پەیامی نوێی ئەمریکا بۆ ئاڤا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئیدارەی بایدن دەیەوێت هاوپەیمانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەکارەکانی بەردەوام بێت، جەختیش دەکاتەوە کە ئێران لە عێراقدا ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت و واشنتن دەیەوێت عێراقییەکان خۆیان کاروبارە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان بەڕێوەبەرن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمریکا خواستی ئەوەی هەیە دەسەڵاتی نوێی سووریا ئارامی سنوورەکان بۆ ئیسرائیل دابین بکات و هاوکاریی ئێرانیش نەبێت، خواستی ئەوەشی هەیە حکومەتی عێراق گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کۆنترۆڵ بکات و لە هەوڵەکانیدا بۆ خۆدەربازکردن لە سزاکان هاوکاریی تاران نەبێت.

 

لێدوانی فەرمی: مایکڵ میشێل، وتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە (18ی کانوونی یەکەمی 2024)، میوانی بەرنامەی نان و چای ئاڤا میدیا بوو و لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هەڵوێستی ئەمریکای خستەڕوو و وتی، لەگەڵ هەسەدە و تورکیا بۆ ڕاگرتنی گرژییەکان لە پەیوەندی بەردەوام دان و دەیانەوێت ناکۆکییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی نەگۆڕێت.

 

بۆچی گرنگە: پەیوەست بە سووریای نوێش، وتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکرد، واشنتن بەلایەوە گرنگە لە سووریای نوێدا حکومەتێک پێکبهێنرێت کە نوێنەرایەتیی هەمووانی تێدابێت و بتوانێت خزمەتگوزاری بنەڕەتی بۆ هەموو خەڵکی سووریا دابین بکات، چونکە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی سووریا هەن کە دەیانەوێت لە زووترین کاتدا بگەڕێننەوە. 

 

لەلایەکی دیکەوە: لەبارەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیاش ئاماژەی بەوەکرد، "دەبێت دان بەوەدابنێین کە نیگەرانیی و مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا ڕاستەقینە و قبووڵکراو و لۆژیکین ئەوە بۆ ئێمە ڕونن، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هەموواندا پێکەوەکاربکەین بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی هەیە، بەر لەوەی ببێتە ململانێیەکی گەورەتر".

 

درێژەی چاوپێککەوتنەکە: 

ئاڤا: بەڕێز مایکڵ خۆشحاڵین کە لەگەڵمانیت، سەرەتا دەمەوێت لەوە دەستپێبکەم هەڵبەت دوێنێ ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئاگربەستی نێوان هەسەدە و هێزەکانی سەر بە تورکیا لە منبج درێژکراوەتەوە، ئەوە مانای ئەوە دەگەیێنێت کە ئەمریکا دەستبەرداریی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ هەسەدە نابێت لە ناوچەکەدا؟

مایکڵ میشێل: سوپاس بۆ ئێوە و میواندارییەکەتان، شەوی ڕابردوو لە وەزارەتی دەرەوە ئەو هەواڵەمان بیست، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو پەیامە سەرەکییەی کە کۆشکی سپی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەیبوو، ئەویش ئەوەیە کە ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی هەموو لایەنەکان دەدات تا گرژییەکان لەم ماوەی ڕاگوزەرەدا کەمبکەنەوە، ئەوەش مانای ئەوە نییە کە ئێمە بەهیچ شێوەیەک لایەنەکانی دیکەمان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو لە ماوەی ڕاگوزەرەدا پێویستە سەرنج بخرێتە سەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا کە حکومەتێکی گشتگیربێت و نوێنەرایەتیی هەمووانی تێدابێت.

 

ئاڤا: لەبارەی دەستەی تەحریرولشام کە تائێستاش لەناو لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، ئایا ئەمریکا نیازی هەیە بەم نزیکانە تەحریرولشام یان سەرکردەکانی ئەم هێزە لە لیستی تیرۆر دەربکات؟

مایکڵ میشێل: سەرەتا من لە گرنگی ئەو بابەتە بە تەواوی تێدەگەم، ئەو پرسیارە بەڕاستی گرنگە، بەڵام وەک ئەوەی ئێمە لە سەرۆک بایدن و دواتریش لە وەزیر بلینکن بیستوومانە، ئەمریکا لەسەر بنەمای کردارەکانی نەک قسەکان مامەڵە لەگەڵ دەستەی تەحریرولشام دەکات، ئەوەشمان تەنها لە ماوەی ڕاگوزەرەدا نا، بەڵکو لە یەکەمین ڕۆژی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد خستووەتەڕوو، پێم وایە ئێستا زووە باس لە لابردنی سزا یان دەرهێنانی لایەنێک لەلیستی سزاکان بە وردی بکەین، بەگوێرەی دۆخەکە و گۆڕانکارییەکان لەسەر زەوی ئەو بابەتەش تاوتوێ دەکرێت.

 

ئاڤا: ئیسرائیل ئێستا لە باشوری سووریا پێشڕەوی کردووە بەجۆرێک لە ڕابردوودا هیچ کات بەوشێوەیە پێشڕەوی لەناو خاکی سووریادا نەکردووە، ئەمریکا لەم بارەیەوە هەڵوێستی چییە؟ ئایا ئیسرائیل پارێزگاری لە خۆی دەکات یان ئامانجێکی گەورەتری هەیە و دەیەوێت زیاتر بێتە ناوخاکی سووریاوە؟

مایکڵ میشێل: سوپاس ئەم پرسیارە گرنگە، دەبێت بڵێم کە تەنها ئیسرائیل نییە کە مەترسی ئەمنیی هەیە، بەڵکو ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات بۆ هەموومان گرنگە، مەترسییە ئەمنییەکانیش کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی دراسێی سووریا دەبێت، بۆیەش ئێمە لە سەرۆک بایدن بیستوومانە کە کاری لەپێشینەمان لەم کاتەدا ئەوەیە ڕێگریی بکەین لە هەر ڕێکخراوێکی تیرۆرستی کە دۆخی سووریا بەرەو پشێوی و ململانێی مەزهەبی زیاتر دەبات، ئەوە گرنگترین کاری لەپێشینەی ئەمریکایە لە ئێستادا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هانی هەموو لایەنەکان دەدات ڕێز لە سەروەری سووریا بگرن، بۆیە هەر کردەیەکی سەربازیی دەبێت سنوردار و کاتی بێت، پشتیوانیش لە بیرۆکەی دەستبەسەرداگرتنی هیچ بەشێکی خاکی سووریا لەماوەی درێژخایەندا ناکەین.

 

ئاڤا: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ باکووری سووریا، سەرکردە و لایەنە کوردییەکان لە ڕێنماییەکانی ئەمریکا دەرنەچوون و لەپەیامەکانیشیاندا پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ سووریایەکی سەقامگیر، ئەمریکا چۆن دەتوانێت پارێزگاری لە مافی کوردەکان بکات بەتایبەت بەوەی ڕێگری بکات لەوەی هێرشیان بکرێتەسەر و گرژیی و ئاڵۆزی ڕوونەدات؟

مایکڵ میشێل: تائێستا ئەوەی ئێمە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەرۆک بایدن بیستوومانە، کاری یەکەم و لەپێشینەی ئەمریکا بەردەوامبوونە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هاوبەشە هەرێمییەکانمان لەناویان کوردەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم بابەتەدا هەبووە و ئەمریکا پێزانینی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان هەیە، هەروەکو شەوی ڕابردووش لە وەزارەتی دەرەوە بیستمان ئەمریکا نێوەندگیریی دەکات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان لەناویشیاندا تورکەکان، من ئێستا ناتوانم بچمە وردەکاری زیاتر لەبارەی کۆبوونەوە دیپلۆماسییە تایبەتییەکانمان، بەڵام گرنگترین شت بەلای ئێمەوە ئەوەیە کە بەردەوام بین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ چارەسەری کێشەکان، بەر لەوەی کێشەکان بۆ پێکدادانی سەربازی و ناکۆکی چەکداری زیاتر بگۆڕێن.

 

ئاڤا: باسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعشت کرد، بڕیارە ئەمریکا ساڵی داهاتوو لە عێراق و تا ساڵی 2026یش لە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە، ئەوەندەی ئێمە زانیومانە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە کشانەوەی هێزەکانتان لە سووریاش، چونکە هەمان ڕێککەوتن و هاوپەیمانی لەوێش هەیە، ئەمریکا چۆن دەتوانێت لە عێراق بکشێتەوە بەبێ ئەوەی سووریا بکەوێتە بارێکی ناسەقامگیر و هەسەدەش جێبهێڵرێت؟  

مایکڵ میشێل: یەکەم شت دەبێت ئێمە چوارچێوەیەک دیاریبکەین، من لێرەدا باس لە ئامانجەکانی ئیدارەی بایدن دەکەم ئەوەی ئێمە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سەرۆکەوە بیستوومانە، ئەو دەیەوێت هاوپەیمانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەکارەکانی خۆی بەردەوام بێت، ئەوەش بۆ ئێمە بابەتێکی ڕوونە و دەبێت ئەوەش بڵێم کە ئامانجی کۆتایی ئەمریکاش ئەوەیە گەلی عێراق خۆی هەموو کاروبارە ئەمنییەکانی بەڕێوە ببات، ئێمە زیاتر لە جارێک باسمان لە نیگەرانیی قووڵی خۆمان کردووە لەبارەی ڕۆڵی خراپی ئێران نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لە سووریاش، بۆیە ناتوانم قسە لەسەر ئەوە بکەم کە لە داهاتوودا و لە ئیدارەی نوێ (ئیدارەی ترەمپ) چی ڕوودەدات، بەڵام ئامانجە ئەمنییەکانی ئەمریکا ڕونن.

 

ئاڤا: سەبارەت بەو ژمارە زۆرەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان، ئایا ئەمریکا پلانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان چییە و چۆن لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی سووریایەکی نوێ دەکات کە بتوانێت ژێرخانی خۆی بونیاد بنێتەوە؟

مایکڵ میشێل: سەبارەت بەو ئاوارە سوورییانەی کە دەیانەوێت بە ئارامی بۆ ماڵەکانیان بگەڕێننەوە، وەک باسم کرد ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی ڕاگوزەر و لەسەرەتای ڕۆژەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد داین، بۆیە ئەمریکا لەم قۆناغەدا هانی وڵاتانی جیهان دەدات تا پابەندی ئەرکە یاسایی و مرۆییەکان بن کە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دەکەوێتەسەرشانیان، تا هەموو پشتیوانییەکی پێویست بۆ هەموو ئاوارەکانی سووریا دابین بکەن تا ئەو کاتەی دەتوانن بە ئارامی بۆ سووریا بگەڕێننەوە، تائێستا ڕاپۆرتی کۆشکی سپی ئەوەیە دۆخی سووریا لە گۆڕاندایە و ناتوانین دڵنیابین لەوەی گەڕانەوە بۆ سووریا ئارامە تا ئاوارەکان بەشێوەیەکی درێژخایەن بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێننەوە.

 

ئاڤا: ئێمە قسەمان لەگەڵ بەشێک لە ئاوارەکانی سووریا کردووە کە بۆچی ناگەڕێننەوە، ئەوان دەڵێن هیچ شوێنێکیان نییە و ماڵەکانیان وێران بوون، ئایا بەشێک لە وڵاتان ئامادەییان دەربڕیووە تا هاوکاری دارایی پێشکەش بە ئاوارەکان بکەن تا بتوانن ماڵێک لە سووریا دروستبکەن و تێیدا بژین؟ ئەمریکا لەم بوارەدا چی دەکات، چونکە تائێستا هەنگاوی جددی ئەمریکا نەبینراوە بۆ هاوکاریی ئاوارەکان؟

مایکڵ میشێل: پەیوەست بە هاوکارییە مرۆییەکان چەندجارێک وەزیری دەرەوە، بلینکن جەختیکردووەتەوە لەسەر پشتیوانی ئەمریکا بۆ گەلی سووریا بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ لیستێکی تیرۆر یان سزای دارایی سەپێنراو، ئەوانە ڕێگری ناکەن لەوەی ئەمریکا هاوکاریی مرۆیی بگەیێنێتە گەلی سووریا، ئەمریکا پێشتر و تائێستاش گەورەترین وڵاتی بەخشەری هاوکاریی مرۆییە بۆ گەلی سووریا، بەگوێرەی قسەکانی سەرۆک بایدنیش ئەم هاوکارییانە بەردەوام دەبن، ئەوەش تیشک دەخاتەسەر گرنگی پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەمووانی تێدابێت و بتوانێت خزمەتگوزاری بنەڕەتی بۆ هەموو سوورییەکان دابین بکات، چونکە ژمارەیەکی زۆری سوورییەکان هەن کە دەیانەوێت لە زووترین کاتدا بگەڕێننەوە. 

 

ئاڤا: کۆتا پرسیارم ئەوەیە ئەمریکا ڕۆڵی تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنێت لە دووبارە بونیادنانەوەی سووریا، ئەوە لەکاتێکدایە تورکیا هاوبەشێکی ناتۆ و ئەمریکایە، بەڵام ئەنقەرە پشتیوانی لەو گرووپانەی سووریا دەکات کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، واشنتن لەم بارەیەوە چ بۆچوونێکی هەیە؟

مایکڵ میشێل: دەبێت دان بەوەدابنێین کە نیگەرانیی و مەترسییە ئەمنییەکانی تورکیا ڕاستەقینە و قبووڵکراو و لۆژیکین ئەوە بۆ ئێمە ڕونن، بەڵام ئەوەی لە داهاتوودا ڕوودەدات  گرنگترین شتی ئەوەیە لەم ماوە ڕاگوزەرەدا ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامدابین لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان لەناویشیاندا تورکەکان، ئەوەش لە بنەڕەتدا هونەری دیپلۆماسییە و ئێمە دەمانەوێت پێکەوەکاربکەین بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی هەیە، بەر لەوەی ببێتە ململانێیەکی گەورەتر ئەوە کۆتا ئامانجە بۆ ئێمە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ