گەشتوگوزاری هەولێر: هیچ ئاهەنگێكی فەرمی بۆ شەوی سەری ساڵ ناكرێت

شەیری بکە لە:
گەشتوگوزاری هەولێر: هیچ ئاهەنگێكی فەرمی بۆ شەوی سەری ساڵ ناكرێت

ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ لە هەولێر

ئاڤا نیوز

 

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت: بۆ شەوی سەری ساڵ و بۆنەكانی كریسمس، هیچ ئاهەنگێكی فەرمی لە هەولێر ناكرێت، هانی ڕێكخستنی هەرجۆرە ئاهەنگ و مەراسیمێكی كەرتی تایبەتیش دەدەن بۆ ڕاكێشانی زۆرترین گەشتیار.

 

وێنە گەورەكە: لەگەڵ نزیكبوونەوەی ڕێوڕەسمی كریسمس و شەوی سەری ساڵ، ساڵانە ئامادەكاری پێویست دەكرێت بۆ پێشوازیكردن لە ساڵی نوێ و هاتنی گەشتیاران.

 

لێدوانی فەرمی: دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر تایبەت بە ئاڤا میدیا ڕایگەیاند، ئەمساڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای هەولێر هیچ جۆرە ئاهەنگێكی فەرمی ساز ناكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتیی ژمارەیەك چالاكیی جۆراوجۆر دەكەن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: كەمێك پێش ئێستا، كۆبوونەوەیەكی فراوان سەبارەت بە شەوى سەری ساڵ و ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە ڕوودانى هەر ڕووداوێکى نەخوازراو و نایاسایی، لە دیوانى پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر تەواوى هێزە ئەمنییەكانی هەولێری ڕاسپارد كە لە سەرجەم شوێنە گشتییەکان كە پێشبینی دەكرێت هاووڵاتیان و گەشتیاران تێیدا كۆببنەوە، لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران.

 

ئەوەی پێشبینی دەكرێت: پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى هاوسنووری هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆری گەشتیار ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردراون ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکرێت.

 

ئەوەش بزانە: هەر پەیوەست بە بۆنە و ئاهەنگەكانی سەری ساڵ، لە پاركی شار لە سەنتەری هەولێر فێستیڤاڵی خواردن بەڕێوە دەچێت و تا چەند ڕۆژێك دوای سەری ساڵیش بەردەوام دەبێت.


زانیاریی زیاتر: لە فێستیڤاڵەكە 30 جۆر خواردنی كوردەواری ئامادەكراون و ڕۆژانە لە دوای عەسرەوە تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت، كە جگە لە خواردنە كوردەوارییەكان، خانمان بەرهەمی دەستڕەنگینی خۆیان پێشكەش دەكەن و لەو شوێنە بە گەشتیار و هاووڵاتییان ئاشنا دەكەن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ