کاریگەری قاچاخچێتی و بوونی کارگەی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی

کاریگەری قاچاخچێتی و بوونی کارگەی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی

دیمەنێک لە کارگەی دەربەندیخان کە ئەمساڵ دەستی بەسەردا گیرا، وێنە: دژەتیرۆری کوردستان

(1)

بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بەتایبەتی حەبی کاپتاگۆن، هەڕەشەیەکی جددی و ترسناکە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی سلێمانی بووەتە ناوەندێکی سەرەکی ئەو تۆڕانەی کە لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان تێوەگلاون. 

بەپیێ ڕاپۆرتی چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی عەرەبی و ئەمریکی، سلێمانی لە سایەی دەسەڵاتی نوێی یەکێتیدا  بووەتە خاڵێکی ترانزێت بۆ قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان، کە ئەم ماددە هۆشبەرانە لە ئەفغانستان و ئێرانەوە دەهێنرێنە سلێمانی و لەوێشەوە ڕەوانەی ناوچەکانی خوارووی عێراق و سووریا و ئەوروپا دەکرێن، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، ئەم جۆرە قاچاخچێتییە لەلایەن چەند دەسەڵاتدارێکی خۆجێیی ناوچەکەوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەش، بوونی یەکێک لە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن لە سنووری دەسەڵاتی ژێر یەکێتی هەڕەشەکەی دووهێندە  لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی گەورەتر کردووە. 

ڕۆژی یەکشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2024، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بوونی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری لە ناوچەی دەربەندیخان ئاشکرا کرد.

ئەمە دوابەدوای ڕاپۆرتێکی پێشووی دژەتیرۆری کوردستان هات کە ڕۆژی پێنجشەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2024 وردەکاریی دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر لە گوندی ئاوباریکی نزیک دەربەندیخان بڵاوکردەوە.

دژەتیرۆری کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کردبوو، ئەو کارگەیە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کەسایەتییە باڵاکانی  سەرکردایەتی یەکێتی بەڕێوە دەبرێت، دەسەڵاتدارانی ئەو حیزبە هەوڵی زۆریان داوە بۆ شاردنەوەی ڕووداوەکە لە چاودێری گشتی و میدیاکان و سنووردارکردنی ئاشکرابوونی ڕووداوەکە.

(2)

لە کۆنگرەی پزیشکی میزۆپۆتامیا و چەندین بۆنەی دیکەدا سەرۆک مەسعوود بارزانی هۆشداری داوە سەبارەت بە بوونی کارگەی  بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری دەسەڵاتی یەکتێی، جەختیشی لەوە کردەوەتەوە کە پێویستە ڕێوشوێنی تووند بگیرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەو جۆرە چالاکییە نایاساییانە، لەوانە بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان کە  هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا.

دوای هۆشدارییەکانی سەرۆک بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی (سەنتەری شیاندنەوەی ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر) لە هەولێر کردەوە. لە مەراسیمی کردنەوەی ئەو سەنتەرەدا، سەرۆکوەزیران  جەختی لەسەر گرنگی بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان کردەوە کە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستی گشتی و سەقامگیری ئابووری و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە.

(3)

ڕۆژی پێنجشەممە 28 ی تشرینی دووەمی 2024، لەکاتێکدا  لە شاری سلێمانی شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب بەڕێوە دەچوو، بەڵام کە  ئەو چالاکییە ڕۆشنبیرییە نەبووە سەرەنجی میدیاکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقی و عەرەبی بابەتی بوونی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکانیان لە سلێمانی زەق کردەوە. 

هەواڵەکە تیشکی خستە سەر دەستبەسەرداگرتنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن و کریستال و میتامفیتامین لە سلێمانی کە پەیوەندی بە تۆڕی قاچاخچیی فراوانترەوە هەیە کە ماددەهۆشبەرەکان بۆ بازاڕەکانی کەنداو و ئەوروپا دابین دەکەن.

هاوکات وەلید ئیبراهیم، لێکۆڵەری دادوەری پسپۆر لە کەیسی ماددە هۆشبەرەکان لە بەغدا ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بەسەر 151 هەزار کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە لەو کارگەیەی نزیک سلێمانی. ئەم ڕووداوە قەبارەی کێشەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دووپات کردەوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لایەن لەناو یەکێتی ئاسانکاری و قازانجیان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە. سەرەڕای ئەوەش، پەکەکە کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە سلێمانی چالاکی دەکات و ناوچەکەی وەک شوێنێکی لۆجیستی بۆ قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان بەکارهێناوە بۆ دابینکردنی پارەی چالاکییە چەکدارییەکانی خۆی. جگە لەوەش، تۆڕە میلیشیا شیعەکان لە عێراق ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و سلێمانی وەک خاڵی گواستنەوە بەکاردەهێنن، پێش ئەوەی بەسەر بەشەکانی تری عێراق و دەوروبەری بڵاوی بکەوە.

(4)
بەربڵاوی ماددە هۆشبەرەکان دەرەنجامی وێرانکەری لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە. بێجگە لە زیانی تەندروستی و دەروونی، ئاڵودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی قەیرانی ئابووری، چالاکی تاوانکاری و زیادبوونی تووندوتیژی. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە تێک دەدات و سەقامگیری کۆمەڵگەکان لاواز دەکات و زۆرجار ئاڵودەبووان لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بۆ کاری تیرۆر و تووندووتیژی بەکاردەهێنرێن.

ماددەی هۆشبەر لە سەرانسەری جیهاندا بە تیرۆری سپی ناسراوە، بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنرێت. بوونی کارگەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەندێک ناوچەی کوردستان،  پێویستی بە هەوڵی هەماهەنگی بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی مەسرور بارزانی هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قاچاخچێتییە. 

ڕێوشوێنی ئەمنی لە هەولێر و هاوکاری نێودەوڵەتی بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە تۆڕەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، لە ناوچەکانی وەک سلێمانی پێویستە هۆشیاری زیاتر بکرێت.
دامەزراندنی سەنتەری چاکسازی و بەرزکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاری گشتی لە هەولێر پابەندبوونی حکومەت بە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەردەخات. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ماددە هۆشبەرەکان پێویستی بە هەوڵی یەکگرتوو هەیە لە هەموو هێڵە سیاسی و دامەزراوەییەکاندا بۆ پاراستنی ئاسایش و داهاتووی ناوچەکە.

سووربوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە، جەخت دەکاتەوە لەسەر پابەندبوونی بۆ دابینکردنی ئایندەیەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەرێمی کوردستان. بێگومان پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، پرسێکی سەرەکی و کاری لە پێشینەی کابینەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەبێت و بۆئەوەی  بەسەر ئەم تەحەدایە زاڵ بێت و کۆمەڵگەی کوردی لە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان بپارێزێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: