هەشت بڕیار لە سوودانییەوە

شەیری بکە لە:
هەشت بڕیار لە سوودانییەوە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە - ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران

ئاڤا نیوز

بە ئامانجی ئاسانکاری کردن و پەرەپێدانی سیستمی بانکی و پارەدانی ئەلیکترۆنی، سەرۆکوەزیرانی عیراق چەند بڕیارێک دەردەکات.

چیرۆکی سەرەکی: سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی گەشەپێدانی کاروباری بانکی و فەرمانگەکانی حکومەت چەند بڕیارێکی دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکانیش لەمەودوا زیاتر پشت بە پارەدان بەشێوەی ئەلیکترۆنیی دەبەسترێت و بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکانی حکومەتیش خێراتر دەکرێن.

لێدوانی فەرمی: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئامانجی بڕیارەکان بۆ چاکسازیی کارگێڕی و داراییە بە ئامانجی پەرەپێدانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و هاندانی مامەڵەی دیجیتاڵی لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت.

بڕیارەکانی سوودانی:

٠ ژوورە بازرگانییەکان لە شەش مانگدا کاروبارەکانیان بکەنە ئەلیکترۆنیی.

٠ پەسەندکردنی گرێبەستی کۆمپانیاکان ئاسانتربکرێت و بەهیچ شێوەیەک دوانەخرێت.

٠ نووسینگەیەکی دادنووسی لەناو ژووری بازرگانی بەغدا بکرێتەوە.

٠ مەرجی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئەوەیە هەژماری بانکییان لە یەکێک لە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان هەبێت.

٠ مامەڵە و ئاڵوگۆڕ لەڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە بەهێزبکرێت و بانکی ناوەندی ڕێنمایی بۆ ئاسانکاری کردنەوەی هەژمار بۆ کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان دەربکات.

٠ هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی بکرێت بۆ دەرکردنی گشتاندن تا بانکەکان ئاسانکاریی و هاندان پێشکەشی کۆمپانیاکان بکەن.

٠ لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران لە پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیا هۆشیار بکەنەوە.

٠ لیژنەیەک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە و ڕاپۆرت لەبارەی ئاستی بەرەو پێشچوونەکان پێشکەش بکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: