پارتی و یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان تاوتوێ دەكەن

شەیری بکە لە:
پارتی و یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان تاوتوێ دەكەن

گرافیک؛ ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

هەریەک لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەجیا لەگەڵ لایەنەكانی دیكە كۆبوونەوەتەوە و تەنیا كۆبوونەوەی دوو قۆڵییان ماوە بۆ ئەوەی یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تاوتوێ بكەن.

 

چیرۆکی سەرەکی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 2-12-2024ـی بۆ یەكەم كۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكردووە، بەمەش تەنیا سبەی لەبەردەم پارتی و یەكێتی ماوە كۆببنەوە و دۆخی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت تاوتوێ بكەن.

 

زانیاریی پەیامنێر: ژیوار عەبدولرەحمان، پەیامنێری ئاڤا لە سلێمانی ڕایگەیاند: كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە دەباشان دەكرێت و شاندی دانوستانكاری پارتی سەردانی یەكێتی دەكات و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەبێت، كە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەبچێت.

 

ئەمەش بزانە: چاوەڕوان دەكرێت دوای بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوە و سەردانی لایەنەكان دەستپێبكات و بە وردی گفتوگۆ سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان بكرێت.

 

لێدوانی فەرمی: سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: پێشوازی لە شاندەکەی پارتی دەکەین، گفتوگۆکانیش لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەت، پۆست و بەرپرسیارێتییەکان دەبن.

شەیری بکە لە: