"هەسەدە" بانگهێشتی ئەحمەد شەرع بۆ ڕۆژئاوی کوردستان دەکات

شەیری بکە لە:
"هەسەدە" بانگهێشتی ئەحمەد شەرع بۆ ڕۆژئاوی کوردستان دەکات

ئاڤا نیوز



هەسەدە، مەسەدە و ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بانگهێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر بۆ ڕۆژئاوی کوردستان دەکەن و هەشت خاڵیش وەک بنەما بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری سووریا دادەنێن.

 

چیرۆکی سەرەکی: دووشەممە 17-2-2025، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) و ئیدارەی خۆسەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ گەیشتن دیدگایەکی هاوبەش لەسەر ئاییندەی سووریا بەڕێوەچوو.

 

لێدوانی فەرمی: ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی لیوای باکوور لە هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، لایەنەکان گەیشتنە ڕێککەوتنی گرنگ لە تووندوتۆڵکردنی هاوکاری و سەقامگیرکردنی سووریا.

 

  • زانیاریی زیاتر: هاوکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی خۆی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا ڕاگەیاند وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئایندەیەکی گەش لە ناوچەکەدا.
  •  

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بە گوێرەی ئەبو عومەر ئیدلیبی دیارترین بڕگەکان کە لەسەری ڕێککەوتوون، بریتین لە 8 خاڵ:

1. یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان: ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دامەزراوە ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە پێکهاتەی سوپای سووریا بە ئامانجی یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هێزی نیشتمانی.

2. چالاککردنەوەی دامەزراوە مەدەنییەکان: بەشداربووان ڕێککەوتن لەسەر چالاککردنەوەی دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی سەر بە دەوڵەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و باشترکردنی ئاستی ژیانی دانیشتووان.

3. کشانەوەی چەکدارانی بیانی: کشانەوەی سەرجەم چەکدارانی غەیرە سووری لە ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی سەروەری و سەقامگیریی نیشتمانی دووپاتکرایەوە.

4. بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا: ڕێککەوتن لەسەر چڕکردنەوەی کۆبوونەوە و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە دیمەشق بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لەسەر پرسە نیشتمانییەکان.

5. جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەیی سووریا: جەخت لەسەر گرنگی یەکپارچەیی خاکی سووریا کرایەوە و لە یەکخستنی هێزە خۆجێییەکان بۆ نێو سوپای سووریا کە دەبێتە بەهێزکردنی تواناکان بۆ پاراستنی نیشتمان.

6. گەڕانەوەی ئاوارەکان: ڕێککەوتن لەسەر ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دەستەبەرکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ ژیانیان.

7. پیرۆزبایی و بانگهێشتکردنی ئەحمەد شەرع: پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کرا بەبۆنەی وەرگرتنی سەرۆکایەتی لەگەڵ بانگهێشتی فەرمی بۆ سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان.

8. میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی لەسەری ڕێککەوتوون: لیژنەی هاوبەش لە هەموو لایەنەکان پێکهێنراوە بۆ دانانی پلان و میکانیزمی جێبەجێکردن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی  بڕگەکانی ڕێککەوتەنەکە بەشێوەیەکی کاریگەر.

 

زانیاریی زیاتر: بە وتەی ئەبو عومەر ئیدلیبی، ئەم ڕێککەوتنانە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی و بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی زیاتر لە سووریا دێت.

 

لەلایەکی دیکە: تا ئێستا هیچ دڵنیاییەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی سووریا یان لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەوە سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتنانە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیان نەدراوە.

 

ئەمەش بزانە: ڕۆژی دووشەممە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات  'هەسەدە' پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع کرد بەبۆنەی وەرگرتنی سەرۆکایەتی وڵات و پشتیوانی خۆی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەموو خەڵکی سووریا دەربڕی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: