وەزیری ناوخۆی عێراق: ئامادەین بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی نەینەوا

شەیری بکە لە:
وەزیری ناوخۆی عێراق: ئامادەین بۆ وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی نەینەوا

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی وەزیری ناوخۆی عێراق و پارێزگاری موسڵ

ئاڤا نیوز

 

وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیێنێت سنوورە ئیدارییەکانی پارێزگای نەینەوا 100% پارێزراون، ئامادەیی وەزارەتەکەشی پیشان دەدات بۆ ئەوەی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکە وەربگرنەوە کە ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.

 

چیرۆکی سەرەکی: بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 24-10-2024 عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی ئەمنی سەردانی پارێزگای نەینەوای کرد و لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی ئەو پارێزگایە و عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا کۆبووەوە.

 

لێدوانی فەرمی: عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی پارێزگای نەینەوا چەند بابەتێکمان تاوتوێ کرد، لەوانە گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی لە سەنتەری شارەکان بۆ فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا.

 

لەلایەکی دیکە: وەزیری ناوخۆی عێراق گوتیشی، " سنوورە ئیدارییەکانی پارێزگای نەینەوا 100% پارێزراون، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان بۆ ئەمساڵ پارێزگای نەینەوا لە ڕووی ئاسایشەوە جێگیر بووە و کەمترین ڕێژەی تاوانی تێدا تۆمار کراوە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی کارنامەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبوو لە ماوەیەکی دیاریکراودا، سوپا و هێزە سەربازییەکان لەنێو شارەکان بکشێنێتەوە و پۆلیسی خۆجێیی لەجێگەیان دابندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکووک و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق ڕادەستی پۆلیسی خۆجێیی پارێزگاکان نەکراونەتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: