هەڵوێستی کۆمپانیاکانی نەوت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

شەیری بکە لە:
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان- وێنە: سۆشیال میدیا

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان- وێنە: سۆشیال میدیا

ئاڤا نیوز 

 

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) دەڵێت، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ دیاریکردنی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی نەوت گونجاوە و پێشوازیی لێدەکەن،  ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر "گفتوگۆیەکی بەرهەمدار" بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان ڕادەگەیێنێت.

 

وێنە گەورەکە: 5ـی ئەم مانگە حکومەتی عێراق بڕیاری دا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، تا وردبینیش لە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت تەواو دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان 16 دۆلار خەرج دەکرێت.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئەپیکۆر کە هاوپەیمانی کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوتە لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیارەکەی حکومەتی عێراق ئاشکرا کرد و ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشوازی لە هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق دەکەن و باوەڕیان وایە "بەو ڕەشنووسەی ئێستا هەیە بوارێکی تەواو هەیە بۆ جێگرتنەوەی مەرجە بازرگانییەکان و گەرەنتی پێدانەوەی قەرزەکانمان لە ڕابردوو و ئێستاشدا".

 

ئەپیکۆر ئامادەیی خۆیشی بۆ بەشدارییکردن لە هەر گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕوونکردنەوەی وردەکارییە سەرەکییەکان و تەواوکردنی ڕێککەوتنە نووسراوەکان دەردەبڕێت بەرلەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە هاوڕای هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عێراقدا دەبێت.

 

پێشنیازی هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق کە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی کردووە و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی دەکات، بەمشێوەیەیە: 

 

یەکەم: وەزارەتی دارایی عێراق لە خەرجی سیادی قەرەبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە دۆسیەی پەیوەست بە هەناردە و گواستنەوەی نەوت کە ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکرێت، هاوکات بەشێوەیەکی دادپەروەریش خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوت دیاری دەکرێت.

 

دووەم: لایەنێکی ڕاوێژکاری هونەریی نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوت بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، لە ماوەی 60 ڕۆژدا خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا (دیاریکردنی لایەنەکە) جێبەجێ نەکرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە دیاری دەکات.

 

ئەرکی ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە مەزەندەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەبێت و ڕاپۆرتی خۆی دەداتە وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

 

سێیەم: لەسەر ئەو بنەمایەش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، تاوەکو مەزەندی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن ئەو لایەنە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە تەواو دەکرێت، لەم قۆناغەدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار خەرج دەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ