سەرژمێری بۆ کوردانی کەنەدا دەکرێت

شەیری بکە لە:
سەرژمێری بۆ کوردانی کەنەدا دەکرێت

ئاڤا نیوز


چەند چالاکوانێک لە کەنەدا، لەڕیگەی ئۆنڵاینەوە سەرژمێری بۆ ژمارەی دانیشتووانی کورد دەکەن و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە هەم ژمارەی ڕاستەقینەی کورد لەو وڵاتە تۆمار بکەن، هەم لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە فەرمییەکانیشدا زمانی کوردی جێگیر بکەن.

وێنە گەورەکە: لەکاتێکدا پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ هاونیشتمانیانی دەرەوەی وڵات دەکرێت، چەند چالاکوانێک لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە سەرژمێری بۆ کوردانی کەنەدا دەکەن و تاوەکو ئێستاش نزیکەی هەزار خێزان تۆمارکراون.

لێدوانی فەرمی: شێروان ئازاد کە چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤە و سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکات، بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: زیاتر لە هەزار خێزان لە سەرژمێرییەکەدا تۆمارکراون، ئەو خێزانانە 39.7% کوردی باشووری کوردستانن، 37% کوردی ڕۆژهەڵات، 11.8%  خەڵکی باکوور و 11.5% یشیان کوردی ڕۆژئاوای کوردستانن.

زانیاریی زیاتر: لە سەرژمێرییەکەدا چوار پرسیار لە کوردانی دانیشتووی کەنەدا دەکرێت کە ئەمانەن:

- لە کام بەشی کوردستانەوە هاتوویت بۆ کەنەدا؟

 -لە کام ویلایەت و شار دەژین؟

 -ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەت چەند کەسە؟

-ژمارە مۆبایل و ئیمەیڵی خێزانەکە؟


بۆچی گرنگە:
بەپێی گوتەی شێروان ئازاد، فەرمانگەکانی حکومەتی کەنەدا خزمەتگوزاری بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و زمانەکانی دیکەش پێشکەش دەکەن، ئەگەر ژمارەی ڕاستەقینەی کورد لە وڵاتەکە دەرکەوێت، ئەوا بە زمانی کوردیش خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێت، هاوکات لە کتێبخانەکانیشدا گۆشەیەک بۆ کتێبە کوردییەکان دادەنرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: