شەڕی سێبەری ئەمریکا و ئێران

ترسناکترین یاریی ڕووبەڕووبوونەوەی دەستیپێکردووە - وتارێکی تۆماس فریدمان

ترسناکترین یاریی ڕووبەڕووبوونەوەی دەستیپێکردووە - وتارێکی تۆماس فریدمان

زۆرجار دەگوترێت کە مەترسیدارترین شوێنی جیهان ڕێڕەوی ئاویی نێوان تایوان و سەرزەمینی سەرەکیی چینە کە هەموو ڕۆژێک هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی چین بۆ ترساندنی تایوان تواناکانی خۆیان دەردەخەن – ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێزی دەریایی ئەمریکا بەو دەوروبەرانە گەشت دەکات. من ئەمەم پێم سەیرە، چونکە لە ڕاستیدا ئێستا لەوێ هاوسەنگییەکی بەرپەرچدانەوەی سەقامگیر هەیە. بەراورد بەو شوێنەی کە من بەم دواییانە سەردانم کردووە، تۆ دەتوانیت لە دوورگەی تایوان پێشبڕکێی بەلەمسواریی دۆستانە بکەیت.

 

دوو ڕۆژی هەفتەی ڕابردووم لەگەڵ جەنەڕاڵ مایکڵ کوریلا، فەرماندەی باڵای سێنتکۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هێلیکۆپتەری چینوک47، CH-47، بەسەر برد؛ لە نێوان حەوت بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئوردون و ڕۆژهەڵاتی سووریا. لێرە، هیچ هاوسەنگییەک بوونی نییە. لەبری ئەوە، کەمێک دوای شەڕە کارەساتبارەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد، شەڕێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکردووە. 

 

ئەم شەڕەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران و پڕۆکسییەکانی – حووسی و حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعەکانی عێراق، دەخاتە بەرامبەر تۆڕی بچووکی بنکەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئوردون و عێراق کە لە دوای 2014 بۆ تێکشکاندنی داعش بونیاتنراون و هەروەها دەیخاتە بەرامبەر ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کە هێڵە گرنگەکانی کەشتیوانیی بە پارێزراوی و کراوەیی دەهێڵێتەوە. 

 

لەوانەیە ئەم میلیشیا شیعییانەی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە چەکدار کراون و هەروەها چەکدارە حوسییەکانی یەمەن وەک هەڕەشەیەکی جددی دەرنەکەون، بەڵام مەخەڵێتێن. ئەوان فێرکراون کە چۆن بەشێک لە ئاڵۆزترین و وردترین چەکەکانی جیهان هەڵبگرن، بوونیاد بنێن، بگونجێنن و بتەقێنن. ئەو چەکانە، کە لەلایەن ئێرانەوە دابین کراون، دەتوانن ئامانجێک بەپانیی سێ پێ لە دووریی 500 مایلەوە بپێکن.

 

سەرباز و دەریاوانە گەنجەکانی ئەمریکا کە لە دژی ئەوان دانراون، توانایەکی باشیان لە یارییە ڤیدیۆییەکاندا هەیە، بەڵام ئێستا یارییە ڕاستەقینەکە دەکەن، ئەوان بە سۆفتوێر و ڕادارە تەواو پێشکەوتووەکانی جیهان نێردراون بۆ دۆزینەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی نزیکەی هەر موشەک و درۆنێک کە پڕۆکسییەکانی ئێران (میلیشیاکانی ئێران) ئاراستەی ئەوانی کردوون.

 

بەکورتی، لەوانەیە ئەمریکییەکان نەزانن کە ئەوان لەگەڵ ئێران لە شەڕدان، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانێت کە لە ڕێگەی پڕۆکسییەکانیانەوە لەگەڵ ئەمریکا لە شەڕێکی سێبەردان. 

 

ئەگەریش یەکێک لەم پڕۆکسییە ئێرانییانە "بەبەخت" بێت و بتوانێت قوربانییەکی زۆر بخاتەوە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا یان سەربازگەی یەکێک لە بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردون یان سووریا – ڕووداوێکی وەک تەقینەوەکانی سەربازگەی مارین کۆرپس لە بەیرووت، لە ساڵی 1983 – ئەوکات بە دڵنیاییەوە ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ژێر سێبەر دێنە دەرەوە و دەبنە شەڕە تەقەی ڕاستەوخۆ لەو ناوچەیەدا کە جیهان بۆ دەستکەوتنی نەوت بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێدەبەستێت. تەنیا پێموابوو کە دەبێت پێت بڵێم. 

 

ئەم شەڕەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 17ـی ئۆکتۆبەر، دە ڕۆژ دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، چووە ئاستێکی بەرزتر؛ ئەمەش ئەو کاتە بوو کە ئێران بەڕوونی بڕیارێک دەدات بۆ بەهێزکردنی پڕۆکسییەکانی، بەرپرسانی سێنتۆکم ئەمەیان بۆم ڕوون کردەوە. لە ژێر ڕووپۆشی شەڕی غەززەدا و بەو هەستە دژە ئەمریکییەی کە دروستی کردووە، ئێران هەوڵ دەدات بزانێت ئایا دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو تۆڕی دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا و باکووری ئوردون لاواز بکات، یان ڕەنگە هەموو هێزەکانی ئەمریکا پێکەوە دووربخاتەوە. 

 

من گومانم هەیە تاران ئامانجێکی دیکەشی لە مێشکدا بێت، بۆ ترساندنی هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەمریکا بێت بەوەی نیشانیان بدات کە ئێران دەتوانێت چ زیانێک بە ئەمریکای پارێزەریان بگەیێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی من بەدڵنیاییەوە دەیزانم ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئەمە ترسناکترین یاری ڕووبەڕووبوونەوەیە لەسەر تەواوی ئەم هەسارەیە؛ ئەمەش لەبەر سێ هۆکار:

 

یەکەم: لەبەر قەبارەی ئەو ڕۆکێت، درۆن و مووشەکانەی کە پڕۆکسییەکانی ئێران بڵاویان کردوونەتەوە – بە تایبەت حوسییەکان لە یەمەن و میلیشیا شیعەکان لە عێراق. بەگوێرەی سێنتکۆم، سەدان کڵاوە بە هۆی ڕۆکێتی زەوی-بۆ-دەریا، موشەکی کروز، مووشەکی بالیستی، درۆنی هێرشبەر، بەلەمی خێرای خۆکوژ و ئۆتۆمۆبێلی ژێرئاوایی بێسەرنشینەوە کە لەلایەن ئێرانەوە دابین کراون، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن پڕۆکسییەکانی ئێرانەوە بەڕووی بنکە سەربازی و کەشتییە جەنگی و بازرگانییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور تەقێنراون. 

 

خۆشبەختانە، سەرەڕای قەبارەی هێرشەکان، ئەمریکا توانیویەتی زۆربەیان تێکبشکێنێت یان دووریان بخاتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی هەموو ئەو ڕادار و بەرپەرچدەرە ئەلکترۆنییانەوە کە لە بنکە و کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکاندا جێگیر کراون. ئەمە ئەرکێکی ئاسان نییە؛ سێنتکۆم گوتی: تاوەکو ئێستا چەند ڕۆکێت و درۆنێک تێپەڕیون و زیاد لە 180 ستافی ئەمریکییان بریندار کردوون؛ منیش لە چەند بنکەیەکی ئەمریکی کە سەردانمان کردن ئەو زیانە ماددییەیانم بینی. 

 

بنکەکانی ئەمریکا کۆمەڵگەی خۆشگوزەران نین. زۆربەیان وەک بنکە شپرزە کۆنترۆڵکراوەکان یان شارۆچکە بچووکەکانی داعش وان کە ئەمریکا و هاوپەیمانە کوردەکانی لە سەرەتای 2014 دوای شەڕێکی چڕ لە دژی داعش کۆنترۆڵیان کرد؛ لە شەڕێکدا کە داعش لە یەک کاتدا هەڕەشەی لە تەواوی حکومەتەکانی سووریا، عێراق و ئوردون دەکرد.

 

ئەو بنکانە ئەمڕۆ لە خانووی نیشتەجێبوونی ئامادەکراو پێکهاتوون کە لەهەر چوار لاوە بە سەدان دیواری بەربەستی کۆنتکرێتی دابڕێنراون، لە ئەمریکاوە بۆ سنووردارکردنی زیانەکانی کڵاوە جەنگییە چاوەڕوانکراوەکان هاوردە کران. بەهۆی وایەرلێسەوە سەربازەکان دەتوانن لەگەڵ خێزانەکانیان بە ئەپلیکەیشنی فەیستایم قسە بکەن و ئاگایان لە پێشهاتە وەرزشییەکان بێت. چێشتخانە سپارتاییەکان خواردنی وەک کۆرن دۆگ و چیکن ناگێت پێشکەش دەکەن، لە هەندێک لە شوێنە "خۆشترەکانیشیاندا" لەوانەیە تەنانەت هەڵبژاردەیەکی ڕۆژانەی میوەی تازە هەبێت – لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک کە تۆ سەردانیکەرێکی 70 ساڵانیت و زرێپۆش و کڵاوێکی 50 پاوەندیت لەبەرکردووە، سەرنجڕاکێشە کە بتوانیت کۆرن دۆگێکی چەوری گەورە لەناو شپرزییەکی سەربازی لە بیابانی سووریا تام بکەیت.

 

بەڵام لەبەرئەوەی ئەم بنکانە بۆ دابڕاندنی داعش لە دووبارە دروستکردنەوەی هێڵەکانی پشتگیری و سەرچاوە مرۆییە گرنگەکانی دیزاین کراون و دانراون، هەرگیز بۆ بەرپەرچدانەوە یان هێرشی تۆپخانەی ڕۆکێتی مۆدێرنی گەورەی ئێران و پڕۆکسییەکانی نەبوون. هەر لەبەرئەمەیە کە ڕۆژی 28ـی کانوونی دووەم، هێرشێکی یەک ئاراستەی درۆنی ئێرانی بە 20 پاوەند کڵاوەی تەقەمەنییەوە، لەلایەن هاوپەیمانێتییەکی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران کە پێیان دەگوترێت مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بنکەیەکی ئەمریکی، تاوەر22، لە باکووری ئوردونی پێکا. من هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ تیمەکەی جەنەڕاڵ کوریلا سەردانی تاوەر22-م کرد. تەقینەوەکە سێ سەربازی ئەمریکی کوشت کە شەو لە حەشارگەکەیان چووبوونە دەرەوە، 47ـی دیکەشی بریندار کرد. 

 

خۆشبەختانە، یەکەکانی نیشتەجێبوونی ئەوێ بە دیواری دژە تەقینەوە دابڕێنرابوون. سەربازێک لە خانوویەکی حەشارگەدا، دروست تەنیشت ئەو خانووەی کە پێکرابوو، پێی گوتین لەو کاتەدا کە درۆنەکە بەر خانووەکە کەوتووە ئەو بە فەیستایم قسەی لەگەڵ ژنەکەیدا کردووە؛ دیوارێکی ئەستووری چیمەنتۆیی پاراستوویەتی، ئەو ڕاچڵەکی بوو، بەڵام سەلامەت بوو. ژنەکەی ڕاستەوخۆ سەیری کردبوو و کاتێک کە لەناو دووکەڵدا دیار نەمابوو وایزانیبوو مردووە؛ بەڵام ئەو توانیبووی دوای سێ کاتژمێر پەیوەندی بە ژنەکەیەوە بکاتەوە و دڵنیای بکاتەوە کە نەمردووە.

 

من سەرسام بووم بزانم ئێرانییەکان چۆن بەمشێوەیە پڕۆکسییەکانیان هانداوە کە دوژمنکار بن، ئەمەشە کە دووەم ڕەهەندی زۆر مەترسیداری ئەم شەڕ ئاراستە دەکات. ئەوە بوو کە جەنەڕاڵ کوریلا بە گاڵتە و گەپەوە بۆی باسکردم وەک "گفتوگۆ"یەکی بەرپەرچدانەوەی سێنتکۆم کە لەگەڵ ئێران هەیبووە لە دوای هێرشەکەی تاوەر22 و ئەوەی بۆ تاران ڕوون کردووەتەوە کە ئەو کارە یاریکردن بووە بە ئاگر. 

 

لە 2ـی شوبات، ئەمریکا هێرشی کردە سەر تەواوی تۆڕی پڕۆکسییەکانی ئێران لە عێراق و سووریا، ڕۆژی دواتریش لە دژی پێگەی حووسییەکان لە یەمەن؛ بە گشتی زیاتر لە 100 ئامانجی پێکا، بە تێکەڵەیەک لە فڕۆکەی دوورمەودای بۆمبهاوێژی B1 لە تەکساس و مووشەکی کروز و بۆمبهاوێژی جەنگی کە لە گرووپی کەشتیهەڵگری ئایزنهاوەر لە دەریای سوورەوە ئاراستە کرابوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان نزیکەی 40 کەس لە هێرشەکانی تۆڵەی ئەمریکادا کوژران. 

 

ئۆپەراسیۆنەکە ڕۆژی 7ـی شوبات گەیشتە لوتکە، کاتێک کە ئەمریکا بڕیاری دا ئەوە نیشانی ئێران و پڕۆکسییەکانی بدات کە تێکەڵەی هەواڵگری و دروستی جەنگیی ئەمریکا دەتوانێت چۆن بێت، ئەمەش بە کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەیەکی تایبەت لە کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بە لای ئەمریکاوە بەرپرسی هێرشە درۆنییەکانی سەر بنەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئوردون و سووریا بوو. 

 

ساعیدی لەکاتێکدا کە لە شەقامێکی بەغدا شۆفێری دەکرد بەو جۆرە درۆنە کە مووشەکی هێڵفایەر ئاراستە دەکات پێکرا؛ ئەو جۆرە درۆنەی کە ساڵی 2020 قاسم سولەیمانی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی کوشت. درۆنەکە پڕچەک کرابوو بە شەش تیخی وەک شمشێر کە دەتوانن بچنە ناو بەشەکانی ئۆتۆمۆبێلەوە و هەر شوێنێکیان بوێت وەک بلێندەر بیبڕن، هەر بۆیەشە بەم مووشەکە نازناوی "جینسوی فڕیو" دراوە. 

 

وەڵامدانەوەی ئەمریکا بەڕوونی سەرنجی ئێرانییەکانی ڕاکێشا و لەو کاتەوە پڕۆکسییەکانی ئێران ڕەچاوی ئاگربەستێکیان دەکرد کە بە دڵنیاییەوە یارمەتیی مێشکی منی دا هێور ببێتەوە کاتێک کە بە هێلیکۆپتەرەکان و فڕۆکەیەکی C-130 بەسەر بۆشاییە کۆنترۆڵنەکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا فڕین؛ زۆر نزیک لە شوێنی مانەوەم، ڕۆژێک نزیک بنکەی هاوبەشی ڕووسی - ئێرانی لە بەری ڕۆژئاوای فورات. 

 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ئاگربەستە نافەرمییە لەلایەن حووسییەکانەوە نەگیراوەتەبەر؛ ئەوان ڕایانگەیاندووە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل ناوەستێنن، لانیکەم تاوەکو ئەوکاتەی ئاگربەستێک لە غەززە دێتە ئارا. کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، کەشتیی ڕوبیمار، کە کەشتییەکی گواستنەوە بوو و ئاڵای بێلیزی هەڵکردبوو و ڕۆژی 18ـی شوبات حووسییەکان بە مووشەکێکی بالیستیکی دژە کەشتی پێکایان، بووە یەکەم کەشتی کە وەک ئەنجامی هێرشی مووشەکیی حووسییەکان بە تەواوی لە گەرووی باوبلمەندەب نوقم بێت. دزەکردنی ئەو سووتەمەنی و پەیینە کیمیاییەی کە هەڵیگرتبوو کێشەیەکی گەورەی ژینگەیی دروستکرد. ئەمەش لەبەر حووسییەکان. 

 

ئەمەش سێیەم ڕەهەندی مەترسیداری ئەم شەڕی سێبەرە پێکدێنێت، لە هەموو ئەو بنکانەی کە ئێمە سەردانمان کردن، ژوورێکی زۆر نهێنی هەبوو کە ڕۆژنامەنووسان نەیاندەتوانی بچنە ناویەوە، پێیاندەگوت ناوەندیی یەکانگیریی شەڕ، لە ناوەوە، سەربازانی گەنجی ئەمریکی و دەریاوانان لە کەشتییەکانی هێزی دەریایی چاویان بڕیبووە شاشەکان، هەوڵیان دەدا ئەو شتە زۆر و بێشومارانە بناسنەوە کە بەرەو ڕوویان دەفڕین و بە ڕادار و ئامێرەکان بڕیار بدەن کە ڕووبەڕووی یەکێکیان ببنەوە، یەکێکی دیکەیان پشتگوێ بخەن یان لێگەڕێن سێیەمیان تێپەڕێت چونکە ون دەبێت و بێ زیان دەنیشێتەوە. ئەفسەرێکی سێنتکۆم بە منی گوت کاتێک کە تۆ مووشەکێکی زیرەکی 200 هەزار دۆلاری دەگریتە درۆنێکی ئێرانیی 20 هەزار دۆلاری، ڕێکار گرنگە. 

 

زۆر جار ئەم جێبەجێکارانە کەمتر لە 90 چرکەیان لەبەردەستە بۆئەوەی بڕیار لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی درۆنێک بدەن کە بەرەو ڕوویان دێت، بە موشەکێکی زیرەکی دژە درۆن لە جۆری کۆیۆت کە دەتوانێت درۆنەکە بناسێتەوە و هێرشی درۆنەکان لە هەر مەودایەکی زۆر نزیکیشدا بێت تێک بشکێنێت و دەتوانرێت لە ئۆتۆمبێل، هێلیکۆپتەر یان کەشتییەوە هەڵبدرێت. 

 

بە دەستەواژەیەکی دیکە، هەموو ڕۆژێک ئاووس بە ڕووداوێکە کە ئەگەری ڕوودانی کەمە، بەڵام لێکەوتەکانی بەرزن. لە یەکەم و زۆرجاریش دوایەمین هێڵی بەرگری بە زۆری نزیکەی 20 سەرباز یان دەریاوانی ئەمریکی سەیری شاشەی کۆمپیوتەرێک دەکەن، هەوڵ دەدەن لە ماوەی چەند چرکەیەکدا بە یارمەتیی سۆفتوێرەکان بزانن کە چ شتێک بەڕێوەیە و بڕیارە دروستەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بدەن. 

 

لەناو ئەم هەمووەدا، دەبێت ئەوەش زیاد بکەم، ئێمە هەروەها سەردانی کەمپی دەستبەسەرداگرتنی هۆل-مان کرد لە ناوەڕاستی ناشوێن لە باکووری سووریا، کە نزیکەی 43 هەزار کەسی لێیە - زۆربەیان "بووکەکانی" داعش و منداڵەکانیانن – لەوێ لەناو چادر و کابینەکان لە ژێر چاودێریی کورد گلدراونەتەوە تا ئەو کاتەی بتوانرێت فۆڕمات بکرێنەوە و بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. ئەوە زۆر نامۆیە کە قسە لەگەڵ ژنێکی ئەمریکی یان بەریتانیدا بکەیت کە چووەتە ناو کۆمەڵی داعش و گوێبیستی ئەوە بیت کە ئەو پێنج یان شەش منداڵی لە سێ یان چوار شەڕکەری جیاوازی داعش هەیە کە هەموویان لەلایەن هاوپەیمانێتی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکاوە کوژراون. بەگوێرەی ژمارەی ئەو بەردانە بێت کە هەندێک منداڵ بەرەو کاروانەکەی ئێمەیان هاویشتن، پڕۆسەی دووبارە فۆڕماتکردنەوەیان زۆری ماوە.

 

بەگوێرەی هەموو ئەو مەترسی و برینە کراوانە بێت کە لەوێ بوون، جێی خۆیەتی بپرسین: بۆچی بمێنینەوە؟ سەرەتا با دیمەنێکتان بۆ وەسف بکەم، دواتریش وەڵامێک پێشکەش دەکەم. 

 

دیمەنەکە: تیمەکەی جەنەڕاڵ کوریلا سەردانی بنکەی تەنف-یان دەکرد، بنکەیەکی پشتیوانیی لۆجیستیی بچووک لەناو سووریا، نزیک ئەو شوێنەی کە سووریا، عێراق و ئوردون بە یەک دەگەن. کوریلا دەرفەتەکەی قۆستەوە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکی دەستەی پزیشکیی کە لەوێ جێگیر بوو، لە ملازمی دووەمەوە بۆ ملازمی یەکەم. ئێمە لە کۆڵانێکدا وەستاوین و دەوروبەرمان هەمووی چەتری جیاوازی قاوەیی بوون – بیابانەکە، باڵەخانەکان، تۆ بیڵێ. 

 

سەرەتا کوریلا داوای لە یەکێک کرد ئاڵایەکی ئەمریکای پێبدات و چەند خولەکێک دواتر دوو ئەندامی فەوجەکە دانەیەکی بچووکیان نیشان دا و تا ئاستی شانیان بەرزیان کردەوە، خستیانە چواردەوری کوریلا و ئەو ئەفسەرە گەنجەی کە پلەی بەرز دەکرایەوە. کوریلا بە پیاوە گەنجەکەی گوت "سوپاکەی ئێمە لە جیهاندا ناوازەیە. ئێمە سوێند بە کەسێک یان پادشایەک ناخۆین، ئێمە سوێند بە بیرۆکەیەک دەخۆین کە لە دەستووردا بەرجەستە بووە و لە دیموکراسییەکەماندا چەسپاوە، ئەویش ئەوەیە کە تەواوی پیاوان و ژنان یەکسان خوڵقێنراون. ئێمە سوێند دەخۆین کە بەرگری لەو بیرۆکەیە بکەین". 

 

دواتر کوریلا ئەو سوێندەی گوت کە هەموو سەربازانی ئەمریکی لە کاتی پلەبەرزکردنەوە دەیڵێنەوە – ئەم سەربازە یەکێک بوو لەو وەرگیراوانەی کە کاری لە سەر بەرزکردنەوەکەی کردبوو. سوێندەکە تەواو بوو، ملازمی یەکەمی نوێ کێشای بە کڵاوەکەیدا کە پلە نوێیەکەی لە سەر بوو و هاوارێکی بۆ هەموو ئەندامانی فەوجەکە کرد. 

 

سەبارەت بەو دیمەنە شتێک هەبوو کە منی وروژاند: دوو سەربازەکە کە ئەستێرە و هێڵە بچووکەکانی ئاڵاکەیان بەرزکردبوویەوە، تاکە ڕەنگێکیان لەناو ئەم تابلۆ تەواو قاوەییەدا پێشکەش دەکرد و سوێندی دڵسۆزییەکە بۆ بیرۆکەیەک، نەک بۆ پادشایەک، بە دیوارە کۆنکرێتییەکان کپ کرابوویەوە، لەم بنکە دوورەدەستە لە ناوچەیەکدا کە بە زۆری بە پێچەوانەکەی دەناسرێتەوە. 

 

لە ماوەی دوای شەڕی سارددا، لە سەرتاکانی 1990ـەکانەوە تاوەکو ساڵانی 2010، پێموابوو کە بەڕاستی لەوانەیە بشێت سیاسەتی تەوافوقی و فرەیی زیاتر بۆ ئەم بەشە لە جیهان بهێنین – ئەمەش لەبەر ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ، پەیمانی ئاشتیی نێوان ئوردون و ئیسرائیل، ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی و یەکانگیریی مەزنتر کە بەرهەمی جیهانگیرییە، بەڵام وا دەرنەچوو. لەبری بڵاوبوونەوەی دیموکراسی، ئەم ناوچەیە بڵاوبوونەوەی بێسەروبەری و دەوڵەتە شکستخواردووەکانی بەخۆوە بینی. لەهەمانکاتدا، دابەشبوونە گەورەکەی جیهان چیدی لەنێوان دیموکراسی و ئۆتۆکراسیدا نەبوو، بەڵکو لە نێوان سیستەم و بێسەروبەریدا بوو. 

 

باشترین کەیس بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، عێراق و دەریای سوور بە دیاریکراویی بریتییە لەوەی کە بێسەروبەری "ئەوێ" – هەر لە نموونەکانی وەک داعشەوە، تاوەکو دەوڵەتانی شکستخواردووی وەک سووریا و ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کە لەلایەن میلیشیا پڕۆکسییە ئێرانییەکانەوە دادەخورێن – نەیەت بۆ "ئێرە". 

 

ئەمە ئەرکێکی جوان یان قارەمانانە نییە، ژیان لە ناو زرێپۆشێکی جەستە بە درێژایی ڕۆژ لە ژینگەیەکی سەخت و دوژمنکارانەدا، لەگەڵ ئەو هەموو کۆرن دۆگە کە دەتوانیت وەک یەکێک لە خۆشییە کەمەکان بیانخۆیت، بەڵام لەوانەیە ئەوە بهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت سەبارەت بە مەترسییەکان هیچ گومانمان هەبێت، چونکە لەوێ شەڕی سێبەر هەیە و دەشێت لەهەر ساتێکدا بێت ئەم شەڕە بە هاوارەوە لە ژێر سێبەر بێتەدەر.  

 


وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا - سەرچاوە: نیویۆرک تایمز

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: