داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت بەخێرایی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان خەرج بکات

شەیری بکە لە:
داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت بەخێرایی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان خەرج بکات

لۆگۆی حکومەتی عێراق و دیناری عێراقی. گرافیک: ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

سەرۆککۆماری عێراق داوای خێرا خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، پێنەدانی شایستەکانیان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ژیانیان هەبووە.

 

چیرۆکی سەرەکی: لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پرسی مووچە کرد.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆمار جەختی لەسەر پێویستی خێرا خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بەتایبەت دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی".

 

ئەوەش بزانە: سەرۆککۆماری عێراق پێیوایە دواکەوتنی خەرجکردنی شایستەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی لەسەر دۆخی ژیانی مووچەخۆران هەبووە، بۆیە داوای خێرا خەرجکردنی شایستەکانیان دەکات.

 

لەلایەکی دیکەوە: ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو 600 ملیار دینارەی بەغدا ناردبووی، ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کرا و ئەگەر ئامادەکارییەکان تەواو بن، شەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، ئەگەرنا دەکەوێتە یەکشەممە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەرەڕای بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ پابەندکردنی وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەتەواوی مووچەی مانگی دووی نەناردووە و بەشێکی ناردووە، وادەی ناردنی مووچەی مانگی سێش دیار نییە.

شەیری بکە لە: