ئەم هەفتەیە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت

شەیری بکە لە:
ئەم هەفتەیە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت

دیمەنێک لە پرۆسەی دەنگدان، سەرچاوە: ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

بڕیارە ئەم هەفتەیە دوای گەیشتنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

چیرۆکی سەرەکی:  20ی ئەم مانگە ڕۆژێک پێش بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق کە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی یەکلاکردەوە، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند دەتوانن لە نێوان مانگی 5 بۆ مانگی 10 هەڵبژاردن بکەن.

لێدوانی فەرمی: عەبدولسەلام بەرواری کە یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە به‌ ئاڤا نیوزی گوت، 40 ڕۆژ پێش کۆتاییھاتنی ماوەی یاسایی کۆمیسیۆن عێراق کە 7-7-2024 تەمەنی بەسەر دەچێت، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ده‌توانێت وادەیەک بۆ هه‌ڵبژادن دیاری بكات.

ئاڤا نیوز زانیویەتی سبەی بە نووسراوی فەرمی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەگاتە هەولێر، له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێر‌یشدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی كوردستان وادەکە دیاری دەكات.

ئەمەش بزانە: بەگوتەی عیماد جه‌میل، سه‌رۆكی تیمی ڕاگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق کە قسەی بۆ ئاڤا نیوز کرد،  ژمارەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک لە کۆی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:

- پارێزگا هەولێر 34 کورسی
-  پارێزگا سلێمانی 38 کورسی
-  پارێزگاری دهۆك 25 کورسی
-   پارێزگا هەڵەبجە 3 کورسی

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: