کەیسی  زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت

شەیری بکە لە:
کەیسی  زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت

گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

نزیکەی 13 هەزار و 200 خاوەن پێداویستی تایبەت چاوەڕێی بەستنی مووچەکانیان لە بەغدا دەکەن کە ماوەی 12  ساڵە ڕاگیراوە. بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، کاردەکەین بۆ ئەوەی هاوشێوەی عێراق خاوەن پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان مانگانە 250 هەزار دینار وەربگرن.

 

وێنە گەورەکە: سەرەتای مانگی 12ـی ساڵی ڕابردوو شاندێکی باڵا بەسەرپەرشتی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشەی هەڵواسراو سەردانی بەغدای کرد، یەکێک لە کێشەکان پرسی بەستنی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت بوو کە لە 2013 ـەوە تاوەکو ئێستا مووچەیان بۆ نەبەستراوە، دوای سەردانی شاندەکە لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی کاری هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکهێنرا.

 

لێدوانی فەرمی: یوسف چاوشین، ئەندامی شاندی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بەغدا بە ئاڤای گوت، "ناوی 13 هەزار و 200 خاوەن پێداویستی تایبەت ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە کە لە دوای بەستنی مووچە کار لەسەر ئەوە دەکات سەرجەم خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هاوشێوەی عێراق مانگانە 250 هەزار دینار وەرگرن.

 

 بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لیژنەکە دەست بە کارەکانی بکات، بۆ ئەوەی  ماف و شایستە داراییەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خێزانە کەمدەرامەتەکان هاوتای عێراق بکرێت، پێش پەسەنکردنی بودجەی 2025 لە پەرلەمانی عێراق دەبێت حیسابی ئەو زیادکردنە لە پشکی هەرێمی کوردستان بکرێت.

 

ئەمەش بزانە: لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوو نزیکەی 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. 

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ