ئەمریکا دەبێ خۆی بۆ کورد بسەلمێنێت

ئەمریکا دەبێ خۆی بۆ کورد بسەلمێنێت

کورد بەردەوام دۆستێکی ڕاستەقینەی ئەمریکا بووە، گرافیک: ئاڤا نیوز

لەنێو ئەو هێرشە دڵتەزێنەی ئەم دواییە بۆ سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن میلیشیایەکی سەر بە ئێرانەوە، کە لە ئەنجامدا شەش ئەندامی کوردی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گیانیان لە دەست دا و لە باشووری كوردستانیش، ئێران هێرشی مووشەكی کرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەند كەسێك لە هەولێری پایتەخت، زۆر گرنگە ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە گەلی کورد دووپاتبكاتەوە.

كورد كێن؟

کورد، گرووپێکی ئیتنیکی خۆڕاگر و بەرچاوی بێ دەوڵەتێکی دانپێدانراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لە مێژە ئامرازی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا ڕێز لە بەڵێنەکانی بگرێت و دان بەو نادادپەروەرییەدا بنێت، کە کورد ڕووبەڕووی بووەتەوە و بە توندی پشتیوانیی لە خواستەکانیان بۆ ئۆتۆنۆمی و ئاسایشیان بكات.

ساتێکی گونجاوە بۆ رێزگرتن و قەدرزانینی مێژووی کورد و ڕەچاوکردنی پابەندبوونەکانمان بەرامبەر بە کورد، نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە عێراق، تورکیا و ئێرانیشدا.

کوردەکان کە زۆرینەیان مسوڵمانی سوننەن، پڕ حەشیمەتترین نەتەوەی سەر زەوین کە دەوڵەتێکی دانپێدانراوی تایبەت بە خۆیان نییە، گرووپێکی هەمەچەشن کە نزیکەی 25 بۆ 30 ملیۆن کەسن، نزیکەی نیوەی کوردەکان لە سەرانسەری بەشێک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا نیشتەجێن. زۆربەی ئەوانی دیکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، باکوور و ڕۆژئاوای ئێران، باشووری ڕۆژئاوای ئەرمینیا و باکووری عێراق دەژین.

دیارترین تایبەتمەندی دیمەنی کورد، زنجیرە چیا ناڕێك و جۆراوجۆرەكانە، بەهۆی سرووشتی سەپێنراوی شاخەکانەوە، سوپاکان کێشەیان بۆ داگیرکردنی ناوچەکە هەبووە، ئەمەش وایکردووە گەلی کورد بە درێژایی سەدەکان بە بەهێزیی بمێننەوە هەروەها ئەو پەندە بیربهێننەوە كە دەڵێت، "کورد جگە لە شاخ هیچ دۆستێکی نییە".

کورد لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم – واتە دوای لەناوچوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی – لە پەیمانی سیڤەری ساڵی 1920 بەڵێنی دەوڵەتێکی پێدرا. سەرەڕای ئەوەش، پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923دا لەم بەڵێنە پاشگەز بووەوە.

لە ساڵی 1991 دوای ڕاپەڕینێکی کورد لە دژی سەدام حوسێن، زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بۆ پاراستنی کورد ناوچەی دژەفڕینیان دامەزراند. لەژێر ئەم چەترەدا کورد توانی هەرێمی ئۆتۆنۆمی دیفاکتۆی خۆی لە عێراق، هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت. بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا کاری کردووە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەم ئۆتۆنۆمییە بگەڕێنێتەوە.

کورد کە کەمینەیەکی غەیرە عەرەبی گەمارۆدراوە، دۆستێکی ڕاستەقینەی ئەمریکا بووە.

ئەمریکا لە کاتی ڕزگاركردنی عێراق لە ساڵی 2003 پشتگیریی لە کوردەکانی عێراق وەرگرت. کورد قورسایی زۆری كەوتە سەر شان لە  شەڕی داعش لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق بە پلەی یەکەم بە بەرپرسی شکستی "خەلافەت"ە دادەنرێن.

دوای شکستی داعش، کورد” حکومەتی خۆی لە باکووری سووریا دامەزراند”: ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەناو جەماوەردا بە ڕۆژاڤا ناسراوە. بەڵام لە کاتێکدا کورد لە سووریا و عێراق هەندێک ئۆتۆنۆمی هەیە، لە هیچ شوێنێکدا دەوڵەتی نییە. بەڵکو لە هەموو لایەکەوە دەچەوسێنرێتەوە.

لە سووریا لە ساڵی 1962 تا 2011 کورد وڵاتینامەیان پێ نەدەدرا، لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبکردندا، حافز ئەسەد کوردی بەدرێژایی سنووری سووریا لەگەڵ تورکیا ئاوارە کرد و عەرەبی لە شوێنی ئەوان نیشتەجێکرد.

لە عێراق، سەدام حوسێن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەڵمەتی ئەنفالکردن و جینۆسایدی دەستپێکرد، کە زیاتر لە 80 هەزار هاووڵاتیی کورد کوژران، سوپای عێراق لە ساڵی 1988 لە هەڵەبجە پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی بە گاز کوشت.

ئێران، ژێرخانی نەوت و گاز و هەروەها دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەكەکردووەتە ئامانج. ئێران هەوڵ دەدات ڕێگری بکات لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەهێز و سەربەخۆ بێت لە ڕووی ئابوورییەوە، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمریکا و ئەکتەرەکانی دیکەدا هەیە.

ئەمریکا دەبێ دان بە خواستەکانی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی و لە ڕاستیشدا دەوڵەتبوونی ڕاشکاوانە بنێت و پشتیوانی بکات. کورد دەیان ساڵە هاوپەیمانی سەرسەختە. ئەوان شایەنی کەمتر نین. هاوکاریی سەربازی و ڕاهێنانی هێزە کوردییەکان توانای پاراستنی سەقامگیریی و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ناوچەییەکان زیاتر دەکات.

پێویستیشە ئەمریکا ئاسانکاریی بۆ گفتوگۆی دیپلۆماسی لەنێوان سەرکردەکانی کورد و حکومەتی تورکیا و عێراق بکات بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان. هەروەها پێویستە ئەمریکا هەموو هەوڵێک بدات بۆ هاندانی گەشەسەندنی ئابووریی لە ناوچە کوردنشینەکان بۆ پێکهێنانی بڕبڕەی پشتی دەوڵەتێکی بەردەوام و سەقامگیری کوردی.


ئەمریکا دەبێ بیسەلمێنێت کە دۆستێکی جێی متمانەیە بۆ کورد، ئێمە وازمان لە هاوبەشەکانمان لە ئەفغانستان هێنا، ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە دووبارە ببێتەوە، كورد نابێت تەنیا پشت بە شاخەكان ببەستێت.

وتاری گرێگ ڕۆمان لە میدڵ ئێست فۆڕم

شەیری بکە لە: