پیاوێک بە گوێگرتن لە تەلەفونی هاوژینەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار پەیدا دەکات

شەیری بکە لە:
پیاوێک بە گوێگرتن لە تەلەفونی هاوژینەکەی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار پەیدا دەکات

وێنەی ژنێك کە هاوژینەکەی گوێ لە قسەکانی دەگرێت. وێنە: IStock

ئاڤا نیوز 


پیاوێکی ئەمریکی ماوەی چەند مانگێک بەدزییەوە گوێ لە تەلەفونی هاوژینەکەی دەگرێت و قازانجێکی گەورە دەکات، دەشڵێت لەپێناو هاوژینەکەی ئەو کارەی کردووە. 


چیرۆکی سەرەکی:  تایلەر لودن خەڵکی ویلایەتی تەکساسە، هاوژینەکەی لە کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ نەوت بەڕێوەبەری بەشێکە و کاتێک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دیکەی کۆمانیاکە قسە دەکات، تایلەر گوێ لە قسەکان دەگرێت کە تێیدا باسی کڕینی کۆمپانیایەکی دیکە دەکەن بەناوی "تڕاڤڵ سێنتەرس"ی ئەمریکی.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لەدوای ئەم هەنگاوە، تایلەر زیاتر لە چوار هەزار پشک لە کۆمپانیای تڕاڤڵ سێنتەرس دەکڕێت، دواتر کە کۆمپانیای بی پی کۆمپانیاکە دەکڕێت، پشکی کۆمپانیای تراڤڵ سێنتەرس 71% بەرز دەبێتەوە و تایڵەر پشکەکانی دەفرۆشێت، بەمجۆرەش 1.76 ملیۆن دۆلار قازانج دەکات. 


لێدوانی فەرمی: کۆمیتەی ئاڵوگۆڕ و ئاسایشی ئەمریکا دەڵێت، تایلەر لودن ئەو پارەیەی بە نایاسایی دەستکەوتووە و متمانەی ژنەکەی قۆستەووەتەوە بۆ قازانجی خۆی لەکاتێکدا زانیویەتی ئەو زانیارییانەی باسکراون نهێنی بوون.

 

زانیاری زیاتر: دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکە دەکرێت کە چەند کەس دەربارەی زانیوە، تایڵەر لودن دان بە ڕاستییەکەدا دەنێت لەلای هاوژینەکەی. بەپێی ئەو قسانەی لە دۆسیەکەیدا لە دادگە تۆمارکراوە، تایڵەر گوتوویەتی: ویستومە هێندە پارە پەیدا بکەم تا هاوژینەکەم چیدیکە ڕۆژانە لەدوای کاتی ئاسایی کاری زۆر نەکات.

 

کاریگەریی و لێکەوتەکان: هەرچەندە بە بەڵگەوە دەرکەوتووە هاوژینەکەی ئاگای لەو کارەی تایلەڕ نەبووە و هیچ نهێنییەکیشی لەبارەی گرێبەستەکەوە پێ نەگووتوە، بەڵام کۆمپنایای بی پی لە کارەکەی دووریدەخاتەوە. هاوژینەکەی تایڵەر دوای ئەو ڕووداوانە لە ماڵ دەرچووە و هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ پچڕاندووە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش داواکاری بۆ جیابوونەوە پێشکەشی دادگە کردووە.

شەیری بکە لە: