ئەنجوومەنی ڕاژە بەدواداچوون بۆ گەندەڵییەکەی زانکۆی ڕاپەڕین دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


جاریکی دیکە دژی گەندەڵییەکەی زانکۆی ڕاپەڕین لە دامەزراندنی وانەبێژان قوتابییە یەکەمەکان خۆپێشاندانیان کرد، داوایان کرد ئەم گەندەڵییەی کراوە هەڵبووەشێنرێتەوە، یەکێک لە قوتابییەکیان دروشمێکی نووسیبوو: دامەزراندن چۆن وایە، پڕی خوشک و برایە. ئاڤا نیوز زانیویەتی ئەنجوومەنی ڕاژە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکات و پێشتریش کەیسێکی هاوشێوەی هەڵوەشاندووەتەوە.



وێنە گەورەکە: دوای ڕاپۆرتەکانی ئاڤا و جووڵاندنی کەیسەکە بە بایەخەوە، هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی پێکهێنا و تاوەکو ئێستاش لە لێکۆڵینەوە بەردەوامە، ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەش لە ئەنجوومەنی وەزیران کە تایبەتە بە دامەزراندن، بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکات.



لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە  بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، بەدواداچوون بۆ زیادکردنی ناوی 248 کەسەکە دەکەن کە بە تەزکیەی حیزبی و خزمایەتی لە زانکۆی ڕاپەڕین ناویان بۆ لیستی وانەبێژان زیادکراوە، هەر کەسێک شایستە نەبێت ناوی لادەدرێت.



لەلایەکی دیکەوە: ئەنجوومەنە هەر لە ڕانیە پێشتر کاری
لەسەر کەیسێکی گەندەڵی هاوشێوە کردووە و دامەزراندنی ژمارەیەک فەرمانبەری بە نایاسایی هەڵوەشاندووەتەوە.



چیرۆکی سەرەکی: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ڕاپەڕین پێویستی بە 24 فەرمانبەر دەبێت وەکو سڕکەر بە شێوازی کرێی ڕۆژانە دایان بمەزرێنێت ڕۆژانە بە 15 هەزار،  بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکە ویستوویانە خزم و کەسوکاری خۆیان دابمەزرێن، بە بێدەنگی لیستێکی 24 کەسییان داوەتە ئەنجوومەنی ڕاژە بۆ ئەوەی پەسەندی بکات.



ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەنجوومەنی ڕاژە ئەمەی پێ قبوڵ نەبووە و ڕەتی کردووەتەوە، چونکە لە کابینەی نۆیەم بەسەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بارزانی دامەزراندن بەشێوەی لیست نەماوە،  بەڵکو دەبێت بە ئاشکرا ڕابگەیێنرێت، هەر کەسێک حەز بکات فۆرم پڕبکاتەوە و دواتر بەپێی شایستەبوون سیڤییەکان هەڵبژێردرێن.



چارەسەر: لە ئەنجامدا بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ڕانیە ناچارکراوە بانگەواز بۆ دامەزراندنی 24 فەرمانبەرەکە بکات، 500 کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە و دواتر بەپێی خاڵبەندی و شایستەبوون فەرمانبەرەکان هەڵبژێردران.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ