ئاڤا هۆكاری تەواونەكردنی پرۆژەی ڕێگەی وارماوە - دەربەندیخان ئاشكرا دەكات

شەیری بکە لە:
ئاڤا هۆكاری تەواونەكردنی پرۆژەی ڕێگەی وارماوە - دەربەندیخان ئاشكرا دەكات

دیمەنی کارکرن لە پڕۆژەی ڕێگەی وارماوە - دەربەندیخان. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

فەرمانگەی بەدواداچوونی پڕۆژەكان لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، دەستیكردووە بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی تەواونەكردنی پڕۆژەی دروستكردنی دووسایدی وارماوە - دەربەندیخان، هەرچەندە ڕێژەی 76%ـی پرۆژەكەش تەواوبووە.

چیرۆکی سەرەکی: لە بەرامبەر تەواو نەکردنی کارەکان، لیژنەی مافی گشتی لە فەرمانگەی داواكاری گشتیی سلێمانی دەستیكردووە بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و بەدوداچوون بەرامبەر كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی دروستكردنی دووسایدی وارماوە - دەربەندیخان، پاڵپشت بە یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان.

لێدوانی فەرمی: محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەریی گشتیی ڕێگاوبانی سلێمانی تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، هۆكاری سەرەكی تەواونەكردنی پرۆژەكە گرفتی داراییە.

٠ چەندین ساڵ لەمەوبەر كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە بڕی 7 ملیار دیناری زیاتر لە شایستەی خۆی، بە پێشوەختە وەرگرتووە، كەچی سەرەڕای ئەوەی ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنێتەوە، داوای قەرەبووی دواكەوتنی پرۆژەكەش لە حكومەت دەكات گوایە زەرەری كردووە.

٠ لەسەر راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەكی هەمەلایەن پێكهێنراوە بۆ دیاریكردنی هۆكارەكانی وەستانی پرۆژەی دووسایدەكە و خەملاندنی زیانەكان و بڕی پێویستی پارە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە كە مەزەندە دەكرێت بڕی 10 ملیار دیناری پێویست بێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، دەبێت لە داهاتی خودی ئەو پارێزگایە بێت، لەم ڕووەوە پارێزگای سلێمانی كەمتەرخەمی كردووە لە خەرجكردنەوەی داهات لە تەواوكردنی پرۆژەكان و بەهۆیەوە دەیان پرۆژە پەكی كەوتووە.

كاریگەرییە نەرێنییەكان: پرۆژەی رێگەی نێوان دەربەندیخان – وارماوە نزیکەی 12 ساڵە دەرچووە و تەواو نەکراوە، بەهۆیەوە دەیان ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە و دەیان كەس بوونەتە قوربانی، كە هۆكاری سەرەكیش لەپاڵ پابەندنەبوونی شۆفێران بە یاسا و ڕێنماییەكانی هاتووچۆ، خراپی ڕێگاكەیە.

باكگراوند: پرۆژەی دووسایدی وارماوە - دەربەندیخان یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان كە ئیدارەی گەرمیان و هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەیەكەوە دەبەستێتەوە. درێژییەكەی 26 كیلۆمەترە و بڕیاربوو بە دوو قۆناغ جێبەجێ بكرێت، قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كە درێژییەكەی 14 كیلۆمەترە، كارەكانی تەواوبووە.

پرۆژەكە دوو تونێل بە درێژایی سێ كیلۆمەتر لەخۆدەگرێت، لەگەڵ سێ ئەندەرپاس و دوو یووتێرن.

بەتەواوبوونی؛ لەپاڵ بایەخە گەشتیاری و كشتوكاڵی و ئاڵووگۆڕی بازرگانی، ماوەی نێوان دەربەندیخان زەڕایەن لە 40 خولەكەوە بۆ تەنها 13 خولەك كورت دەكاتەوە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: