حەوت ویلایەتە خۆڵەمێشییەکە هەڵبژاردنی ئەمریکا یەکلادەکەنەوە

شەیری بکە لە:
حەوت ویلایەتە خۆڵەمێشییەکە هەڵبژاردنی ئەمریکا یەکلادەکەنەوە

حەوت ویلایەتە خۆڵەمێشییەکە لەسەر نەخشەی ئەمریکا، گرافیک؛ پەیڕەو ساڵح

ئاڤا نیوز


لەکۆی 50 ویلایەتی ئەمریکا، حەوت ویلایەتی خۆڵەمێشی هەن لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان یەکلانەبوونەتەوە و، تاوەکو ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن نازانرێت کامیان تێیدا براوە دەبن.

وێنە گەورەکە: هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستیپێکردووە و دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان و کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان کێبڕکێ لەسەر پۆستەکە دەکەن.

زانیاریی زیاتر: هەر ئەمڕۆ بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ 435 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش هەڵدەبژێردرێن، هاوکات لەکۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران 34یان هەڵدەبژێردرێن.


ئەوەی پێویستە بیزانیت:
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕابردوو، لەکۆی 50 ویلایەتی ئەمریکا، کۆمارییەکان لە 26 ویلایەت و دیموکراتەکان لە 24 ویلایەت براوە بوون، بەڵام لە سەرجەمیان حەوت ویلایەت خۆڵەمێشین و مەرج نییە هەموو جارێک پارتێک تێیدا براوە بێت، ویلایەتەکانیش ئەمانەن:

جۆرجیا: سندووقەکانی دەنگدان لەم ویلایەتە لە کاتژمێر 19:00 بە کاتی ئەمریکا (کە دەکاتە کاتژمێر 12:00ی شەو بە کاتی کوردستان) دادەخرێن، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 75%ی دەنگەکان لە دوو کاتژمێری یەکەمدا بژمێردرێن.

کۆرۆلینای باکوور: 30 خولەک دواتر لە کۆرۆلینای باکوور سندووقەکان دادەخرێن و  هەر ئەمشەو ئەنجامەکان ڕادەگەیێنرێن.

پەنسیلیڤانیا: سندووقەکانی دەنگدان لەم ویلایەتە لە کاتژمێر 01:00ی شەو بە کاتی کوردستان دادەخرێن، شارەزایان دەڵێن بەلایەنی کەمەوە 24 کاژمێری دەوێت بۆ ئەوەی دەنگەکان هەژمار بکرێن  و براوەی ئەم ویلایەتە دیاری بکرێت. 

میشیگن: سندووقەکانی دەنگدان لەم ویلایەتە لە کاتژمێر 02:00ی شەو بە کاتی کوردستان دادەخرێن، لەم ویلایەتە تاوەکو سبەی چوارشەممە ئەنجامەکان ڕاناگەیێنرێن. 

ویسکۆنسێن: سندووقەکانی دەنگدان لەم ویلایەتە لە کاتژمێر 02:00ی شەو بە کاتی کوردستان دادەخرێن، هەر دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان هەندێک لە ئەنجامی بەرایی ڕادەگەیێنرێت، بەڵام تاوەکو چوارشەممە ئەنجامە گشتییەکان ڕاناگەیێنرێن.

ئاریزۆنا: سندووقەکانی دەنگدان لەم ویلایەتە لە کاتژمێر 03:00ی شەو بە کاتی کوردستان دادەخرێن.  پێشبینی دەکرێت یەکلاکردنەوەی دەنگەکانی ئەم ویلایەتە 13 ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی بەرایی سبەی چوارشەممە ڕابگەیێنرێت.

ناڤادا: چاوەڕوان دەکرێت یەکلایبوونەوەی دەنگەکانی ئەم ویلایەتە چەند ڕۆژێک بخایەنێت. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: