نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز 

 

ئاڤا نیوز زانیاریی نوێی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ و هۆکاری دواکەوتنی دەستکەوتووە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "گرفتی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی نۆ و خەرجکردنی لێبڕینەکانی مانگەکانی ڕابردوو چارەسەر کراوە و تەنیا واژۆی تەیف سامی ماوە پارەکە بنێردرێت". لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەش دەڵێت: "ئەگەر سبەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان، ڕەنگە پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی بکرێت".

 

وێنە گەورەکە: حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 330 ملیار دینار پارەی مووچەی لێبڕینەکانی مانگەکانی ڕابردووی لایە بەغدایە، بەم هۆیەوە کورتهێنان بۆ مووچەی مانگی نۆ دروست بووە، چەند ڕۆژێکیشە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لە بەغدایە و ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کرد.

 

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان نوێترین زانیاری بۆ ئاڤا نیوز ئاشکرا کرد و گوتی: نزیکەی 330 ملیار دینارمان لای بەغدایە، سێ هەفتەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە گفتوگۆداین، ئەمڕۆ و دوێنێ زۆربەی ڕێککارەکان تەواوکردوون و کێشەکانمان چارەسەر کردوون، وەزارەتی دارایی عێراقیش لای خۆیانەوە وردبینییان تەواو کردووە و ڕەزامەندی داوە، تەنیا واژۆی تەیف سامی ماوە بۆ ئەوەی بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان".

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: کورتهێنانی مووچە پەیوەندی بە دوو بابەتەوە هەیە و دوو گوژمەی جیاوازە، گوژمەیەکی بڕی 172 ملیار دینارە و  پەیوەندی بە جیاوازی مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی مووچەخۆران و بڕوانامەوە هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدا و لە مانگەکانی ڕابردوو بڕاوە، سەرچاوەکەی ئاڤا گوتی: "پێمان سەلماندوون کە دەبێت خەرج بکرێت و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەمشەو نووسراوەکە بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەبرێتە ماڵەوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات".

 

زانیاریی زیاتر: گوژمەی دووەم بڕەکەی 175 ملیار دینارە، مانگەکانی ڕابردوو بە بیانووی ناوی دووبارە، بایۆمەتری دووبارە، مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی ماددەی 140، کێشەی مووچەخۆرانی پەرلەمان و وەزارەتی کارەبا بڕابوو، وەک سەرچاوەکەی ئاڤا گوتی وردبینی بۆ کراوە و کێشەکە چارەسەر کراوە، تەنیا واژۆی تەیف سامی ماوە.

 

قووڵتر: سبەی چوارشەممە کاتژمێر هەشتی بەیانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە وەزارەتی داریی عێراق، سەرچاوەکەی ئاڤا گوتی: "تاوەکو کاتژمێر 10ی بەیانی ئەنجامێکمان بەدەست دەگات، ئەگەر تەیف سامی بڕیاری لەبارەوە بدات و پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان، هەر سبەی چوارشەممە دەست بە میکانیزمەکانی دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ڕەنگە پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، بەڵام تاوەکو پارەکە خەرج نەکرێت متمانەی تەواومان نییە". جەختیشی کردەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە پێش هەڵبژاردن کە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووە سەرجەم مووچەخۆران مووچە وەربگرن. 

 

لەلایەکی دیکەوە: مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: "بەغدا ڕەزامەندی داوە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا تەواوکاری مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. بۆ مانگەکانی داهاتووش هیچ کێشەیەک دروست نابێت و لەگەڵ عێراق دابەش دەکرێت".

 

باکگراوند: پێشتر ئاڤا لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد 15ی مانگ واتە ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، ئەوکات گوتی ئەگەر بەغدا کورتهێنانەکە پڕنەکاتەوە لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە، ئەمڕۆ ئاڤا نیوز جارێکی دیکە قسەی لەگەڵ کرد و لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە گوتی: "بەغدا بڕیاری پڕکردنەوەی کورتهێنانەکەی داوە، ئێمەش چاوەڕوانین پارەکە بنێرێت بۆ ئەوەی لیستی مووچە بڵاوبکەینەوە، بەڵام بەدروستی نازانین لەو کورتهێنانەی هەیە هەمووی دەنێرێت یاخود بەشێکی". گوتیشی: "زانیاریمان هەبوو دەبووایە ئەمڕۆ بڕیاری لەبارەوە بدرێت و خەرج بکریت، بەڵام لە وەزارەتی دارایی عێراق پرۆسەکە دواکەوتووە بۆ سبەی".

 

 

 

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: