سەرۆک بارزانی وەک باوک و خەمخۆر هۆشداری دا

سەرۆک بارزانی وەک باوک و خەمخۆر هۆشداری دا

دوێنێ لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) لە پارێزگای دهۆک، سەرۆک بارزانی وتارێكی پێشكەشكرد و تیشكی خستەسەر چەند بابەتێكی گرنگی رۆژ.

 

سەرەڕای قسەكردن دەربارەی پرس و بابەتە سیاسییەكان، هاوكات سەرۆک بارزانی تیشكی خستەسەر بابەتێكی گرنگی كۆمەڵایەتی كە پەیوەستە بە چارەنووس و تەندروستیی تاک بە تاكی كۆمەڵگاكەمان و دواڕۆژی نەوەكان و خێزانەكانمانەوە.

 

سەرۆک بارزانی تیشكی خستەسەر مەترسیی ماددەی هۆشبەر و پێویستی رووبەڕووبوونەوەی ئەم خووە پیسە بە هەموو جۆرەكانییەوە لە كوردستاندا و پێویستی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی بەو پێیەی هێشتا لە سەرەتاكاندایە. 

 

سەرۆک بارزانی داوای لە هەمووانكرد بە گرنگییەوە لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بڕوانن  و وەک مەترسییەكی گەورە كە سەرەتاكانی بڵاوبوونەوەی لە ناوچەكەماندا دەركەوتووە، دەكرێ لە ئێستاوە بە پلانی تۆكمە و گشتگیر و بە پشتیوانی هەمووان رێگری بكرێت لە بڵاوبوونەوەی ئەم خووە پیسە لە كۆمەڵگەی كوردستاندا.

 

هەمووان دەزانین بابەتی ماددەی هۆشبەر بە هەموو جۆرەكانییەوە لە جیهاندا بووە بە كێشەیەكی كۆمەڵایەتیی گەورە، بەتایبەت لەناوچەكە و دەوروبەرماندا خەڵكێكی زۆر بە دەست ئەم خووە پیسەوە گیرۆدەن، بۆیە مەترسی تەشەنەكردنیشی لەناو هەرێمدا نابێت نادیدە بگیرێت و دەبێت سەرچاوەكانی وشک بكرێت، وەك سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێدا.

 

سەرۆک بارزانی راشكاوانە پەنجەی خستەسەر كێشەكە و وتی، بەداخەوە لەناوچەكەمان هەندێک سەرقاڵی ئەم بازرگانییەن و هەندێک كەس دەزگا و كارگەی تایبەتیان بە دروستكردنی ماددەی هۆشبەر داناوە كە ئەوە قبووڵكراو نییە و پێویستە كۆتایی پێبهێنرێت.

 

ئێمە لە ئاڤا پێمان وایە دەستبردنی كەسی یەكەم و مەرجەعی کوردستان بۆ ئەم بابەتە كە پەیوەندیدارە بە هەمووانەوە جێی دڵخۆشییە، ئاماژەی ئەوەیە كەسی یەكەمی وڵات درک و خەمی كێشەیەكی هەیە كە خەمی هەمووانە و خەمی هەموو خێزانەكانە، بەڵام لەوانەیە باوكان و دایكانی ئێمە نەتوانن بەتەنها و بێ پشتیوانی لایەنە دەستڕۆیشتووەكان رووبەڕووی ببنەوە و مناڵەكانیان لە توشبوون بەم خووە مەترسیدارە بپارێزن.

 

جا ئەگەر كەسی یەكەم و مەرجەعی كوردستان خۆی بۆ ئەم بابەتە بێتە سەرخەت، بێگومان ئەمە دەبێتە پاڵپشتییەكی گەورە و كارئاسانییەكی باش بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەكە و پاراستنی منداڵ و نەوەكانمان لە تیاچوون.

 

بۆیە پێمان وایە جگە لە لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێكارەكانی حكومەت، گرنگە مامۆستایانی ئایینی و پزیشک و قوتابخانەكان و دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هاوكار و پشتیوان بن لەم پرۆسە پیرۆزەدا كە پاراستنی منداڵ و نەوەكانمانە لە كەوتنەناو بازنەی مەرگی هێواشی ماددەی هۆشبەر.

 

ئەمە جێی دڵخۆشییە بۆ خێزانەكانمان بۆ  باوكان و دایكان، بۆ مامۆستاكان و بۆ پیاوانی ئایینی و بۆ پزیشكەكان و بۆ هەموو ئەوانەی چاویان لە دوارۆژێكی پرشنگدار و تەندروستە بۆ نەوەكانمان كە ئەوەتا  ئیرادەیەكی باڵا هەیە بۆ راگرتنی ئەم دیاردەیە كە وادیارە هێشتا لەسەرەتاكانیدایە و ئەگەر ئەمڕۆ رێی لێبگیرێت لە سبەی باشترە.

 

بێگومان ئەمە یەكەم جار نییە سەرۆک بارزانی هۆشداری لەم مەترسییە دەدات، بەڵكو پێشتریش جەنابیان لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە بە رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە و لە ئەنجامی ئەوەش چەندین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەماوەكانی رابردوودا دەستگیركراون و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت تابنبڕكردنی. 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: