چەند پەیامێک لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ خەڵکی دهۆک و کوردستان

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

 

وێنە گەورەکە: ئەمڕۆ هەینی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاکانی دهۆک کۆبووەوە و گفتوگۆی لەسەر چەند پرسێک لەگەڵ ئامادەبووان کرد.

 

دوای بەخێرهاتنی چین و توێژە جیاجیاکانی دهۆک، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەم شێوەیەی خوارەوە دەستی بە گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوڵاتییانی دهۆک کرد:

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، من زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم، ئەمە یەکێکە لەو دانیشتنانەی ئێمە هەمانە لەگەڵ خەڵکی هەموو پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان، ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەک قسە و شرۆڤەی بابەتی گرنگ دەکەین کە هەم بۆ کوردستان و هەم کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان هەیە. 

بۆیە من زۆر ناچمە ناو قسەکانەوە و زیاتر گوێ لە ئێوە و پرسیارەکانتان دەگرم و هەر پرسیارێکتان هەبێت من ئامادەم وەڵامتان بدەمەوە، ڕەنگە تێبینی هەبن و دواتر لە چوارچێوەی پرسیارەکان ئەو تێبینیانە باس دەکەین، بۆیە من پێمخۆشە دەستپێبکەین و یەکەم پرسیاری ئێوە کێ ئامادەیە با بفەرمووێت.

 

"ئێمە هەوڵی جددیماندا بۆ ئەوەی بزانین کەموکوڕییەکانی ئێمە و خەڵک لەکوێن"


هاووڵاتییەک: خۆشحاڵین ئەمڕۆ بە شانازییەوە تۆمان بینینی، من پرسیارێکم هەبوو کە دەتوانم بڵێم گللەیشە، من بە گشتیی قسە دەکەم، بەڵام خۆم وەک نموونە دێنمەوە، من وەک هەنگەوان و ئەندازیاری کشتوکاڵ و خوشکی شەهید کە ماوەی چەندین ساڵە کاری هەنگەوانی دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا من زۆر بەدواداچوونم کردووە و سەردانی شوێنی کاریشم کردووە، بەڵام پاڵپشتی بۆ پڕۆژەی بچووکی کشتوکاڵی نییە، بەتایبەت بۆ ئەندازیاری کشتوکاڵ کە ئەمە بەشێکی گرنگە لە هەر وڵاتێک.

جا من نازانم لە کابینەی نوێ و پلانەکانی ئێوە تا چەند پاڵپشتی دەبێت بۆ پڕۆژەی بچووکی کشتوکاڵی، بە تایبەت ئەندازیاری کشتوکاڵی کە بتوانم بە شێوەیەکی ئەکادیمی و باشتر کار بکەن.


مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکەت، بێگومان ئێمە بەرنامەمان هەیە و لەم کابینەیەدا لە چەند ساڵی یەکەم ڕەنگە زۆر شت بۆ ئێمە ڕوون نەبووبێت، ئێمە هەوڵی جددیماندا بۆ ئەوەی بزانین کەموکوڕییەکانی ئێمە و خەڵک لەکوێن، ئەو بەرنامە و پرۆگرامانەی دەکەونە خزمەتی خەڵکەوە چۆن ڕێکیان بخەین، بەڵام دوای ئەوە ئێمە پڕۆژەیەکی دیکەمان ڕاگەیاند، ئەویش پڕۆژەی گەشانەوەیە.

پڕۆژەی گەشانەوە بۆ ئەم جۆرە داواکارییانەیە کە تۆ باست کرد بۆ کشتوکاڵ یاخود بۆ هەر کارێکی دیکە بێت کە گەنجێک یاخود کەسێک بیەوێت بۆ خۆی کار و کەسابەتێک بکات، پێویستی بە پاڵپشتی حکومەت بێت بۆ ئەوەی بکەوێتە سەرپێی خۆی و دەستپێبکات، ئەگەر ئێوە لەم ڕۆژانەدا بەدواداچوونتان کردبێتن، ئێمە دیدارێکمان هەبوو لەگەڵ کۆمەڵێک لەو گەنجانەی کە بزنسی خۆیان هەیە و دەیانویست فراوانی بکەن، هەندێکیشیان ویستیان دەست بە بزنس بکەن، پرۆژەی گەشانەوە زۆر هاوکار دەبێت و هاوکار بووە بۆ ئەوانە، بەڵام هەر کەسێک پرۆژەی هەبێت کاتێک پێشکەش بە حکومەت دەکات، پێداچوونەوە بەو پێشنیازانە دەکرێت کە بۆ ئەو پڕۆژانە کراون، ئەگەر پێشنیازێکی باشبوو دەستبەجێ هاوکارییان دەکرێت، ئەگەر بشزانن کەموکوڕی هەیە، هاوکارییان دەکەن بۆ ئەوەی پێشنیازەکەیان بخرێتە چوارچێوەیەک کە سوودی هەبێت.

تاوەکو ئێستا 25 کۆمپانیا لە پرۆژی گەشانەوە سوودمەندبوونە و ئێستا 100 کۆمپانیای دیکە داواکارییان پێشکەش کردووە و ئەوانیش لێی سوودمەند دەبن، بێگومان تاوەکو ئێمە ببینین گەنج ئامادەیە کار بکات و بیرۆکەی باشی هەبێت کە خۆی ببێتە خاوەن کار و خەڵکی دیکەش پێوەی پەیوەست بێت حکومەت هاوکارییان دەکات.
ئەگەر خوا پشتیوان بێت و ئێمە بەردەوام بین، ئەم پرۆژانە بەردەوام دەبن و فراوانتریش دەبن، هاوکاری هەر گەنج و هاووڵاتییێک دەکەین کە بیەوێت ببێتە خاوەن کەسابەتی خۆی.

 

"تاوەکو ئێستا 25 کۆمپانیا لە پرۆژی گەشانەوە سوودمەندبوونە و ئێستا 100 کۆمپانیای دیکە داواکارییان پێشکەش کردووە"


هاووڵاتی: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە بتوانین لە نزیکەوە یەک ببینین، پرسیارەکەم گشتییە، من خەڵکی شێلادزێم، پرسیاری من ئەوەیە گەنجی ئێمە زۆر مەغدوورن لە دەڤەرەکە کە هەموویان دەرچوون و دانەمەزراون، ئێمە لە دامەزراندن دەپرسین بە تایبەت ئەوانەی لەنێوان ساڵی 1985 تاوەکو 1993لە دایکبوونە، داواکاریمان ئەوەیە چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە، ڕوو لە هەر شوێنێک بکەین بۆ دامەزراندن بە ئێمە دەڵێن لەدایکبوونتان گەورەیە، جگە لەمەش هەلی کار لە ناوچەی ئێمە زیاد بکرێن بۆ ئەوەی گەنجی ئێمە نەچێتە دەرەوەی وڵات و ناوچەکەی ئێمە ناوچەیەکی مەغدوورە، گەنجی ئێمە دەیانەوێت بتوانن بۆ خۆیان کار بکەن و ڕوو لە دەرەوە نەکەن، من یەکێکم لەو گەنجانەی کە 13 ساڵە زانکۆم تەواو کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دانەمەزراوم و کە دەشپرسم پێم دەڵێن تا ئێستا تۆ لەکوێ بوویت؟، بۆیە داوا لە جەنابت دەکەم چارەسەرێک بۆ ئێمە هەبێت بۆ ئەوەی گەنجی ئێمە مەغدوور نەبێت، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە لە نزیکەوە تۆمان بینی.

مەسرور بارزانی: سوپاس بۆ پرسیارەکە و پرسیارەکەت لە جێی خۆیەتی و مافی ئێوەیە، من دەزانم ناوچەی شێلادزێ ڕاستە مەغدوورە، بەڵام هۆکاریش هەبووە، یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەم شەڕ و پێکدادانەیە کە لە ناوچەکە هەن، بەداخەوە بۆتە ڕێگر لە هاتنە پێشەوەی زۆر هەل بۆ خەڵک یاخود حکومەت کە بتوانێت دەستی خزمەتگوزاری وەک پێویست بگەیێنێتە ئەو شوێنانە کە ناوچەیەکی زۆر جوانە و دەکرێت زۆر پرۆژەی گەشتیاری لەوێ دروست بکرێن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بوونی هەندێک دەسەڵاتی نایاسایی و هێزی نایاسایی کە خۆیان لەوێ سەپاندووە و بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری و شەڕ و پێکدادان، زۆر کێشە و گرفتی بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە و هەمیش ڕێگەی لە بەرنامە و پڕۆژەکانی حکومەت گرتووە کە وەک پێویست خزمەتی ئەو ناوچەیە بکات، بەڵام مانای ئەوە نییە کە ئەمە بەردەوام دەبێت و هەوڵی حکومەت بۆ ئەوەن، ئێستا ڕەنگە تۆش بزانیت هەندێک هەنگاو نراوە و شتی باشتریش کراوە.


لەبارەی ئەو کەسانەی کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون، من دەمەوێت بزانن ئێمە پێمانخۆشە هەر کەسێک لەم وڵاتەدا ببێتە خاوەن دەرامەت و داهاتی خۆی، جا چ لە کەرتی گشتیی کار بکات یاخود لە کەرتی تایبەت، بەڵام ئەگەر ئێوە تەخمین بکەن ئەگەر هەر گەنجێکی ئەم وڵاتە هەر دەرچوویێک یان هەر کەسێک بیەوێت لە حکومەت دابمەزرێنرێت، چ حکومەتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە کاری تەنیا دامەزراندن بێت، لە شوێنی ئەمە پێویستە حکومەت هەلی کار دروست بکات بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت لە کەرتی تایبەت کار بکەن، نەک تەنیا دامەزراندن بۆ حکومەت.


وێڕای ئەمەش ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق قسەمان کردووە و لەسەر ئەمە گللەییشمان کردووە، چونکە پێویستە بودجەی هەرێم لەوێ دابینبکرێت، بۆ ئێوە ڕێگەتان نەداوە ڕێژەی دامەزراندن و فەرمانبەرانی حکومەت زیاد بکەین و ئەم گەنجانە وەربگرین، بەڵام ئەوان تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە و لە ساڵی 2013ەوە تاوەکو ئێستا نەیانهێشتووە هیچ ڕێژەیەک لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنرێن.


ئەمەش تاسەر ناڕوات و ئێمە دەمانەوێت بەشێک لەو کەسانەی کە حکومەت پێویستی پێیەتی یان ئەو کەسانەی حەزی زۆریان هەیە و دەتوانن پێکەوە کار بکەن دابمەزرێنرێن، بەڵام هەموو خەڵک هەر دانامەزرێنرێن، ئەی چارەنووسی ئەوانەی دانامەزرێن چی دەبێت؟، باشترین ڕێگە ئەوەیە هەلی کاریان بۆ دروست بکرێ و ئاسانکارییان بۆ بکرێت، من لەو باوەڕەدام گەنجی زۆر بەهێز و بەتوانامان هەیە و دەتوانن لە دەرەوەی کاری فەرمی و کارگێڕی کاری دیکە بکەن.
ئەوەی لەسەر حکومەت پێویستە هاوکارییان بکات، من دەتوانم ئەمە بەتۆ بڵێم کە پێش ئێستاش باسم کرد، بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی هاوکاری هەر گەنجێک بکەین و هەلی کاریان بۆ دەستنیشان بکەین، بەتایبەت بۆ ئەو ناوچەیە کە من دەزانم مەغدوورە و ئیشەڵا بەرنەمایەکی تایبەتمان بۆ ئەو ناوچەیە دەبێت.

 

"چ حکومەتێک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە کاری تەنیا دامەزراندن بێت"


هاووڵاتی: من شینیا خەلیلم، دەرچوووی پەیمانگام و وەک ئافرەتێکی ئێزدی خۆشحاڵبووم بەم دیدارە لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران، پرسیارەکەم ئەوەیە ئایا لە حکومەتی داهاتوودا دەتوانن زیاتر گرنگی بە ڕۆڵی ئافرەت بدەن بەتایبەت ژنانی ئێزدی کە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگادا؟


مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس من زۆر خۆشحاڵم کە تۆ لێرەیت، ڕەنگە ئێوەش بزانن حکومەت گرنگییەکی زۆر بە ئافرەتداوە، بەتایبەت خوشکە ئێزدییەکانمان، پێشتریش ئێمە بەرنامەیەکمان هەبوو بۆ هاوکاریکردنی ئەو خوشکە ئێزدییانەمان کە لە دەستی داعش ڕزگارکراون، بۆ ئەوەی هاوکارییان بکرێت و بێمنەت بن لە هەر کەسێک و بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان، بەڵام زیاتر لەوە بەرنامەی دیکەشمان هەیە، تەنانەت لە ئاستی زانکۆکانیش بۆ ئەوەی زەمالەی خوێندن بۆ خوشکە ئێزدییەکانمان تەرخان بکرێن، تاوەکو زیاتر بتوانن لە ئاستی زانستیش خۆیان پێبگەیێنن، هاوکات لەناو دامودەزگا و کۆمەڵگە و یەکە کارگێڕییەکانیش کاری زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی ئافرەت بە گشتیی ڕۆڵ و کاریگەری خۆی ببینێت.


من نامەوێت تەنیا بڵێن فڵان کەس ئافرەتە، بۆیە دادەمەزرێت، من لەو باوەڕەدام هێز و توانای ئافرەتی کورد چ ئێزدی بێت یان موسڵمان، یاخود هەر ئافرەتێکی کورد بێت، زۆر لەوە زیاترە کە خەڵک دەیزانێت.

من بەشداربووم لە مەڕاسیمی دەرچوونی خولی 43ـی زانکۆی سەڵاحەددیندا، لەوێ پرسیارم لە سەرۆکی زانکۆ کرد، گوتی ڕێژەی بەشداری ئافرەت ئەوانەی کە لەم گەڕەدا دەرچوون زۆر زیاترە لە ڕێژەی کوڕان، ئەمە جێگەی دڵخۆشییە کە دەیبینم ئافرەتی ئێمە سەردەمانێک دوورەپەرێز بوو و ڕێگەیان نەدەدا بێتە ناو کۆمەڵگە، بەڵام ئێستا زۆر دیارە و ڕۆڵی خۆی دەبینێت لەناو ئیدارە و حکومەت و دامودەزگای فەرمیدا، بێگومان لەمەودواش گرنگی زیاتر بە ئافرەت دەدەین بە تایبەت خوشکە ئێزدییەکانمان کە شەرەفی ئێمە و کەرامەتی میللەتی ئێمەن، ئەوەی پێمان دەکرێت ئیشەڵا بۆ ئەوان درێغی ناکەین.

 

"لە ئاستی زانکۆکان هەوڵ دەدەین زەمالەی خوێندن بۆ خوشکە ئێزدییەکانمان تەرخان بکرێ"


هاووڵاتی: بەخێرهاتنی جەنابت دەکەین، ئەمە یەکەم دیدارە لە نزیکەوە بتبینم و زۆر خۆشحاڵم، من وەک مامۆستایەکی پەروەردە دەستخۆشیت لێدەکەم کە پێش دوو ڕۆژ بڕیارێکتدا و دڵخۆشیت خستە نێو مامۆستایانی وانەبێژ و قوتابیانیش، پرسیارەکەم بۆ جەنابت ئەوەیە ئایا لە ژیانی تایبەتی خۆتدا کارێکت کردووە و دواتر لێی پەشیمان بووبیت لەو کارە؟


مەسرور بارزانی: نا، نەوڵا من پەشیمان نیم لە هەر کارێکی خۆم کردبێتم، مرۆڤ ناتوانێت بڕیار لەسەر مێژوو بدات، دیارە هەر شتێکم کردبێت لەوکاتەدا من پێموابووە کارێکی دروستە، بۆیە کردوومە ئەگەر نا نەم دەکرد، من پەشیمان نیم و شانازی دەکەم، چونکە ژیانی خۆم ئەوەندەی بیرم بێت تەرخانم کردووە بۆ خزمەتکردنی بیروباوەڕەکانم.

 

"هەر کارێکم کردبێت لێی پەشێمان نیم، چونک ژیانی خۆم تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی بیروباوەڕەکانم"


هاووڵاتی: من مهاجر سەعید و دانیشتووی دهۆکم و لە یەکەیەکی نیشتەجێبووندا دەژیم، لە پڕۆژەکەدا زۆر کەموکوڕی هەن و ئێمە گلەیی خۆمان گەیاندووەتە هەموو شوێنێک، ئایا بۆچی کاتێک بەڵێندەری ئێمە پڕۆژەیەک وەردەگرن لە ماستەرپلاندا شتێکی زۆر جوان و نموونە نیشاندەدەن، بەپێچەوانەوە کاتێک خەڵک دەچێت وەردەگرێت زۆر کەموکوڕی هەن، لە لایەنی پەیوەندیدار و لە دادگە سکاڵامان تۆمارکرد، بەڵام وەبەرهێنان گوتیان نەخێر 100 لە 100 ئەم پڕۆژەیە وەرگیراوە، جا ئێمە داوا لە جەنابت دەکەین چارەسەرێک بدۆزیتەوە و ئێمە لە کێشەی ئەم بەڵێندەرانە ڕزگار بکەیت.


مەسرور بارزانی: سوپاس بۆ پرسیارەکەت، ئەگەر ناتەوێت بڵێیت ئەم یەکەی نیشتەجێبوونە لەکوێیە کێشە نییە، بەڵام من پرسیارێکم هەیە کەی ئەم پڕۆژەیە دروستکراوە و ئێوە تێیدان و پێش چەند ساڵ بووە؟


هاووڵاتی: ساڵی 2014 بوو.


مەسرور بارزانی: ساڵی 2014، ئەمە پێشتربوو، پێشتر زۆر شت کراوە بەداخەوە ڕەنگە گلەیی هەبێت و ئێمە هەوڵمانداوە چارەسەری بکەین، ئێستا ئێمە کردوومانەتە مەرج هەر بەڵێندەرەک یان هەر پرۆژەیەکی وەبەرهێنان بێت، پێویستە ئەو کواڵێتییە بۆی دابنرێت لەسەر ئەو بنەمایە دروست بکرێت، ئەوانەی پێشتر دروستکرابن، ئەگەر دەرفەتی چاککردنەوەی تێدا ماوە ڕەنگە، بەڵام ئەگەر وەرگیرابێت جیاوازە لەگەڵ پڕۆژەی نوێ.
پڕۆژەی نوێ پێویستە هەموویان لەسەر ستانداردە دەستنیشانکراوەکان دروست بکرێن، ئەوانەی کۆن ڕەنگە ئەستەمتر بێت ئێستا، چونکە خەڵکی تێدایە و ڕەنگە بەڵێندەر بڵێت بۆچی کاتی خۆی ڕادەستکراوە و با نەکرابا، گرنگ مرۆڤ لە هەڵەکانی فێربێت باشە خراپ نییە.


من نازانم ئەم بابەتەی جەنابت چۆن چارەسەر بکرێت، دەکرێت ئێوە گلەییەکەتان بگەینن بە شارەوانی و ئێمەش پێیان دەڵێین، با هاوکاربن بۆ ئەوەی بەشکم چارەسەرێکی باش بۆ ئێوە بدۆزرێتەوە، بەڵام لەو باوەڕەدابە لەمەودوا ئەمەمان کردووەتە مەرج و هەر پۆژەیەک بکرێت، دەبێت لەسەر ئەو ستانداردانە بکرێت و ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتییان دەدەن وەک ئەوان بێت، ئەگەر نا حکومەت لێیان قبووڵ ناکات و لێشیان وەرناگرێت.

 

"هەر پرۆژەیەکی وەبەرهێنان پێویستە لەسەر ستانداردە دەستنیشانکراوەکان دروست بکرێن"

 

هاوڵاتی: جەنابی سەرۆکوەزیران بۆ ئێمە جێی شانازییە ئەمڕۆ بەم شێوەیە تۆ ببینین لەدوای هاوارمان بێی، من وەک کاسبکارێکی دهۆک لە پێش هەموو کاسبکارانی دیکەوە ئەو شتە دەڵێم "کاسبکار هاوکارییە بۆ حکومەت"، کاسبکار بەتەمای مووچە نییە، کاسبکار هیچ شوێنێکی نییە بۆ ژیان، تەنیا ئەو شوێنەی هەیە کە ئیشی تێدا دەکات، بۆیە زۆر جار تۆش ئەوەت گووتوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر بە کاسبکاران بکرێت، یاخود شوێنەکەی هەڵبگیرێت تا ئەو کاتەی شوێنێکی باشتری بۆ دابین دەکرێت. ئێمە کۆمەڵێکین کە ناوچەیەکی پیشەسازیمان هەیە لە دهۆک، تا ئێستا کێشەی ئێمە هەڵواسراوە و چارەسەر نەکراوە، ئەگەر بەدواداچوونێکمان بۆ بکەیت ئێمە سوپاسگوزار دەبین.

 

مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس، ئەگەر تۆ داوایەکت هەیە دواتر پێمان بدە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین چی بکەین، چونکە ئێوە هیچ گومانێکتان نەبێ کە ئێمە هیچ کات حەز ناکەین یەک هاوڵاتی ئەم وڵاتە جا چ کاسبکار بێت، یان فەرمانبەر یاخود هەر کەسێکی تر بێ، نامانەوێت زەرەرمەند بێت هەر بڕیارێک کە حکومەت وەربگرێت، بۆئەوەیە کە زیاتر خزمەتی ئێوەی پێبکرێت، ئەگەر جێگەیەک گونجاو نییە بۆ ئەوەی کەسابەتی تێدا بکەی، پێویستە جێگەیەکی دیکەی بۆ دەستنیشان بکرێت هەر وەک خۆت باست کرد، ئەمە سیاسەت و بەرنامەی ئێمەیە ئەگەر هەندێک کات بۆشاییەک دروست ببێت تا ئەوەی کارێک لە شوێنێک هەڵدەستێت و جارێکی دیکە شوێنێکی دیکەی بۆ دادەمەزرێت، لەوانەیە پێویستی بە پشوو درێژی ئێوە هەبێت، بەڵام دووبارە پێویستە حکومەت هاوکار بێت، منیش دڵم زۆر پێی خۆش دەبێت ئەگەر بزانم داخوازی تۆ چییە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەدواداچوونی بۆ بکەین ئینشائەڵڵا .. زۆر سوپاس.

 

"ئێمە هیچ کات حەز ناکەین یەک هاوڵاتی ئەم وڵاتە جا چ کاسبکار  یان فەرمانبەر یاخود هەر کەسێکی تر بێ، زەرەرمەند بێت"

 

هاوڵاتی: من دەمەوێت ئاماژە بە دوو تەوەر بدەم، هەرچەندە لە پێش من ئاماژەیی پێدرا، بەڵام من بە شێوازێکی دیکە پرسیارەکەم دەکەم سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاڵە سنوورییەکانی هەرێم، بەتایبەت لەسەر پارێزگای دهۆک کە هەندێک گوند و دەڤەری پارێزگای دهۆکی داگیرکردووە، کە خەڵکی ئەو ناوچانە شوێنەکانیان جێهێشتووە و ئاوارە بوونە، لە کابینەی نوێی جەنابت ئایا هیچ ڕێکاری یاسایی دەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانەی تورکیا؟

خاڵی دووەم کە دەمەوێت ئاماژەی  پێبدەم لەسەر کەرتی پەروەردەیە، پێش ساڵی 2014 فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری لەکەرتی پەروەردە تا ئێستا دانەمەزراون، کە کەرتی پەروەردە زۆر پێویستی بەم خزمەتگوزاریانەیە، ئەو فەرمانبەرانەی کە ئێستاش هەن هەموو ئەوانەن کە بەساڵاچوون و توانا و هێزی کارکردنیان نییە بۆ کارکردن لە قوتابخانەکان،  بۆیە داوا دەکەین جەنابت لە کابینەی نوێدا ئەمە چارەسەر بکەیت و کەسانی دیکە دابمەزرێن، هاوکات لە کەرتی پەروەردە قوتابخانەکانی هەرێم هیچ داهاتێکیان نییە هەر وەک خۆت دەزانی، تەنیا داهاتی فرۆشگای قوتابخانە هەیە ئەو داهاتە ڕێژەیەکی کەم بۆ قوتابخانە دەگەڕێتەوە ئەوەی دیکە لەلایەن پەروەردەی گشتیی دەبڕدرێت، بۆیە داوا دەکەین جەنابت لە کابینەی نوێ جەخت لەسەر ئەمە بکەیەوە، کە داهاتێک بۆ قوتابخانەکان دەستنیشان بکرێت وەک نەسرییەی مانگانە یان ساڵانە ئەگەر بکرێت، یاخود ئەو داهاتەی فرۆشگاکان هەمووی بۆ قوتابخانە بگەڕێندرێتەوە بەبێ لێبڕین .. زۆر سوپاس.

 

مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس، جارێ دەبێت بزانین کە بەردەوام دەبین یاخود نا.


هاوڵاتی: ئێمە باوەڕیمان پێتە قوربان.

 

مەسرور بارزانی: ئەگەر بەردەوام بین، هیچ گومانێکت نەبێت کە لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسە دەکەم بۆ ئەوەی بزانین چۆن بتوانین ئاستی خوێندن و پەروەردە و قوتابخانەکان بەرەو پێشەوە ببەین، زۆر قوتابخانەی نوێ پێویستە دروست بکرێن، هەندێک زۆر کۆنن و پێویستە نۆژەن بکرێنەوە، زۆر شت کراوە ناڵێم هیچ نەکراوە، بەڵام زۆری دیکەمان پێویستە، یاخود مامۆستاکان هەر وەک خۆت باست کرد، بە ساڵاچووبن پێویستە خانەنیشین بکرێن، بەڵام ئەو یاسا خانەنشینەیە کاری لەسەر کراوە، ئیشەڵڵا ئەویش چارەسەر دەکرێت کەخەڵکێکی نوێ دابمەزرێنین. 


لەسەر بابەتی شەڕ ئەگەر ڕاستیت دەوێت ئەمە شەڕی تورکیا و 'پەکەکە'یە، تورکیا شەڕی ئێمە ناکات، بەڵکو شەڕ لەگەڵ 'پەکەکە' دەکات، هەبوونی پەکەکە هۆکاری ئەم شەڕەیە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئەم شەڕە ڕابگیرێت، مادەم پەکەکە خۆیان بەکورد دادەنێن، پێویستە کۆتایی بەم شەڕە بێنن، ئەو کاتە تورکیا هیچ بەهانەیەکیان نابێت لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامی بە شەڕکردن بدەن، بەڵام مادەم ئەو نە حساب بۆ حکومەت و دەسەڵاتی شەرعیی هەرێمی کوردستان دەکات، نە ڕێگە بە خەڵکەکە دەدات بچێتەوە سەر گوند و زەوییەکانیان، خۆیان کردووە بەحاکم کە سەرانە لە خەڵك وەردەگرن و کێشە بۆ خەڵك دروست دەکەن و گەنجەکانمان دەڕفێنن، کێشەکە تەنیا یەک لا نییە، بەڵکو کێشەکە زۆر لەوە قووڵترە، ئەوەی ئێمە کردوومانە وەک حکومەت، هەوڵمانداوە ئەم شەڕە زیاتر نەبێتە  شەڕی ناوخۆ، ئەگەر بەدەستی ئەوان با ئەو شەڕەیان دەهێنا بۆ دهۆک و زاخۆ و تەواوی شارەکانمان، بەڵام ئێمە نەمانهێشتووە و پێشمەرگه هێڵێکی دروست کردووە کە نەیانهێشتووە زیاتر بەرەوپێشەوە بێن، هەرچەندە ئێستاش سەدان گوندی ئێمە بەهۆی ئەوانەوە بونیاد نەنراوەتەوە، چونکە ئەم شەڕە بەردەوامە، ئەوەی کە ئێمە کردوومانە هەوڵی جدی زۆرمان داوە کە تورک ئەوە لەپێش چاو بگرن، بۆ ئەوەی هاوڵاتی سیڤیل نەکرێنە قوربانی شەڕی نێوانیان، هاوکات ئەوەش لە پێش چاو بگرن کە دەسەڵاتی شەرعی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە لە دروستبوونی ململانێی نێوان تورک و کورد بگرێت، ئەوان کێشەیان لەگەڵ پەکەکەیە، بەڵام بەداخەوە پەکەکە گوێ لەئێمە ناگرن، ئەگەر نا زۆر جار ئامۆژگاریی  پەکەکەمان کردووە و پێمان  گوتوون ئەم کێشانە لەناو خاک وڵاتی ئێمە ببەنە دەرەوە، خەڵکی ئێمە تاوانیان نییە و دەمانەوێت وڵات و گوندەکانمان ئاوەدان بکەینەوە. ئەوەی لە تواناماندا بێ ڕێگە نادەین ئەم شەڕە بەرفراوان ببێت، ئەگەر پێویستیش بێت، ڕۆڵی خۆمان دەگێڕین بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە بەشێوەیەکی ئاشتییانە، ئەویش لەڕێگەی گفتۆگۆ و دیالۆگەوە.

 

"پەکەکە هۆکارە کە تا ئێستا نەتوانراوە دەستی ئاوەدانی بۆ سەدان گوند درێژ بکەین"


هاوڵاتی: من نەوزاد محەممەد ساڵح، پرسیارەکەم ئەوەیە بۆچی تا ئێستا ئەوەی پێویستە بۆ دهۆک لەلایەنی گەشتوگوزارییەوە نەکراوە؟


مەسرور بارزانی: چۆن نەکراوە؟


هاوڵاتی: واتا بە نزیکەیی .. زۆر جێگە هەن لەنێو دهۆک، لە کابینەی نوێدا چ پلانێکتان هەیە بۆ ئەو شوێنانە بکرێت؟ زۆر سوپاس.


مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس، شت کراوە، بەڵام بڵێ کە پێویستە زیاتر بکرێت، ئەگەرنا زۆر شتکراوە نەک ئەوەیە کە حکومەت هیچی نەکردبێت، حکومەت هاوکاری پێشکەشکردووە، مۆڵەتی داوە لە کەرتی تایبەت وەک ئەوەی چیای زاوە، کە دوو پڕۆژەمان لە ماوەی ڕابردوو لێرە کردەوە، لە هەردوو لای شاری دهۆکەوە دوو پارکی گەورە دروست دەکرێن، ئەم وشکە ئاوەی لێرە دێتە خوارێ دووبارە پرۆژەیەکی گەورە هەیە کە ئەنجام دەدرێت. 


بەرنامەیەکی دیکەمان هەیە کە لە دەوروبەری بەنداوی دهۆک ماستەرپلانێکی بۆ دانراوە. پرۆژەیی گەشتیاری زۆرمان هەبووە، بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە زۆر گرنگی بەم شتانە بدەین بەهۆی ئەوەی خەڵک زیاتر داواکاریی تری هەبووە، بە تایبەت داواکاری مووچە و داواکاری چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەبووە لەگەڵ بەغدا، پێش ئێستاش پرسی شەڕی داعش  و زۆر شتی دیکە هەبوون، بۆیە مرۆڤ پێویستە ئەولەویەتەکان دەستنیشان بکات، بۆ نمونە جەخت لەسەر چی بکاتەوە و تا چەند ئارامی و ئاسایش هەبێت، باوەڕ بکەن ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بکەین ئەوەیە کە تا بتوانین دۆخێک دروست دەکەین بۆئەوەی سەقامگیری لە وڵات بنیات بنێین بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان و دروستکردنی پڕۆژەیی گەشتیاری. هەموو ئەم بەرنامانەمان هەیە، بەڵام چەندێکیشیان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئیشەڵڵا بەرهەمی ئەمانە زوو دەبینن. 

 

"بەرنامە و ماستەرپلانمان بۆ دەوروبەری بەنداوی دهۆک هەیە"

 

هاووڵاتی: ئەمە پرسیاری من بەتەنیا نییە پرسیاری 84 گوندی ناوچەیی بەرواری باڵایە، ئایا کەی تونێلی دەڤەری بەرواری باڵا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ چونکە هەر کۆبوونەوەیەک یاخود شوێنێک کە سەردانی بکەین، چوار کەس دانیشتبن و پرسیار و باس و خواسی ئەوە دەکەن کە ئایا کەی ئەم تونێلە تەواو دەبێت، زۆر سوپاس بۆ جەنابت.

مەسرور بارزانی: ئەمە داواکاری جەنابی سەرۆکیشە بۆ زانین هەر تەنیا داواکاری ئێوە نییە، هەموو کات پرسیارم لێدەکات کە ئایا تونێلی مەتین چیلێهات و کەی تەواو دەبێت، سەرەتا ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی دواخستنی ئەم تونێلە، یەکەم توانا مادییەکانی بەردەستی حکومەت زۆر کەمبوون، ئەمە پرۆژەیەکی کەم نییە کە بڵێێ بە تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی کەم ئەم پرۆژە گەورەیە تەواو دەبێت، دووەم، هۆکاری هەبوونی ئەو هەموو شەڕ و کێشە و نەبوونی ئەمنیەت لەو ناوچەیە، کە زۆر لەو کۆمپانیانەی کە دێن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە  ترسیان لەوە هەیە کە بێن بۆ ناوچەیەک کە ئەمنیەت و سەقامگیری تێدا نەبێت، ئێستا شوکر بۆخوا دۆخەکە باشترە، بەرنامە هەیە و دیزاین و پلانەکانی تەواوکراوە، ئێمە خستومانە نێو بەرنامە کە ئەو توێنێلە دروست دەکەین، ئەگەر خوا ڕێگە بدات، دیسان دەڵێم ئەگەر خوا فرسەت بدات ئێمە بەردەوام بین  تەواو دەبێت 

نوێ دەکرێتەوە ..

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: