ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت بە سێ ڕێگە بۆ كۆمیسیۆن دەنێردرێن

شەیری بکە لە:
ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت بە سێ ڕێگە بۆ كۆمیسیۆن دەنێردرێن

گرافیک؛ ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكرای دەكات، ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە سێ شێوە و ڕێگە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەغدا دەنێردرێن.

 

وێنە گەورەکە: ڕۆژی هەینی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لە هەرچوار بازنەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە 215 هەزار و 960 کەس لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەبوو، بەگشتیی ڕێژەی بەشداریکردن زیاتر لە 97% بوو، هەولێر 97%، سلێمانی 97%، دهۆک 98% و هەڵەبجە 96%. بە کۆی گشتی 208 هەزار 521 دەنگدەر بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەتدا کردووە.

 

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەك لە كۆمیسیۆن بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لەڕێگەی ئامێری زیرەكەوە تۆمار كراوە، ڕاستەوخۆ دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەكە زانیارییەكان لەڕێگەی مانگی دەستكردەوە بۆ سەنتەری داتا بەیسی كۆمیسیۆن لە بەغدا نێردراون.

 

زانیاریی زیاتر: سەرچاوەكەی كۆمیسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوەش دا، جگە لەڕێگەی مانگی دەستكرد، زانیاریی و ئەنجامەكانی دەنگدان لەڕێگەی ئەو میمۆرییانەوە كە لەسەر ئامێرە زیرەكەكانی دەنگدان تۆمار كراون، دەبردرێن بۆ ئۆفیسەكانی كۆمیسیۆن و هەروەها ئۆفیسی سەرەكیش لە بەغدا، هاوكات جگە لەو دوو ڕێگایە سەرجەم كاغەزەكانی دەنگدانیش كۆدەكرێنەوە و جارێكی دیكە هەژماركردنەوە بەدەست ئەنجام دەدرێت.

 

ئەوەش بزانە: لە هەر بازنەیەكی دەنگدان، شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی سندووقەكانی دەنگدان دیاركراوە و هەموو ڕێوشوێنی توندی ئەمنیش بۆ پاراستنیان گیراوەتە بەر، لە شاری هەولێر سەرجەم سندووقەكانی دەنگدان دەبردرێن بۆ سایلۆی هەولێر.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ئێستاوە سكاڵای لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت لەلایەن كۆمیسیۆنەوە وەردەگیرێت بەڵام تاوەكو دوای بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتیی كاریان لەسەر ناكرێت، پاشان سەرجەم سكاڵاكان بەیەكەوە كاریان لەسەر دەكرێت و كۆمسیۆن بڕیاری خۆی لەبارەیانەوە دەدات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ