دوو چین و دوو جیهانی بەسڕەی بە نەوت دەوڵەمەند

شەیری بکە لە:
گەندەڵی و هەژاری و بێکاری بەرۆکی بەسڕەیان گرتووە

گەندەڵی و هەژاری و بێکاری بەرۆکی بەسڕەیان گرتووە

ئاڤا نیوز

 

وێڕای ئەوەی بەسڕە یەکێکە لەو پارێزگایانەی عێراق کە بە نەوت دەوڵەمەندە، بەڵام "بەهۆی دەسەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە" هەژاری تەنگی پێ هەڵچنیوە.

 

وێنە گەورەکە: لەگەڵ ئەوەی بەسڕە دەوڵەمەترین شاری عێراقە،  گەندەڵی و هەژاری و بێکاری بەرۆکی بەسڕەیان گرتووە و هەزاران کەس بەسەختی بژێویی ژیانیان پەیدا دەکەن.

 

لێدوانی فەرمی: عەبدول زەهرا هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ساڵی 2018ـی وەزارەت ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا، کە دانیشتووانەکەی لە 43 ملیۆن کەس پێکدێت، 21%ـە.

 

هۆکارە زانراوەکان: گەندەڵیی زۆر و ململانێی دەسەڵاتی نێوان لایەنە سیاییەکان و ناکۆکیی میلیشیاکان لەسەر سامانی بەسڕە وایان کردووە شارەکە لە لاوازیدا بەجێ بمێنێت، ئەوەندەی دیکە خراپ بووە.

 

ڕاپۆرتێکی ورد لەمبارەیەوە؛ لێرەوە درێژەکەی بخوێنەوە..

 

گەندەڵی و هەژاری و بێکاری بەرۆکی بەسڕەیان گرتووە، کە دەوڵەمەندترین شاری عێراقە، هەزاران کەس تاوەکو بژێویی ژیانیان پەیدا دەکەن، دەڕەتێن.

 

عەباس عەبوود، دانیشتوویێکی تەمەن 34 ساڵەی بەسڕەی بە نەوت دەوڵەمەندی باشووری عێراقە، ڕۆژەکەی بە دوو کارەوە بەسەر دەبات. لە 05:00ـی بەیانی تاوەکو 04:00ـی ئێوارە لە کێڵگەیەکی نەوت کرێکارە، مووچەی مانگانەکەی 600 هەزار دیناری عێراقییە، واتە نزیکەی 460 دۆلاری ئەمریکی.

 

لە 05:00ـی ئێوارەش تاوەکو 10:00ـی شەو لە دوکانێکی میوەفرۆشیدا کار دەکات و 300 هەزار دیناری دیکە لە مانگێکدا پەیدا دەکات. بەڵام وێڕای دوو کارەکەش، هێشتا دابینکردنی پێداویستیی ماڵ و ژن و چوار منداڵەکەی هەر تێکۆشانی دەوێت.

 

عەباس دەستی بە قژیدا هێنا و بە بزەیەکی تاڵەوە گوتی: "پێش ئەوەی لە کێڵگەی نەوتەکە کار بکەم قژم ڕەشی قەترانی بوو، لەم بیابانە سووتێنەرەی بەسڕەدا، کە لە هاویندا پلەی گەرما دەچێتە سەروو 50 پلەی سیلیزییەوە. ئێستا قاوەیی بووە، بەڵام هێشتا قژ بە سەرمەوە ماوە. زۆر کەس خەون بە کارەکەمەوە دەبینن".


عەباس و خێزانەکەی لە خانووێکی کرێدان لە گەڕەکی ئەلحوسەین، کە گەڕەکێکی بەناوبانگە لە ناوەڕاستی بەسڕە. دوای ئەوەی بە هۆی سەختیی باری ئابووریی خێزانەکەیەوە لە قۆناغی نۆی ناوەندی لە قوتابخانە دەرچوو، ئەوێی بۆ ژیان هەڵبژارد، وازهێنانیشی لە قوتابخانە وای کردووە بژاردەی سنوورداری هەلی کاری بۆ فەراهەم ببێت.


عەباس وێڕای کۆشش بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی، بەڵام هێشتا لەسەر کارەکەی یەکدڵە، چونکە دەبینێت کە چۆن خزمە گەنجترەکانی، وێڕای بڕوانامەی بەرزیش، بەهۆی دەگمەنیی هەلی کار و کاتژمێری درێژی کارکردن و مووچەی کەمەوە لە بەدەستهێنانی کارێکی ڕێکوپێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. 

 

زۆرجار کرێکاری وەک عەباس لەگەڵ کۆمپانیای کەرتی تایبەتدا تووشی پەیوەندییەکی پڕ لە کێشە دەبن، چونکە کۆمپانیاکان یاساکانی کار پێشێل دەکەن.


ماددەی 55ـی یاسای کاری عێراقی، کە هەشت کاتژمێر کارکردنی لە ڕۆژێکدا دیاری کردووە، لای زۆربەی خەڵکان وەک ئوستوورە (ئەو چیرۆکەیە کە دانەرەکەی یان ڕەگەزەکەی شاراوەیە) وایە. چونکە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت داوای 10 کاتژمێر کاری ڕۆژانە دەکەن و لە بەرامبەریشدا مووچەیەکی زۆر کەم دەدەن، دژبەرەکانیشیان بێ هیچ پاراستنێکی یاسایی پشتگوێی دەخەن.


محەممەد حوسێن، دەرچووێکی زانکۆیە و تەمەن 28 ساڵە و شەش ساڵە بە دوای کاردا دەگەڕێت، پێی وایە حکومەت لە بەسڕە لە ڕەخساندنی هەلی کاردا نادادپەروەرە، بەوە حکومەت تۆمەتبار دەکات کە کارەکان بە لایەنگرانی تاقم و دەستە و پارتە سیاسییەکان دەدات و لەپێشتری بۆ ئەوانە.


محەممەد، کە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک لە چایخانەیەکی لای ماڵی خۆیانەوە بەسەر دەبات، لەبارەی نامورادی و شکستی بێشوماری خۆیەوە لە داواکردنی کار دەدوێت.


دەڵێت: بە هەزاران خەڵک لەبەر نەبوونی کار لە ناوچەکانی دیکەوە دێن بۆ بەسڕە، بەسەر هەموو کەرتەکاندا دەدەن و وایان کردووە مووچەکان زۆر کەم ببنەوە.


گوتیشی: دەبێت هەژارەکان و ئەوانەی داهاتێکی کەمیان هەیە بە هۆی کەمیی کۆمپانیای پیشەسازیی کەرتی تایبەتەوە لەگەڵ سەختییەکاندا هەڵبکەن. پارتە سیاسییەکان کۆمپانیا گەورەکانیان قۆرخ کردووە. تاوەکو لایەنگریان نەبین ڕێگەمان پێ نادەن. ئەگەر کارێکیشمان دەست بکەوێت، زۆربەی کات کارێکی کەمە و بە مووچەیەکی کەمە.


21%ـی وڵاتەکە هەژارن


عەبدول زەهرا هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ساڵی 2018ـی وەزارەت ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا، کە دانیشتووانەکەی لە 43 ملیۆن کەس پێکدێت، 21%ـە.


هنداوی ئاماژەی بە ڕاپرسییەکی نوێتری کۆمەڵایەتی و ئابووری داوە کە لە تەممووزی 2023ـدا دەستی پێ کردووە و بڕیارە لە ناوەڕاستی 2024ـدا تەواو ببێت، ڕاپرسییەکە بەسەر دوو قۆناغدا دابەش بووە.


گوتەبێژەکە جەختی لە پابەندیی حکومەتی عێراق کردەوە کە چارەکردنی هەژاری لە سەرووی لەپێشینەکانییدایە.

 

 دەستپێشخەرییەکانی وەزارەتی پلاندانانی خستە ڕوو، کە ئەم کێشەیە لە ڕێگە سیاسی و پلانە گەشەپێدانییەکانییەوە چارە دەکات، تیشکیشی خستە سەر دوو ڕێباز.


یەکەمیان ئەوەیە کە ستراتیژێکی دژەهەژاری دادەڕێژێت، ئەمەش لە 2024 تاوەکو 2028 دەخایێنێت. پاشان سەردەکێشێت بۆ پلانێکی پێنج ساڵی.


هنداوی گەشبینیی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بە باشتربوونی بارودۆخی عێراق دا لە سایەی بەرزبوونەوەی داهاتی ئەم دواییانەی نەوتەوە، گوتی: سندووقێک بۆ پشتیوانیی ناوچە هەرە هەژارەکان دادەمەزرێنین، کە بەشێک لە بودجەی سێبەشیی 2023 و 2024 و 2025 لەخۆ بگرێت.


ئابووریناسەکان تیشک دەخەنە سەر کاریگەرییە ئەرێییەکانی باشترکردنی دابەشکردنی بەشەخۆراک، کە بە نزیکی هەموو مانگێک شمەکی پێویستیی وەک برنج و ئارد و ڕۆن و شەکر و پاقلەمەنییەکان بە ملیۆنان عێراقی دەدرێن.


ئەم دەستپێشخەرییە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەشدارییەکی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاریدا کردووە، بەڵام وێڕای ئەم هەوڵانەش، ئاڵنگارییەکان هەر ماون.


هەڵکشانی ئاماری بێکاری، لەگەڵ هەڵاوسان و هەڵکشانی نرخی خانووبەرە، پەروەردە و تەندروستی وایان کردووە سێیەکی عێراقییەکان بە ئەستەم لەسەروو هێڵی هەژارییەوە بن.


بەگوێرەی داتای دەزگای ستاتیستا-ـی ئەڵمانی، کە پسپۆڕییان لە بازاڕناسیی جیهانیدا هەیە، عێراق لە ساڵی 2022ـدا بە دەست ڕێژەیەکی بەرزی بێکارییەوە ناڵاندوویەتی، کە ڕێژەکە گەیشتووەتە 15.55%. ئەمە عێراقی خستووەتە نێو بەرزترین ڕیزبەندییەکانی بێکاریی جیهانەوە. شایەنی باسیشە عێراق لە ساڵی 2021ـدا بەرزترین ڕێژەی بێکاری لە بیست ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرد، کە گەیشتە 16.3%.


ئەم ئامارانە زایەڵەی ئەو جۆشوخرۆشەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانانن کە دەریبڕین، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکی ساڵی 2021، کە ڕێکخراوی ئاماری ناوەندی بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی کاری جیهانیدا ئەنجامیان داوە.


ڕاپرسییەکە لە نێو گێژاوی واگرەی کۆڤیددا ڕاستییەکی تاڵی ئاشکرا کردووە: ڕێژەی بێکاری لەنێو ئەوانەی لە ڕووی ئابوورییەوە تاکی چالاکن، واتە ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 63 ساڵە، تاوەکو 16.5% هەڵکشاوە و بە دوای کاردا دەگەڕێن.


شایەنی باسە، ئەم ڕێژەیە کابانی ماڵ و قوتابییانی زانکۆ ناگرێتەوە، کە لە دەرەوەی پۆلێنی هێزی کاردان.
قەیرانی بێکاری لەنێو دانیشتووە گەنجەکانی عێراقدا قووڵترە، بە تایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 18 تاوەکو 30 ساڵە، ڕێژەکە تاوەکو نزیکەی 21% هەڵدەکشێت.


ئەم دیمۆگرافیایە نمایشی بەشێکی بنچینەیی خەڵکی وڵاتەکە دەکات، کە ساڵانە سەدان هەزار قوتابیی زانکۆ و پەیمانگەکان دەردەچن، بە پەرۆشەوە بە دوای کاری چنگنەکەوتوودا دەگەڕێن.


کەرتی حکومی بە دەست ئەرکی سەختی چارەکردنی ئەم کێشەیەوە دەناڵێنێت، کەرتی تایبەتیش لە لاوازیدا لە شکستدایە. ئەم کێشەیە لە هیچ جێیەکدا بە هێندەی پارێزگاکانی باشوور، بە بەسڕەشەوە، ڕاست نییە، کە ڕێژەی لەدایکبوون لە بەسڕە بەرزە. بەڵام هەندێک لە ئابووریناسان گومان لەم ئامارە فەرمییانە دەکەن، یەکێک لەوانە سەفوان غانم-ە، کە پڕۆفیسۆری زانکۆیە.


سەفوان وردێتیی ئەو داتایانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە وەزارەتی پلاندانان خستوویاننەتە ڕوو، بە پێچەوانەوە پێی وایە ڕێژەی هەژاری لە خەمڵاندنە فەرمییەکان زیاتر بێت. ئەم یەکنەگرتنەوەیە دەخاتە پاڵ گەشەی ڕکێفنەکراوی دانیشتووان، بەوەی کە دەستپێشخەریی ستراتیژی بۆ بووژاندنەوەی دەزگا و کارگە لەکارکەوتووەکانی بەسڕە و ناوچەکانی دەوروبەری، یان دەستپێکردنی کارخانەی نوێ لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەم گەشە ڕکێفنەکراوەی دانیشتوواندا نین.


پێی وایە تێگەیشتنی حکومەت لە هەژاری و بێکاری تێگەیشتنێکی دروست نییە، ئاماژەی دا بەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاپرسیی گشتگیر نەکراون، گوتیشی کە حکومەت پشت بە چەند خەمڵاندنێکی گۆترەیی و ڕاپرسیی هەڵە دەبەستێت.
گەرچی دان بە باشتربوونێکی کەمدا دەنێت لە بواری ئابووریی ئێستا بەراورد لەگەڵ ماوەی شڵۆقی نێوان 2003 تاوەکو ناوەڕاستی 2017، کە گرووپە چەکدارەکان ئەو ماوەیە چالاکیی سەربازییان هەبووە، بەڵام وێڕای ئەمەش، هێشتا هەر پێی وایە باشتربوونەکە بەس نییە.


داوای دەستتێوەردانی زیاتری حکومەت دەکات بۆ چالاککردنی پڕۆژە ئابوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کە ڕێ لە هەوڵەکانی جێبەجێکردن دەگرێت و سەرچاوەی بە نرخ بە فیڕۆ دەدات و ئاستەنگ بۆ دروستکردنی هەلی کار دادەنێت.
ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکیی پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەتیش دا، کە پێی وایە ئێجگار لاوازە، گوتی کە چاکبوونەوەی ڕاستەقینەی ئابووری بێ ئەوە بە دەست نایەت.


هەژاری و نیشتەجێبوونی نافەرمی لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی وڵاتەکەدا


بە گوێرەی ڕاپرسییەکی وەزارەتی پلاندانان، کە لە کۆتایی ساڵی 2018ـدا کرا، پارێزگاکانی باشووری عێراق، لەوانە: موسەننا، دیوانییە، زیقار، میسان، بە دەست هەژارییەکی زۆرەوە دەناڵێنن، کە ڕێژەکەی 40% تێدەپەڕێنێت.


ئەم دۆخە ئابوورییە سەختە وا دەکات دەیان هەزار دانیشتووی بەسڕە بە دوای هەلی کاردا بگەڕێن، ئەمەش گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر شارەکە. بەگوێرەی هەمان ڕاپرسی: وێڕای ئەوەی دانیشتووانی بەسڕە لە 3 ملیۆن زیاترن، بەڵام بە دەست ڕێژەی 16% هەژارییەوە دەناڵێنێت.


وێڕای ئەوەی بەسڕە پارێزگایەکی بە نەوت دەوڵەمەندە، کەچی بێبرەویی ئابووری بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ساڵی 2020ـدا بە شێوەیەکی نافەرمی ڕێژەی هەژاریی دووهێندە کردووە.


بەسڕە خاوەنی 59%ـی یەدەگی نەوتی هەموو عێراقە. 15 کێڵگەی نەوتی لێیە، دە دانەیان لە کاردان و پێنجەکەی دیکەش لە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێداندان. جگە لەوەی شەش بەندەری بازرگانیشی تێدایە، لەوانە: ئوم قەسر، خور ئەززوبەیر، مەعقەل، ئەبو فلوس، عەمیق، بەندەری بەسڕە. جگە لەوانەش، بەسڕە دوو مەرزی شەلمەجە و سەفوان-یشی لێیە.


کەچی بەسڕە و چەندین شاری دیکەی دەوڵەمەند بە نەوتی باشوور هەمان کێشەیان هەیە، کە ئەویش تەشەنەسەندنی نیشتەجێبوونی نافەرمییە.


ئەم نیشتەجێبووانە بە خانووی نایاسایی و پلانی هەڕەمەکی دەناسرێنەوە، کە لە گوندی بچووک دەچن. گەڕەکی هەژارنشین و هەیکەلی خانووی سەرەتایی زۆر بڵاون، خزمەتگوزاریی سەرەتاییان نییە، ئەگەرچی بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی بەسڕە پێکدەهێنن.


ئەم ناوچانە وێنەیەکی نەخوازراومان پیشان دەدەن، وێنەیەک کە دەسەڵاتدارە حکومییەکان زۆرجار لە چاوی خەڵکی دەشارنەوە.


حکومەت لە هەوڵێکدا بۆ شاردنەوەی هەژاری، لە ماوەی جامی کەنداو بۆ تۆپی پێ، کە سەرەتای ساڵی 2023 لە بەسڕە بە ڕێوەچوو، تاوەکو ئەو ئاستە ڕۆیشت کە بۆ ڕێگرتن لە چوون بۆ ناوچە هەژارنشینەکان دیوار هەڵبچنێت.


چالاکوانە مەدەنییەکان تیشک دەخەنە سەر ناکۆکییە خێڵەکییەکان و بوونی ڕێکخراوی تاوانکاری، کە بە تایبەتی خەریکی بازرگانیی ماددەی هۆشبەرن. زۆرێک لەم گرووپە تاوانکارییانەی دەسەڵاتیان هەیە و چەکدارن، لەمپەرێکی ترسێنەری بەر هەوڵەکانی جێبەجێکردنی یاسان.


ساحەتول ئیحتیفال-ـی ناوەڕاستی بەسڕە نموونەیەکی دیاری ئەم لەمپەرانەیە و بەڵگەی زیادبوونی نیشتەجێبوونی نافەرمییە.


شوێنەکە ڕووبەری 5 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، زیاتر لە 2 هەزار خێزانی تێدایە. جگە لەوەش، هێڵی نیشتەجێبوونی نافەرمیی قەراغی شەقامی بەغداد، کە شاڕێی سەرەکیی چوونەناوەوەی شاری بەسڕەیە لە پارێزگاکانی میسان و زیقاڕەوە، زیاتر لە 150 هەزار خێزان لەخۆ دەگرێت.


نیشتەجێبوونە نافەرمییەکان بەسەر گەڕەکەکانی حەییانییە، قیبلە، گەڕەکی ئەندازیاران، موفەکییە، عالییە، عەشار، گەڕەکی کۆمار، گەڕەکی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆدا بڵاو بوونەتەوە. چالاکوانەکان دەڵێن زیاتر لە 100 هەزار خانووی نافەرمی لەم ناوچانەدا هەن. جگە لەوەش، لە دەرەوەی ناوەندی شاری بەسڕەدا ناوچەی نیشتەجێبوونی نافەرمیی وەک زوبەیر هەیە، کە زیاتر لە 300 هەزار خانوو لەخۆ دەگرێت.


ئەم ناوچانە بەدەست نەبوونی ژێرخانی بنچینەییەوە دەناڵێنن، لەوانە: نەبوونی نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی، قوتابخانە، کارەبا، ئاو، شەقامی قیرتاوکراو. کۆمپانیاکانی پاککردنەوە ئەم ناوچانە پشتگوێ دەخەن و پاشماوەکان کەڵەکە دەبن، نەبوونی زێرابی ڕێکوپێکیش وای کردووە ئاوی پیسیشیان لێ کۆ ببێتەوە.


سەرەڕای شیانە گەورەکەی بەسڕە، کەچی هەر لە دۆخێکی فەرامۆشکراودا ماوەتەوە، بەهۆی ساڵانێک لە گەشەی خاو و بە دەست ڕێگری لە پلانی گەشەوە دەناڵێنێت.


گەندەڵیی زۆر و ململانێی دەسەڵاتی نێوان لایەنە سیاییەکان و ناکۆکیی میلیشیاکان لەسەر سامانی بەسڕە وایان کردووە شارەکە لە لاوازیدا بەجێ بمێنێت. لە ئەنجامیشدا زۆرینەی دانیشتووانەکەی بەرگەی گوزەرانێکی خوار ئاستی ستاندارد دەگرن، کە گوزەرانەکەیان بە هۆی ئابووریی لاواز و خراپیی خزمەتگوزارییەکان و پشتگوێخستنی پاڵشار و لێشاوی بێوچانی خەڵک و ئاوارەبوونی خەڵکانی ناوچەکانی دەوروبەری، ئەوەندەی دیکە خراپ بووە.


هەڵاواردنی چینایەتی


زەینلعابدین خوەیلدی، کە چالاکوانێکی مەدەنییە، پێی وایە هەر لە ساڵی 2003ـەوە یەک لە دوای یەک لە دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبووندا شکستی حکومەتەکانیان دیوە، کە ئامانج لەم کۆمەڵگەیانە باشترکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووە نافەرمییەکان بووە لەو بارودۆخە خراپەی تیایدان.


پاش کەمێک وەستان گوتی: ئێمە تۆمەتی تاوان و دواکەوتوویی و نەخوێندواری دەخەینە پاڵ دانیشتووەکانی ئەم ناوچانە، بەڵام دۆخە سەختەکەیان لەبەرچاو دەگرین، نە نەتوانینی حکومەتیش لەبەرچاو دەگرین لە پەرەپێدانی ژینگەیەکی گەشەسەندوو بە خانووبەرەی ڕێکوپێک، پەروەردە، تەندروستی و پێداویستیی سەرەکیی دیکە دیکە.


"بەپێچەوانەوە، لە هەندێک ناوچەی بەسڕەدا کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی فرەنهۆمی دەبینین، پۆز بە خۆشگوزەرانییەکی بێوێنە و ئاسایش و ئاسوودەییەوە لێدەدەن. چواردەوریان دیواری بەرز و دەروازەیە، ئەم کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونانە ڕێ لە هاتوچۆی خەڵکی دەرەوە دەگرن، زۆرتر ماڵی بەرپرسان و نەوەی چینی دەوڵەمەندەکان لەوێن".


کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەمەل و ئەمەلسساکینین لەنێو ئەو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونە دیارانەدا بوون کە خوەیلدی ناویانی هێنا. هەریەکەیان نزیکەی چوار کیلۆمەتر چوارگۆشەن، هەروەها ناوی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نێرگز-یشی هێنا، کە زیاتر لە شەش کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.


هەر یەکێک لەم کۆمەڵگە داخراوانە پۆز بە دەزگای ئاسایشی تووند و ژێرخانی زۆر باش و قوتابخانە و خزمەتگوزاریی گشتگیرەوە لێدەدەن.


سەرەتا مەرجی دامەزراندنی ئەم کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونانە بۆ چارەسەری کەمیی شوێنی نیشتەجێبوون و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە شوێنی نیشتەجێبوونی ڕێکوپێکی هاووڵاتیان بوو. سەرەتا حکومەت ئەم پارچە زەوییە فراوانانەی بە نرخێکی کەم لە ڕێی تەندەرەوە بە کۆمپانیاکانی بیناسازی دەدا. بەڵام دواتر نرخی فرۆشتنەوەیان بۆ ئاستێکی زۆر گران بەرز بووەوە، کە نرخیان لە نێوان 350 ملیۆنەوە تاوەکو یەک ملیار دیناری عێراقییە، بە هۆی سنووردارێتیی دابینکردن و پێویستێتیی بونیادنانی دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی نوێوە".


خوەیلدی چەشنی زۆربەی خاوەنەکانی ئەم یەکەی نیشتەجێبوونانەی خستە ڕوو و گوتی: "دانیشتووانی ئەم یەکانە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری گشتیی کەرتی حکومی و دادوەر و ئەندامانی پەرلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ڕامیاری دەستڕۆیشتووی پارتە دەسەڵاتدارەکان و بازرگانەکان و چینێکی تازەدەوڵەمەند".


دەڵێت: "ئەم کەسانە لە پشت بەربەستی زۆر بەرزەوە جێی خۆیان خۆش کردووە و چاویان لە دۆخە سەختەکەی بەسڕە و ئەو گەڕەکانە پۆشیوە کە خەڵکی هەژار و خێزانی خاوەن داهاتی مامناوەندی تیایاندا دەژین".


مووچەی کەم


حەیدەر باسم، کە چالاکوانێکی مەدەنییە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕاپرسییەکی کورتی پارێزگای بەسڕە ئاستی هەژاریی بەربڵاوی بەسڕە دەردەخات.


گوتی: "ڕەوا نییە ڕاستیی بەسڕە بشێوێنرێت، بەوەی وەک بەهەشتی هەلی کار و مووچەی باش بۆ دابینکردنی خێزان پیشان بدرێت". پاشان پرسیی: "کێ دەتوانێت بە مووچەیەکی 600 هەزاری، یان تەنانەت 800 هەزار دیناری بژیێت؟ چۆن دەتوانن کرێ یان خەرجیی تەندروستی دەربهێننەوە؟".


باسم ئاماژە بە ئامارێکی کۆتایی ساڵی 2020ـی نووسینگەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دەدات لە بارەی پارێزگاکەوە، بەگوێرەی ئامارەکە ڕێژەی هەژاری لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا گەیشتووەتە 40%، ڕوونی کردەوە کە: "ئەمە واتە 1.2 ملیۆن کەس بە دەست پەیداکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی مانەوەیانەوە دەناڵێنن".


ئەو هۆکارانەی دەستنیشان کرد کە لە تەشەنەسەندنی هەژاری لە نێو شارێکی دەوڵەمەندی وەک بەسڕەدا بەشدارن.
"دابەشکردنی نایەکسانانەی سامان، خاترخاترێنە لە پێدانی کاردا، پووکانەوەی کەرتی پیشەسازی و تایبەت، تەنانەت کۆششی ئەنقەستی پارتە سیاسییەکان بۆ هێشتنەوەی گەنجان لە نەداری و پشتبەستن بەواندا بۆ ئەوەی ئەجێندا و بەرژەوەندیی خۆیان ببەنە پێشەوە".


حەیدەر سەبارەت بە مووچەی کەرتی تایبەتی پارێزگاگە گوتی: زۆربەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وابەستن بە پێدانی کەمترین مووچەی ڕێپێدراوی یاساییەوە کە هەمواری 2015ـی ماددەی ژمارە 37ـی یاسای کاری عێراقی دیاری کردووە، کە ئەویش 350 هەزار دیناری عێراقییە و بڕێکی کەمە".


حەیدەر داوای داڕشتنەوەی یاساکە دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆخی ئابووریی گشتیدا بگونجێت. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە: کارمەندان بە مووچەی وەها کەم و کاتی درێژی کارکردن تەنانەت ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆیشیان دابین بکەن، چ جای ئەوەی بگات بە دابینکردنی پێداویستیی خێزانەکانیان".


داوای لە حکومەت کرد دەست بە زنجیرەیەک دەستپێشخەری بکات: "وەک دامەزراندنی پەیمانگای ڕاهێنانی پیشەیی بۆ ئەوەی خەڵک فێری ئەو لێهاتوویی و شارەزاییانە ببن کە بازاڕ پێویستی پێیانە، هەروەها فراوانکردنی هاوکاریی دارایی بۆ ئاسانکردنی چوونە نێو کەرتی کاری سەربەخۆوە.


ئەحمەد سەعدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکی ساڵی 2022ـدا دەڵێت کە لەگەڵ کاراکردنی یاسای ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا بڕی کەمترین مووچەی ڕێپێدراو بۆ 450 هەزار دیناری عێراقی بەرز دەکرێتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 346 دۆلاری ئەمریکی.بەڵام خۆی بەدوور گرت لە دیاریکردنی کاتی جێبەجێکردنی زیادکردنی مووچەکەوە، کە پێویستی بە ڕێپێدانی پەرلەمان هەیە.


عەدنان جابری، کە ئەندامێکی پەرلەمانی بەسڕەیە، سێ هۆکاری سەرەکیی بێکاری و مووچەی کەمی دیاری کرد، کە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی پارێزگاکە دەخەنە ژێر هێڵی هەژارییەوە.


گوتی: پێشبڕکێی لێشاوی کرێکاری ناوچەکانی دیکە، ناڕوونی لە پرۆسەی دامەزراندن لە هەموو کەرتەکاندا، هەروەها کەمیی شارەزایی پێویست لە نێو گەنجانی بەسڕەدا، کە لە کەمیی پڕۆگرامی ڕاهێنانی پیشەییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ باشترکردنی شارەزاییە کردارەکییەکانیان.


جابری داوای کەمکردنەوەی لێشاوی کرێکاری بیانیی کرد: لەگەڵ هەوڵی هاوبەشی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و ناوەندی بۆ خستنەگەڕی دەستپێشخەریی ڕاهێنان و پەرەپێدانی شارەزایی گشتگیر بۆ گەنجان.


هۆشداریی دا لەوەی کە هەژاری و بێکاری دەبنە هۆی کەڵەکەبوونی کێشەی دیکەی وەک بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و توندوتیژی و کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوە.


بەگوتەی ڕەحیم دەرەجی-ـی ئەندام پەرلەمان: وێڕای ژمارەی زۆری دانیشتووانی بەسڕە، ژمارەی فەرمانبەرانی حکومەت لە 90 هەزار کەس تێپەڕ ناکات.


ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم فەرمانبەرانە بەسەر فەرمانگە جۆراوجۆرەکانی ژێر سنووری کاری وەزارەتەکاندا دابەش بوون، کە پەروەردە، تەندروستی، کارەبا، کشتوکاڵ، نەوت و ئەنجوومەنی پارێزگا دەگرنەوە.


لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراندنی حکومی ناتوانێت ملیۆنان تاکی بێکار لە سەرتاسەری وڵاتدا لەخۆ بگرێت. ئاوهاش ساڵانە سەدان هەزار گەنج، بەتایبەتی دەرچووانی زانکۆ، بەو ئومێدە سنووردارەی لە کەرتی تایبەت چاوەڕێ دەکرێت، بەهیوای ئەوەی کارێکیان دەست بکەوێت، لەسەر ئەو هەلی کارانە کێبڕکێ دەکەن کە بانگەواز دەکرێن. بەڵگەیەکی مەندیی ئاڵنگارییەکە ئەو کاتە بینرا کە زیاتر لە 8 ملیۆن عێراقی لە ماوەی 24 کاتژمێردا کارنامەیان بۆ وەرگرتنی چەند پۆستێکی دەزگای دژەتیرۆر نارد، کە لیوا کەریم تەمیمی-ی بەرپرسی دەزگاکە پشتڕاستی کردەوە.


دەرەجی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە زۆرینەی خەڵکی بەسڕە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن. بەڵام بە هۆی بەرزیی نرخی شمەک و تێچووی خزمەتگوزارییەوە، بە تایبەتی تەندروستی، بەرزیی نرخی خانووبەرە، مووچەکان خەرجیی ڕۆژانەی تاکەکان دابین ناکەن.


گوتی: «هەر چۆنێک بیگریت، داهاتی ڕۆژانەی کرێکارێک لە 25 هەزار دینار زیاتر نییە.


دیارنەمانی چینی ناوەندی


کێشەی هەژاری و نیشتەجێبوونی نافەرمی دەرەوەی شاری بەسڕەشی گرتووەتەوە، بە قەزا و ناحییەکانیشەوە. نوورەددین خایکانی، کە چالاکوانێکی مەدەنیی دانیشتووی گەڕەکێکی عەرەبنشینی قەزای زوبەیرە، کە نیو ملیۆن دانیشتووی لێیە، ئاماژە بە 44 هەزار تاکی بێکاری خۆناونووسکردوو دەدات، کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆرە.


خایکانی و چالاکوانێکی هاوڕێی، لەگەڵ نووسینگەی کاری زوبەیردا هەوڵی بەگەڕخستنی داتابەیسێکی گشتگیر دەدەن بۆ ئەوانەی بە دوای کاردا دەگەڕێن. بەوردی ژمارەیانیان تۆمار کردووە و ئەنجامەکانیان پێشکەشی قایمقامی قەزاکە کردووە.
گرنگە ئەوەش بڵێین کە لیستەکە ژمارەیەکی بەرچاو کەسی بێکاری تێدا نییە کە متمانەیان بە بەکاریی ناونووسین نییە و بە تەواوەتی ئاگایان لە هەلی کارەکان نییە.


خایکانی بە تیشکخستنە سەر بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری، جەخت لە دیارنەمانی چینی ناوەندیی بەسڕە دەکاتەوە.
گوتی: ئەوانەی دەمێننەوە هەژارەکان و ئەوانەن کە داهاتی کەمیان هەیە، کە زۆرینەی ڕەها پێکدەهێنن، لەگەڵ دەوڵەمەندەکاندا، کە زۆربەیان سەر بەو خێزانانەن کە پەیوەندییان بە پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە حکومییەکانەوە هەیە".


خاکانی تیشکیشی خستە سەر دۆخی قەزای زوبەیر کە پەناگەی ئاوارەکانی ناوچەکانی دیکەی پارێزگای بەسڕەیە، بە تایبەتی ئەوانەی لە دەست هەژاریی سەخت و وشکبوونەوەی زەویی کشتوکاڵیی پارێزگاکانی زیقاڕ و موسەننا هەڵهاتوون.
ئەم کەسانە کاری نافەرمیی وەک شۆفێریی تەکسی و نانەوایی و کرێکاریی بیناسازیدا کار دەکەن، ئەم ئاوارانە بە دەست مووچەیەکی زۆر کەم و بارودۆخێکی سەختەوە دەناڵێنن.


بەرپرسانی حکومیی بەسڕە دان بەو قەیرانانەدا دەنێن کە ڕووبەڕووی پارێزگاکە بوونەتەوە، پابەندیی خۆیشیان بۆ دەستپێکردنی ئەو پڕۆژانە دووپاتدەکەنەوە کە بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی گوزەران و خزمەتگوزاری دەخرێنە گەڕ. ڕایانگەیاند کە 32 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە نرخی کەم دابەش دەکەن، جگە لە دەستپێشخەرییەکان بۆ چاککردنی ئاوی زێراب و ڕێگەوبانەکان. بۆ ئەوەی کێشەی درێژخایەنی کەمیی ئاویش جارە بکەن، پلانیان هەیە ئاو بۆ بەکارهێنانی ماڵەکانیش دابین بکەن، کە ئەمەش پێویستییەکی دانیشتووانە، کە ئێستا ناچارن پشت بە ئاوی تانکەر ببەستن.
حکومەت لە کۆتایی ساڵی 2019ـدا ڕایگەیاند کە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی بێکاری 30 هەزار هەلی کار لەنێو دەزگا جۆراوجۆرەکانی حکومەتدا بۆ دانیشتووانی بەسڕە ڕادەگەیەنن.


بەڵام وەک بەشێک لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2023، کە لە سەرانسەری وڵاتدا 150 هەزار هەلی کاری لەخۆ دەگرت، بەسڕە پشکی تەنیا 13 هەزار و 295 هەلی کاری بەرکەوت. نزیکەی 340 هەزار کارخواز لەسەر ئەم هەلی کارانە کێبڕکێیان کرد و کارنامەیان ناردبوو، کە ئەمەش دژواریی کێشەی بێکاری دووپات دەکاتەوە.


بودجەی زەبەلاح و خۆپێشاندان


وەلا عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێری و پلاندانانی پارێزگای بەسڕە، پشکی بودجەی بەسڕەی ساڵی 2023ـی ئاشکرا کرد و گوتی کە گەیشتووەتە نزیکەی 2.8 تریلیۆن دینار.


ئەم بودجەیە پارەی پێترۆدۆلاریش دەگرێتەوە، کە گەیشتووەتە 1.447 تریلیۆن دینار، لەگەڵ پشکی گەشەپێدانی ناوچەکە، کە گەیشتووەتە 187 ملیار دینار. هەموو ئەم پارانە بۆ پڕۆژەی جۆراوجۆر تەرخان کراون، لەوانە: دەستپێشخەریی ستراتیجی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، کە بودجەکەی نزیکەی 5.6 ملیار دینار بووە.


لەگەڵ ئەم پشکانەدا، پارەی تریش بۆ پرۆژەی دیکە هەبووە، وەک دەزگای شیرینکردنی ئاو بە بودجەی 500 ملیۆن دینار، دروستکردنی ڕێگەی دەرەوەی شار بە بودجەی 100 ملیار دینار، دامەزراندنی سەنتەری چارەی شێرپەنجە و گورچیلە بە بودجەی 20 ملیار دینار، یەکەم قۆناغی پڕۆژەی زانکۆی نەوت و گاز بە بودجەی 50 ملیار دینار.


جگە لەوانەش بە بودجەی 200 ملیار دینار پارە بۆ پڕۆژەی بەسڕەی پایتەختی ئابووری تەرخان کراوە، هەروەها پڕۆژەی دیکە کە بە هەموویان 260 ملیار دیناریان بۆ تەرخان کراوە.


چالاکوانێکی مەدەنی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا ببێت، لەسەر ڕاگەیاندنەکانی حکومەت لە بارەی پلانی پەرەپێدانەوە گومانی خۆی دەربڕی و گوتی: ئەگەرچی پاش دوو دەیە لە پەنگخواردنەوە، هاوشێوەی جووڵەیەکی بونیادنانەوە هەیە، بەڵام ئەم هەوڵانە تەنیا ڕووکەشی پێویستییە قووڵەکانی بەسڕە چارە دەکەن.


گوتی: وێڕای ئەو بودجە گەورەیەی تەرخان کراوە، کە هاوشێوەی هەموو وڵاتانە، کەچی هێشتا بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە ئاستی ژیان و نیشتەجێبوون و پەروەردە و تەندروستیدا بۆ خەڵکی بەسڕە بەدی نەهاتوون.


چالاکوانەکە جگە لە ئاڵنگارییە بێوچانەکانی هەژاری و بێکاری، تیشکیشی خستە سەر سێ کێشەی دیکە، کە پێویستیان بە چارەی هەنووکەیی هەیە.


گوتی: چەک و ناکۆکیی خێڵەکی و حیزبی، زۆربوونی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، هەروەها ئەو پیسبوونە کوشندەیەی ئاو و هەوا و خاکیان ژەهراوی کردووە.


دانیشتووان لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین خۆپێشاندانیان دژ بە بارودۆخی گشتیی خراپی بەسڕە ساز کردووە، ڕەخنەیان لە کەمیی خزمەتگوزاری و گەندەڵیی زۆر لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بیناسازیدا گرتووە، کە بوونەتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیاران دۆلار.


ترۆپکی ئەم خۆپێشاندانانە لە ئەیلوولی 2018ـدا ڕووی دا، لە دوای ڕووداوی ژەهراویبوونێکی بەکۆمەڵەوە، کە بە هۆی خواردنەوەی ئاوی ژەهراویبووەوە ڕووی دا. خۆپێشاندانی هاوشێوە لە حوزەیران و تشرینی یەکەمی ساڵی 2019شدا ڕوویان دا، ئەوانیش لە بەرامبەر شکستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، کە بەهۆی کاریگەریی پارتە دەسەڵاتدارەکان و لایەنە چەکدارەکانەوە بوون، کە هیچ بەرپرسیارێتیییەکیان هەڵنەگرتووە.


بووژاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان؟


لە بەسڕە بۆچوونی جیاواز هەیە لە بارەی شیانی دامەزراندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە، هەندێک کەس داوای گەڕاندنەوەی دەکەن بۆ ئەوەی ببێت بە ئامرازی چارەکردنی کێشە ئابوورییەکان و کەمکردنەوەی بێکاری.


دەڵێن گوایە ئەنجوومەنەکە بەرژەوەندیی دانیشتووانی بەسڕە دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە. بەڵام دەنگە ناڕازییەکان، کە عەممار حلفی-ـی چالاکوانی مەدەنی یەکێکە لەوان، هۆشداری لە دژی ئەم هەنگاوە دەدەن.


حلفی دەڵێت، بووژاندنەوەی ئەنجوومەنەکە سەرلەنوێ گەندەڵی و خاترخاترێنە زیندوو دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر پڕۆژەکان دادەنێن، کە زۆربەی جار لە زیانی لایەنە نەیارەکانیان وا دەکەن.


ئاماژە بەوە دەدات کە ڕاگرتنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکاتی باشتربوونێکی کەمی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بووە، ئەو کاتە بە بیر دەهێنێتەوە کە گەندەڵی لە نێو ئەنجوومەنەکەدا لەوپەڕدا بوو، کە ببووە هۆی دەستپیسی بەرامبەر پارە و مامەڵەی لایەنگرانە لەگەڵ بەشداری ئەندامەکاندا.


هۆشداری دەدات لەوەی کە دامەزراندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لەوانەیە درێژە بەم کێشانە بدات و هەژاری و بێکاری لە بەسڕەدا خراپتر بکات.


بەڵام عەلی نوور، کە چالاکوانێکی مەدەنییە، پێی وایە گەڕاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ چارەکردنی ئەو کێشانەی بەسڕە بە دەستیانەوە دەناڵێنێت و بە هۆی قۆرخکارییەکانی ڕابردووی نووسینگەی پارێزگارەوە بوون، کە ئەوانیش لە ڕێی بڕیارەکانیەوە بوون.


بەڕای ئەو، یەکێک لە سوودەکانی دامەزراندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دابینکردنی چاودێری و سەرپەرشتییە. پێی وایە بەسڕە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبێتەوە کە پێویستیان بە بەتەنگەوەهاتنی ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە، بەتایبەتی دوای ساڵانێک لەوەی کە نووسینگەی پارێزگار، پارێزگای داگیر کردبوو و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی خستبووە پێش هاووڵاتییانەوە.


لە نێو ئەو کێشانەی پێویستیان بە لێکۆڵینەوە هەیە، تیشک دەخاتە سەر بێکاری، هەڵاوسانی نرخ، دواکەوتنی تەواوبوونی پڕۆژەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، کە زۆرجار پێشێلکاریی وەک بەزاندنی سنووری یاسایی دامەزراندنی کرێکاری بیانیی تێدەکەوێت.


گەڕان بە دوای مووچەیەکی شایستەدا


عەلی شاکر حوسێن دانیشتوویێکی تەمەن 33 ساڵی خانووەکانی نوابززوباتە، باوکی دوو کچی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، خۆی دەڵێت کە بە دەست گەڕان بە دوای کارەوە گیری خواردووە، هیوادارە کارێکی دەست بکەوێت کە مووچەیەکی شایستەی پێ بدات، بۆ ئەوەی پێداویستیی خێزانەکەی دابین بکات.


بە دوو دەستی پڕ لە نامورادییەوە گوتی: بەداخەوە کە دوو کچەکەم لە لەدایکبوونیانەوە بەدەست نەخۆشیی مێشکەوە دەناڵێنن، لەسەر منیشە بە بەردەوامی دەرمان و پێداویستییان بۆ دابین بکەم. بەڵام زۆربەی ئەو کارانەی هەمبوون مووچەیەکی ڕێکوپێکم نادەنێ.


سەرەڕای ئەوەی چاودێریی تەندروستیی خوێندووە و ڕاهێنەری پاسەوانی ئاسایشە، ئینگلیزییەکی باشیش دەزانێت، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا پێنج کۆمپانیای گۆڕیوە. هەموو جارێک بەهۆی ئەو مووچە کەمەی خاوەنکارەکەی پێی داوە ناچار بووە کارێکی دیکە بدۆزێتەوە.


حوسێن لەم کارەی هەرە دواییدا، کە لە کۆمپانیایەکی پەیوەندیی تەلەفۆنییە، یانزە کاتژمێر لە 08:00ـی بەیانییەوە بۆ 07:00ـی ئێوارە کار دەکات، لە بەرامبەردا ڕۆژانە 16 هەزار دیناری عێراقی وەردەگرێت (کە دەکاتە نزیکەی 12 دۆلاری ئەمریکی)، بێ بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، هەروەها بێ دەرماڵەی هاتووچۆ و خواردنیش.


پێشتر کرێکاری کۆمپانیایەکی نەوت بووە، مانگانە 400 دۆلاری وەرگرتووە. بەڵام وێڕای ئەوەش ڕووبەڕووی دوابڕیارێکی سەخت بووەتەوە، کە یان بە کەمکردنەوەی مووچەکەی قایل بێت کە ببێت بە 400 هەزار دیناری عێراقی، کە دەکاتە نزیکەی 307 دۆلار، یان بە تەواوی کارەکە بەجێ بهێڵێت.


بە دڵێکی پڕەوە گوتی: زۆر هەوڵ دەدەم کارێک بە دەست بهێنم خێزانەکەمی پێ بەڕێوەببەم و پێویستیی دوو کچە نەخۆشەکەم دابین بکەم، بەڵام وا دیارە بڕیارەکان هەمیشە لە بەرژەوەندیی چەند کەسێکی هەڵبژێرراودان، کە ئەوانیش لایەنگرانی حیزبەکانن، یان هاوپەیمانەکانیانن. هەلەکان و کارەکانیان قۆرخ کردووە، خانووە گرانبەهاکانی خۆیان دروست دەکەن و شوێنکار و قوتابخانە و زانکۆی خۆیان دادەمەزرێنن. سامان و قازانجەکانی خۆیان زیاتر دەکەن و لە جیهانێکدا دەژین کە بە تەواوەتی لەوەی ئێمە جیاوازە".


"زۆرینەمان لە بازنەی بێکاری و هەژاری و خزمەتگوزاریی داڕماودا قەتیس ماوین و بە هەزار شەڕەشەق بە کولەمەرگی دەژین".

 

The New Region

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان