برسێتییەکی سەخت لە غەززە؛ تێچووی ژەمێک خواردن 150 دۆلارە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

زیاتر لە ساڵێکە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە. دەستکەوتنی خۆراک ئەستەم بووە  و دانیشتووانەکەی لە برسێتییەکی سەختدا ژیان بەڕێ دەکەن.


وێنە گەورەکە: 
بەهۆی هێرشەکەوە تا ئێستا زیاتر لە 42 هەزار فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 100 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکان، ئێستا گرانی، نەبوونی و برسییەتی هەڕەشە لە دانیشتووانەکەی دەکات. 


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕەففەی دووکانەکانی غەززە لە کەلوپەل و خۆراکی پێویست خاڵی بووە. ئەوەشی کە ماوە زۆر گران بووە؛ بۆ نموونە نرخی یەک کیلۆ بیبەری شیرین گەیشتووتە نزیکەی 110 دۆلار.

لێدوانی فەرمی: خەلیل موقات، دانیشتووی شاری غەززە دەڵێت: "لە سەوزەکاندا تەنیا بیبەری شیرین و باینجان بەدەست دەکەون، ئەویش بە نرخێکی زۆر گران. هەندێکجار 250 گرام بیبەری شیرین بە 100 شێکلە و کیلۆیەک باینجان 70-80 شێکلە. هیچ یارمەتییەکمان پێناگات، تەنانەت پاقلەمەنی یان گۆشتی لەقوتونراویش. نرخی شەکر زۆر بەرزە. خەڵک ناتوانن بیکڕن. نرخی یەک کیلۆ دەگاتە نزیکەی 120 شیکل."


مەترسییە زانراوەکان: دانیشتووانی غەززە داوای یارمەتی و فریاکەوتن دەکەن. خەلیل موقات یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانی شارەکە و دەڵێت: "ئێمە لە کەرتی غەززە بەشێوەیەکی هێواش و لەسەرخۆ دەمرین. داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین کە ویژدانیان هەیە و هەستی مرۆڤایەتییان تێدایە، خێرا دەستوەردان بکەن و هەوڵ بدەن ئەم جینۆسایدە بووەستێنن، ئەم شەڕی وێرانبوونە لە کەرتی غەززە بووەستێنن."

زانیاریی زیاتر: تێچووی ژەمێک خواردن لە غەززە ئەگەر دەست بکەوێت نزیکەی 150 دۆلارە. ئەمە زیانی زۆری بە دانیشتووان، بەتایبەتیش بە منداڵ و نەخۆش و پیری ئەم کەرتە گەیاندووە. بەردەوامیی هێرشەکانیش ئەم قەیرانە مرۆییەیان قووڵتر کردووەتەوە. 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: