وەزیری پلاندانان: ڕۆژانی 20 و 21 دەبێت هەمووان لە ماڵەكانیان بمێننەوە

شەیری بکە لە:
دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان

دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان

ئاڤا نیوز 

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لەو كەسانە دەكات كە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و لە سەرژمێریی 1957 لەو ناوچانە تۆماركراون، لە ڕۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان و لەوێ خۆیان تۆمار بكەن.

 

لێدوانی فەرمی: دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەبێت ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە هەموو خانەوادەیەكی هەرێمی كوردستان لە ماڵەكانی خۆیان بن و تیمەكانی سەرژمێری سەردانیان دەكەن و هەموو زانیارییەک تۆمار دەكرێت و مۆری سەرژمێری لە پەڕاوەكانیان دەدرێت و دواتر پەڕاوی خانەوادە دادەخرێت و هیچ كەسێک ناتوانێت خۆی تۆمار بكات.

 

لەلایەكی دیكەوە: وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە ئەوە دا كە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەڕاندنەوەی مافی سەرژمێریی ساڵی 1957 بۆ دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەستكەوتێكی گەورەیە، داواشی لە خەڵكی ئەو ناوچانە كرد كە لە سەرژمێریی 1957 لەو ناوچانە تۆمار كران، بۆ ڕۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

 

ئەمەش بزانە: لە ڕۆژی 16ـی ئەم مانگەوە تیمەكانی سەرژمێری دەست بە سەردانیكردنی ماڵان دەكەن و زانیارییەكانیان تۆمار دەكەن، بەڵام ڕۆژانی 20 و 21، بۆ تۆماركردنی خانەوادە تەرخان كراوە هەر بۆیە لەو دوو ڕۆژەدا هاتووچۆ لە سەرتاسەری عێراق قەدەغە دەكرێت و دەبێت هەمووان لە ماڵەكانی خۆیان بن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: