حکومەتی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا

شەیری بکە لە:
حکومەتی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان- وێنە: سۆشیال میدیا

ئاڤا نیوز


حکومەتی عێراق بڕیاری دا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، تا وردبینیش لە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت تەواو دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار خەرج بکرێت.

وێنە گەورەکە: ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە، یەکێک لە تەوەرەکان دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی دارایی عێراق لە خەرجی سیادی قەرەبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە دۆسیەی پەیوەست بە هەناردە و گواستنەوەی نەوت کە ڕادەستی کۆمپانیای بە بازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکرێت، هاوکات بەشێوەیەکی دادپەروەریش خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوت دیاری دەکرێت.

زانیاریی زیاتر: لایەنێکی ڕاوێژکاری هونەری نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوت بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، لە ماوەی 60 ڕۆژدا خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا (دیارییکردنی لایەنەکە) جێبەجێ نەکرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە دیاری دەکات.

شێوازی جێبەجێکردن: ئەرکی ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە مەزەندەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەبێت و ڕاپۆرتی خۆی دەداتە وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

لەلایەکی دیکەوە: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، تا مەزەندی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن ئەو لایەنە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە تەواو دەکرێت، لەم قۆناغەدا وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار خەرج دەکات.


باکگراوند: ساڵێک و هەشت مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە ڕاگیراوە، ئەمەش زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

شەیری بکە لە: