زیاتر لە 10 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانەی مۆسکۆ ڕاگیراون

شەیری بکە لە:
زیاتر لە 10 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانەی مۆسکۆ ڕاگیراون

فڕۆکەخانەی مۆسکۆ

ئاڤا نیوز

زیاتر لە 10 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مۆسکۆ ڕاگیراون و لەڕێگەی ئاڤا میدیاوە داوایەک ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.

چیرۆکی سەرەکی: ماوەی دوو ڕۆژە زیاتر لە 10 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتیی مۆسکۆ ڕاگیراون، ڕێگەیان پێنادرێت بچنە نێو وڵاتەکەوە، ئاڤا میدیا پەیوەندی بەو هاونیشتمانیانەوە کرد و دوایین زانیاریی لەبارەیانەوە ئاشکرا دەکات.

لێدوانە فەرمییەکان:

- یەکێک لەو هاونیشتمانیانەی لە فڕۆکەخانەکە ڕاگیراوە بە ئاڤا میدیای گوت، "نازانین بۆچی ڕاگیراوین، چونکە بە ڤیزا و لەڕێگەی یاساییەوە هاتووینەتە وڵاتەکە، ئێستا ڕاگیراوین و ناهێڵن داخڵی مۆسکۆبین، دۆخمان خراپە و لە فڕۆکەخانەکە ئاوێک بە هەشت دۆلارە، ژەمێک خواردنیش بە زیاتر لە 30 دۆلار دەکڕین، ئاوا بڕوات پارەمان پێنامێنێت نان و ئاویش بخۆین".

- د. دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا بە وەکالەت بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئەم گرفتە ڕووبەڕووی هاووڵاتییانی عێراق و کوردستان دەبێتەوە، چونکە خەڵکانێک ڤیزای ڕووسیایان وەرگرتوو و هەوڵیان داوە لەوڵاتەکەوە بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا، بۆیە ڕێککارەکانی چوونە نێو ڕووسیا لەسەر هاونیشتمانیانی ئێمە تووند کراوە".


- زیرەک زێباری، بەڕێوەبەری پرۆتۆکۆل لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: گفتۆگۆمان لەگەڵ کونسوڵخانەی ڕووسیا لە بەغدا کردووە و چاوەڕێین وەڵاممان بدەنەوە، تاوەکو بزانین بۆچی ئەو هاونیشتمانیانە لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ ڕاگیراون، ئایا دیپۆرت دەکرێنەوە یان ڕێگەیان پێ دەدرێت بچنە نێو وڵاتەکەوە.

باکگراوند: پێشتر و لە سەرەتای ئەم مانگە، 13 گەنجی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانەی مۆسکۆ بەهەمان شێوە ڕاگیرابوون، 25 گەنجی دیکەش لە بیلاڕووسیا دەستبەسەربوون کە بە مەبەستی ڕۆشتن بەرەو و ڵاتانی ئەورووپا چووبوونە ئەو وڵاتە و لەسەر سنووری لاتیڤیا هێزەکانی کۆماندۆی لاتیڤیا لەژێر ئەشکەنجەدا گەنجێکیانی کوشتبوو.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: