لە هێرشێکی چەکداریدا لە سووریا دەیان کەس دەکوژرێن و بریندار دەبن

شەیری بکە لە:
لە هێرشێکی چەکداریدا لە سووریا دەیان کەس دەکوژرێن و بریندار دەبن

ئاڤا نیوز

هێرشێکی چەکداری دەکرێتە سەر نزیکەی 100 کەس لە دێرەزووری سووریا و بەهۆیەوە دەیانیان دەکوژرێن و بریندار دەبن، چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن هێرشەکە لەلایەن داعشەوە کراوە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە لەکاتێکدا نزیکەی 100 هاووڵاتی مەدەنی لە باشووری دێرەزووری سووریا سەرقاڵی کۆکردنەوەی دوومەڵان، لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە هێرشیان کراوەتە سەر، دەستڕێژی گوللەیان لێکراوە، ماتۆر و ئۆتۆمبێلەكانیان سووتێنراون.


لێدوانە فەرمییەکان:

ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕووانگەی سووری بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، بەهۆی هێرشەکە 18 کەس کوژراون و 16 کەسیش بریندار بوون، زیاتر لە 50 کەسیش بێسەروشێنن.


سیامەند عەلی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریاری دیموکرات (هەسەدە) لە دێرەزوور بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند:”  هێرشەكە لە ناوچەی ژێركۆنترۆڵی حکومەتی سووریا کراوە و نزیکەی 40 کەس کوژراون و بریندار بوون، چەندین كەسیش دەستگیركراون.

زانیاری زیاتر: تاوەکو ئێستا  بەدروستی نازانرێت كێ هێرشەکەی كردووە، بەشێك لە سەرچاوەكان دەڵێن داعش بووە، هەرچەندە تا ئێستا داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە ڕانەگەیاندووە.

ئەمەش بزانە: دوومەڵان خواردنێکی گرانبەهایە، دوومەڵانی بیابانی سووریاش یەکێکە لە باشترین دوومەڵانەکانی جیهان و بەناوبانگە، بەڵام بەهۆی ڕێکخراوی داعش کۆکردنەوەی قورس و مەترسیدار بووە، دوو هەفتە پێش ئێستاش 14 کەس بەهۆی تەقینەوەی مینێکی داعش لە ڕەققە گیانیان لە دەست دا.


شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان