نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی پارە لەلایەن بەغدا و دابەشکردنی مووچە

شەیری بکە لە:
نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی پارە لەلایەن بەغدا و دابەشکردنی مووچە

دیناری عێراقی، وێنەگر: محەممەد شوانی - ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

ڕێککارەکانی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراق تەواوکراون، وردبینی بۆ لیستی مووچەخۆران کراوە و هیچ تێبینییەک نەبووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارەکە دەنێردرێ و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.


چیرۆکی سەرەکی:  لە چوارشەممەى ڕابردووەوە لیستى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان ئاراستەى وەزارەتى دارایی عێراق کراوە،
وردبینی تەواو بووە و تەنیا واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی ماوە.

زانیاریی تایبەت: دیوانی چاودیری دارایی و وەزارەتی دارایی عێراق هیچ تێبینییەکیان لەبارەی شێوازى ئامادەکردنى لیستەکە نەبووە. لیستی مووچە لە 44 خانە پێکدێت و بە دوو شێواز نێردراوە:

یەکەم: ناوی مووچەخۆرانی وەزارەتە شارستانییەکان، خانەنشینان و تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى بەگوێرەى ئەو لیستە  نێردراوە کە داواکراوە، واتە بە زمانی عەرەبی.

دووەم: ناوی مووچەخۆرانی وەزارەتە ئەمنییەکان تەنیا ئاماژە بە ژمارەى میلاک و بڕى مووچەکانیان کراوە، مانگەکانى ڕابردوو بە هەمان میکانیزم لیستى مووچە نێردراوە و کێشەى نەبووە.

لێدوانی فەرمی: د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاڤا نیوزی گوت: "پێشبینی دەکرێت تا ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی دارایی پارەکە بخاتە سەرهەژماری بانکی هەرێمی کوردستان."

زانیاریی زیاتر: بڕی پارەکە 618 ملیار دینار یان کەمێک زیاترە، دوای ڕەزامەندی وەزیری دارایی، لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی دەکات.

بۆچی گرنگە: لەگەڵ گەیشتنی پارەکە و پڕکردنەوەی کورتهێنان بە داهاتی ناوخۆ، لیستی مووچە ڕادەگەیێنرێت و هاوشێوەی مانگی ڕابردوو لە ماوەی هەفتەیەکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان