مەلا بەختیار داوا لە نووسەر و رۆشنبیران دەکات بەشداری لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ نەکەن

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

بڕیارە سبەینێ لە سلێمانی یەکێتی فێستیڤاڵێک بە ناوی گەلاوێژ ڕێکبخات، مەلا بەختیاریش داوا لە نووسەر و رۆشنبیران دەکات بەشداری لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ نەکەن.

 


چیرۆکی سەرەکی: بڕیارە سبەی پێنجشەممە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فێستیڤاڵێک بە ناوی "گەلاوێژ" ڕێک بخات؛ ئەمە لەکاتێکدا فێستیڤاڵی گەلاوێژ تایبەتە بە ئەدەب و ڕووناکبیری،  کە 26 ساڵە لەلایەن مەلا بەختیارەوە ڕێکدەخرێت. دوای دوورخستنەوەی مەلا بەختیار لە یەکێتی و دەستبەسەرداگرتین ناوەندی ڕۆشنەگری چاودێر، ئێستا یەکێتی دەڵێت، فێستیڤاڵەکەش هی خۆمانە و خۆمان بەڕێوەی دەبەین و پەیوەندی بە مەلا بەختیارەوە نەماوە.


لێدوانی فەرمی: مەلا بەختیار لەو هەوڵەی یەکێتی تووڕە و نیگەرانە، لەمبارەیوە  قسەی بۆ ئاڤا میدیا کردووە و دەڵێت: "ئەو فیستیڤاڵەی بەیانی دەکرێت، فێستیڤاڵێکی حیزبیە، ئێمە وەکو خاوەنی فەرمی گەلاوێژ، هیچ خاوەنداریێتییەکی ناکەین، ئاگاداریشین کە نووسەرانی عێراقی کە پێشتر بەشێک بوون لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ،  بایکۆتیان کردووە و ئامادە نین بەشداری فێستیڤاڵەکەی سبەی بکەین".


لەلایەکی دیکەوە: کچی سامی هادی  ئەو نوسەرەی بۆ ماوەی زیاتر لە 26 ساڵ فێستیڤاڵەکەی بەڕێوەدەبرد و دوای دوو هەفتە لە دستبەسەرداگرتنی ناوەندی چاودێر کۆچی دوایی کرد، دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک نابێت ناوی باوکی لە فێستیڤاڵەکەی سبەینێ بەکاربهێنرێت، ئاڤا زانیویەتی کەوا خانەوادەی سامی هادی ئامادەی وەرگرتنی ڕێزلێنان نین بۆ سامی هادی لە فێستیڤاڵەکەدا.

 

ئەمەش بزانە: هاوکات تۆمارێکی دەنگی زیاد جەبار، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت ترسیان هەبێت خەڵکێکی زۆر هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەشداری نەکات، بۆیە داوا لە کادیدرانی حیزبەکەی دەکات ئامادەبن و زۆر مەبەستیانە سبەی فێستیڤاڵەکە قەرەباڵغ بێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: