سەرجەم مامەڵە دادنووسییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئەلیكترۆنی كراون

شەیری بکە لە:
سەرجەم مامەڵە دادنووسییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئەلیكترۆنی كراون

فەرمانگەی دادنووسی دووەمی هەولێر

 

ئاڤا نیوز

دوای چەندین ساڵ كاری بەردەوام بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزاریی دادنووسی، ئێستا سەرجەم مامەڵە دادنووسییەكانی هەرێمی كوردستان بە سیستەمی ئەلیكترۆنی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت.

وێنە گەورەكە: مامەڵە دادنووسییەكان لەنموونەی (وەكالە، كەفالە، كۆمپیاڵە و بەڵێننامە و خزمەتگوزارییە دادنووسییەكانی تر) لە دیارترین ئەو خزمەتگوزاریانەن كە فەرمانگە دادییەكانی سەر بە وەزارەتی داد پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكەن، لەماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاری جدی و چڕ كرا بۆ ئەوەی سیستەمی دادنووسی بە تەواوی بكرێتە ئەلیكترۆنی و بواری فێڵ و ساختەكاری نەمێنێت.

بۆچی گرنگە: بەرلەوەی مامەڵە دادنووسییەكان بكرێنە ئەلیكترۆنی، تاوانەكانی فێڵكردن و ساختەكاری و تەزویر پەرەی سەندبوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بنبڕكردنی ئەو دیاردە و پاراستنی نووسراوە فەرمییەكان لە ساختەكاری و خێرا ڕاییكدرنی مامەڵەی هاووڵاتیان، بڕیاری دا سەرجەم نووسراوە دادنووسییەكان بە سیستەمی ئەلیكترۆنی بكرێن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگە دادنووسییەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، ئێستا 74 فەرمانگەی دادنووسی لە هەرێمی كوردستان هەن و سەرجەمیان بە سیستەمی ئەلیكترۆنی، خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن، پلانیش هەیە فەرمانگەی دادنووسی زیاتر لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە.

زانیاریی زیاتر: هاوكات 243 دادنووس لەلایەن وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتیان پێدراوە بۆ ئەوەی مامەڵەی هاووڵاتیان بەخێرایی ڕایی بكەن و بەهیچ شێوەیەك قەرەباڵغی لە فەرمانگە دادنووسییەكان دروست نەبێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: وەزارەتی داد بۆ هاوكاریكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كە لەكاتی بەیانیان دەوامیان هەیە و ناتوانن ئەركەكانیان جێبهێڵن، فەرمانگەی دادنووسی ئێوارانی كردووەتەوە كە لە دوای نیوەڕۆوە تاوەكو ئێوارە بەڕووی هاووڵاتیان كراوەن.

ژمارەكان وادەڵێن: 

 

 

- له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى 17 فه‌رمانگه‌ و 92 دادنووس هه‌ن.

- له‌ سلێمانى و ده‌وروبه‌رى 24 فه‌رمانگه‌ و 71 دادنووس هه‌ن.

- له‌ دهۆك و ده‌وروبه‌رى 15 فه‌رمانگه‌ و 37 دادنووس هه‌ن.

- له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌رى 3 فه‌رمانگه‌ و 7 دادنووس هه‌ن.

- له‌ ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى ڕاپه‌ڕين 7 فه‌رمانگه‌ و 17 دادنووس هه‌ن.

- له‌ ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران 6 فه‌رمانگه‌ و 11 دادنووس هه‌ن.

- له‌ كۆيه‌ و ده‌وروبه‌ريشى 2 فه‌رمانگه‌ و 8 دادنووس هه‌ن.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: