بنەمای نوێی ناسیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەت

د.ئەرشەد شوانی

د.ئەرشەد شوانی

بەڕێوەبەری بەشی ئینتەیک لە ئاڤا میدیا

بنەمای نوێی ناسیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەت

هەڵبژاردن تەواوبوو و چەند ڕۆژێكی دیکە ئەنجامە كۆتاییەكان ڕادەگەیێنرێن، سكاڵاش هیچ لە دەرئەنجام ناگۆڕێ و هەمووان ئەمە باش دەزانن. بۆیە ئیدی كاتی بیركردنەوەیە لە پێكهێنانی حكومەت، لەمبارەیەوە دەبێت دوو خاڵ ڕەچاو بكرێن و ئەوانیش كات و ئامانجن، واتە هەوڵ بدرێت بەزووترین كات حكومەت پێكبێت و كۆمەڵێک ئامانجی دیاریكراوی هەبێت کە تاچەند پێویستی خەڵک بێت.


كات 


لەم قۆناغەدا زوو پێكهێنانی حكومەت زۆر پێویستە، لەبەرئەوەی ناوچەكە بەرەو تۆخبوونەوەی زیاتری هێڵەكانی دابەشبوون دەڕوات، ئەمەش وادەكات لایەنەكان مەرجیان زیاتر بێت و خۆبوێریی بكەن لە پێكهێنانی حكومەت، هەروەها دەستوەردانی دەرەكی زیاتر دەبێت، بۆیە كات لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە و پێویستە زوو حكومەت پێكبێت.

 

ئامانج

 

لە پێكهێنانی حكومەتدا دەبێت ئامانجی حكومەتەکە دیاری بكرێت، لە پلانی گشتییەوە تا دیاریكردنی ئەو ئامانجانەی حکومەت لە چوار ساڵدا  كاری لەسەر دەكات، پاشان  بۆ ئەوەی حكومەتێكی باش پێكبێت، دەبێ لایەنەكان كەمێك لە ململانێی سیاسی و حیزبی دووربكەونەوە و بیر لەوە بكەنەوە ئەم حكومەتە چۆن خزمەتی خەڵك بكات.

 

لە مانشێتی گشتییەوە بۆ دیاریكردنی ئامانج

 

ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمە وایە بەشێوەیەكی گشتی قسە لەسەر بابەتەكان دەكەین، بۆ نموونە چاكسازی، ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، ئەمانە هەمووی كۆمەڵێک چەمكی گشتین، بۆ ئەوەی بخرێنە سەر زمانی پراكتیک دەبێت وردتر و دیاریكراوتر بكرێن. بۆ نموونە ئەو سێكتەرانەی چاكسازییان تێدا دەکرێت لە چوار ساڵی داهاتوودا كامانەن و چییان تێدا دەکرێت و هەنگاوەكان چین؟ دەبێت لەسەر ئەوە ڕێكبكەون.

 

لە كابینەی ڕابردوودا بڕیار درا بە نەهێشتنی قاچاخی دروازە سنوورییەكان و هەمووان لەسەر ئەمە هاوڕا بوون. کاتێک باس هاتە سەر چۆنیەتی جێبەجێکردن و پراکتیک، سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانی بڕیاری دا بە پێكهێنانی لیوایەكی هاوبەش لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ چاودێریكردن و چارەسەركردنی ڕەوشی قاچاخی نایاسایی، بەڵام لایەنی بەرامبەر بەمە ڕازی نەبوو. كەواتە دەبێت لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتدا لەسەر وردەكاری و میكانیزمی چاكسازیش ڕێككەوتن بكرێت و لەمانشێتە گەورەكانەوە بڕۆن بۆ وردەكاری و میكانیزم. ئەم قەسەیە بۆ هەموو بوارەكانی تریش ڕاستە، چۆن كۆتایی بە قەیرانی دارایی بهێنین؟ چۆن كارەبا باش بكرێت؟ كەرتی تەندروستی و ...هتد.

 

كێشە كۆمەڵایەتییەكان و كابینەی نوێ     

 

ڕوونە ئێمەش وەکو هەر كۆمەڵگایەكی دیکە دووچارین بە كۆمەڵێک كێشەی كۆمەڵایەتی، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چۆن حكومەتی داهاتوو بكەین بە میكانزیمی كەمكردنەوە و سنوورداركردنی ئەو كێشانە؟ لەوانەیە یەكەمجار بێت بەو ڕاستەوخۆییە پێكهێنانی حكومەت و چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكان وابەستەی یەک بكرێن، ئاخر بەڕاستی ئامارەكان لە بواری كێشەی كۆمەڵایەتیی مەترسیدارن. 

 

مەترسییەکە وەکو تەشەنەكردنی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە كۆمەڵگەی ئێمەدا گرفتێكی گەورەیە و ئەوە دەهێنێت لە ئاستە بەرزەكانەوە بیر لە چارەسەری بكرێتەوە. ئەمڕۆ لە جیهان ماددەی هۆشبەر وەک هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبینرێت. ئایا حكومەتی داهاتوو چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەكات؟  بۆ ناكرێ ڕێكکەوتنی یەكێک لە حیزبەكان بۆچوونە ناو حكومەت لەسەر ئەم بنەمایە بێت؟ 

 

ئایا مەرجە تەنیا پرسە سیاسییەكان و پشکپشكێنەی حیزبی ئەجێندای ڕێككەوتن و ڕێكنەكەوتن بێت؟ ئەی دۆخی كۆمەڵگە چۆن چارەسەر بكرێت؟ كێ بیر لە تەندروستیی كۆمەڵگە دەكاتەوە؟

 

بێگومان جگە لە مەترسییەكی وەك زیادبوونی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، كۆمەڵگەكەمان سەدان كێشەی دیكەی هەیە كە دەكرێ لە حكومەتی داهاتوودا تیشكیان بخرێتە سەر و كاریان لەسەر بكرێت.

 

ئەركی ئێمە ئەوەیە بپرسین ئایا حیزبەكان كە دێن بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت، چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و تەندروستكردنی كۆمەڵگە لە هەموو ڕوویەكەوە دەكەنە ئەجێندای گفتوگۆ سیاسییەكانیان، یاخود هێشتا چارەسەری گرفتە كۆمەڵایەتییەكان نەبووەتە خەمی پارت و سیاسییەكانی ئێمە و، ئەوەیان بۆ قەدەر جێهێشتووە و خۆشیان چاویان لە كێكەكە و ژمارەی كورسی زیاترە؟

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: