ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیێنرا

شەیری بکە لە:
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران بارزانی

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران بارزانی

ئاڤا نیوز

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەغدا هیچ پاساو و بیانوویەکی بۆ خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەماوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە 27-03-2024 بەسەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەی دوو بڕگەوە کرد، بڕگەی یەکەم تایبەت بوو بە مووچە و ڕەوشی دارایی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕگەی دووەمیش سەبارەت بە  بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی تایبەت بە ڕاکێشانی کاش بە دراوی دۆلار بوو. 

 

زانیاریی زیاتر: سەبارەت بە بابەتی مووچە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لەبەر ئەوەی هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە بۆ خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. 

 

قووڵتر: سەرۆکوەزیران بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموومان داکۆکی لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین و ڕێگە نەدەین سازش لە سەر مافەکانمان بکرێت و هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە کە خوازیاری ڕێککەوتنی هاوسەنگانەیە لەنێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکە دەستووریەکانی، بەم ئاراستەیەش، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردووە و ئیتر دەبێت حکومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووری خۆی جێبەجی بکات لە ناردنی شایستەی داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکاری مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش بۆ مانگی شوبات و هەروەها مووچەی تەواوی مانگی ئادار و مانگەکانی داهاتووش.


لەلایەکی دیکەوە: سەبارەت بە پرۆسەی تەوتینکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران بارزانی باسی لە گرنگیی پڕۆژەی (هەژماری من) كرد کە پڕۆژەیەکی پێشکەوتووە و لەژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندیی عێراقە، چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و ئاسانکارییەکی زۆریش پێشکەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات کە بەشێکە لە پرۆسەی تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

 

بابەتی ستراتیژی: دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە بڕگەی یەکەم لە کارنامەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە پێکهاتبوون لە دابەشکردنی مووچە و لێخۆشبوون و داشکان لە بەشێکی کرێ و قەرزە گشتییەکان. 

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بڕگەی دووەم تایبەت بوو، بە بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی تایبەت بە ڕاکێشانی کاش بە دراوی دۆلاری ئەمریکی کە لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری خرایەڕوو، ئامانج لەم بڕیارانە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دینارە لەبەرامبەر بەهای دۆلاری ئەمریکی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ بابەتەکە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەن بڕیاری پێویستی لێ بدرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: