دۆخی غەززە و دۆزی فەڵەستین لەدوای یەحیا سینوار

د. هۆشەنگ دارا

د. هۆشەنگ دارا

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر

دۆخی غەززە و دۆزی فەڵەستین لەدوای یەحیا سینوار

گرافیک: ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

لە هەشتاکانەوە ئیسرائیل و یەحیا سینوار لە شەڕدا بوون. بەم هۆیەشەوە سینوار 22 ساڵ لە 61 ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بەسەر برد، ئەوی دیکەشی لە مەیدانەکانی شەڕ. 

 

دوایەمین و ڕەنگە گەورەترین زیانی جیدی سینوار لە ئیسرائیل هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 بوو. لەو کاتەوە سینوار بووە ئامانجی یەکەمی ئیسرائیل. بەڵام ئەم ئامانجە نەپێکرا تا 377 ڕۆژ دوای هێرشەکەی ئۆکتۆبەر، ئەویش بە ڕێککەوت بوو، نەک بە پشتبەستن بە زانیاریی پێشوەختە. 

 

لە ماوەی ئەمساڵ و ساڵانەی پێشتریشدا، سوپا، ئاسایش و هەواڵگریی ئیسرائیل بە دوای سینوارەوە بوون. هەواڵگریی ئەمریکاش، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بایدن، یارمەتیی ئیسرائیلیان دەدا تا سینوار بدۆزنەوە، بەڵام نەیاندۆزییەوە. ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە: بەهێزیی و باوەڕپێکراویی چواردەوری سینوار کە ئیسرائیل نەیتوانی زەفەریان پێ ببات. هەروەها لەبەر گریمانەی هەڵەی ئیسرائیل بەوەی وای بۆ دەچوون سینوار خۆی لە ناو تۆنێلەکاندا حەشار دابێت، یان خۆی لە پشت بارمتەکان قایم کردبێت، یان خۆی لە ناو خەڵکی سڤیلدا شاردبێتەوە، یان چواردەوری بە پاسەوان گیرابێت، یان لە وڵات هەڵهاتبێت.

 

هەموو گریمانەکانی ئیسرائیل، کە بەشێکیشیان وەک شەڕی دەروونی بەرامبەر بە حەماس و خەڵکی غەززە و فەڵەستین بەکاری دەهێنان، پێچەوانە بوونەوە. سینوار لە ناوچەی تەل سوڵتان لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، لە باڵەخانەیەکی بەرز، لە مەیدانی جەنگ، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژرا.

 

ئەمە ئەو جۆرە مردنە بوو کە سینوار خۆزگەی بۆ دەخواست. ئەو، بە گوتەی خۆی، لە مردن بە هۆکاری دیکە، جگە لە مردن لەپێناو ئایین و نیشتیمانەکەی دەترسا. سەرەڕای هەموو تێبینی و گێڕانەوە جیاوازەکان، بەڵام بە پێوەرەکانی شەهامەت و قارەمانێتی، ئەو بە مردنێکی شکۆمەندانە، کە شایستە بە هەر جەنگاوەرێک بێت، مرد. 

 

سینوار بە ڕەچەڵەک خەڵکی عەسقەلانە و خێزانەکەی لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 لەوێوە ئاوارەی کەرتی غەززە دەکرێن و ساڵی 1961 سینوار لە خان یونس لەدایک دەبێت. لەگەڵ ئەوەدا کە نووسەر و ئەدیبە و خاوەنی چەند کتێبە، لەوانە ڕۆمانێک بە ناوی 'دڕک و مێخەک'، بەڵام پەیوەست بە پرسی فەڵەستین باوەڕی بە چارەسەری سەربازیی هەبوو. حەوتی ئۆکتۆبەریش یەکێک بوو لە دیارترین کارە سەربازییەکانی. 

 

ئێستا سینوار کوژراوە، بەڵام مردنەکەی هێندەی، یان بگرە زیاتر لە زیندوویەتییەکەی بووەتە دەرفەت و دەروازەی نوێ بۆ گۆڕانکاریی لە دۆخی غەززە. بە جۆرێک لە هەناوی ئەم کارەساتەوە دەرفەتێکی نوێ بۆ ئاگربەست سەریهەڵداوە. ئەمەش لەبەرئەوەی سینوار بە بەربەستی بەردەم ڕازینەبوونی حەماس بە پڕۆژەکانی ئاگربەست ناودەبرا، بەوەی ئەو هەمووجار پێشنیازەکانی ئاگربەستی کاتیی ڕەتدەکردنەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەوەی کە سینوار، نەخشەداڕێژی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر هەر زیندوو بوو، ئۆقرە و ئارامیی لە نەتانیاهۆ بڕی بوو. هەر ساتێک ژیانی سینوار بەڵگەیەکی ڕوونی شکستی سیاسەت و جەنگی نەتانیاهۆ بوو و ئەویان لە بەردەم سوپا، خەڵک و خاونەوادەی بارمتەکان شەرمەزار دەکرد. هەر لەبەر ئەوەش بوو کە نەتانیاهۆ پڕۆژکانی ئاگربەستی ڕەتدەکردنەوە و درێژەی بە هێرشەکانی سەر غەززە دەدا.

 

ئێستا کە سینوار نەماوە دەرفەتێک بۆ هەردوولا دروست بووە تا لۆژیکیانەتر مامەڵە لەگەڵ مردنەکەیدا بکەن. ئیسرائیل دەتوانێت ئەم سەرکەوتنە سەربازییە تاکتیکییە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی بقۆزێتەوە. بۆ نموونە دەشێت ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی سینوار بکاتە کەرەستەی دانوستان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی لەگەڵ بارمتە ئیسرائیلییەکان. حەماسیش دەتوانێت بەم لەدەستدانە، لەدوای لەدەستدانی هەنیە و زەیف، بەئاگا بێتەوە و بیر بکاتەوە کە داخۆ بە چەند ساڵی دیکە دەتوانێت سینوارێکی دیکە بۆ بزووتنەوەکەی و بۆ دۆزەکەی دروست بکاتەوە.

 

ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی هەمیشە هەوڵیان بۆ ئەوە بووە پرسی فەڵەستین بچووک و بچووکتر بکەنەوە. لە دۆسیەیەکەوە کە مرۆڤایەتی بە هی خۆی بزانێت بچووک کرایەوە بۆ دۆسیەیەکی ئایینی/ئیسلامی و هەر زووش کرا بە پرسێکی نەتەوەیی/عەرەبی. دواتر کرا بە کێشەیەکی ناوخۆیی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و پاشان لەوەش بچووکتر کرایەوە بەوەی پرسەکە تەنیا پەیوەندیی بە بەشێک لە فەڵەستینەوە هەیە کە کەرتی غەززەیە. لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەریشەوە هەوڵ بۆ ئەوەیە کە پرسەکە وا نیشان بدرێت کە شەڕی نێوان ئیسرائیلە لەگەڵ حەماس و هیچ پەیوەندییەکی بە غەززە، فەڵەستین، عەرەب، ئیسلام و مرۆڤایەتییەوە نییە.

 

لە ڕاستیدا، گەورەکردنەوەی دۆزی فەڵەستین پێویستیی بە تێپەڕاندنی ئەو دۆخە هەیە کە ئێستا لە غەززە هاتووەتە ئارا؛ لەوانەیە ئەمە ئاسانتر بێت ئەگەر حەماس بتوانێت بەو ئاراستەیە لەدەستدانی سینوار تێپەڕێنێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: