شەش حیزبی عێراقی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە

شەیری بکە لە:
شەش حیزبی عێراقی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە

نووسراوی شەش لایەنەکە

ئاڤا نیوز

 

شەش حیزبی عێراقی دەڵێن، هەوڵی هەندێک لایەن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا مشتومڕئامێزەکان بۆ بەرژەوەندی سیاسیی تایبەتە و کێشەکانی وڵات قوڵتر دەکەنەوە، هاوکات هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش ڕەتدەکەنەوە.

 

وێنە گەورەکە: پرۆژەیاسای باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕانەوەی زەوی بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان لە سنووری ماددەی 140 سێ پڕۆژەیاسای مشتومڕئامێزن و تائیستا پەرلەمان نەیتوانیوە دەنگیان لەسەر بدات، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانیش لە دوا لێدوانیدا ئاماژەی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن کرد ئەوەش ناکۆکییەکانی زیاتر قوڵکردەوە.

 

زانیاریی زیاتر: ڕۆژی یەکشەممە شەش لایەنی سیاسی بەناوەکانی (جووڵانەوەی وەرگرتنی مافەکانم بە دیموکراسی، گردبوونەوەی کۆماریی، هاوپەیمانی ئابووری، حیزبی پێشەنگی، حیزبی ڕۆشنبیری و حیزبی چاکسازی عێراقی) لە بەغدا کۆبوونەوە و لەبارەی پڕۆژەیاسا مشتومڕئامێزەکان گفتوگۆیان کرد، دەشڵێن، هەندێک بڕگەی پڕۆژەیاسای باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی هەڕەشەن لەسەر ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگە و ئەوانەی پشتیوانی دەکەن بەمەبەستی هەڵبژاردن بەکاریان دەهێنن.

 

ئەمەش بزانە: ئەو شەش لایەنە ئاماژە بەوەش دەکەن، هەمووجارێک لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن باس لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکرێت ئەوەش پێشهاتێکی مەترسیدارە و باوەڕیان وایە قەیرانە سیاسییەکانی عێراق قوڵتر دەکاتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: