دوای ئاشکراکردنی گەندەڵی لەلایەن ئاڤا، لیژنەیەک لەبارەی بەنزینی حکومی پێکدەهێنرێت

  • بزنس
  • 6 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
دوای ئاشکراکردنی گەندەڵی لەلایەن ئاڤا، لیژنەیەک لەبارەی بەنزینی حکومی پێکدەهێنرێت

وێنەی بەنزینخانەیەک لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای حکومەت لەکاتی بەسەرکردنەوەی بەنزینخانەکان

ئاڤا نیوز

 

دوای بەدواداچوونەکەی ئاڤا، ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لیژنەیەکی باڵای بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تووند بەرامبەر ئەو بەنزینخانانە پێکهێنا کە سەرپێچییان لە دابەشکردنی بنزینی 750 دیناری حکومی کردووە.

 

وێنە گەورەکە: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا بەسەرپەرشتی کەمال محەممەد، لیژنەیەکی باڵای بۆ دواداچوون و چاودێریکردنی پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە سنووری پارێزگا و ئیدارە  سەربەخۆکان پێکهێننا.

 
لەلایەکی دیکەوە: لیژنەی پارێزگای هەولێر هەر ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی فەلاح مەولوودم بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی و بە ئەندامێتیی هەر یەک لە عەمید خەسرەو غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆیی لە پارێزگای هەولێر، موقەدەم تاهیر ساڵح، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی پاڵاوگەکان و پیشەسازییە نەوتییەکان لە دیوانی وەزارەت، دەستی بە کارەکانی کرد و لە رۆژانی داهاتووشدا لیژنەکانی پارێزگاکانی دیکە و ئیدارە سەربەخۆکان دەست بەکارەکانیان دەکەن.

 
ئەوەی پێویستە بیزانیت: لیژنەکەی پارێزگای هەولێر بە دواداچوونی مەیدانی بۆ پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین لە بەنزینخانەکان کرد کە لە پرۆسەی وەرگرتن و پشکنین و دابەشکردن پێکهاتووە و لە کۆتایی پرۆسەکەشدا ڕێوشوێنی تووند بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
 
 
بابەتە ستراتیژییەکە:  سێ رۆژ پێش ئێستا ئاڤا ئەوەی بڵاوکردەوە کە بەشێك لە بەنزینخانەكان كاتێك بەنزینی حکومی (750 دیناری) وەردەگرن، بەنرخی پاڵپشتیكراو بە هاووڵاتیان نادەن و دەیهێڵنەوە كە زۆرجار سڕەی دوور و درێژی پێش بەنزینخانەكانی لێ دروست دەبێت، یاخود دوای چەند كاتژمێرێك لە سڕەگرتن بە شۆفێران دەڵێن بەنزین نەماوە و بەیانی دابەش دەكرێت.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: "یەکێک لە بەنزینخانەکانمان لە هەولێر ئاشكرا کردووە کە سەرپێچی زەقی کردووە، بۆیە سزا دراوە و هەموو ئەو بەنزینەی وەری گرتووە بە پێبژاردن (غەرامە) لەسەری هەژمار دەکرێت، جارێکی دیکەش بەنزینی  حکومی پێنادرێت. سەرپێچییەکەی بریتی بووە لە دابەشنەکردنی ئەو بەنزینەی بە نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە پێی دراوە بە نرخی 750 دینار، هەروەها بەنزینخانەیەکی دیکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".

 

باکگراوند: پێشتر ئاڤا زانی بووی بەشێك لەو بەنزینخانانەی بەنزینی حكومییان پێ دەدرێت تا بە 750 دینار بە شۆفێرانی بدەن، بەنزینەكە دابەش ناكەن و بە ئەنقەست دەیهێڵنەوە و دواتر بە ناوی بەنزینی محەسەن و سووپەر بە نرخی دوو ئەوەندە دەیفرۆشنەوە.


شەیری بکە لە: