تێپەڕاندنی ئەو توندوتیژییانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازار دەدەن

ئەلێکساندەر شاڵێنبێرگ

ئەلێکساندەر شاڵێنبێرگ

ئەلێکساندەر شاڵێنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا، ئەم وتارەی لەبارەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسیوە و بۆ بەشێک لە میدیای ناوچەکە نێردراوە، یەکێک لەوانە ئاڤا نیوزە.

ئەلێکساندەر شاڵێنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا

ئەلێکساندەر شاڵێنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا

چەندین دەیەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە ناو بازنەکانی توندوتیژییەوە، بەڵام مانگەکانی ڕابردوو ڕەهەندی نوێی وێرانکارییان هێناوە. هێرشە دڕندانە تیرۆریستییەکەی حەماس، غەززە و ناوچەکەی بەرەو لێواری هەڵدێران بردووە. وەک هەموو پێکدادانەکان، لەمەشیاندا خەڵکە مەدەنییەکە بارەکە هەڵدەگرن. ئیسرائیلییەکان بە هۆی کوشتارگەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بریندارن و خێزانەکان لە سەلامەتیی منداڵ، دایباب، داپیرە و باپیرەکان دەترسن کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن. لە هەمان کاتدا، فەلەستینییەکانیش لە غەززە ئازیزانیان لە دەست داوە، بێ سەرپەنا و خۆراک و فریاگوزاریی پزیشکی ماونەتەوە. من زۆر کەوتمە ژێر کاریگەرییەوە کاتێک کە چاوم بە خێزانە نەمسایی-فەلەستینییەکان کەوت کە لە غەززەوە بردمانن و لەگەڵ ئەو دایکە ئیسرائیلییانەی کە کوڕەکانیان هێشتا لای حەماس بارمتەن. هیچ پلەبەندییەک بۆ ئازارچەشتن نییە. ئێش و ئازاری هەموو کەسانی سیڤیل مایەی نیگەرانییە. ئەوە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی ئێمەیە کە بیانپارێزین و کۆتایی بە ناڕەحەتییەکانیان بهێنین.

 

لەبەرئەمەشە کە من بۆ تێلەڤیڤ، ڕامەڵا، قاهیرە و عەمان گەشت دەکەم و گوێ دەگرم و لەگەڵ هاوبەشەکانمان بەشدار دەبم. ڕەگوڕیشەی ئەم ناکۆکییە قووڵە. هەستەکان بەرزن. هەڵوێستەکان، لە دەرەوەش، بە زۆریی چەسپاون. وەک وەزیری دەرەوەی وڵاتێک کە بۆ چەند دەیە هاوبەشێکی جێ متمانەی گەلی فەلەستینە و لە هەمان کاتدا پێزانینی تەواوی هەیە بۆ بەرپرسیارێتیی مێژوویی بەرامبەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەوە بە ئەرکی خۆم دەزانم کە هەرچی پێم بکرێت بۆ کرانەوەی پانتایی دیپلۆماسی بیکەم. 

 

یاسای نێودەوڵەتی بنەمای ڕێنیشاندەری سیاسەتی دەرەوەمانە. پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، هەر کاتێک و لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە بێت، هێڵی سوورە. لەبەرئەمەشە کە ئێمە بێ دوودڵی هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکانی حەماس، تۆنێلەکانی تیرۆر، بارمتەگرتن و بەکاربردنی کەسانی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی، سەرکۆنە دەکەین. لەبەر ئەوەیە ئێمە لەگەڵ مافی بەرگری لە خۆکردنی ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە بەهێزی وەستاوین. لەبەر ئەوەیە تەریب لەگەڵ یاسای مرۆیی نێودەوڵەتین، ئێمە داوا لە ئیسرائیل دەکەین هەر هەنگاوێکی ڕێتێچووی زیاتر بۆ پاراستنی کەسانی سڤیلی بێتاوان بگرێتەبەر و ڕێگە بدات یارمەتیی زیاتر بچێتە ناو غەززە. هەروەها لەبەر ئەوەشە کە ئێمە بە توندی ئەو لێدوانانە ڕەتدەکەینەوە کە داوای جێگۆڕکێی فەلەستینییەکان دەکەن، ئێمە داوای مانەوەی فەلەستنییەکان دەکەین و داوای سزادانی نیشتەجێکراوە توندڕەو و توندتیژەکانیش دەکەین.

 

بەڵام ئاماژەدان بە پرەنسیپە نۆبڵەکان بەس نییە. ئەوە لە ڕێگەی دیپلۆماسیی بەردەوام و ماندوونەناسانەوەیە کە بارمتەکان و ئازیزەکانیان بە یەک دەگەیێنینەوە و ئاو، خۆراک و دەرمانی پێویست بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کەسانی سڤیل لە غەززە دابین دەکەین. ئەمە کاری لەپێشینە و دەستبەجێی نەمسایە. من خۆشحاڵم بەو گفتوگۆیانەی ئەم دواییە کە ئەمریکا، قەتەر و میسر پاڵپشتیی لێدەکەن. ڕێککەوتنێک دەتوانێت ئامادەکاریی بکات بۆ ئاگربەستێک و سەرەنجامیش ببێتە دەروازەیەک بۆ ئاشتی. 

 

نابێت کات بەفیڕۆ بدەین. هەموو ڕۆژێک لەگەڵ خۆیدا ئازاری زیاتر بۆ خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەکان و منداڵان و ژنان و پیاونی غەززە دێنێت. ئێمە 13ملیۆن یۆرۆمان کۆکردووەتەوە بۆ یارمەتیی خەڵک لە غەززە و بۆ سەقامگیریی ناوچەکە. پاڵپشتیی دیکەش بەڕێوەیە. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، یارمەتییەکانی نەمسا بۆ ناوچەکە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٢٠ ملیۆن یۆرۆ. لە وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتبارە شۆکهێنەرانەی کە ئاراستەی کارمەندانی ئونروا UNRWA کرا بەوەی کە دەستیان لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەردا هەبووە، ئێمە و چەند بەخشەرێکی دیکە بەشێوەیەکی کاتی بەخشینەکانمان ڕاگرتن و هەڵمانپەساردن و چاوەڕێی لێکۆڵینەوە شەفاف و گشتگیرەکانین. بەڵام ئێمە هەرگیز یارمەتییەکانی نەمسامان نەوەستاندن. ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا دەستبەکار بووە و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ دیاریکردنی ئەو پێوەرانەی کە بە هۆیانەوە ڕێگەمان پێدەدرێت تا پارەدانەکان دەستپێبکەینەوە، کاتێک کە تۆمەتبارکردنەکان تاقیکرانەوە و ڕوونکردنەوەی پێویست سەبارەت بە دەرئەنجامەکان هەبوو. ئەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گرنگە کە گومانی لە سەر نەبێت و سەرزەنشت نەکرێت.

 

ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان وەک یەک شایستەی ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش و شکۆمەندین. 

 

ئەوان دەڵێن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێکی گرنگە بۆ کەسانی گەشبین. لە ڕاستیدا، لە ناو جەرگەی ئەو هەموو ترس و ئازارەدا، وا دەردەکەوێت کێشانی ڕێگایەک بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام ئاسان نەبێ، بەڵام بە نیسبەت منەوە، هیچ جێگرەوەیەکی شایستە و هەمیشەیی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی بوونی نییە. ئەوە تەنیا یاریی ناو گۆڕەپانەکەیە. 

 

من داهاتوویەکم دەوێت کە تیایدا گرووپە تیرۆریستییەکان هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل نەکەن. داهاتوویەک کە تیایدا دامەزراوە مەدەنییەکانی غەززە وەبەرهێنان لە ئاوات و خەون و خۆزگەی خەڵکی فەلەستیندا بکەن، نەک لە هەڵکۆڵینی توونێل و پلانی هێرشکردن. داهاتوویەک کە دەوڵەتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی کردبێتەوە و هەمووان بتوانن سوودی ئابووری و سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی یەکانگیر  و پەیوەست ببینن. داهاتوویەک کە فەلەستینییەکان خەونی خۆیان بۆ دەوڵەتێکی دیموکراسیی شایستە لە ژێر دەستەڵاتێکی فەلەستینیی چاککراودا بەدی بهێنن.

 

خێزانە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان شایستەی ئەوەن کە لە ماڵەکانیاندا هەست بە ئاسایش بکەن، منداڵەکان شایستەی ئەوەن بێ ترس یاری بکەن و بچن بۆ قوتابخانە، ژنان و پیاوان شایستەی ئەوەن بە دوای کاری خۆیاندا بڕۆن و ژیانێکی پڕ لە شکۆمەندی بۆ خۆیان و ئازیزانیان دروست بکەن. 

 

پێشڤەچوون بە ئاسانی بە دەست نایەت، بێگومان پاشەکشەش دەبێت. بەڵام ئەگەر لە ٧ی ئۆکتۆبەر و لێکەوتەکانیەوە شتێک فێربووبین ئەوەیە کە ناتوانین لە سەر ڕێچکەی جاران بەردەوام بین. لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ هاووڵاتیانی نەمسایی جوو و مسوڵمان، لەگەڵ هاوبەشە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان، لەگەڵ هاوپیشەکانم لە باکووری ئەفریقا و کەنداو، فێری ئەوە بووم کە سەرەڕای جیاوازییە ڕاستەقینە یان وێناکراوەکان، ئێمە دەتوانین لە دەوری پڕنسیپە هاوبەشەکانی شکۆمەندی و مرۆڤایەتی یەک بگرین. پێویستە ئازایەتی و ئیرادەی سیاسیی ئێمە لە ئاست ئەرکەکەماندا بێت. نەمسا پابەندە بە دروستکردنی ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ واقیع لە پێناو پاراستنی داهاتووی نەوە ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان لە بەڵای شەڕ. 

 

وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: