەند خۆتان ئامادەکردووە بۆ هەڵبژاردن؟ بابەتێکی دیکە ڕەنگە خەڵک حەز بکات بیزانێت، گرنگترین کاراکتەرە سیاسییەکان کە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگیدان کێن؟ 


لاهوور شێخ جەنگی: گرنگترین کاراکتەرە سیاسییەکان یان کاراکتەرە گرنگەکان؟


ئاڤا میدیا: کاراکتەری گرنگ و سیاسییەکان


لاهوور شێخ جەنگی: من خەڵکم لەگەڵدایە، نە هێزم هەیە نە پارە.


ئاڤا میدیا: بەڵام خەڵک دەبێت دەنگ بەو کاراکتەرانە بدەن کە لەگەڵ تۆدان، ئەو کاراکتەرانە کێن؟


لاهوور شێخ جەنگی: من پێموایە خەڵک دەنگ بە کۆی پرۆژەکە دەدات، ئەو پرۆژەیەی کە پێشکەشمان کردووە، خەڵک دەبێت دەنگ بەو پرۆژەیە بدات.


ئاڤا میدیا: کۆبوونەوەت هەبوو لەگەڵ ناڕازییەکانی ناو گۆڕان، هیچ ڕێککەوتنێک هەیە لەنێوان لاهوور شێخ جەنگی و ناڕازییەکانی گۆڕان؟


لاهوور شێخ جەنگی: ماوەیەک پێش ئێستا هەوڵی ئەوە دەدرا ناڕازییەکان هەمووی لە بەرەیەکدا کۆبکرێتەوە. من حەزم نەکرد دژی ئەو هەوڵە بووەستمەوە، ئامادەیی خۆم پیشاندا ئەگەر هەوڵێکی جددی هەبێت بەرژەوەندی میللەت بخەینە پێش بەرژەوەندی خۆمان لە پێش هەموو شتێک، من ئامادەم دەست بخەمە ناو دەستی هەر کەسێکەوە.


پرسیار:  هیچ نزیکبوونەوەیەک هەبوو؟


لاهوور شێخ جەنگی: بەداخەوە نامەوێت کەس تۆمەتبار بکەم بەڵام دەستێک هەیە لەناو ئەو ناڕازییانە، لەلایەن دەسەڵاتەوە هەندێکیان دەجووڵێنرێن. ڕێگە نەدرا ئەم بەرەیە پێکبێت، بۆیە من بەردەوامم لەو پرۆسەیەی کە خۆم دەستم داوەتێ.


ئاڤا میدیا: هیچ ناوێک هەیە هاتبێتنە پاڵ ڕەوتەکەی تۆ و یەکلا بووبێتەوە؟


لاهوور شێخ جەنگی: خەڵکێکی زۆر هەیە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بووە ئێستا پشتیوانیم لێدەکات، لەناو یەکێتی پشتیوانیم لێدەکات، تەنانەت خەڵکانێک هەن لەناو پارتی بوون لە ڕابردوو ئێستا پشتیوانیم لێدەکەن. وەکو باسمکرد ئەمە بەرەی گەلە، هەمووان بۆیان هەیە بێن بەشێک بن لەو بەرەیە.


"ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیران بارزانی و سوودانی ڕێککەوتنێکی باشە"


ئاڤا میدیا: دوایین ڕێککەوتن لەنێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەری پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو. تێڕوانینی لاهوور شێخ جەنگی بۆ ئەم ڕێککەوتنە چییە؟ 


لاهوور شێخ جەنگی: هیوادارم دوو مووچە دوو مووچە هەموو مانگێک بۆ هەرێمی کوردستان بێت، ڕاستیەکەی ئێمە میللەتێکی زۆر باشمان هەیە. میللەت زۆری قبووڵکردووە لە یەکێتی و پارتی لە حکومڕانی 33 ساڵەی خۆماڵی، ئەو میللەتە شایستەی ئەوەیە ئێمە هەموومان خۆمانی بۆ ماندوو بکەین بەلایەنی کەمەوە شایستە داراییەکانیان لەکاتی خۆیدا پێ بدرێت و نەکرێنە بەشێک لە ململانێی سیاسیی. من خۆشحاڵم بەو بڕیارەی کە دراوە و بەو ڕێککەوتنەی کە کراوە، ئەگەرچی وردەکاری ڕێککەوتنەکەم لەلا نییە. هیواخوازم ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام بێت.


ئاڤا میدیا: ئەوەی بەر گوێت کەوتووە و بینیوتە و وەرتگرتووە، ڕێککەوتنێکی باشە؟


لاهوور شێخ جەنگی: ئەوەی کە دەیبیستم ڕێککەوتنێکی باشە، بە هیوای ئەوەی کە بەردەوام بێت، بەڵام ترسم هەیە لەوەی بەشێکی ڕازیبوونی حکومەتی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی بەو ڕێککەوتنە ئەوەبێت کە سەردانی ئەمریکای کرد، گەشتێکی ئەمریکای لەبەردەستدابوو.


ئاڤا میدیا: بەر لە سوودانی سەرۆکوەزیرانی کوردستانیش چووە ئەمریکا


لاهوور شێخ جەنگی: عێراق لە ترسی ئەوە ئەم ڕێککەوتنەی کردبێت بۆ ئەوەی بەبێ کێشە سەردانی ئەمریکا بکات، من ترسم هەیە دوای گەڕانەوەی محەممەد شیاع سوودانی نەک خودی سوودانی، بەڵام خەڵکانێک هەیە لە دەرەوەی ئەو مەنزومەیە تەگەرە دروست بکەن یاخود کێشە دروست بکەن بۆ ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە.

 

"هەژماری من پرۆسەیەکی باشە"


ئاڤا میدیا: پرۆسەی هەژماری من بابەتێکی گرنەگە، دوو ڕای جیاوازی لەسەرە لە هەرێمی کوردستان. لاهوری شێخ جەنگی هەژماری من چۆن دەبینێت؟ پرۆسەیەکی باش و گرنگ و سەرکەوتوو دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان؟


لاهوور شێخ جەنگی: من لەگەڵ ئەوەبووم هەموو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی بکرێت، بە تایبەتی سیستەمی بانکی ئێمە 20 بۆ 30 ساڵ لە دواوەین، دەبووایە زووتر ئەم کارانە بكرانایە. بەڵام ناکۆکی سیاسیی و گومان لە یەکتری وایکردووە خەڵک هەژماری منی بەدڵ نەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو بانکانە سەر بە خودی دەسەڵاتدارانن لە هەرێمی کوردستان. بەڵام وەکو پرۆسەکە پرۆسەیەکی باشە، سیستەمی ئەلیکترۆنی و بانکی لە هەرێمی کوردستان پەرە بسێنێت، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئەو گومانانەی خەڵک هەیانە بیڕەوێنێتەوە بۆ منی هاووڵاتی و هاووڵاتیانی دیکەش. ئەگەرنا وەکو پرۆسەکە من پێموایە زۆر ئاسانکارییە خەڵک کارتێکی لە گیرفان بێت و هەموو مانگێک بچێت پارەکەی خۆی لەحیسابی بانکی ڕابکێشێت.


"یەکڕیزیی کورد تاکە گەرەنتییە بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان"


ئاڤا میدیا: لە کۆبوونەوەی سوودانی و بایدن لە ئەمریکا، بڕیاردراوە یان هۆشداری دراوەتە عێراق لەوەی پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەم هۆشداریدانە گەرەنتییە بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان.


لاهوور شێخ جەنگی: تاکە شت کە گەرەنتییە بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان یەکڕیزیی کوردە، نە ئەمریکا نە ئێران نە تورکیا کەسیان نابنە گەرەنتیدەری قەوارەی هەرێمی کوردستان. پێموایە تاکە شت کە دەتوانێت هەرێمی کوردستان بپارێزێت یەکڕیزیی خۆمانە، بە دڵنیاییەوە بە یەکڕیزیی دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەکان ببینەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان