دەبێت بایدن ڕێگە لە شەڕێکی فروانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت

دەبێت بایدن ڕێگە لە شەڕێکی فروانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئاڵای ئیسرائیل و ئێران

وەک ئەوەی گوایە ماهاتما گاندی گوتوویەتی، تۆڵەکردنەوەی چاو لە بەرامبەر چاودا هەموو جیهانی کوێر کردووە. دوای تۆڵەسەندنەوە فراوانەکەی ئێران لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگایەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق، ئێستا ئەوە دەکەوێتە ئەستۆی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا کە ڕێگە لە گەڕەکانی دیکەی هەڵکشانی گرژییەکان لە کوێرکردنی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان تەنانەت هەموو جیهان بگرێت. دەبێت بایدن لەڕووی دیپلۆماسییەوە ئێران سزا بدات، بەڵام دەبێت ئیسرائیلش ڕام بکات.

بەداخەوە ئەمە دژوار دەبێت. لە ڕۆژی هێرشە سادیستییە تیرۆریستییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس لە دژی ئیسرائیلەوە، بایدن لە سەری بووە هاوسەنگیی ئەو ئامانجانە بپارێزێت کە بەزۆری لەگەڵ یەکدی ناکۆک بوون. پێویستە پاڵپشتی بۆ ئیسرائیل نیشان بدات، کە ئەو جارێکی دیکە لە دوای ئەوەی کە ئێران لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە 300 درۆن و مووشەکی لە دژی ئیسرائیل ئاراستە کرد، ئەمەی بەشێوەیەکی "پۆڵایین" دووپات کردەوە.

هاوکات پێویستە مردن و ئازارچەشتنی کەسانی سڤیل لە غەززە بۆ کەمترین ئاست دابەزێنێت، ئەو ئامانجەی کە تا ئێستا لە بەدیهێنانیدا شکستی هێناوە. سێیەمیش، دەبێت ڕێگریی لەوە بکات کە شەڕەکە ببێتە شەڕێکی ناوچەیی یان تەنانەت جیهانی، ئەگەرێک کە دەشێت ڕووبدات، چونکە ئەو میلیشیایانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن کە هاوئاراستەی ڕووسیا و چینە.

تا ئێستا وا دێتە پێشچاو کە بایدن لە دوورخستنەوەی ئێران لە هەڵکشان و فراوانبوونی شەڕەکە سەرکەوتوو بووە. کاتێک کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران سێ سەربازی ئەمریکییان لە ئوردن کوشت، ئەمریکا بە هێز، بەڵام بە دانبەخۆداگرییەوە وەڵامی دایەوە و تەنیا پێگە ئێرانییەکانی لە دەرەوەی ئێران کردە ئامانج. تارانیش لای خۆیەوە ئەو ئاماژەیەی دا کە ئەویش دان بە خۆیدا دەگرێت – لەگەڵ ئەوەشدا ڕاددەی کۆنترۆڵی بەسەر پڕۆکسییەکانیدا وەک پرسیارێکی کراوە ماوەتەوە.

لە بری ئەوە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە کە دەستپێشخەریی هەڵکشانی گرژییەکانی ئەم مانگەی کردووە. ئەو بێ ئاگادارکردنەوەی بایدن فڕۆکەی نارد بۆ وێرانکردنی بەشێک لە نێردەی دیپلۆماسی ئێران لە سووریا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای کوشت. ئەم هێرشەی سەر کونسوڵخانە پێشێلکردنی پەیماننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانە کە بەهۆیەوە نێردە دیپلۆماسییەکان "پارێزراو"ن.

مەلاکان دەبوو وەڵامی ئەم هێرشە بدەنەوە؛ یان لە پێشچاوی میلیشیا پڕۆکسییەکانی تاران و خەڵکی ئێران،کە ژمارەیەکی زۆریان ڕقیان لە ڕژێمەکەیانە لاواز دەربکەون. تاکە پرسیار ئەوە بوو کە چۆن ئەو وەڵامە بدەنەوە. دەبوو تۆڵەسەندنەوەکە ئەوەندە گەورە بێت کە بە هۆیەوە ئێران خۆی بەهێز و یەکلاکەرەوە نیشان بدات، بەڵام ئەوەندەش سنووردار بێت کە نەتانیاهو پەلکێشی وەڵامێکی گەورەتر نەکات، کە زۆرجار وا دەردەکەوێت ئەو شەڕێکی فراوان وەک سیناریۆیەک بۆ مانەوەی خۆی لە دەستەڵاتدا دەبینێت.

کەواتە تۆڵەسەندنەوەی ڕاستیی ئێران چۆن پێکهێنرا؟ ژمارەی درۆن و موشەکەکان زۆر بوو، یەکەمین هێرشی ئاراستەکراویش بوو لە ناو خاکی ئێرانەوە (بەپێچەوانەی هێزە پڕۆکسییەکانی لوبنانەوە) بۆ ناو خاکی ئیسرائیل. بەڵام ئێران دەیزانی کە درۆن و مووشەکەکانی چەند کاتژمێرێک بەڕێوە دەبن بەرلەوەی بچنە ناو سنووری یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی جیهانی کە هی ئیسرائیلە: گومەزی ئاسنین، تیر و ڕشتەی داوود. جگە لەمەش، دەیزانی کە ئیسرائیل بە تەنیا نابێت؛ هاوپەیمانە ئەمریکی و تەنانەت عەرەبەکانی یارمەتی دەدەن بەرگریی لە خۆی بکات، واشیان کرد.

بۆیە ئەنجامی کۆتایی وەک ئەوەی کە تاران پێشبینیی کردبوو سنووردار بوو: زیانێکی کەم و نزیکەی دوازدە برینداری کەوتنەخوارەوەی پارچەکان لەگەڵ کچێک کە دۆخەکەی سەختە، بەڵام هیچ کەس (تا کاتی ئەم نووسینە) گیانی لەدەست نەداوە. بەرگرییەکانی ئیسرائیل، ئەمریکا، ئوردن و ئەوانی دیکە 99٪ـی درۆن و موشەکەکانیان خستنە خوارەوە.

بۆیە دەتوانیت تۆڵەسەندنەوەکەی ئێران لە هێرشەکەی پێشووی ئیسرائیل بە گەورە یان سنووردار ناو ببەیت. بەڵام مەلاکان ئاماژەی ئەوەیان داوە کە ئەوان مەبەستیان ئەوەی دووەمیان بووە. باسیان لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە؛ نێردەی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان تویتی کردووە کە "دەکرێت بابەتەکە بە بەئەنجام گەیشتوو دابنرێت" و بە شێوەیەکی پراکتیکیش بە پیتی گەورە داوای لە بایدن کرد کە "دەبێت ئەمریکا لە دوور بمێنێتەوە!"

ئێستا ئیدی لەوانەیە نەتانیاهو و هاوبەشە ڕاستڕەوەکانی لە ناو هاوپەیمانێتییەکەیدا بە نیازی هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان بن. بەر لە تۆڵەکردنەوەکەی ئێران، ئەو هۆشداری دا لەوەی کە ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر خاکی ئێران وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەداتەوە. لە بەرامبەردا، ئەوەش وەڵامدانەوەی ئێرانی بە دوادا دێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی ئەو کەسانەی ناو ڕژێم کە داوا دەکەن ئێران خێراتر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بکات بە کڵاوی ئەتۆمی.

بۆیە ئەوە لە ئەستۆی بایدنە کە ڕێ لە خراپترین ئەگەر بگرێت. ئەو دەبێت نەتانیاهو (بی بی) لە بەرامبەر ئێراندا ڕام بکات، لە کاتێکدا لە میانڕەوکردنی لە بەرامبەر کەرتی غەززەدا شکستی هێناوە. ئەمە واتە هەر هێرشێکی پێچەوانەی ئیسرائیل، بە پێچەوانەی هێرشەکەی بۆ سەر کونسوڵخانەکە، دەبێت لەگەڵ واشنتۆن باس بکرێت و ئەوەندەش سنووردار بێت کە هەر یەکە لە ئێران و ئیسرائیل بتوانن بانگەشەی سەرکەوتووییان بکەن. لە هەمانکاتدا، بایدن دەبێت ئێران بە هەموو ڕێگایەک، جگە لە بژاردەی سەربازی، سزا بدات. وا دیارە ئەو خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەمە، بەوەی کە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمەڵەی حەوت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان، کەوتووەتە سەر لێواری چەندین شەڕی خراپ، بەڵام ناوچەییەوە لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەیەکی فراوانتر کە لەوانەیە جیهان بخاتە ناو بڵێسەی ئاگرەوە. ئەگەر کەسێک هەبێت بتوانێت ئەو کابووسە بوەستێنێت، ئەوە بایدنە.

سەرچاوە: بلومبێرگ

وەرگێڕانی: د. هۆشەنگ دارا - ئاڤا نیوز

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: