واژۆ لەسەر ناردنی 130 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت

شەیری بکە لە:
واژۆ لەسەر ناردنی 130 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت

دیناری عێراقی، وێنە: محەممەد شوانی - ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

وەزیری دارایی عێراق واژۆ لەسەر ناردنی 130 ملیار دینار بۆ مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، وەزارەتی داراییش دەڵێت تاوەکو ئێستا نەنێردراوە.

لێدوانی فەرمی: د. نەرمین مەعرووف، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاڤا نیوزی گوت: "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی 130 ملیار دینار بۆ مووچەی خانەنشینانی سەربازیی و مەدەنی و چاودێریی کۆمەڵایەتی کردووە و پارەکە خراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان".

بۆچوونی بەرامبەر: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڤا نیوز، ڕەتیکردەوە تاوەکو ئێستا هیچ بڕەپارەیەک خرابێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان و گوتی: پێدەچێت تەنها واژۆکردن بێت.

هاوکات مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی گوت: تاوەکو کاتژمێر 02:35 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هیچ بڕەپارەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

زانیاریی زیاتر: بڕیارە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە سێ قۆناغ ڕەوانە بکات و ئەمە قۆناغی یەکەمە، قۆناغی دووەم مووچەی فەرمانبەرانە و قۆناغی سێیەم مووچەی هێزە ئەمنییەکانە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای زیاتر لە 940 ملیار دیناری بۆ مووچە کردووە، تاوەکو ئێستاش دیارنییە وەزارەتی دارایی عێراق چەند دەنێرێت. ئەمە لەکاتێکدایە لە سێ مانگی ڕابردوودا تەنیا 618 ملیار دیناری ناردووە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ