نەسڕوڵڵا ڕەشنوودی: لەم پێنج ساڵەدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە قۆناغی زۆر باش گەیشتین
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤا نیوز
نەسروڵڵا ڕەشنوودی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا باسی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و کولتورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکات. سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش دەکات، کە هاوکار بووە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا.
چیرۆکی سەرەکی: نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە کارەکانی هات، ماوەی پێنج ساڵ لەو ئەرکەدا بوو. بۆ دوایین چاوپێکەوتنی میدیایی لەنێو چەندین داواکاریی میدیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاڤا میدیای هەڵبژارد.
ئاڤا میدیا: سوپاس بەڕێز نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بۆ ئەو دەرفەتە.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بە ناوی خودای گەورەی میهرەبان، منیش سوپاسی ئێوە دەکەم کە ئەم چاوپێکەوتنەتان ڕێکخستووە و سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ بینەران و بیسەرانی ئازیز کە ئەم بەرنامەیە دەبینن و دەبیستن.
"هەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران هەنگاوی باشی ناوە"
ئاڤا میدیا: وەک ئاگادارن شاندێکی باڵای هاوبەشی ئەمنیی عێراق و کوردستان سەردانیان ئێرانیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی ئەمنی پەیوەست بە ئاسایشی سنوورەکان و ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران و پرسی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.. پرسیارەکە ئەوەیە ئێران چی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەوێت؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: زۆر سوپاس، ئێمە وەک دوو دراوسێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق سنوورێکی دوورودرێژی هەیە، هەروەها پێشینەیەکی مێژوویی و کولتووری و کۆمەڵایەتی دێرینی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەرنجێکی تایبەت بخرێتە سەر بابەتە ئەمنییەکانیش، سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان کە هەمیشە یەکێک بووە لەو بابەتانەی کە کاریگەرییان لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا داناوە. ژمارەیەک کۆبوونەوە کراون و لیژنەی هاوبەش پێکهێنراون. ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نزیکەی 21 کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیمان کردووە. ساڵی 2022 ئەم ڕێککەوتنە ئەمنییە لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق بەسترا، کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تیایدا ئامادە بوو. ئەم ڕێککەوتنە ئەمنییە لە کاتی واژۆکردنییەوە هەردوولا کاریان لەسەر کردووە و هەنگاوی تا ڕادەیەک باشیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نراون، ئەم ڕێککەوتنە ئەمنییە چەند ماددەیەکی هەیە کە پشت بە خودا دەبێت جێبەجێ ببن. هەروەک گوتم هەنگاوی باش نراون، بەڵام هێشتا بەس نین، هەربۆیە سەردانی شاندی ئەمنی بە سەرپەرشتی بەڕێز قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و بە ئامادەبوونی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لەم بارەیەوە و لەسەر ئەو شتانەیە کە تا ئەمڕۆ جێبەجێ کراون. هەندێک بابەتی دیکەش هەن، وەک ئەوەی بەڕێزت ئاماژەت پێدا، بابەتی هێرشی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و سوودوەرگرتن لە ئاسمانی عێراق، کە ئەم بابەتانەش لەوێ دەخرێنە بەر باس.
ئێران دڵنیایی بە عێراق داوە لە خاکەکەی هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل؟
ئاڤا میدیا: بابەتێک کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق زۆر لێی دەترسن، باس لەوە دەکرێت کە ئێران لە خاکی عێراقەوە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە. عێراقیش دەڵێ ئێران ئەو دڵنیاییەی پێداوین کە لە خاکی عێراقەوە هێرش ناکەنە سەر ئیسرائیل. ئایا ئێران ئەو دڵنیاییەی داوە بە عێراق کە لە خاکی عێراقەوە هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی ڕایانگەیاندووە کە لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی ڕژێمی زایۆنی دەدەنەوە، ئەمەش مافی ڕەوای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە ئەو مافەی خۆی بەکاربهێنێت، کەی و لە کوێ، ئەوە پەیوەستە بە بڕیاری بەرپرسانی ئێرانەوە، بەڵام ئەوەی کە ئێران بیەوێت سوود لە عێراق یان لە ئاسمانی عێراق وەربگرێت ئەوە پەیوەستە بەو بڕیارانەوە کە دەدرێن و من زانیاریم لەسەریان نییە.
ئاڤا میدیا: پەیوەست بە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، ئایا لە ڕوانگەی ئێوەوە هەرێمی کوردستان هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ کردووە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: نەخێر، بەڵام هەنگاوی باشی ناوە، جووڵەی باش کراوە و هەندێکجار پێویستیان بە کاتی زیاتر هەبووە، ئەو داواکارییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیبووە کاتی زیاتری پێویست بووە تاوەکو بتوانن ئەم بابەتانە جێبەجێ بکەن، بۆ نموونە دروستکردنی کەمپەکان پێویستی بە کات و پێداویستی هەیە و پێدانی مۆڵەت لەلایەن حکومەتی عێراق هەیە، ئەم کارانەش دەستیان پێکراوە و لەجێبەجێبووندان و پشت بەخودا و بە گوێرەی ئەو نیازەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیانە ئەم بابەتە بەزوویی جێبەجێ دەبن و هیوادارین هەرچی زووە ئەنجامی هەبێت.
لەبارەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات: هەر جووڵەیەک بکەن بەتووندی وەڵامیان دەدەینەوە
ئاڤا میدیا: ئێران ئێستا هیچ ترسێکی هەیە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی دروست ببێت؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بوونی گرووپەکانی دژ بە ئێران لێرە خۆی لە خۆیدا مایەی کێشەیە و کاریگەریی نەرێنی هەیە، بەڵام نابنە هەڕەشەیەکی جدیی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام دروستکردنی ناسەقامگیریی و ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە جووڵەیەک بکرێت و ناسەقامگیریی لە سنوورەکان دروست بکات ئەمە جێگەی پەسەندکردن نییە و بەڕاستیش بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەمەیان ناوێت. هیوادارین ئەو هۆکارانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر وێرانکردنی پەیوەندییەکان، وەک بوونی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لە هەرێمی کوردستان و ئەو بابەتانەی دیکەی هاوشێوە، پێویستە چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە، هەردوولاش ئەو نیازەیان هەیە کە چارەسەری بۆ بدۆزنەوە و پشت بەخودا ئەمە باش دەکەن. ئێمە لە ڕابردوودا هەمان پرسمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراقیش هەبوو، بوونی گرووپی تیرۆریستیی مونافقین لە دیالە، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە هەمیشە جێگەی سەرئێشە بوو بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بەڵام عێراقییەکان لەکاتێکدا چارەسەرێکیان بۆ ئەمە دۆزییەوە و ئەو کەسانەی کە لەوێ بوون، کە ژمارەشیان زۆر بوو، لە عێراق دەرکران و ئەوانیش چوونە ئەلبانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و لەوێ نیشتەجێ بوون. بەم شێوەیە عێراق ئەو هۆکارەی کە تێکدەری پەیوەندییەکان بوو دوورخستەوە و لە وڵات دەریکردن. بە بۆچوونی من، ئەم بابەتەی بوونی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستانیش پێویستە وەک ئەوەی عێراق چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە و بە تەواوی چارەسەر بکرێت. ئێستا کاتێک نییە کە ئێران دان بە خۆیدا بگرێت و ئەمانە جووڵەیەک بکەن و ئێرانیش هیچ نەکات، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەمانە کارێک بکەن ئێران بە دڵنیاییەوە وەڵامی تووندیان دەداتەوە.
"دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش و دوولایەنەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت"
ئاڤا میدیا: بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی ئەوەی پێداون، ئەو حیزبانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن و لە خاکی هەرێمی کوردستانن، هیچ چالاکییەک دژ بە ئێران نەکەن کە مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی ئێران. حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش ڕەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکەن.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: ئێمە دەبینین کە هەندێک جووڵە لەلایەن ئەم گرووپە تیرۆریستیانەوە دەکرێت کە لە دەرەوەی ڕێککەوتننامەکەیە، واتە پێشێلی ڕێککەوتنەکە دەکات، ئەمەش لە شوێنی جیاواز لەلایەن لیژنەی ئەمنییەوە گەیێنراوەتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، نیازی بەرپرسانی هەرێمیش ئەوەیە کە ئەم بابەتە زووتر چارەسەر بکرێت و ئەم شتانە نەبینینەوە. لە ڕاستیدا نیازی ئێران دروستکردنی پەیوەندییەکی باشە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوولایەنە، کە هەم لەگەڵ عێراق و هەمیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەمانبێت.
"ناکرێت لە بابەتی ماددەی هۆشبەر گلەیی لە ئێران بکرێت"
ئاڤا میدیا: ئەوەی هەرێمی کوردستانیش لێی نیگەرانە پرسی هاوردەکردنی ماددە هۆشبەرەکانە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و گواستنەوەی بۆ عێراق و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکانیش سلێمانی بووەتە شوێنی سەرەکی ترانزێت بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق. ئایا ئێران چۆن هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ڕێگریکردن لەو بابەتە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: ئێران لەوانەیە یەكێک بێت لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی لەبەر ماددەی هۆشبەر بەرکەوتبێت. ئێمە لەگەڵ ئەفغانستان هاوسنوورین کە ئەو وڵاتە زیاتر لە 90٪ـی ماددەی هۆشبەری جیهان بەرهەم دەهێنێت و لەوێوە بۆ شوێنانی دیکە دەنێردرێت. ئێمە لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر شەهیدی زۆرمان داوە. هەندێک جاریش لەبەر ئەو سنوورە درێژەی کە هەیە و لەبەر ئەو فێڵانەی کە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەیکەن لەوانەیە بتوانن خۆیان لە بەرچاوی بەرپرسانی ئاسایش و پۆلیسی ئێمە بشارنەوە و ئەمە بۆ شوێنانی دیکەش بڕوات، نابێت لەبەر ئەمە لە ئێران نیگەران بین، چونکە بەڕاستی ئەگەر ئێران نەدەبووە ڕێگری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر و لەم ڕێگەیەدا شەهیدی نەدابایە، ئەوا لەوانە بوو ئەم ماددە هۆشبەرانە هەموو ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکەیان بگرتایەتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت ناکرێت بگوترێت کە ئێمە 100٪ و بە شێوەی تەواوەتی دەتوانین ئەمە بووەستێنین. نەخێر، هەرچۆنێک بێت ئێران وڵاتێکی گەورە و فراوانە و هەندێک بابەتیش دەبنە هۆی ئەوەی کە هەندێکجار هەندێک کەس لە دەست دەردەچن و لەوانەشە بچنە ناو هەرێمی کوردستان و شوێنانی دیکە، بەڵام ئێمە تووندترین ڕێکارمان بەرامبەر بە قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر گرتووەتەبەر، کە هەندێکجارێش لەلایەن میدیاکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەخنەی لێدەگیرێت، ئێمە بۆ بازرگانە گەورەکان، ئەوانەی کە لە ئاستێکی گەورەدا بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، سزای لەسێدارەدانمان بۆیان هەیە؛ ئەوانە کەسانی دژایەتیکار و بڵاوکەرەوەی گەندەڵین لەسەر زەوی ،کە سزای ئەو کەسانەش لەسێدارەدانە. هەندێکجار ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ ئەو قاچاخچییانەدا دەکرێت لە میدیاکانی هەرێمی کوردستانەوە دەخرێتە بەر ڕەخنە و بە داخەوە لە دژی ئێران بەکار دەبرێت و دەبینین کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئەم بابەتە دەلکێنن بە پرسی نەتەوەکان و پرسەکانی دیکەوە وەک ئەوەی لە ئێران ڕەچاوی مافەکانی مرۆڤ ناکرێت و بابەتی لەو جۆرە. بەڵام جدییەتی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەردا نیشانەی ئەوە نییە کە ئێمە بمانەوێت چاوپۆشی لێ بکەین، ئێمە تەواو جدیین و بوونی شەهید لەم پێناوەدا بەڵگەیە لەسەر ئەو قسەیە.
"ئەمساڵ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە لووتکە"
ئاڤا میدیا: بەڕێزتان ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە کۆنسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن لە هەولێر، ئایا چی گۆڕاوە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران؟ بەتایبەت لە سەردەمی کابینەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: ئەو هاوکارییانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم کاتانەی کە من لێرە بووم لە بوارە جیاوازەکاندا لەگەڵ ئێمەدا هەیانبووە جێگەی سوپاس و پێزانینە. ئێمە هەوڵمان دا لەو ماوەیەی کە لێرە بووین، بە سەرنجدان لەو کێشە زۆرانەی کە لەم ماوەیەدا هەبوون، وەک کۆرۆنا، کە بەڕاستی پرسێکی جدیی جیهانی بوو، بەڵام ئێمە لە کاتی کۆرۆنادا، بە هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سنوورەکانمان بەکراوەیی هێشتنەوە و تەنانەت لەوانەیە بڵێـم بابەتە ئابوورییەکانمان لەو کاتانە بووژانەوەی زیاتری بەخۆوە بینی، ئەمە بە سەرنجدان لە داخرانی سنوورەکانی دیکە لە وڵاتانی جیهان. سەبارەت بە بابەتەکانی دیکەش ئەمە هەر وا بوو. ئێمە هەوڵمان دا ئەم بابەتە ئابوورییانە لە بابەتەکانی دیکە جیا بکەینەوە، بەردەوام هەوڵمان دا پەیوەندییەکانمان بەهێزتر و فراوانتر بکەین، چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتانەش بدۆزینەوە کە دەبنە هۆی هێواشکردنی پەیوەندییەکان، لەناویان ببەین و لەسەر ڕێگەمان لایان بدەین. سوپاس بۆ خودا ئێمە لەم ساڵەی ئێستاماندا بینیمان کە ئەم پەیوەندییانە گەیشتنە لووتکە، ئەمەش بە سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران و دوای ئەوەش سەردانی دووبارەی بەڕێزیان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران و یاریدەدەرەکەی و شاندی یاوەریان، دوای ئەوەش بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران و هەروەها بابەتەکانی دیکە کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی سەردانی بەڕێز سەرۆککۆماری ئێران بەڕێز دکتۆر پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەمە یەکەمجار بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەمە ڕووبدات کە سەرۆککۆمار سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ئێمە ئەمە بە شتێکی باش دەزانین و هیوادارین هەردوولا بتوانن سوود لەم دەرفەتانە وەربگرن و دەرفەتەکانی دیکەش بەکار ببەن تا پشت بەخودا ئەم پەیوەندییانە تەنانەت زیاتر لەمەی ئێستا فراوانتر بکەن.
"هەوڵەکانی مەسرور بارزانی جێگەی سەرنجن و درێغی نەکردووە"
ئاڤا میدیا: هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: هەوڵەکانی بەڕێزیان جێی سەرنجن، بە سەرنجدان لەو پەیوەندییە مێژووییەی کە ئێمە لەگەڵ حیزب و گرووپەکان و بەتایبەتیش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەمانە ئەمە ئیشەکەی بۆ ئێمە و بۆ بەرپرسانی بڕیاربەدەست و ئەو سیاسییانەی کە لە سەرەوەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتین لەوانەیە ئاسان بکات، چونکە ئەم پاشخانەی ئاشنایەتی و دێرینیی ئەم پەیوەندییانە لە نێوان هەردوولا بوونی هەیە و ئێمە لەم ماوەیەدا بینیمان کە لە هەر شوێنێک کە پێویست بوو لە فەرمانەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی سوود وەربگرین بەڕێزیان درێغییان نەکرد و توانیمان لەو شوێنانەی کە پێویست بوو سوود لە بوونی بەڕێزیان وەربگرین. هەندێک هۆکاری دیکە کاریگەر بوون وەک ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بەغدا هەیانبوو، کێشەی بودجە و کێشەکانی دیکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەخستە ژێر کاریگەرییەوە، ئەوانەش ئەو هۆکارانەی دیکە بوون کە ئێمە ناتوانین کە ئەوە بەسەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکەین، ئەوە پرسێکی دیکەیە کە هەندێکجاریش کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی ئێمەش هەبووە.
"ڕۆژانە 12 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ئێران"
ئاڤا میدیا: دەگوترێت پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی حیزبەکان بووە نەک لەگەڵ حکومەتدا، لە سەردەمی کابینەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستاندا ئەو پەیوەندیانە ڕێکخرانەوە و قاڵبێکی حکومی و یاساییان وەرگرت. ئێوە ئەم هەوڵە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا بۆ ئێمە ناسراو و جێگەی ڕێزە، هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکدەخەین، هیچ ڕێگرییەکیشمان لەم بارەوە نییە و تا ئێستاش نەمانبووە، بەڵام بە تەنیشت ئەمەشەوە ئێمە پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ هەموو حیزب و گرووپەکان هەیە، هەروەهاش لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆشنبیرییەکان، ئایینییەکان، پێکهاتەکان، هەموو ئەمانە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆژێک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون و ئەوانەشی کە بەهۆی ڕژێمی بەعسەوە زیانیان پێگەیشتووە، ئەزموونیان لە ئێران هەیە، هەر لەبەر ئەمەیە ئێمە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی فراوانمان هەیە، بەڵام ئەمە نابێتە ڕێگری ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پەیوەندیمان نەبێت، بەڵکو ئەمە لە شوێنی خۆی و ئەوەش لە شوێنی خۆی، واتە ئێمە پەیوەندییە حکومییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەردەوامە و پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ حیزبەکان بەهەمانشێوە. لەوانەیە ئێمە دووەم وڵات بین کە بەرپرسی پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان هەیە، ئێمە و تورکیا لەبەر ئەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەمانە، پێکهاتەیەکی پەیوەندیی سەربەخۆمان هەیە و لە پەیوەندییە دەرەکییەکانمان شتێک داهێنراوە لەبەر فراوانیی کارەکە. ئێمە ئەو کاتەی ڤیزامان دەدا هەندێک ڕۆژ تا 6 هەزار و 500 ڤیزامان لە هەولێر دەدا، کە ئەمە ژمارەیەکی زۆر بەرزە 6500 ڤیزا لە هەولێر و ئەوەندەش لە سلێمانی دراوە، واتە لە ڕۆژێکدا 12 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ئێران، هەر بۆیە پێویستیمان بەوە هەیە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە بکەین، واتە بەبێ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە کارەکان مەحاڵ دەبن، بۆیە دەبێت سەرنج بدەینە سەر ئەم بابەتە و هەر واشمان کردووە.
"ئەمساڵ گەشەی پەیوەندیی بازرگانیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان 16% بووە"
ئاڤا میدیا: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان چەندە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: سوپاس بۆ خودا لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەمیشە ڕەوتی گەشەکردنمان ئەرێنی بووە لە دەروازە سنوورییەکان، هەندێک جار هەندێک بەرزی و نزمی هەبووە، بەڵام بە گشتی و لە کۆتایی ساڵدا ڕەوتی ڕوو لە گەشەمان هەبووە، ئەمساڵیش پێموابێت دوایین ئامار کە ڕایانگەیاندووە زیاتر لە 15 تا 16٪ گەشەی پەیوەندیی بازرگانیمان هەبووە.
ئاڤا میدیا: ڕۆڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەو ڕووەوە چی بووە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: کاریگەرییەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی لەم بارەوە بەرچاو بوون، هەندێک ڕێگریی لە بەردەم پەیوەندییە بازرگانییەکانمان هەبوون کە بە فەرمانی بەڕێزیان لیژنەی ئابووری کە چەندین ساڵ لە نێوانماندا هەبوو و لەکار کەوتبوو، بەگەڕ خرایەوە و بەڕێز ئومێد سەباح لەم بوارەدا کە بەرپرسیارێتی لیژنەی ئابووریی لە ئەستۆ بوو، کاری باشی کردن و بە ڕاستی ئێمە لە دڵەوە سوپاسی دەکەین بۆ هەموو ئەو میهرەبانییانەی کە بەرامبەر بە کۆمپانیا ئێرانییەکان و بازرگانەکان هەیانبووە و هەروەها بۆ ئەو دەرفەتانەی کە بۆ چالاکیی زیاتر ڕەخساندوویانە، جێی خۆیەتی من لێرەدا سوپاسی بەڕێزیان بکەم بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی کە لەم بارەوە گێڕاویانە. بەڕێزیان سەرنجیان خستە سەر زۆر لەو ڕێگریانەی کە لە بەردەم ڕێگای ئێـمەدا بوون و هەوڵیان دا چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.
"ناوەندی فێربوونی زمانی فارسی لە هەولێر دەکرێتەوە"
ئاڤا میدیا: پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان لە ڕووی فەرهەنگی و کەلتووری و ڕۆشنبیرییەوە تاوەکو چەند پێشکەوتوون، هەماهەنگی و هاوکاریتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە چۆنە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: سەبارەت بە پەیوەندیی ڕۆشنبیریی ئێمە، ئێمە پاشکۆیەکی ڕۆشنبیریمان لێرە لە هەولێر هەیە کە بەڕێز هاشمی بەرپرسیەتی، بەڵام لە ڕاستیدا سەبارەت بە لایەنی کولتووری ئێمە نەگەیشتووینەتە ئەو شوێنەی کە جێگەی ڕەزامەندیمان بێت. لەم بوارەدا هەندێک کەموکوڕیمان هەن، هەندێک کار ئەنجام دراون، ئێـمە کۆمەڵگایەکی پەروەردەیی ئێرانیانمان هەیە، زیاتر لە 550 قوتابی هەیە، قوتابیانی ئێرانی لە 12 پۆلی خوێندن تیایدا دەخوێنن، بۆ یەکەم جار تاقیکردنەوەی کونکوری پێش زانکۆمان لێرە ئەنجام دا، ئەو قوتابییانەی کە لێرە بڕوانامەی خوێندن بەدەست دەهێنن، یان لە دەرەوەی ئێرە، لە هەولێر تاقیکردنەوەی کونکور دەکەن و دەتوانن لە زانکۆکانی ئێران بخوێنن. ئەمە شتێکی کولتووریی زۆر باشە. جگە لەوە، بەم دواییانە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر پێدانی مۆڵەت بۆ کردنەوەی کۆرسەکانی فێرکردنی زمانی فارسی داوە، پشت بەخودا ئەم ناوەندەش دەکرێتەوە و ئەو دۆستانەی کە دەیانەوێت و پێویستییان بە خوێندن لە بواری زمانی فارسی هەیە، دەتوانن سوود لەم دامەزراوەیە وەربگرن و بەسەر زمانی فارسیدا زاڵ بن. جگە لەمە پاشکۆی ڕۆشنبیریی کۆنسوڵخانە بەدواداچوون بۆ بەشەکانی زمانی فارسی لە کۆلێژەکانی ئێرە دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا بە سەرنجدان لەو پەیوەندییەی کە هەمانە، پێویستییەکی جدییمان بە ناوەندێکی ڕۆشنبیریی هەیە، ناوەندێک کە بتوانێت دەوڵەمەندییە کولتوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشان بدات، هەروەها دەوڵەمەندییە کولتوورییەکانی هەرێـمی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ ئێران بگوازێتەوە. ئێمە داواکاریی کردنەوەی ناوەندێکی وەهامان پێشکەش کردووە، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕەزامەندی بەدەست بهێنین. سەرەڕای ئەمەش، وەک ئاگادارن، ژمارەیەکی بەرچاو قوتابیی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، ئێمە بۆ ئاسانکاریی لە خوێندنی ئەم قوتابییانە، ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕی کە لە هەرێمی کوردستان زانکۆیەک یان کۆمەڵە کۆلێژێک بکاتەوە، لەم بوارەدا چەند دانیشتنێکمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا هەبووە و ڕەزامەندیی بەڕێزیانمان بۆ کردنەوەی زانکۆی ئازاد بەدەستهێنا و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، بەڵام ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕەزامەندی کردنەوەی ئەم زانکۆیە بەدەست بهێنین، لە ڕاستیدا ئێمە پێمانوایە کە شتێکی پێویستە، بۆیە ئەگەر بەڕێز سەرۆکوەزیران سەرنجێکی تایبەتی بخاتە سەر ئەوا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو قوتابییانەی کە لە ئێران درێژە بە خوێندن دەدەن، ئێستا قوتابیان دەچنە ئەوێ و ئەمە لەوانەیە تێچوویەکی زۆرتر بخاتە سەر شانی ئەوان، بەڵام ئەگەر زانکۆکە لێرە بێت و بە سەرنجدان لەو ئاستەی کە زانکۆکانی ئێران هەیانە ئەوا دەتوانن سوودی زۆری لێ ببینن.
ئێران ڕۆڵی چی دەبێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان؟
ئاڤا میدیا: دەگوترێت ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ کردنەوەی ناوەندێکی زمان بۆ فێربوونی زمانی فارسی؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: بەڵێ، هەر وەک بە بەڕێزتانم گوت، ناوەندی زمانی فارسی ڕاگەیێنراوە و پشت بەخودا بەم زووانە بەڕێز هاشمی دەیخاتە کار و داواکاری زۆریشی هەیە لە دامەزراوەکان و لە فەرمانگە حکومییەکان کە بێن و فێری زمانی فارسی ببن، زۆربەشیان فارسی دەزانن، بەڵام دەیانەوێت تەواوتری بکەن، پشت بەخودا سوود لەم ناوەندە دەبینن.
ئاڤا میدیا: کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن دەڕوانێتە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: کۆماری ئیسلامیی هەمیشە لە تەنیشت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی هێنانەئارای سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی ناوە و هەوڵی داوە، چونکە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرنگە، تەواوی ئاسایشی عێراق وەک دراوسێی ڕۆژئاوامان بۆ ئێمە گرنگە، هەر بۆیە لە قۆناغە جیاوازەکانیشدا ئەم هەوڵانە دراون و ئەمڕۆش بەهەمان شێوە لە هەر شوێنێک کە پێویست بێت ئێمە یارمەتیدەر دەبین، ئەو دۆستە ئازیزانەشی لە حیزب و گرووپ و ئاراستە جیاوازەکان کە من لەم ڕۆژانەدا بۆ ماڵئاوایی چاوم پێیان کەوتووە هەر ئەم ڕاسپاردەیەمان هەبووە کە پشت بەخودا هەوڵ بدەن هەرچی زووتر حکومەت پێکبهێنرێت؛ ئێوە خۆتان سیستەم و چوارچێوەیەکتان هەیە و لەو چوارچێوەیەدا و وەک ئەوەی کە چاوەڕێی دەکەن هەنگاو بنێن و پشت بەخودا هەرچی زووترە حکومەت پێکبهێنرێت.
"هیچ ڕۆڵێکمان لە هەڵبژاردن نەبووە تاوەکو بتوانین ساختەکاری بکەین، تەنانەت چاودێرێکیشمان لەسەر سندووقەکان نەبوو"
ئاڤا میدیا: کۆمەڵێک حیزبی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان کە کورسی و دەنگی کەمیان لە هەڵبژاردن هێناوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن ساختەکاری کراوە و دەستکاری دەنگەکان کراوە، یەکێک لەو وڵاتانەی کە تۆمەتباری دەکەن دەستی لەو ساختەکارییەدا هەبێت و دەستوەردانی کردبێت، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ڕاستە ئێران دەستوەردانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و و ساختەکاری کردووە لە بەرژەوەندی هەندێک حیزب و لایەن؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: ئێمە نازانین لەسەر چ بنەمایەک ئەم بۆچوونانە دروست دەبن. بەڵام ئێمە بە ڕاستی بۆئەوەی سەرنج نەدەینە ئەم پڕوپاگەندانە، تەنانەت بۆ چاودێرییش نەچووینە سەر سندووقەکانی دەنگدان، واتە تەنانەت وەک نوێنەری کۆماری ئیسلامی سەرێکیشمان لە سندووقەکان نەدا، چونکە پێکهاتەی سیستەماتیکیی ئەم هەڵبژاردنە لە شوێنێکی دیکە بوو، چاودێریکردنی لە دەسەڵاتی عێراق و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، هەرێمی کوردستانیش خۆی جێبەجێکاری بوو. ئێمە لێرەدا چ ڕۆڵێکمان هەیە و دەتوانین لەم بوارەدا چی بکەین تا ئەم ساختەکارییە لەلایەن ئێمەوە بێت؟ ئەم قسانە لەوانەیە پڕوپاگەندەی میدیایی بێت. زۆر لەم حیزب و گرووپانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە مافی خۆیان نەگەیشتوون، وابزانم تەنانەت پارتیش دەڵێت بە مافی خۆم نەگەیشتووم. وا دیارە زیاتر لە 239 هەزار دەنگی پووچەڵ لەم هەڵبژاردنەدا هەبووە، کە ئەمە گومانی دروست کردووە. لەوانەیە زۆر لە بەرپرسانی حیزبەکان سەرنجی ئەمە بدەن یان خۆیان بە حیزبەکانی دیکە بەراورد بکەن، لەگەڵ ئەو پرسە تەکنیکییانەی کە بەلایەنەوە گرنگن، سەرنج لەو شتانە دەدەن و ڕایدەگەێینن کە جۆرێک لە گومان لەم هەڵبژاردنە هەیە و هەندێک کێشە هەبوون و ئەوان بە مافی خۆیان نەگەیشتوون. لە ڕاستیدا ئێمە ناتوانین لەسەر ئەم بابەتە بۆچوونی خۆمان دەرببڕین، بەڵام هیوادارین کە پشت بەخودا ئەم دۆستانە سەرنج بدەنە سەر ئەو ئەنجامانەی کە ڕاگەیێنراون و بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئێمە پێکهێنانی حکومەت ببینین.
ئاڤا میدیا: چۆن هاوکاری لایەنە براوەکان دەکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: وەک وتم ئێمە هەمیشە ئەو ڕاسپاردەیەمان هەبووە و دەشمانبێت کە ئەگەر کاتێک پێویست بکات ئێمە لە خزمەت دۆستان دەبین، بەڕاستیش بۆ ئێمە گرنگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت، بەڕاستیش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئاسایشی هەڵبژاردن و ئەم کارنامەی هەڵبژاردنەکان شتی زۆر نوێ بوو بۆ ئێمەش، ئێمە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووشمان بینیوە، ئەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا بانگەشەکانی هەڵبژاردن زۆر جێگەی سەرنج بوون، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئاسایشی هەڵبژاردنەکان بوو کە زۆر باش بوو و جێگەی پیرۆزباییە.
"زیاتر لە 150 ئێرانی لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستانن"
ئاڤا میدیا: پەیوەست بە پرسی زیندانیان چ ئەوانەی خەڵکی ئێرەن لە ئێران زیندانن، چ ئەوانەشی خەڵکی ئێرانن و لە هەرێمی کوردستان زیندانن. لەو بارەیەوە چ هەماهەنگییەک هەیە؟ ئایا هیچ داتایەک هەیە چەند هاووڵاتیی ئێران لە هەرێمی کوردستان لە زیندانن؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: زۆر سوپاس، بە سەرنجدان لەو پەیوەندییانەی کە ئێمە هەمانن، هەروەها ئەو سنوورە درێژەشی کە هەمانە، بابەتی کۆمەڵایەتیی زۆریشمان لەگەڵ یەکدی هەیە، هەر بۆیە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی ئێرانی لە بەندیخانە یان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتنن. لە چەند حاڵەتێکی جیاوازدا ئێمە و بەو هەوڵانەی کە دراون لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزیران و بەڕێز سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و هەوڵی دۆستانمان لە بوارەدا و بەڕێز وەزیری ناوخۆ، لێخۆشبوون بۆ بەشێک لەم زیندانییانە دەرکرا و ئەوان ئازاد کران و ڕادەستی ئێران کرانەوە. ژمارەیەکی بەرچاویش لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی بەندییەکان درێژەی بەسەربردنی سزاکانیان بۆ ئێران گوازرانەوە. بەڵام زیاتر لە 150 زیندانیمان ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەن کە بەشێکیان لەوانەیە پەیوەست بن بە ماددەی هۆشبەرەوە، بۆ ئەوانەی ماددەی هۆشبەر ئێمە ڕێککەوتنی گواستنەوەی بەندییەکانمان هەیە، نەک ئازادکردنیان، واتە ئەوانە لێرەوە بۆ ئێران بگوازرێنەوە و لەوێ ئەوەندەی سزاکەیان کە ماوە بیبینن. تەنیا چاکەی ئەمە ئەوەیە کە خێزانەکانیان بە ئاسانی دەستیان پێیان دەگات ئەگەر بیانەوێت سەردانی کەسەکانیان بکەن لە زیندان بە ئاسانی دەتوانن سەری لێ بدەن. ئێمە دەتوانین بە یارمەتیی یەکدی لەم بوارەدا ئاسانکاریی بۆ ئەم کێشانە بکەین. هەندێک کێشە هەن کە ئێمە زۆر هەوڵمان دا ئەمانە چارەسەر بکەین، بەڵام هەندێکیان هەر درێژەیان هەیە، یەکێک لەوانە بە زۆری دەسەڵاتی دادوەریی ئێرە یان دامەزراوە ئەمنییەکان سزای دەرکراو بۆ ئەم زیندانییانە نادەن بە کۆنسوڵخانە. هەندێک جار دەبینیت کەسێک سزایەکی درێژخایەنی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام حوکمی سزادانەکەی ناگاتە دەست ئێمە، کاتێک سزاکەی نەگاتە لای ئێمە ئیدی ناچێتە ناو فایلی پاشخانی کەسەکەوە، دەبینیت کەسێک 10 ساڵ لێرە بەند بووە، دواتر ئازاد دەبێت و دەچێتەوە ئێران، لەوێ کاتێک دەیەوێت فایلی پاشخانی خۆی بێنێتەوە دەبینێت کە تەواو پاکە و هیچ سزایەک نەدراوە و لە بەندیخانەش نەبووە، بۆیە ئەگەر دۆستانی ئازیزی ئێمە لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرە ئەم بابەتە لەپێشچاو بگرن و پێمانی ڕابگەیێنن، کە ئەوەش مافێکی ڕەوای کۆنسوڵخانەیە کە دەستی بگاتە ئەو حوکمانە و حوکمەکانی پێ ڕابگەیێنرێت. بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە ئەم سزادراوانە بەشێکیان خێزانیان هەیە، ژنێک و چوار پێنج منداڵ لەسەر ئەمانە دەژین، ئەگەر ئەوان ئەم سزایەیان لەلابێت ئەوا دەچنە ژێر چاودێریی دامەزراوەکانی پشتیوانیکردنی ئێمە، تا ئەو کاتەی ئەو کەسانە لە زیندان بن، ئەم خێزانانە دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و یارمەتی دەدرێن، تا ئەو کاتەی کەسەکەیان لە زیندان ئازاد دەبێت، خێزانەکان دەکەونە ژێر چاودێریی لیژنەی یارمەتیدان و خۆشگوزەرانییەوە و ئەمە لەم ڕووەوە یارمەتیدەر دەبێت. بابەتێکی دیکە کە پێویستە سەرنج لەویش بدرێت دەستگەیشتنە بەو کەسانە لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، بەشێکی زۆر لەم کەسانە بە داخەوە ماوەی دەستبەسەرداگرتنیان زۆرە، واتە هەندێکجار زیاتر لە ساڵێک دەستبەسەرن دوای ئەوە ئینجا سزاکەیان دیاری دەکرێت و حوکم دەدرێن، ئەمە لەوانەیە بتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دابنێت، ئێمە لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەسانەی کە لای دامەزراوە دادوەرییەکانمان دەستبەسەرن لەوانەیە ئەو پەڕی نەگاتە مانگێک یان دوو مانگ، دوای ئەوە خێرا حوکمەکەی دەردەکرێت و چارەنووسی ڕوون دەبێتەوە، بەڵام ئێمە لێرە ئەوە دەبینین کە کەسانێک هەن ساڵێک دەستبەسەر بوون و دوای ساڵێک ئینجا ڕەوانەی دامەزراوە دادوەرییەکان کراون و حوکمیان دەرکراوە.
"داوا دەکەین بە رپرسانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بۆ کێشەی زیندانییە ئێرانییەکان بدۆزنەوە"
ئاڤا میدیا: بەڵام ئەوەی ئێمە وەک میدیاکار ئاگادار بین کەیس هەیە چوار بۆ شەش مانگ حکوم نەدراوە، ئایا ئەمە مامەڵەی هاوشێوە نییە وەک هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێرانی هەیەتی؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: کەمە، لەوێ مەگەر بابەتێکی ئاڵۆز بێت کە درێژە بکێشێت، بەڵام لێرە ئەم بابەتە، لەوانەیە بتوانرێت بگوترێت کە بەرفراوانە. واتە زۆربەی دەستگیرکراوەکان دەگرێتەوە، زۆر بە کەمی بە کەمتر لە شەش مانگ بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت کە بە ڕاستی پێویستە لەم بوارەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجێکی تایبەتی پێبدات، زۆر لەوانەی کە بەرلەوەی حوکم بدرێن و بۆ بەندیخانە ڕەوانە بکرێن بۆ ماوەیەکی زۆر دەستبەسەرن و لەم کاتەدا دەستگەیشتن بەمانە ئەستەمە، واتە دۆخەکە بە جۆرێکە کە هەندێکجار خاچی سوور ناوی ئەم زیندانییانە بە ئێمە دەدات کە خۆی پێویستە خاچی سوور ناوی دیلەکان ڕابگەیێنێت نەک زیندانییەکان، یەکێک لە ئەرکەکانی خاچی سوور ئەوەیە کە ئەو دیلانەی کە لە شەڕێکدا دەستگیر دەکرێن پەیدایان بکات و بیانناسێتەوە و ناوەکانیان بە وڵاتی خۆیان بدات. بەڵام ئێمە لێرە دەبینین کە هەندێک جار زۆر لەو زیندانییانەمان بەداخەوە لەلایەن خاچی سوورەوە ڕادەگەیێنرێن، هەرچەندە هەنگاوی ئەرێنی نراون و جووڵەی باش کراوە و لەو دۆخەی کە ئێمە پێشتر هەمانبوو گەیشتووینەتە دۆخێکی زۆر زۆر باشتر، ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوانەی کە کراون و بە تایبەتیش بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد کە وەزیری ناوخۆیە و چاودێریی ئەم پرسەی لەئەستۆیە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیە و پشت بەخودا هەرچی زووترە ئەمە ئەنجامی هەبێت و من ئەمەم کە بە ئێوەی بەڕێز گوت بۆ ئەوە بوو کە دۆستانمان لە هەرێمی کوردستان ئاگاداری وردەکارییەکان بن و بتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
داوای گەردەن ئازادی لە خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات
ئاڤا میدیا: تێکەڵاوی و پەیوەندیت لەگەڵ کۆمەڵگەی هەرێمی کورستان چۆن بووە، بەو پێیەی کوردییەکەت باشە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: سوپاس بۆ خودا من لەم چەند ساڵەدا بەڕاستی ئەوپەڕی میهرەبانی و خۆشەویستیم لە خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە بینی، جێگەی خۆیەتی کە من لێرەدا سوپاسی یەکە بە یەکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم، هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی حیزبەکان، پێکهاتەکان، ئایینەکان، گرووپەکان، ئاراستە جیاوازەکان، هێزە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بازرگانان، کەرتی تایبەت، سوپاسی هەموویان دەکەم بۆ هەموو ئەو هاوکارییانەی کە لەگەڵ مندا هەیانبووە، من نەمتوانی ڕووبەڕوو بە خزمەتیان بگەم لەبەرئەوەی دەرفەتێکی کەمم هەبوو بۆ ڕادەستکردن و هەروەها کاتێکیان بۆ من دیاری کردووە کە من دەبێت لەو کاتەدا ئێرە بەجێ بهێڵم تاوەکو کۆنسوڵی گشتیی داهاتوو بێتە ناوەوە، ئەم کاتە زۆر کەم بوو، بۆیە من نەمتوانی بگەمە خزمەتی هەموویان، ئەگینا دەچوومە خزمەتیان، من سوپاسی هەمووشیان دەکەم، هەروەها داوای گەردن ئازادییان لێدەکەم، هیوادارم کە بە گەورەیی خۆیان بمانبوورن و گەردنمان ئازاد بکەن و ئەگەر لەلایەنی ئێمەوە کەمتەرخەمییەک هەبووبێت بە گەورەیی خۆیان بمانبوورن. بابەتێکی دیکە کە پێویستە لە کۆتایی ئەم گفتوگۆیەدا ئاماژەی پێ بدەم بابەتی ئەربەعینە، ئەو کارانەی کە لەماوەی ئەم سێ ساڵەی ڕابردوودا کران، کاری زۆر باش و بە ئاراستەی بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکانمان بووە، ئەوەش بابەتی ئاسانکارییە بۆ زیارەتکارانی ئێرانی بۆ چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکان، جێی خۆیەتی کە من لەم بارەوە سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەوانەی کە ئەرکیان کێشا و هەروەها لە خەڵکی ئازیزی هەرێمی کوردستان کە پێشوازییەکی کەموێنەیان لە زیارەتکارانی ئێرانی هەبووە و ئاسانکارییان بۆ تێپەڕینی زیارەتکارانی ئێمە کردووە و من پێموایە لە داهاتوودا یەکێک لەو ڕێڕەوانەی کە جێگەی سەرنج دەبێت و خەڵکی ئێران، بە تایبەتیش باکوور و باکووری ڕۆژئاوای وڵاتمان، سەرنجیان لەسەری دەبێت هەر ئەم ڕێگایەی هەرێمی کوردستانە کە دەبێت هەوڵ بدەین پشت بەخودا ئەم ڕێڕەوە بە درێژایی ساڵ بە کراوەیی بهێڵێنەوە و زیارەتکارانی ئێرانی بتوانن بەکاری ببەن.
"هیچ کاتێک لە هەرێمی کوردستان هەست بە غەریبی ونامۆیی نەکردووە"
ئاڤا میدیا: لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی وەکو کۆنسوڵ لە هەرێمی کوردستان بوویت، چ شتێک وەکو یادگارییەکی خۆش هەمیشە لە یادت دەمێنێتەوە و چ شتێکیش زۆر ناخۆش بووە بە لاتەوە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: زۆر بابەت هەن کە هەرکات بێتەوە بیر مرۆڤ خۆشحاڵ دەبێت، لەوانەش مامەڵەی شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، کە بە ڕاستی ئێمە بۆ هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان چووبین هەستمان بە نامۆیی نەکردووە، هەروەها وەفاداریی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕابردوو، واتە من لە هەر شوێنێک لەگەڵ هەر کەسێک هەڵسوکەوتم کردبێت کە لەکاتی ڕژێمی بەعس میوانی کۆماری ئیسلامی بووبن، یەک کەسم نەبینیوە کە بڵێت ئێمە لەوێ ئاوارە بووین، هەموو ئەو کەسانەی کە ئێرانیان ئەزموون کردووە دەڵێن ئێمە لەوێ خاوەن ماڵ بووین، ئەمە بۆ ئێمە وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگەی شانازییە کە ئەوان هیچکات هەستیان بە نامۆیی نەکردووە بەوەی لە شوێنێکی نامۆ و لە وڵاتێکی غەریبیدا بوون، تەنانەت هەندێکجار دەڵێن کاتێک کە گەڕاوینەتەوە تاوەکو خۆمان لەگەڵ بارودۆخی ئێران ڕاهێنایەوە هەستمان دەکرد کە ناتوانین لێرە بژین و دەبێت جارێکی دیکە بۆ ئێران بگەڕێینەوە، ئەمە هەمیشە بۆ ئێمە شتێکی خۆش بووە. شتی ناخۆشیش ئەوەیە کە هەندێک جار هەندێک شت دێنە پێشەوە کە کاریگەریی نەرێنییان هەیە، پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تا ڕێگە لەم بابەتانە بگرین.
ئاڤا میدیا: ئەرکی داهاتووت دیاریکراوە و دەزانیت چییە یان هێشتا دیارنییە؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: نەخێر، هێشتا دیارنییە، ئەرکەکەمان تەواو بووە و لەوانەیە پێویستمان بە هەندێک کات هەبێت بۆ پشوو و دواتریش ئێمە سەربازین و هەر کاتێک هەر ئەرکێکمان پێ بسپێردرێت ئەنجامی دەدەین.
ئاڤا میدیا: ئارەزووی کاری دیپلۆماسیت ماوە یان کاری دیکە دەکەیت؟
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: جیاوازی نییە، وەک گوتم، ئێمە سەربازین و هەر ئەرکێکمان پێ بسپێرن لە کاری دیپلۆماسی بێت، لە کاری کۆمەڵایەتی بێت، یان سیاسی و بابەتی دیکە بێت، ئێمە لە خزمەتین و گرنگ ئەوەیە کە ئێمە چ ئەو کاتەی کە کۆنسوڵی گشتی بووین و چ دوای ئەوەش، لەوانەیە کاروبارمان هەمووی پەیوەست بوو بێت بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، لە دوای ئەمەش هەر وا دەبێت.
ئاڤا میدیا: بەو پێیەی کە کوردی، پێمان خۆشە پەیامی کۆتاییتان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی بگەیێنن.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی: زۆر سوپاس، منیش سوپاسی ئێوە دەکەم و هیوادارم سەرکەوتوو و سەرفراز بن.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 9 خولەک لەمەوپێش
پارتی و یەكێتی لە خانەقین دەستپێشخەرییەک ڕادەگەیێنن
- کوردستان
- 34 خولەک لەمەوپێش
لە سنووری کەرکووک چوار چەکداری داعش دەکوژرێن
- تەندروستی
- 46 خولەک لەمەوپێش
هێلکە بۆ دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ بەسوودە
- ڕاپۆرت
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
وردەکاریی پرۆسەی سەرژمێری؛ چ پرسیارێک دەکرێت؟
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
لە دهۆک گرووپێک بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
چۆپی فەتاح لە ئاڤاوە باس لە بەرهەمە نوێیەکەی دەکات
2 کاتژمێر لەمەوپێش
دۆکیۆمێنتاری نان و گوڵ نمایش کرا
9 کاتژمێر لەمەوپێش
کاتژمێرەکانی خەوتن بەپێی تەمەن دیاری دەکرێن
14 تشرینی دووەم
سیر پێست لە چرچ و لۆچی دەپارێزێت
14 تشرینی دووەم
ساڵانە هەشت ملیار دۆلار لە خواردنە ناتەندروستەکان خەرج دەکرێت
11 تشرینی دووەم
- کوردستان
- 9 خولەک لەمەوپێش
پارتی و یەكێتی لە خانەقین دەستپێشخەرییەک ڕادەگەیێنن
- کوردستان
- 34 خولەک لەمەوپێش
لە سنووری کەرکووک چوار چەکداری داعش دەکوژرێن
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
لە دهۆک گرووپێک بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
چیرۆکی ڕاکردنی زیندانییەکەی گەرمیان لەنێوان مەلیکە و تاکسیدا
- کوردستان
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
بیمەی تەندروستی بۆ پێشمەرگە دابین دەکرێت
- کوردستان
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر 27 هەزار پارچە زەوی دیکە دابەش دەکرێن