شیفا بارزانی: ڕەوەندی كوردستانی لۆبییەكی بەهێز لە دەرەوەی وڵات درووستدەكات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


كوردستان حەسەن، پەیامنێری دیپلۆماسی ئاڤا نیوز، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی کردووە، شیفا بارزانی ئاماژە بە پرۆژە و پلانەکانیان دەکات بەتایبەت بە درووستکردنی لۆبییەکی بەهێز لەدەرەوەی وڵات.


ئاڤا نیوز: پڕۆژەکەتان چییە و ئامانجەکەی چییە، سەردانی زۆربەی وڵاتەکانتان کرد داواکاریتان پێشکەش کرد، وەڵامی داواکەتان چی بوو ؟


شیفا بارزانی: ئامانجی ئێمە لەم پڕۆژەیە ئەوەیە کوردانی تاراوگە بخەینە ژێر یەک چەتر، سێ پرەنسیپی سەرەکیمان هەیە بۆ کۆکردنەوەی هاونیشتمانیان وەک کۆنفیدراسیۆنێک کاربکەن و لۆبیەکی بەهێز لە دەرەوەی وڵات بۆ ئاڵای کوردستان و ناساندنی پێشمەرگە وەک ڕەمزی خۆڕاگری، هەر لایەنێک بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی نەتەوەیی، سیاسی هەر ئەو ڕێکخراوانەی چالاکی مەدەنی لە وڵاتان دەکەن دەتوانن بێنە نێو کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بکات.


ئاڤا نیوز: لە پەرلەمانی کەنەدا داوای پشتیوانیتان بۆ هەرێمی کوردستان کردبوو ؟


شیفا بارزانی: پەرلەمانی کەنەدا، پاڵپشتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و بەڵێنی دا دەنگی ئێمە بگەیێنێتە حکومەتی کەنەدا، داوامان لێکرد لەگەڵ دۆستانی خۆی لە ئەمریکا و ئەوروپا، بابەتی ئەو هەڕەشانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە بە ڕژدی وەربگیرێت، ئەو ستەمەی کە ئێران و سوپای پاسداران لە هەولێری دەکات، ئەو پرسە مایەی نیگەرانی ئەوان بوو گوتی ئەمە بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە، هەروەها شاندێکی باڵای پەرلەمانی کەنەدا و سیناتۆرەکان بەڵێنیان داوە بەمزووانە سەردانی هەولێر بکەن، بەتایبەت ئەو شوێنەی کە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر و  سەردانی ئەو کەسانەش دەکەن کە زیانیان بەرکەوتووە.


ئاڤا نیوز: بەپێی زانیارییەکان وابڕیارە خەڵاتی ڕێزلێنانی سەرۆک بارزانی بە دۆستە نەرویجییەکانی کورد دەبەخشرێت؟


شیفا بارزانی: سەرەتای مانگی نیسان پلانمان ئەوەیە لە نەرویج دۆستانمان خەڵات بکەین، کە چەند ساڵێکە پشتگیری دۆزی کورد دەکەن، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری خانەنشینی ئەو وڵاتە، ژمارەیەک سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتی بەرچاو لەم ئیڤێنتە میوانداری کراون.


ئاڤا نیوز: ئەمساڵ  یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە نێو پەرلەمانی بەریتانیا دەکرێتەوە، گوتارتان دەبێت، دەتانەوێت چ پەیامێک بگەیێنن؟


شیفا بارزانی: لەوێ گوتارمان دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بۆنەکە زیاتر کولتورییە، پەیامەکەمان نەتەوەیی دەبێت، سڵاوی گەلی کورد دەگەیێنینە جیهان، گرنگە لەنێو گەلانی جیهان ڕەوەندی کوردی پەیامی هەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: