بەهۆی حەشدی شەعبییەوە حکومەتی عێراق ئاوارەکانی جورف سەخر بۆ زێدی خۆیان ناگەڕێنێتەوە

شەیری بکە لە:
ناحیەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل - وێنە: ئەلحورە

ناحیەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل - وێنە: ئەلحورە

ئاڤا نیوز

 

ناحیەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و 10 ساڵە لە داعش ڕزگارکراوە، بەڵام خەڵکەکەی لە کەمپەکاندا دەژین و بەهۆی ئەو گرووپانەوە ڕێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان نادرێت.

 

وێنە گەورەکە: وێڕای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی کەمپەکانی داوە و داوا دەکات لە هەرێمی کوردستانیش دابخرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هەزاران کەس لە دانیشتووانی شارۆچکەی جورف سەخر ئاوارەن.

 

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، بە یارمەتی ئێران "چەندین کارگەی چەک و مووشەک و کۆگای چەکییان تێدا دروستکردووە، دەیان مووشەکی بالیستیکی تێدا هەیە و لەوێوە بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان کراونەتە ئامانج" و ڕێگە بە کەس نادەن سەردانی ئەو ناحیەیە بکەن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: زیاتر لە حەوت هەزار و 500 خێزانی ناحیەی جورف سەخر کە سوننەن لە کەمپی بزێبزی پارێزگاى ئەنباردا دەژین و وێڕای بڕیاری حکومەتیش بۆ گەڕانەوە بەڵام ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە.

 

ڕاپۆرتێکی ورد لەمبارەیەوە:

 

ناحیەی جورف سەخر کە بە زێدی سوننەکان دادەنرێت دەکەوێتە پارێزگای بابل، لەگەڵ سەرهڵدانی داعش کەوتە دەست ئەو ڕێکخراوە، لەو کاتەشدا بەشێکی خەڵکەکەی شارەکەیان بەجێهێشت، دواتر لە ساڵی 2014 لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵ کرا و خەڵکەکەی ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن، ئێستاش کە 10 ساڵە ڕزگارکراوە، ڕێگە نادرێت خەڵکە ئاوارەبووەکەی بگەڕێتەوە و گرووپە چەکدارەکان وەک ناوچەیەکی ئەمنی قەدەغەکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

 

جورف سەخر بووەتە ناوچەیەکی نهێنی و هاوشێوەی ناوچەی 51ـی ئەمریکای لێهاتووە


بەپێی ڕاپۆرتی میدیا عێراقییەکان،کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، عەسائیب ئەهلی حەق، لیواکانی ئیمام عەلی و لیواکانی خوراسان، کە سەر بە حەشدی شەعبین، "نزیکن لە ئێران و بە بڕیاری ئەوان دەجوڵێنەوە" ئێستا دەستیان بەسەر ناحیەکەدا گرتووە و ڕێگەش بە هیچ کەسێک نادەن بچنە ناوچەکە ئەگەر نزیکی خۆیان نەبن، تەنانەت بەرپرسی باڵای حکومەت و هێزە فەرمییەکانی عێراقیش بۆیان نییە بچنە ئەوێ.

 

"گرووپەکان بە یارمەتی ئێران چەندین کارگەی چەک و مووشەک و کۆگای چەکییان تێدا دروستکردووە، هەوروەها دەیان مووشەکی بالیستکی تێدا هەیە و لەوێوە بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان کراونەتە ئامانج، ئێستا جورف سەخر بووەتە ناوچەیەکی نهێنی، هەر بەم هۆیەوە چەند جارێک ئەمریکا بە درۆن کردوویەتییە ئامانج".

 

"بەرمۆدای عێراق"


ئەمیر دەعمی، شارەزایەکی یاساییە و ناحیەی جورف سەخر بە "بەرمۆدای عێراق" ناودەبات و دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانیش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانە نییە، هەروەها پرۆسەی ڕاگواستن و دەرکردنی هەزاران خێزان لە ماڵ و حاڵی خۆیان پێچەوانەی دەستووری عێراقە.


لەلایەکی دیکەوە ئەیاد عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، لەم دواییانەدا لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، پرسی چارەسەرکردنی جورف سەخر و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە دەستی ئێراندایە.

 

گرنگی ناوچەکە چییە؟


ئەم ناحیەیە گرنگییەکی ستراتیژی گەورەی هەیە، بەهۆی سروشتی جوگرافیای، کە ڕێژەیەکی زۆری دار و درەختی چڕی تێدایە و بە کیلۆمەتر درێژ دەبنەوە، دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات و نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری بەغداوە دوورە، جگە لەوەش پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاست و باشووری عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ناوچەکە دەکەوێتە سەر هێڵی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و بابل،  ڕێگەی کەربەلا و بەغدا.

 

ڕووبەری جورف سەخر 50 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 140 هەزار کەس دەبێت کە زۆرینەیان سوننەن و بە سامانی ئاو ، ماسی و کشتوکاڵ بەناوبانگە.

 

کەمپی بزێبز و بڕیاری عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان


بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ژمارەی ئاوارەکانی جورف سەخر زیاتر لە حەوت هەزار و 500 خێزانە، زۆربەی ئەو خێزانانە لە کەمپی بزێبزن لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار، وێڕای ئەوەی حکومەتی عێراق دەڵێت تەواوی کەمپەکانیان داخستووە، بەڵام ئەو ئاوارانە بە زۆرەملێ لە کەمپەکەدان و ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، ئەمە جگە لەوەی چەند جارێک بەرپرسە سیاسییەکانی سوننە بەڵێنیان داوە لەگەڵ حکومەت ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو خەڵکە بدۆزنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ ڕادەستکردنەوەی ناوچەکەیان نییە.

 

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاری داخستنی کەمپەکانی داوە و هەرێمی کوردستانیش بەوە تۆمەتبار دەکات کە ڕێگە نادات ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، لەکاتێکدا کە خۆیان لەسەر بڕیاری گەڕاندەوەی ئاوارەکانیان جێبەجێ نەکردووە، لەبەرامبەردا پێشتر چەند جارێک حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، "ئێمە بەزۆر هیچ ئاوارەیەک ناگەڕێنینەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و هەرێمی کوردستان ماڵی خۆیانە تاوەکو ئەوکاتەی ئەوان دەیانەوێت بگەڕێنەوە".

 


دۆخی شنگال و جورف سەخر


جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان ئەم دوو شوێنەدا نابینرێت لەڕووی بە سەربازیکردن لەلایەن گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان کە هۆکارن بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەداننەکردنەوەی ناوچەکانیان.


زۆربەی ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان خەڵکی سنووری شنگال و دەورووبەرین، وەک بەشێک لە ئاوارەکان دەڵێن ئەو ئاوارەبوونەیان پێخۆشترە لەو دۆخە ناسەقامگیرەی لە ناوچەکانیان دروستکراوە و ڕێگە بە ئاوەدانی و دابینکردنی خزمەتگوزاری و گەڕانەوەیان نادەن، هەروەها ئامادەش نین بگەڕێنەوە تاوەکو دۆخی ناوچەکانیان ئاسایی دەکرێتەوە، لەسەر ئەمەش چەندین جار ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دژ بەو بڕیارەی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان خۆپیشاندانیان کردووە.

شەیری بکە لە: